هەواڵی ئەمڕۆ

چۆن ده‌بین به‌فریادڕه‌س؟

سلێمان عەبدوڵا یونس - 27-10-2016 - 14869 جار خوێندراوەتەوە

سلێمان عه‌بدوڵا یونس

ئه‌گه‌ر وه‌ك یه‌كێتی، به‌ته‌نگ هاوخه‌باتی گۆڕانه‌وه‌ بین ‌و بمانه‌وێت هاوپه‌یمانێتی ده‌باشان بچه‌سپێت و بۆ یه‌كگرتنه‌وه‌ بڕۆین، ئه‌وا نابێت چیتر، له‌پرسی پارێزگاری سلێمانی، خه‌مساردی بنوێنین و دوور له‌گیانی هاوخه‌باتی و هاوپه‌یمانێتی ڕه‌فتار بكه‌ین و گۆڕان له‌به‌رده‌م دوو بژارده‌ی دژواردا ڕابگرین.

ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی ئاینده‌ی نێوان گۆڕان و یه‌كێتیمان ده‌وێت و مه‌به‌ستمانه‌ زۆنی سه‌وز و نیلی به‌قازانجی دیموكراسی و هه‌رێمی كوردستان ڕێكبخه‌ینه‌وه‌، ئه‌وا پێویسته‌ وه‌ك یه‌كێتی، هه‌نگاوی دوور له‌دووفاقی بهاوین و ده‌ستی گۆڕان بگرین و له‌و ئیحراجیه‌ ده‌ربازی بكه‌ین، كه‌ هه‌م له‌سلێمانی له‌سۆنگه‌ی یه‌كێتی و هه‌میش له‌هه‌ولێر له‌سۆنگه‌ی پارتی توشی هاتووه‌.

یه‌كێتی ئه‌گه‌ر بیه‌وێت، ده‌توانێت شانی بداته‌به‌ر و سه‌ركردایه‌تی دۆزینه‌وه‌ی ده‌ریچه‌یه‌كی یاسایی و سیاسی بكات و هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر وه‌ك پارێزگاری شه‌رعی، كه‌ ده‌نگی خه‌ڵك و ئۆكه‌ی ڕێككه‌وتنێكی سیاسی پێدراوه‌، ده‌ست به‌كار بكات. به‌بێ ئه‌وه‌ی گۆڕان توشی هه‌ڵوێستی دژوار بكاته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌پێویستی بڕیاری سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، چونكه‌ یه‌كێتی ده‌توانێت له‌ڕێگای كه‌ناڵه‌ فه‌رمیه‌كانی خۆیه‌وه‌ و به‌ڕاوێژ له‌گه‌ڵ پارتی ئه‌و پرسه‌ یه‌كلایی بكاته‌وه‌ .

لێره‌دا یه‌كێتی ده‌توانێت ببێت به‌فریادڕه‌س به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی تا زووه‌، ده‌وای ده‌ردی دووله‌تی خۆی بكات، بۆ ئه‌وه‌ی شه‌رمی به‌ڕێككه‌وتنی ستراتیژی نه‌بێت، چونكه‌ كوردستان پێویستی پێیه‌تی. ترسیشی له‌ڕێككه‌وتنی ده‌باشان و بوونه‌وه‌ به‌یه‌ك له‌گه‌ڵ گۆڕان نه‌بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی، زه‌مانه‌تی دڵنیایی و قه‌ده‌ری هه‌ستانه‌وه‌ی كوردایه‌تی و سلێمانیه‌.
 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP