هەواڵی ئەمڕۆ

بۆ ڕیش چووین سمێڵمان دانا

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج - 20-11-2017 - 5810 جار خوێندراوەتەوە

لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە چیمان لە دەستداوە، ئەمە رێک پەیوەندی بەو رۆژەوە نیە وەک ھەندێ کەس تەنیا دەیبەستن بەو ساتەوە، ئەم بەستنەوەیە یان بە مەرامی ناشرینکردن و تەخوینی خەڵکانێکە، یان خۆدزینەوەیە لە ھەقیقەتی کۆی کێشە کەڵەکە بووەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا، چرکە ساتی تەقینەوەی کێشەکان ریفراندۆمی ٢٥ی ٩بوو، راستە بەس ریفراندۆم ھۆکاری ئەو ڕوداوانە نەبوو، بەڵام ریفراندۆم ڕوداوەکانی خێراترکرد ،ململانێی نێوان ھەرێم و بەغدا دەگەڕێتەوە بۆ دوای روخانی بەعس لە ٩-٤-٢٠٠٣، ھەر لەو ساتەوە لە سەر دەکەوت و خاوەندارێتی ململانێکان دەرکەوتن، راستی ئێمە لەبەر دوو ھۆ ھەمیشە واسەیری ململانێکەمان کردووە، کە کورد لەسەر ھەقەو حکومەت لەسەر ناھەق، ئەمەش لەبەرئەوەی:

یەکەم: کوردبوون زاڵبووە بەسەرمانداو ھەڵەو کێماسیەکانی خۆمان نەبینیوە .

دوەم: خۆمان بە قوربانی و ئەوی ترمان بە ستەمکار نیشانداوە، راستە کە قوربانی بووینە، بەڵام ئەم نمایشخودیە زیانیشی لێداوین، بەو مانایەی ھەمیشە پێمان وابووە ئێمە لەسەر ھەقین و ئەوی ترنا .

لە ٢٠٠٣ بەدواوە ئەوەندەی بە دوی دەسکەوتی حزبی و پۆستی حزبیەوە بوو کورد بە دووی چارەسەری کێشە بنەڕەتیەکانەوە نەبوو، کاتێ مادەی ٥٨ی دەستوری کاتی  گۆڕا بە مادەی ١٤٠ی دەستوری ھەمیشەیی، کەس ئاوڕی لە ھەڕەشەو کێماسیەکان نەداوەیەوە، کە ٣١-١٢-٢٠٠٧یش بڕگەکانی مادەکە جێبەجێ نەکرا، وەک ئەوەی دیاری کرابوو، کورد لە بری ئەوەی ئەم ناجۆریە بەرێتە دادگای فیدراڵی، شەڕەکەی بردە نێو پارلەمان و نێو شەقامی ناوچە دابڕێنراوەکان و کەرکوک، ئاکامەکەشی ٢٨ی تەموزی ٢٠٠٨ی بە دوادا ھات، کە دەیان کەس لە کەرکوک بوونە قوربانی ،لە دوای ٢٠٠٨ ەوە ئەوەندەی کورد سەرگەرمی دابەشکردنی ئەو پارەیەبو کە لە بەغداوە دەھات بە پێی بەرژەوەندی حزبی، ئەوەندە بیری لای چارەسەری بنەڕەتی کێشەکان نەبوو .

لە ٢٠٠٥ەوە بۆ ٢٠١٤ لە ناوچە دابڕێنراوەکان:

یەکەم: ململانێی نێوان پێکھاتەکان تا دەھات زیاتر دەبوو، کەس لە بیری چارەسەری ناکۆکیەکاندا نەبوو، لەو ماوەیەدا کێرڤی نەتەوەگەری کوێرانە، رۆڵێکی خراپی لە نێوان پێکھاتەکاندا بینی .

دووەم: دۆسیەی مادەی ١٤٠ تۆزی لە سەر نیشت، کەس لە خەمی بەدواداچونیدا نەبوو، سەرەڕای کەم و کوڕیەکانی جێبەجێ نەکرا، نەتەوەیەکگرتوەکان و ئەمەریکاو ئەوروپا، بەوردی شڕۆڤەی بارودۆخی ئەو ناوچانەیان دەکرد، بەڵام ھیچ ھەنگاوێکی ئەرێنی بۆ چارەسەر نەنرا.

سێیەم: حکومەتی ھەرێم و حکومەتی عێراقی، لە سەر ئاستی کەسییش بارزانی و مالکی کەوتنە ململانێیەکی قوڵەوەو ھیچ بوارێکیان بۆ چارەسەری کێشەکان نەھێشتەوە، لەوانە کێشەی بودجەو موچەو مافەکانی پێشمەرگە، کێشەی مادەی ١٤٠، کێشەی نەوت و گاز ی نێوان ھەردوو لا .

چوارەم: لە کاتی سەرھەڵدانی داعش و پەلامارەکانی بۆسەر تکریت و موسڵ و ئەنبار، لە کەرکوک لەلایەن کوردەوە سوپای عێراق چەک کراو دەست بەسەر بنکەو بارەگاکانیاندا گیرا، بێ ئەوەی سەرۆکایەتی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان ئەم کارە سەرزەنشت بکات.

پێنجەم: بە ھۆی شەڕی داعشەوە پێشمەرگەی کوردستان چووە زۆربەی ناوچە کوردستانیەکان بەبێ رێکەوتن لە گەڵ حکومەتی عێراق، ئەوە جگە لە رێکەوتنێکی ناجۆری نێوان ھەرێم و عێراق بۆ کشانەوە لەو شوێنانە لە دوای شەڕی موسڵ.

ھەڵبەت خاڵگەلی دیکەش ھەن کە دەکرێت ئاماژەیان پێبدرێت، لەوانە تاک لایەنە دەستگرتن بەسەر نەوتی ھاڤاناو بای حەسەنداو فرۆشتنی بە نرخێکی ھەرزان بە تورکیا لەلایەن پارتی و وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی ھەرێمەوە، کە لە مەدا یەکێتیش زۆرینە ھەرگیز رازی نەبوون، تەنانەت جارێکیان بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی بە منی وت ئەوە دزیەو ئێمە بە ھیچ شێوەیەک لە گەڵیا نین.

ھەموو ئەو کێشانەی رابردوو، سەرەڕای ریفراندۆمی ٢٥ی ٩ کە جگە لە عێراق لە سەر ئاستی نێو دەوڵەتی و ھەرَمایەتیش داوا لە بارزانی کرا پاشگەز بێتەوە و بە بەربژێرە کانی تر رازی بێت، نەکراو ریفراندۆم لە ٢٥ی ٩ بەڕێوە چوو، لە کاتێکا تا شەوی ٢٤-٢٥ی ٩ ئەگەر ئەوەھەبوو یان ھەر نەکرێت، یان لە ناوچە دابڕێنراوەکان بەڕێوە نەچێت، ھەموو کێشەکان لە دوای ٢٥ی ٩ەوە سەریان ھەڵدایەوە تا رۆژی ١٦ی ١٠و ئەوەی کە ڕوویداو تەواوی ناوچە دابڕێنراوەکان کەوتنەوە دەست حکومەتی عێراقی و حەشدی شەعبی .

لە ١٦ی ئۆکتۆبەرو رۆژانی دواتر چی ڕوویدا: 
ئەوەی چەندین ساڵ بوو کورد تێکۆشانی بۆ دەکرد، بە ماوەیەکی زۆر کەم داینا، ١٦ی ئۆکتۆبەر ھەر ھەڵاتنی کورد نەبوو لە دەیان شوێن بە کەرکوکیشەوە، ھەڵوەشانەوەی نزیکەی ھەموو ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بوو، بە تایبەت لیوا ھاوبەشەکان، ئەو ڕوداوە بە ئێمەی ووت، بە حزبی کردن و بە میلیشیای کردنی پێشمەرگە چەند ترسناکە، ھەر ئەوەی کە ئێمە چەندین ساڵ بوو داوای سوپای نیشتمانیمان دەکردو دەسەڵاتدارانی ھەرێم بە قسەیان ناکردین، لە ١٦ی ئۆکتۆبەرو رۆژانی دوایدا لانی کەم ٤١ یەکەی ئیداری و سەدان گوند و بیرە نەوت و ناوچەمان لە دەست دا، تەنھا ئەو شوێن و شارو شارۆکانەی کە لە و رۆژەو رۆژانی دواتردا لە دەستمانداوە بریتیە لە " کەرکوک، سەنتەری قەزای کەرکوک، قەزای خورماتوو بە ھەردوو ناحێی ئامرلی و سلێمانبەگەوە کە دوو ناحێی تاڕادەیەکی زۆر تورکمانین، دووبز، داقوق، حەویجەو ناحێکانی کە بە تەواوی عەرەبین و لە کورد خاڵی کراون و تەنھا لە ٢٠٠٣ بە دواوە تا شەڕی داعش زیاتر لە ھەزار ماڵی کورد لەو سنورە دەرکراوە، ئاڵتون کۆپری، شوان و قەرەھەنجیر تا ڕادەیەکی زۆر کە ھەردوو کیان دوو ناحێی تەواو کوردین، لە موسڵ و دەشتی نەینەوا، قەزای حەمدانیە، ناحێی باشیقە، ناحێی بەرتلە ،ناحێی نەمرود ،قەزای تەلکێف ،ناحێی ئەلقوش، ناحێی وان ،قەزای شەنگال، ناحێی شیمال، ناحێی قەیرەوان، قەزای تەلەعفەر ،ناحێی عەیازیە، ناحێی زومار، ناحێی رەبیعە، جگە لە قەزای شێخان و ناحێکانی کە ھەڕەشەیان لەسەرە، قەزای ئەلبەعاج، ناحێی تەلعوزێر ،لە دیالە قەزای خانەقین، ناحێی سەعدیە ،ناحێی جەلەولا، قەزای مەنەلی، ناحێی بەلەدڕوز، ناحێی قەزانیە، لە کوت قەزای بەدرەو ھەردوو ناحێی جەسان و زڕباتیە، قەزای مەخمور ناحێکانی گوێر، کەندیناوە، قەراج "ھەڵبەت جگە لە ئەمە ھەندێ شوێنی تیش ھەیە، کۆی ڕووبەری ئەو ناوچانە نیوەی ڕووبەری باشوری کوردستانەو ڕوبەرەکەی لە ڕووبەری ھەندێ وڵات گەورە ترە ,ھەموو لوبنان رووبەرەکەی ١٠٤٥٢کم ە، کەرکوک بە تەنێ ٩٦٧٩ کیلۆ مەترە، پاش دابڕاندنی دەیان شوێن و ناوچە لێی .

 مەترسی گەورە تر لە دواوەیە:

خەمنەخوادردن لە چارەنووسی ئەو ناوچانە، رێکنەخستنەوەی ئیدارەو پەلە نەکردن لە چارەسەری گرفتەکان، کەمتەرخەمی نواندن تا ئەو ڕادەیەی بیانوو ئەوە بێت نابێ فڵان پارێزگار بێت و فڵان نەبێت، لە بری ساڕێژکردنی برینەکان کڕوزانەوەو لاڵانەوە وبەیاندەرکردن، ھەموو ئەمانە بە ئێمە دەڵێن مەترسی گەورە تر لە بەردەم ئەو ناوچانەدایەو لایەنی کوردی کەمتەرخەمیەکی زۆر دەنوێنن، لە کاتێکا دەکرێت بۆ ئەو قرسانە، بۆ پرسی تا ئێستا جێبەجێ نەبوونی مادەی ١٤٠، بۆ ستەمکاریەکانی خورماتوو، پەنا ببرێتە بەر دادگای فیدراڵی و تەنانەت نەتەوە یەکگرتوەکان و لایەنگەلی دیکەش، ھەڵبەت ناکرێ زۆر بە ئومێدی ھاتنە وەڵامی ئەمەریکاو ئەوروپا بین لە سەر ئەو ناوچانە، ئەگەر چی ئەو وڵاتانە بەردەوام چاودێری بارو دۆخی ئەو ناوچانە دەکەن، بەڵام پەلەکردنی لایەنی کوردی لەو ناوچانەو پێکەوە بوونیان تا ڕادەیەکی زۆر مەترسیەکان کەمدەکەنەوە .

 گەرچی ئێستا زۆر باوی سمێڵ و شتی وانیە، جگە لە نەریت و تایبەتمەندی ھەندێ گروپ و پێکھاتە، بەڵام کورد جوانی وتوە، بۆ ریش چوو سمێڵی دانا .


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP