رەخنەگرتن لە رێکخەری گشتی گۆڕان

نەبەز گۆران - 12-11-2017 - 6529 جار خوێندراوەتەوە

سروشتییە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا ھەمیشە دەنگێکی رەخنەگر، یان نیگەرانییەک ھەبێت. چونکە بونیادی ئەم بزوتنەوەیە، بونیادێکە خۆی لەسەر بنەمای رەخنە لە ئەویتری دەسەڵات، ئەویتری حیزب دروستکردوە. لە ئێستادا بەشێکی ئەو رەخنانەی لەناوخۆی بزوتنەوەکە لە ئەدای کاری سیاسیی دەگیرێت، مانای لاوازی نییە، مانای زیندویەتی و زیاتر ھەوڵدانە بۆ دونیایەکی باشتر. کۆی رەخنەکانیش دەکرێت پۆلێنیانکەین بۆ سێ بەش.

یەکەم: بەشی رەخنە لە پێناو خەمی گەورە.
دووھەم: بەشی نیگەرانی و رەخنە، بەھۆی چاوەڕانی زیاتر لە بزوتنەوە.
سێھەم: بەشی رەخنە لەپێناو ویستی خۆتدا، یان ئاراستەکراو.

ھەر یەک لە بەشی یەک و دوو، دەتوانرێت بکرێنە دینەمۆیەک بۆ بەرھەم ھێنانی زیاتری کاری سیاسیی. بەڵام ئەوەی کێشەی گەورەیە لە دونیای رەخنەی سیاسیدا، زۆرجار ویستە تایبەتییەکان، بەرژەوەندییەکانی پشت پەردەکان، مەبەستە جەھەنەمییەکان، تێکەڵ بە دونیای رەخنەی سیاسیی دەبن و، مرۆڤ دەبێت کەمێک وردتر سەیربکات و لەخەمەکان  و ویستەکان تێبگات. (من بۆخۆم، ھەرگیز ناتوانم ھیچ وشەیەک لەسەر دەست پاکی، رابردوو پاکی، ماندویەتی، رێکخەری گشتی گۆڕان بڵێم، بۆئەوەی خوێنەر زیاتر بیناسێت، پێویستە مێژووەکەی بخوێنێتەوە.)

ئەو سێ بەشە پۆلێنکراوەی سەرەوە، ئاماژەیە بۆ قسەکردن لەسەر دیوی روناکی رەخنە. ھەموو ئەوانەی لەخەمێکی گەورەوە رەخنە لە ھێزی سیاسیی و کارەکتەری سیاسیی دەگرن، دەیانەوێت جوڵە و کردە سیاسییەکان زیاتر بکرێن و، ئاراستەی باشتر رۆیشت وەربگرن و، بەرھەمی زیاتر بەدەست بھێنن. لە بەشی چاوەروانی زۆرتر لە ھێزی سیاسیی، ئەمە بۆخۆی پێویستی بە لۆژیکە. چونکە ئێستای ھەرێم، ئێستایەکە بەدەستی ھێزی کوردی نەخشەکان ئاڵوگۆڕیان بەسەردا نایەت، ئەوەی ئاڵوگۆڕە گەورەکان دروستدەکات، ھێزە کوردییەکان نین، ھێزی دیکەی دەرەوەی ھەرێمن. بۆیە کاتێک چاوەروانی زۆرت لە ھێزێک، یان بکەرێک دەبێت، پێویستە بەر لەو چاوەڕوانییە سەیرێکی وێنە گەورەکە بکەیت و، ئەوکات لۆژیکێک بدۆزیتەوە بۆ چاوەڕوانییەکەت.

لە بەشی سێھەمدا، راستی ئەم فۆڕمەیان زۆر نوێیە لەناو بزوتنەوەکەدا. فۆڕمێکە لەپشت ھەموو رستەیەکەوە خەونێکی جەھەنەمی تاکەکەسی خۆی دەردەخات. لەسەردەمی رێکخەری گشتی پێشودا  بکەرانی ئەم فۆڕمە جەسارەتی نووسینی رستەیەکیان نەبوو لەسەر بزوتنەوەکە، نەک ھەر جەسارەتی رەخنە لەخۆگرتنیان نەبوو، بەڵکو دژی ھەموو ئەو رەخنەگرانەش بوون رێکخەری گشتی پێشوی بزوتنەوەی گۆڕان ھاوڕێیەتی دەکردن. ئێستا ئەرکەکەی جارانیان و ئەرکەکەی ئێستایان لەبیرکردووە و، لەناو رووبەری رەخنەدا ئاڵای خۆیان بەرزکردوەتەوە، دەیانەوێت بەو مۆدێلە خۆویست و لەپێناو ویستی تاکەکەسییەدا، رەخنە بگرن! بەڵام لەراستیدا ئەمانە رەخنەگری راستەقینە نین و خەمی گەورەشیان نییە، بەڵکو شەڕە لەپێناوی شوێندا. (کۆمیدیایە خۆت بەرەخنەگر بزانیت، بتەوێت ھەموو شتێک دەبێت بەو جۆرەبێت تۆ بیری لێدەکەیتەوە و گەر بەو جۆرەنەبێت، ئیدی پێتوابێت رووبەری سیاسیی وێران بووە!)

ئەوەی پێویستە رەخنەی لێبگیرێت، بەبروای من ئۆرگانەکانە. پێشوتر وتارێکی رەخنەیم لەسەر دوو لە ئۆرگانەکان نووسی، ئێستاش پێموایە ئۆرگانی پڕجوڵە، ئۆڕگانی زیندو، ھێزی پڕجوڵە و ھێزی زیندوو دروستدەکات. بەڵام فەرامۆشکردنی رەخنە لە ئۆرگان و پڕدان لە بکەرێک و گەمارۆدانی بەنەخشەی جەھەنەمی، ھیچ واتایەکی نییە جگە لەشیوەنکردن بۆ شوێن. 

بە دیوە گشتییەکەدا، ئەوەی زۆر گرنگە لەسەری بوەستین رەخنەگرتنە لە مۆدێلی سیاسیی. لە ساڵی  شەستەکانەوە تا ئەم چرکە ساتە، لەم باشووری کوردستانەدا دوو مۆدێل سیاسەتکردن ھەیە، ئەم دوو مۆدێلە بەبێ جیاوازی ھەموو ئەوانە دەگرێتەوە کە لەناو حیزبی کوردیدا کاردەکەن و کاریانکردوە. ناکرێت یەکێک جیابکەینەوە و ئەویتر خۆی بە مۆدێلی نوێ بزانێت. ھێشتا مۆدێلێکی نوێ لە سیاسەتکردن و جیاواز لە مۆدێلی شەستەکان نەھاتووەتە ئاراوە. ئەو نەوەی نوێیەش کاتێک دەچێتە ناو رووبەری سیاسییەوە ھەمان مۆدێل دووبارە دەکاتەوە! (ھەندێکجار مۆدێلەکە بەخراپترین شێوە دووبارە دەکاتەوە.)

ھەتا نەوەیەک نەیەت ئەم دوو مۆدێلە تەجاوز بکات، ناکرێت قسە لەسەر رووبەری نوێی سیاسەتکردن بکەین. بەڵام بەشێک لەو نەوە نوێیە لەبنەرەتدا لەنەوەی پێشو بەرژوەندی خوازتر، خۆ پەرستر، شەیداتر بۆ شوێنەن، ئەم دیوەیان نابینی تا شوێنی خۆیان دەگرن! کاتێکیش  دەکەونە وتاردان کردەکانی خۆیان بیردەچێت و دەیانەوێت  بەرستە ئەویتر گوناھباربکەن و بانگەشەی مۆدێلی نوێ دەکەن! بەڵام کە خۆیان دەبینی لە ناو رووبەرەکە و سەیری کردەکانیان دەکەیت، بەقوڵی و خەستی مۆدێلە کۆنەکە دووبارە دەکەنەوە و سەرت سوڕدەمێنێت لە جیاوازی نێوان کردەکانیان و قسەکانیان!  بۆئەوەی نەبینە بەشێک لەم شەپۆلە شاشەییە، سەیری کردە دەکەین نەک قسە. رەخنەگرتن لە ھەر بکەرێک، یان ھەر ھێزێکی دیکە، پێویستە رەخنەبێت لەسەر جوڵە و کردەکان و مۆدێلی سیاسەتکردن، نەک رەخنەبێت لەپێناوی ئەوەی من شوێنم دەوێت، گەر شوێنم نەبێت قسە دەکەم!
 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP