کورد لە ناو ھاوکێشەی شیعەو سوننەدا

دانا مەنمی - 24-11-2017 - 1888 جار خوێندراوەتەوە

تادوێنێ بە کۆنفیدراڵیش ڕازی نەدەبووین ڕیفراندۆمی سەربەخۆیمان بەڕێوە دەبرد،کەچی لەپڕ ھەمووی گۆڕا و ئەمڕۆ بە سەرکزی و زەلیلیەوە چوار مشقی بۆی دانیشتووین و ڕیز لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دەگرین خۆمان پێ عێراقی و لە ژێرسێبەری یەکپارچەی عێراقدا ڕۆژانە زەلیل دەکرێین و ئیرادەمان دەشکێندرێت ،تا ئێستا ڕوون نەبووەتەوە کێ ھۆکاری ئەو شکستەیە و ھەموو حیزبەکان خۆیان بە سەرکەوتوو دەزانن وەک بڵێی من ھۆکاری ئەو شکستە بووم !

کورد لە نا ھاوکێشەی شیعەو سوننەدا  لە ھەردوو لاوە لێی دەدرێت ،داعش بە نوێنەرایەتی سوننە و ئێرانیش بە نوێنەرایەتی مەرجەعی شیعە  لە ڕۆژھەڵات وەک ھێزێکی داگیرکاو لە باشوریش وەکو ھێزێکی فشارھێنەر ڕۆڵ دەگێڕن ، کوردستان لە ڕووی جوگرافیەوە بووەتە مەیدانی  پێداھەڵپژانی شیعەو سوننە لەگەڵ کوردو  کوردو کوردیش لە ھەناوی خۆیدا ، تائێستاش  ئەو تایبەتمەندییە  لە عەقڵی ھێزە فشەڵ و بەزیوو ترسنۆکەکانی  کوردا ماوە کە شکستەکانی خۆی داپۆشێت و پەلاماری ھێزەکانی بەرامبەری  بدات ،لەدوای ١٦ ئۆکتۆبەرەوە  پەنجەکان زیاتر یەکتر دەشکێنن و زەمینەسازی دەکرێت بۆ زیندوکردنەوەی  زۆنەکان  ئاسەواری دوو ھەرێمی دوو زۆنی تۆختر  دەردەکەوێت .

کورد جگە لە ھاوکێشەی سیاسی لە ڕووی ھاوکێشەی ئاینیشەوە لە ئیسلام دا بەسەر ھەردوو مەزھەبی شیعەو سوننەدا دابەش بووە ، ڕەنگە ڕیژەی دابەشبوونی کورد بەسەر مەزھەبی شیعەو سوننەدا نزیک بێت لە ففتی بە ففتی ،حاڵی کورد لەناو ھاوکێشەی شیعەو سوننەدا لە ڕووی سیاسی و ئاینییەوە دارێکی بەدەستەوەیە ھەردوو سەری ........!  پێویستە کورد ھاوسەنگی ڕابگرێت و نەکەوێتە داوی ھیچ بەرەیەکیانەوە سەربەخۆیانە مامەڵە بکات ،ھەر چەندە ئەمە نزیکە لە مەحاڵ ،خۆ ئەگەر نەشمانتووانی ھاوسەنگی بپاریزین ،ناچاریانکردین بەرەیەکیان ھەڵبژێرین ئەوکات بە پێی بەرژەوەندی سیاسی میلەتەکەمان ئەو بەرەیە ھەڵدەبژێرین کە ئەمریکاو ئەوروپای تێدان .

کاتێک دەنگی چەکەکان بەرز بێت ،دەنگەکانی تر نزمتر بەرگوێدەکەون و دەبیسترێن ،ئەزموونی کوردستان ناسکە و بەرگەی ھەڵکوتانە سەر پەڕلەمان و بارەگا سوتاندن و زیندووکردنەوەی زۆنەکان و تەخوینکردنی یەکتر ناگرێت ،لەبری چەک و قامچی و تیرۆری سپی و ڕیشەکێشکردنی  بیروڕای ئازادو جیاواز ،پێویستیمان بە پانێڵ و کۆڕو کۆبونەوە فراوانکردنی پانتاییەکانی بیروڕای ئازادو قبوڵکردنی جیاوازییەکانمانە ،لە کوردستان سیستەمی سیاسی و ئیداری و کۆمەڵایەتی سەقامگیرو ڕاوەستاومان نییە ،ئەزمونێکی تاڵ و شکستمان ھەیە لە بواری سیاسی و دیپلۆماسی و ئیداری و سەربازیدا ،بەراوورد بە گەلانی تر ئێمەی کورد زۆر لە دواوەین ،ناکرێت بەمە ڕازیبین چونکە مەحکومین بەمردن .

باشترین بژاردە ئەوەیە ھاوتەریب بە شکستی ١٦ی ئۆکتۆبەر نێوماڵی کوردیمان یەکبخەینەوە و یەکڕیزو کۆدەنگ بین ، چونکە ھێز لە یەکگرتندایە ، لەدوای ڕوداوەکانی ١٢ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٥ و داخستنی پەڕلەمانی کوردستان و ناردنەوەی وەزیرەکانی بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی ،ھاوتەریب بەو مەرج و شروتانەی پارتی لە پێناو کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان ،بەراورد بە ئێستا کە لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا زیاتر لە دوو جار سەردانی گردەکەیان کردووە ،دەرگایەکیان کردووەتەوە بەڕووی گۆڕاندا کە وەزیرەکانیان بگەڕێتەوە ناو حکومەت ،من دڵنیام پارتی دیموکراتی کوردستان کاڵەکی بە ئەژنۆی خۆی شکاندووە،بەڵام پێویستە گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی ھێزەکانی تر یەکدەنگ و یەکگرتوو بن وبە کردنەوەی دەرگایەک ڕازی نەبن .

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP