ھەڵوەشاندنەوەی ڕیفراندۆم

لوقمان مسته‌فا ساڵح - 15-11-2017 - 2567 جار خوێندراوەتەوە


پارێزەر: لوقمان مێگفی ێالح

ھەرچەندە پێشتر زۆر ھاوار کراو گەلێکمان گووت کە لە ئێستادا کاتی ڕیفراندۆم نیە، لەبەرنەبوونی پاڵپشتی نێودەوڵەتی و ئاشتەوایی نیشتیمانی و پەڕلەمانێکی لەکارخراوو 

پاشان بە زۆر کۆکراوەو نیوەناچڵ شەرعیەت درا بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، بەھەر حاڵ

 کراو زۆربەشمان وەک ئەرکێکی ئەخلاقی ونیشتیمانی ونەتەوەیی دەنگمان بەڵێ بوو بۆ سەبەخۆیی کوردستان.کەچی بە پێچەوانەی پێشبینیەکانی ھەرێم بەمەبەستی گفتووگۆ لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لەسەر بنەمای ڕیفراندۆمەکە، کەچی ھەر لە دوای ڕیفراندۆمەکەی ٢٥ی ئەیلولەوە بەغدا داوای ھەڵوەشان دنەوەی ئەنجامی ڕیفراندۆمەکە دەکات و ئەو داوایەشی کردووە بە مەرج بۆ دەستپێکردنی دانووستان لەگەڵ ھەرێمدا.ھەر بەوەشەوە نەوەستاو ھێزی سەربازی بەکارھێناو ھێرشی کردە سەرھەرێم بەمەبەستی ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکەی.

دادگای فیدراڵییش لەجاری یەکەمدا ڕایگەیاند کەناتوانین بڵێن نادەستوریە چونکە ڕای لایەنی بەرانبەرمان وەرنەگرتووە،بەڵام لە ژێر فشاری حکومەتی عێراقی ولایەنەشیعیەکاندا بەپەلە  رایگەیاند دەستووری عێراق ڕێگە بە جیابوونەوەی ھیچ ھەرێمێک نادات و جەخت لەسەر یەکپارچەیی خاکی عێراق دەکاتەوە،ئەو ڕیفراندۆمەی ھەرێم ئەنجامیداوە نادەستوریە!.

بەڵام پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە "ئەگەر بەغدا ھەروا سوربێت لەسەر ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆم، ئایا حکومەتی ھەرێم لە ڕووی یاساییەوە چۆن دەتوانێت ئەنجامی ریفراندۆمەکە ھەڵوەشێنێتەوە"؟

بەبۆچوونی شارەزایانی یاسایی ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆم نە لە دەسەڵاتی حکومەتی ھەرێمدایە و نە لە دەسەڵاتی پەرلەمانیشدایە، بەپێی ئەم بۆچوونە دەبێت ھەڵوەشاندنەوەکەی بەو ڕێکارە یاسایانەدا تێپەڕبێت کە ریفراندۆمەکەی پێکراوە، واتە تەنیا گەل مافی ھەڵوەشانەوەی ئەنجامی ریفراندۆمی ھەیە.

بە بۆچوونی شارەزایانی یاسایی دەبێت سەرەتا بڕیاری ھەڵوەشانەوەی ئەنجامی ڕیفراندۆم ببرێتە پەرلەمانی کوردستان، پەرلەمانیش خۆی ئەو دەسەڵاتەی نییە ڕاستەوخۆ ئەنجامەکەی ھەڵوەشێنێتەوە، بەڵام دەتوانێت بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆمێکی دیکە بدات کە لەو ڕیفراندۆمەدا پرسیار لە خەڵک بکرێت ئایا ڕازین بە ھەڵوەشانەوەی ئەنجامی ریفراندۆمەکەی ٢٥ی ئەیلول یان نا؟..

دواتر ئەگەر ھات و ڕیفراندۆم دووبارەکرایەوە دەبێت لە ھەموو ئەو ناوچانە بکرێتەوە کە لە رۆژی ٢٥ی ئەیلولدا بەشدارییان لە ریفراندۆمدا کردبوو، جگە لەوەش دەبێت زۆرینەی دەنگدەران دەنگ بدەن بە ھەڵوەشانەوەی ئەنجامی ریفراندۆمەکەی ٢٥ی ئەیلول.خۆئەگەربە پێچەوانەوە ئەگەر میللەت دەنگی دایەوەو جارێکیتر بەڵێ بردیەوە ئەوە ئەوکاتە بەناچاری حکومەتی عێراقی ناچارە دان  بنێت بە ئەنجامەکەیدا.

حکومەتی ھەرێمی کوردستان تەنھا دەتوانێت بڕیاری سڕ کردنی بدات،بەھیچ شێوەیەک ناتوانێت بڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی بدات لە بەر ئەوەی  گەل گەورەترین مەرجەعی بڕیارەو ھیچ دەسەڵاتێکی دیکە بۆی نییە بڕیاری گەل ھەڵوەشێنێتەوە خۆی نەبێت، جگە لەوەش لە وڵاتانی دیکە ئەزمونی ھەڵوەشانەوەی ئەنجامی ریفراندۆم ھەیە کە لە ھەموویاندا تەنیا گەل لەڕێی ڕیفراندۆمێکی دیکەوە ئەنجامی رێفراندۆمەکەی پێشوویان ھەڵوەشاندووەتەوە.یاخود ڕیفراندۆمەکەیان سڕ کردووە.

بۆ پاڵپشتی زیاترو ڕەوایی دان بەئەنجامی ڕیفراندۆمەکەی کوردستان،لەدەستوری ھەمیشەیی ساڵی  ٢٠٠٥ی عێراقدا بەم جۆرە باس لەم بابەتە کراوەو دەتوانین پشتی پێ ببەستین ودەڵێت:-

١. عێراق پابەندە بە یاسای نێودەوڵەتی‌و ڕێککەوتننامەو پەیماننامە نێودەوڵەتیی‌و کارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، بەو پێیەی عێراق ئەندامە لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا.

٢. عێراق ھەردوو "پەیماننامەی نێودەوڵەتی تایبەت بە مافە مەدەنی‌و سیاسییەکان" لە ١٦/کانونی یەکەمی ١٩٦٦، و "پەیماننامەی نێودەوڵەتی تایبەت بە مافە ئابووری‌و کۆمەڵایەتی‌و کەلتورییەکان" لە ١٦/کانونی یەکەمی ١٩٦٦. بە بێ ھیچ خۆگرییەک (تحفچ) واژۆ کردووە.

٣. لە دەستوری عێراقدا ھیچ دەقێکی ناچاری بۆ یەکێتی خاکی عێراق بەڕاشکاوی نەھاتووە. بەڵکو ئەوە لە دیباجەی دەستوردا ھاتووە، پابەندبوون بەم دەستورەوە یەکێتی خاکی عێراق دەپارێزێت.

٤. لە کۆتایی دیباجەی دەستوری ھەمیشەیی ساڵی (٢٠٠٥)ی عێراقدا ھاتووە "پێکھاتەو لایەنەکان بەئارەزوومەندانە چارەنوسی خۆیان بە عێراقەوە گرێداوە..."، ئەم دەقە یاساییە ئەو ھەلەش دەرەخسێنت کە ھەرێم بە ئارەزوومەندانە لە عێراق جیا ببێتەوە.

پسپۆڕێکی بواری یاسایی دەستووری و شارەزا لە بواری دیزاینی دەستوورییدا دەڵێت:-((ھەڵوەشاندنەوەی ڕیفراندۆمی ھەرێمی کوردستان بە ھیچ شێوەیەک یاسایی و دەستووری نییە، چونکە، یەکەم ئەو دەسەڵاتەی کە ریفراندۆم ھەڵدەوشێنێتەوە خۆی دەخاتە جێگەی میللەت، ئەمەش لە سیستەمی دیموکراسی و فیدراڵیزمدا جێگەی نابێتەوە و دژ دەوەستێتەوە لەگەڵ پرەنسیپی دیموکراسیی نوێنەرایەتیدا. پاشان بەرزترین دەسەڵاتی فیدراڵی لە عێراق کە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراقە، نەک ناتوانێت راپرسی ھەڵبوەشێنتەوە، بەڵکوو ناتوانێت یاسایەکی نادەستووریی عێراق ھەڵبوەشێنتەوە، بەڵکوو دەتوانێت پەکیان بخات، ئەگەر یاسا نادەستوورییەکە شوێنەواری ھەبوو، (عدم تگبیق) یان (تعگیل) بەکار دەھێنێت، ئەگەر شوێنەواریشی نەبوو، ئەوا (اعلان عدم الدستووریە) دەکات. بەواتایەکی تر، (الغا‌ء) یان ھەڵوەشاندنەوە، بەو واتایە دێت کە پرۆسەکە لە بناغەوە ھەڵوەشێنێتەوە، بەشێوەی (اپری رجعی)، بەڵام "تعگیل" یان "عدم تگبیق" بەو واتایە دێت کە یاساکە وەک خۆی دەمێنێتەوە، بەڵام کاری پێ ناکرێت و پێویستە پەرلەمان خۆی دووبارە ھەمواری بکاتەوە کە بگونجێت لەگەڵ رۆحی دەستووردا. ((

کەواتە:-ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ دیاریکردنی داھاتوو، مافێکی سروشتی و یاساییی گەلی ھەرێمی کوردستانە و لەم پرۆسەیەدا خەڵک دەنگی بۆ سەربەخۆیی داوە بۆیە ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ڕیفراندۆم ھەروەک بەرپرسان لە بەغدا وەک مەرجێک بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ لەگەڵ ھەولێر دایانناوە، کارێکی مەحاڵە.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP