هەواڵی ئەمڕۆ

بەپەلە

کورد و شیعە دوای داعش، پێکەوەژیانی ئاسایشی

سەلام عەبدولقادر - 29-10-2016 - 3244 جار خوێندراوەتەوە

 

سەلام عەبدولقادر

نوسینی ئەم وتارە لەکاتێکدایە کە هێزە شیعیەکان و هێزە کوردیەکان بەئاستێک لەهەماهەنگی و پلانی هاوبەش شەڕی موسڵ دەکەن و هەوڵی رزگارکردنی شارەکە دەدەن لەدەست داعش. بەڵام ئەم ئاستی هەماهەنگی و پلانی هاوبەشە نیشانەی پێکەوە گونجان و هاریکاری ئەم دوو لایەنە نیە لە داهاتوودا، هەروەها، بەشێوەیەکی گشتی، هەردوو پێکهاتەی کوردو شیعە روانگەی جیاوازیان بۆ داهاتووی عێراق هەیە. لەگەڵ ئەمانەشدا بارودۆخی نێودەوڵەتی و هەڵوێستی وڵاتانی خاوەن نفوزو رێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی وەکو نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ مانەوەی عێراقێکی یەکپارچەدان، واتا دژی لەتبوون و لەدایک بوونی دەوڵەتی نوێن. بێگومان لەبەردەوامبوونی هەڵوێستێکی لەم جۆرەدا لەتبوون و دەوڵەتی نوێ ئەمستەم دەبێت.

کۆی ئەمانە ئەوە دەگەیەنێت کە هەردوو پێکهاتەی کوردو شیعە دەبێت هاوبەشی لەوڵاتێکدا بکەن، بەتایبەتی دوای نەمانی داعش کە سنووری هەردوولا لەگەڵ یەکتر فراوانتر دەبێت و کێشەی جۆراوجۆریش دێتە پێشەوە. لێرەدا باسی پێکهاتەی سوونە ناکەین، چونکە لەم کاتەدا هێزێکی ئەوتۆیان نیە کە نوێنەرایەتیان بکات و چاوەڕێش ناکرێت خێرا ببنە ئاکتەرێکی ئاکتیڤ لەدوای داعش، هەربۆیە ئەو پێکەوەژیانە ئاسایشیەی ێرەدا باسی دەکەین لەچاوەڕوانیدا دەبێت تا ئەوانیش وەکو ئاکتەرێک دەردەکەون و بتوانن بەشداری بکەن.

هاوشێوەی ئەم بیرۆکەیە خۆیدەبینێتەوە لە روانگەکانی  (کارل دۆچ) کە بۆ بنیادنانی کۆمەڵگایەکی ئاسایشی لەنێو نەتەوەکاندا خستیە روو، ئامانج لێی بریتی بوو لە نزیکخستنەوەی نەتەوەکان و نەهێشتنی جەنگ وەک کەرەستەی یەکلاکەرەوەی ململانێکان. ئێمە لێرەدا بەشێوەیەکی جیاوازتر بۆسەر ئاستی دەوڵەتێک پێشنیاری دەکەین بۆئەوەی پێکهاتەکانی ناو ئەم دەوڵەتە بتوانن پێکەوە لە وڵاتێکدا بژین کە کەرەستەکانی توندوتیژی بەکار نەیەت بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێکان.

ئەوەی کە چاوەڕێ دەکرێت ئەوەیە کە لەدوای داعش لەعێراقدا هەردوو نەتەوەی کورد و شیعە وەک دوو پێکهاتەی سەرەکی دەردەکەون و هەردووکیان خاوەنی هێزی سەربازین و خاوەنی دوو روانگەی جیاوازن بۆ عێراق، لەگەڵ ئەمانەشدا ئەگەری بەهێز هەیە کە کۆمەڵێک کێشەی سیاسی و ئابووری و تەنانەت کۆمەڵاتیش بێنە پێشەوە، یان لانی کەم کێشە هەڵپەسێوراوەکانی ئێستا بە بەهێزی دەربکەونەوە، کە هەر یەک لەمانەش مایەی دروستبوونی ململانێی گەرم و بەکارهێنانی هێزی سەربازیە بۆ یەکلاکردنەوەی. لەهەمانکادا دابەشبوونی وڵات و دروستبوونی دوو دەوڵەتی نوێ هەڵبژاردەیەک نیە ئەویش بە پلەی سەرەکی لەبەر هەڵوێستی وڵاتانی زلهێزو خاوەن نفورو هەروەها وڵاتانی دراوسێ. کەواتە ئەم دوو پێکهاتەیە چ جۆرە ژیانێک یان چ جۆرە پەیوەندیەک هەڵدەبژێرن؟

بێگومان بەکارهێنانی هێزی سەربازی بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێکان بەزەرەرو زیانی هەردوولا تەواودەبێت و هیچ لایەکیشیان ناگەیەنێتە ئەنجام. بەڵکو دەبێتە مایەی قوڵکردنەوەی کێشەکان و ئاسۆی چارەسەریشیان دوور دەخاتەوە. لەلایەی ترەوە ململانێی سەربازی لەنێوان کوردو شیعەدا ئەو شەرعیەتە نێودەوڵەتیەی نابێت کە ئێستە هەردوولا هەیانە لە شەڕی داعش. داعش بەگروپێکی تیرۆرستی ناسراوە کە مەترسی بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی هەیەو لەبەرانبەردا کۆمەڵگای نیودەوڵەتی رەوایەتی دەدات بەو هێزانەی کە لەدژی دەجەنگن و هاوکاری سەربازی و لۆجستیان پێشکەش دەکات. لەم کاتەدا هەردوو کوردو شیعە یارمەتی سەربازی و دارایی و لۆجستی دەدرێن لەلایەن وڵاتە هاوپەیمانەکانەو رەوایەتی بە شەڕەکانیان لە دژی داعش دەدرێت. بەڵام لە روودانی شەڕ لەنێوان کوردو شیعەدا وڵاتە هاوپەیمانەکان وەکو کێشەیەکی ناوخۆیی سەیری دەکەن و رەوایەتی پێنادەن و ئەندازەی یارمەتیەکانیان کەم دەکەنەوە یان هیچی ناهێڵن. 

چارەسەرێکی پراگماتیکانە بریتیە لەپێکەوەژیانێکی ئاسایشیانە کە جەنگ بەتەواوی وەلادەنرێ و بەهیچ شێوەیەک بیری لێناکرێتەوە. چەند هەنگاوێک بۆ ئەم پێکەوەژیانە لێرەدا بەکورتی باس دەکەین.
یەکەم: نوخبەی سیاسی هەردوولا ئەم بیرۆکەیە لای خۆیان وەرگرن و هەوڵ بدەن شۆڕی بکەنەوە ناو کۆمەڵگا. چونکە بەبێ پشتگیری کۆمەڵگا ئەم پێکەوەژیانە ئاسایشیە کورت خایەنەو زوو هەرەس دێنێت.

دووەم: جەخت بکرێتە سەر خاڵە هاوبەشەکان ئەویش لەپێناو دروستکردنی ناسنامەیەک کە هەردوولا بەئەندازەیەک خۆیانی پێوە بناسێنن. مرۆڤ دەکرێت چەند ناسنامەیەکی هەبێت و خۆی پێوە بناسێنێت، بۆ نموونە کەسێک دەکرێت ناسنامەیەکی نەتەوەیی و رەگەزی و ئاینی و تایفی و ...هتد ی هەبێت و پێناسی خۆی بەهەموو ئەوانەوە بکات. کۆی ئەم ناسنامانەش، بەئەندازەی جیاواز، رۆڵی گرنگ دەگێڕن لە نزیکخستنەوەی ئەم کەسە لە هەڵگرانی هاوشێوەی ئەم ناسنامانە. دروستکردنی ناسنامەیەکی هاوبەش لەنێوان کوردو شیعەدا گرنگە هەرچەندە لەدوای ناسنامەکانی تریشەوە بێت، چونکە ئەمە هاوکار دەبێت لە نزیکخستنەوەو کاری هاوبەشی ئەم دوو پێکهاتە.

سێیەم: دامەزراندنی دامەزراوەی هاوبەش. بێگومان پێکەوەژیانێکی ئاسایشی سەرکەوتوو نایەتەدی هەتا هەندێک دامەزراوەی هاوبەش لەنێوان پێکهاتەکان دروست نەکرێت. ئەم دامەزراوانەش دەبێت هەردوو لا دایمەزرێنن و دەستەی هاوبەشی بەرێوەبردنیان هەبێت و ئامانجیان چارەسەری ئاشتیانەی کێشەکان بێت و لەبوارەکانی سیاسی و ئابووری و...هتد کار بکەن. دەکرێت یەکێک لەم دامەزراوانە میدیای هاوبەش بێت.

چوارەم: میدیاکانی هەدوولا دەبێت رۆڵێکی پۆزەتیڤ لە پەرەپێدانی پێکەوەژیانی ئاسایشی ببینن و هاندەری بن. هەوڵ بدەن، بۆ نموونە، پێناسەی (شەڕی ناخۆ) فراوان بکەن و شەڕی کوردو شیعە بەشەڕی ناوخۆ وەسف بکەن. ئەمەش بۆ ئەوەی شەڕ بکەنە شتێکی بێزراوو ناشرین و هاوڵاتیان هان بدەن بۆ دژایەتی و رق لێبوونەوە بۆ هەر جۆرە توندو تیژیەک لەنێوان ئەم دوو پێکهاتەیەدا.

ئەم پێکەوەژیانە ئاسایشیەی لەسەرەوە باسمانکرد کاری خێراو جدی دەوێت، و سەرچاوە دەگرێت لە خوێندنەوەیەکی واقیعیانە بۆ داهاتووی وڵات و چۆنێتی دوورخستنەوەی شەڕ لەنێو ئەم دوو پێکهاتە سەرەکیەی عێراقدا.  

 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP