لێگه‌رێن بارزانی‌ وه‌كو خۆی‌ بژی‌

دانا مەنمی - 2-11-2017 - 9160 جار خوێندراوەتەوە

لێناگه‌رێن سه‌رۆك بارزانی‌ وه‌كی‌ خۆی‌ پێی‌ خۆشه‌ بژی‌ و بیربكاته‌وه‌، بارزانی‌ پێی‌ خۆشه‌ مرۆڤێك بیت ساده‌و خاكی‌ هیچی‌ زیاتر نه‌بیت له‌ پیشمه‌رگه‌یه‌ك كه‌ شكۆو هه‌یبه‌تی‌ گه‌لێكه‌، ئه‌وانه‌ی‌ بونه‌ته‌ به‌شێك له‌و مه‌كینه‌ ئیعلامیه‌ی‌ كه‌ به‌شان و باڵای‌ بارزانیدا هۆنراوه‌و په‌خشان دائه‌ڕێژن، هه‌ربۆخۆشیان به‌شیكن له‌ ناشیرینكردن و بیحورمه‌تی‌ به‌ سه‌رۆك بارزانی‌ و شه‌وانه‌ له‌ هه‌ژماره‌كانیانه‌وه‌ سه‌دان درۆو چه‌واشه‌كاری‌ به‌ناوی‌ بارزانییه‌وه‌ بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌.

سه‌رۆك بارزانی‌ كاتێك ده‌ڵێت وه‌كو پیشمه‌رگه‌یه‌ك ئه‌ركی‌ سه‌رشانی‌ خۆم جیبه‌جێ ده‌كه‌م، ئه‌وه‌نیشانه‌ی‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر له‌ سیاسه‌تدا به‌ڵێنی‌ درۆو فێڵی‌ لێكرابیت وه‌یان ده‌رفه‌ت و زه‌مینه‌ی‌ باشی‌ بۆ نه‌ره‌خسابیت، ئه‌وا له‌ پیشمه‌رگایه‌تیدا قه‌ره‌بوی‌ ئه‌و ده‌رفه‌تانه‌ ده‌كاته‌وه‌ و ده‌بێته‌ پاریزه‌ری‌ نیشتیمان و نه‌ته‌وه‌كه‌ی‌، ئاخر سه‌نگه‌ره‌كانی‌ پیشمه‌رگه‌ پرن له‌ مرۆڤی‌ جوان و خاوه‌ن به‌هاو دۆستی‌ گه‌ل و نیشتیمانن.
 
تاڵه‌بانی‌ ووته‌یه‌كی‌ جوانی‌ هه‌یه‌ كه‌ده‌ڵێت: سه‌ركرده‌ی‌ باش پیویستی‌ به‌ چه‌پڵه‌و پیاهه‌ڵدان نییه‌.

بارزانی‌ بۆخۆی‌ یه‌كێكه‌ له‌ ره‌مزو قوتبه‌ سیاسییه‌كانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ ڕزگاریخوازی‌ كوردی‌، دوازده‌ ساله‌ له‌ پۆستی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا ماوه‌ته‌وه‌ باشتر له‌ هه‌مووان له‌ كێڵگه‌ی‌ سیاسی‌ تیده‌گات ، په‌ی‌ به‌ هه‌موو نهینی‌ و كۆده‌كان ده‌بات، هۆكاری‌ ده‌ستله‌كاركیشانه‌وه‌كه‌ی‌ هه‌رچییه‌ك بیت هه‌ستكردنه‌ به‌ به‌رپرسیاره‌تی‌ ئه‌خلاقی‌ و ویژدانی‌ و ئینسانی‌ به‌ڵام روداوێكی‌ گرنگه‌ له‌م ساته‌ هه‌ستیاره‌دا بۆ كۆمه‌ڵگای‌ كوردی‌ وئه‌كرێت یارمه‌تیده‌ربیت بۆ بیناكردن و رێكخستنه‌وه‌ی‌ نێومالی‌ كورده‌واری‌.
 
ئه‌گه‌ر له‌ رابردوو پۆسته‌كه‌ی‌ بارزانی‌ سه‌رچاوه‌ی‌ ناكۆكی‌ و گرفتی‌ گه‌وره‌ی‌ سیاسی‌ و نێومالی‌ كوردی‌ په‌رته‌وازه كردووه‌، سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌یتوانی‌ له‌ پۆسته‌كه‌ی‌ بمێنێته‌وه‌ به‌لام له‌به‌ر رێكخستنه‌وه‌ی‌ نێومالی‌ كوردی‌ و بنیاتنانه‌وه‌ی‌ هه‌یكه‌لی‌ سیسته‌می‌ سیاسی‌ و جێگیركردنی‌ دام و ده‌زگاكانی‌ حكومه‌تداری‌ ده‌ستبه‌رداری‌ پۆسته‌كه‌ی‌ ده‌بیت ، ئێستا بارزانی‌ نه‌خاوه‌نی‌ كورسی سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمه‌ نه‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌یشی‌ كه‌ ساڵانێكه‌ هه‌ندێك حیزب به‌ میدیا فه‌رمی‌ و نافه‌رمی و سیبه‌ره‌وه‌ بۆ ترساندنی‌ هاونیشتیمانیانی‌ قه‌ڵه‌مره‌وییه‌كه‌یان باسی‌ ده‌كه‌ن !
 
هه‌میشه‌ له‌لایه‌ن حیزبه‌كانی‌ تریشه‌وه‌ حوجه‌یان دۆزیوه‌ته‌وه‌و له‌ بیانوو ده‌رفه‌ت گه‌راون كه‌ بارزانی‌ بكه‌ن به‌سه‌رچاوه‌ی‌ كێشه‌كان و ده‌سته‌چه‌وره‌كه‌ی‌ خۆیان به‌ شانی‌ بارزانیدا بسرن ، له‌پیش گۆران و یه‌كێتیه‌وه‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان پیشه‌نگ بوون بۆ ناشیرینكردنی‌ بارزانی‌ له‌ چاوی‌ هاونیشتیمانیاندا، به‌شێك له‌ به‌رپرسانی‌ پارتی‌ كه‌ رۆژانه‌ شانیان به‌ شانی‌ بارزانیه‌وه‌یه‌، نه‌ك ناتوانن له‌ بارزانی‌ تێبگه‌ن، به‌لكو وه‌زیفه‌ی‌ سه‌ره‌كیان هۆنینه‌وه‌ی‌ درۆو هه‌لبه‌ستنی‌ بوختان و چه‌واشه‌كارییه‌ و له‌ ئاوی‌ لێڵدا مه‌له‌وانی‌ ده‌كه‌ن، به‌مه‌ش هه‌م خۆیان و هه‌میش بارزانی‌ به‌ره‌و هه‌ڵه‌و هه‌ڵدێری‌ ده‌به‌ن و روداوو هاوكێشه‌كان وه‌كو خۆی‌ ناگوازنه‌وه‌.
 
ئیستا نێوماڵی‌ پارتی‌ له‌ حكومه‌ت زیاتر پیویستی‌ به‌ بنیات نانه‌وه‌و ڕێكخستنه‌وه‌ هه‌یه‌ ، چونكه‌ له‌ نێوباره‌گاكانی‌ پارتیدا مرۆڤ بێ ئه‌رزشده‌كرێت و ماف و ئازادی‌ و یه‌كسانی‌ لێ سه‌ندراوه‌ته‌وه‌، جگه‌له‌وه‌ش له‌هیچ گۆشه‌یه‌كی‌ باره‌گاكانی‌ پارتیدا دادپه‌روه‌ری‌ و راستگۆی‌ و متمانه‌ نه‌ماوه‌ ، هاوكات له‌نێو باره‌گاكانیشدا زمانی‌ هۆنینه‌وه‌ی‌ بوختان و سه‌نگه‌رگرتن له‌یه‌كترو ته‌خوینكردنی‌ به‌رامبه‌ر ڕۆڵی‌ هه‌یه‌ ، بۆشاییه‌كی‌ فراوان له‌ نێوان پارتی‌ و جه‌ماوه‌ره‌كه‌یدا هه‌یه‌، رۆژ له‌ دوای‌ رۆژ پارتی‌ له‌ سلیمانی‌ و هه‌ڵه‌بجه‌ داده‌برێت و جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی‌ ده‌پوكێته‌وه‌ كه‌ مومكین نییه‌ جه‌ماوه‌ری‌ پارتی‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا سزای‌ پارتی‌ نه‌ده‌ن، هه‌موو ئه‌و ڕاپۆرتانه‌یشی‌ كه‌له‌ لق و سه‌ركردایه‌تیه‌كانه‌وه‌ به‌رز ده‌كرێته‌وه‌و ناوه‌رۆكه‌كه‌ی‌ باس له‌ موژده‌ی‌ سه‌ركه‌وتن بۆ پارتی‌ ده‌كه‌ن له‌ سلێمانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ دوورن له‌ ڕاستیه‌وه‌ ، به‌ڵكو به‌شێكن له‌ هه‌ڵه‌و چه‌واشه‌كاری‌ و وه‌هم و خه‌یاڵی‌ فشه‌ڵ.
 
له‌مه‌ودوا كاری‌ بارزانی‌ له‌ ناو پارتیدا قورستر ماندووتره‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم ،چونكه‌ پارتی‌ له‌ هه‌ناوی‌ خۆیدا هێزێكی‌ به‌ڵته‌چی‌ و سه‌ركوتكه‌ری‌ دژبه‌ ئازادی‌ بیركردنه‌وه‌و ره‌خنه‌گرتن وه‌كو دووپێدراوو مافی‌ ڕه‌وای‌ مرۆڤ به‌رهه‌مهێناوه‌، ئه‌م هێزه‌ به‌ڵته‌چی‌ یه‌ بێ ئه‌وه‌ی‌ بیر له‌ باره‌گاو پارتیه‌كانی‌ تر بكاته‌وه‌ له‌ ده‌ره‌وی‌ سنوری‌ قه‌ڵه‌مڕه‌وی‌ پارتیدا میرغه‌زه‌بانه‌ هه‌لده‌كوتێكه‌ سه‌رباره‌گای‌ حیزبه‌كانی‌ ترو ده‌یسوتێنێت و وه‌زیفه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ ئه‌م هێزه‌ شه‌قاوه‌ شه‌قوه‌شێنه‌ بلاوكردنه‌وه‌ی‌ كلتوری‌ شه‌ره‌نگێزی‌ و تێكدانی‌ ئاسایش و ئاشتی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ یه‌ .
 
سه‌رتایی ساڵی‌ نوێی‌ 2017 بارزانی‌ هه‌نگاوی‌ نا بۆ بنه‌بڕكردن و ڕیشه‌كێشكردنی‌ گه‌نده‌ڵكارانی‌ ناو پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان، هه‌ندێك له‌گه‌نده‌ڵكاران ڕاپێچكرانه‌ به‌رده‌م دادگاكان و سزای‌ یاسایی دران، بڕیاریش بوو له‌ سلێمانی‌ ئه‌و پرۆسه‌یه‌ به‌ ووردی‌ كاری‌ له‌سه‌ر بكرێت و سزای‌ گه‌نده‌ڵكاران بدرێت، به‌ڵام به‌هۆی‌ شه‌ڕی‌ داعش ئه‌م پرۆسه‌یه‌ دواخرا بۆ دوای‌ داعش، ئیستاكه‌ داعش نه‌ماوه‌و زه‌مینه‌و ژینگه‌ له‌باره‌ بۆ ئه‌و ته‌وقیته‌وجه‌ماوه‌ری‌ پارتی‌ پاڵپشت و پشتیوانی‌ له‌ هه‌وڵه‌كانت ده‌كه‌ن، به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی‌ پرسی‌ گه‌نده‌ڵی‌ له‌ئۆرگانه‌كانی‌ پارتیدا زه‌روریه‌تی‌ قۆناغه‌كه‌یه‌، چونكه‌ گه‌نده‌ڵكاران زیانی‌ زۆریان به‌ ته‌بایی و یه‌كڕیزی‌ نێوماڵی‌ كوردی‌ و ئاشتی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و ئاسایش و سه‌قامگیری‌ كوردستان گه‌یاندووه‌.
 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP