بەپەلە

كەوتنی داهۆڵەكانی سیاسەت

ئارام قادر حەمەسور - 4-11-2017 - 5646 جار خوێندراوەتەوە

داهۆڵ بەو دارە دەگوترێت كە لە ناو كێڵگەكان دادەنرێت لە شێوەی مرۆڤە، كراسێكی بەدووقۆڵەوە لەبەردایە و كەللەسەرێكی پەڕۆ و كڵاوێك و هەندێجار قژێكی دەستكردیش لە خۆ دەگرێت، داهۆڵەكان كاریان دروستكردنی ترسە، بەڵام ترسێكی دەستكردە و بۆ بەرژەوەندی بەكاردێت، دەبینین كاتێك چۆلەكەكان ڕوو لە ناو كێڵگەیەكی گەنم دەكەن بەڵام بە جوڵانەوەیەكی لەناكاوی داهۆڵەكە بەهۆی كاریگەری(با) تەواوی چۆلەكەكان دەترسن و دەفرن، داهۆڵ كاری گەیاندنی ترسە و كاریگەری خۆی دەكاتەسەر ئەوانەی ئەم ترسە بەڕاست دەزانن، ئەم ترسە زۆركات بەرامبەر دوردەخاتەوە لە گەیشتن بە ئامانجەكان، وەك گیڤارا وتی ئەو چۆلەكەیەی لە داهۆڵ دەترسێت لەئەنجامدا لەبرسان دەمرێت، واتا ئەوانەی ئەم ترسە دوستكراوە بەڕاست دەزانن دەبنە قوربانی و خەڵەتاون.

داهۆڵ لە پەیوەندیدا بەسیاسەتەوە وێنای ترسی دەسەڵاتمان بۆ دەكات، كاریگەری وەهمو سێبەرەكانی دەسەڵات دەردەخات بۆ كۆمەڵگا، دەسەڵات بەردەوام پێویستی بە كۆمەڵێك داهۆڵی سیاسی هەیە تا خەڵك بترسێنێت و بێدەنگیان بكات، كۆمەڵگا پاسیڤەكان ژینگەیەكی گونجاون بۆ داكوتانی داهۆڵەكانی سیاسەت و كاریگەریان دەبێت، دەسەڵاتە ستەمكار و دیكتاتۆرەكانیش داهۆڵ بەچەكی مانەوەیان دەزانن، داهۆڵە سیاسیەكان ترسی ڕاستەقینەی دەسەڵات نیشاندەدەن، بەڵام دەسەڵات خودی خۆینا بەڵكو لەڕێگەی داهۆڵەكانەوە ترس دابەشدەكات، دیوەشاراوەكەی داهۆڵ ڕووی ڕاستەقینەی دەسەڵاتە، بەڵام داهۆڵەكان لە كۆمەڵگا ئەكتیڤەكان ناتوانن زۆر خۆڕابگرن.

 

خەڵك دەزانێت داهۆڵەكان بریتین لە پارچە پەڕۆ و دار و وەهمی درۆزنانە، داهۆڵەكان نوێنەری دەسەڵاتن بۆ سەركوتكردنی خەڵك و مانەوەی سیستەم، خەڵكە خەڵەتاوەكە بڕوای بەم سمبولە ترسەی دەسەڵات دەكەن تا ئەوكاتەی هۆشیار دەبنەوە، وەك جوبران خلیل جوبران دەڵێت (داهۆڵ بێزارنابێت لە ترساندنی مرۆڤەكان و چێژی لێوەردەگرێت، ئەوانەش چێژی لێوەردەگرن كەوەك داهۆڵ مێشكی بە  كا  پڕكرابێت) واتا داهۆڵەكان شتێك نین جگە لە گەیەنەری ترس، خۆیان ترسی حەقیقی نین.

داهۆڵەكان لە كۆمەڵگای كوردیدا هەندێ جار دەردەكەون بەپێی بەرژەوەندی دەسەڵات، داهۆڵی خیانەتی نیشتمانی بەكاردێت بۆكپكردنی ئازادی و ڕەوایەتیدان بە  تەخوین، داهۆڵی ترسی خۆپیشاندان و لەدەستدانی ئەزمونەكەمان زوو خۆنمایش دەكات، لە كاتێكدا مرۆڤ لێرە بۆتە برغویەكی بچوكی ناو مەكینەی دەسەڵات و زۆر بچوك كراوەتەوە، تاكی كوردی پارچە پارچەكراوە تاوەكو نەتوانێت خۆڕابگرێتەوە، لەم ژینگەدا دەبێت هێزێك دروست ببێت بتوانێت تاكی پارچەبوو كۆبكاتەوە و داهۆڵەكان ڕاماڵێت، دەبێت ترس لە گۆڕنرێت و خەڵك بێتە سەر شەقام، كۆكردنەوەی وزەكان پێكەوە هێزێك دروستدەكات داهۆڵ و ڕەگەكانی دەسەڵات دەردەهێنێت، كاتی كۆتای داهۆڵەكانە و ستەمكارەكانی مێژو بەدەستی خەڵك هەڵتەكاون، داهۆڵەكان ترسێكی درۆزنانەن شنەبا دەیانجوڵێنێت نەك خۆیان، داهۆڵەكانی سیاسەت بەرەو كەوتن دەچن كاتێك پاڵەوانانی فەیسبوك بێنە شەقام و ڕۆشنبیرەكانی ماڵەوەش بەپڕاكتیك ڕێبەرایەتی شەقام بكەن، كۆتایی داهۆڵەكان بەرەو گۆڕانكاری دەسەڵات دەمانبات و تەنیا پێویستی بە ئیرادەیە، ئیرادەیەك بتوانێت گەز لە دەسەڵات بگرێت و خەبەری بكاتەوە، وەك سوقڕات دەیگوت ئەسینا ئەسپێكی تەمبەڵە و منیش مێشی ئەسپم، دەمەوێت خەبەری بكەمەوە.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP