بەپەلە

گۆڕانکاری لە بونیادی سیاسی

سەپان ئەنوەر - 29-10-2017 - 4064 جار خوێندراوەتەوە

دوای 16 ئۆکتۆبەر پێویستە بیرکدنەوەیەکی جدی بکەین لە سەر گۆڕینی سروشتی بونیادی سیستمی سیاسی کوردستان و گرێ بدرێت بە پرەنسیپ و پێوەرەکانی یاسایی بۆ ئەوەی چیدی هیچ کەس لایەنێک جورئەت نەکات خۆی بە دەسەڵاتەوە چەسپ بکات ، چونکە ئەم گۆڕانکاری یە مەترسیانە خەریکە زۆر خێرا بەسەرئەوانەشدا دەسەپێت کە ئەم دۆخەیان لەبەرچاوبوو ، بۆیە لایەنەکان ئەگەر پێیان وابێ ئەم دۆخە تەنها بە بەیاننامە دەگۆڕێ ، دەبێ چاوەڕێی مەرگی خۆیان و کۆمەڵگە بکەن پێش لەدایک بوونی پرۆژەی ئینقازی نیشتمانی . 

بەهۆی تێڕوانینی ناڕوون هەڵە سترتیجیەکان و عینادی کورت بینی سیاسیە قەزەمەکانی دەسەڵاتدارانی هەرێم و دەستەبژێری سیاسی کوردستان ، ئەوەی هەبوو ، وەک سەرابێک هەموویمان لە دەست چوو ، کە لە خەون و خەیاڵی ئەوەدا بوون خەونی فەرزکردنی ئەمری واقع بسەپێنن لە ناوچەکە ، بەڵام  بین لیلە و چحاها هەمووی پێچەوانە بوویەوە خەریکە جیهان بە بیانووی یەکپارچەیی و جێ بەجێکردنی دەستوور و فەرزکردنی سوڵتەی ئیتحادی لە رێگەی هێرشی سەربازی بە پشتوانی دەرەکی و ئاگاداری ئەمریکا ئەمری واقع بە سەر هەرێم دەسەپێنن .  

 نابێ چیتر قەناعەت بەخۆمان بکەین کە کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی بە گشتی و ئەو دەوڵەتانەی هەڵگری دروشمی دیموکراسی و فرەیی سیاسی و مافی مرۆڤیان بەرز کردۆتەوە ، لە ڕێگەی خۆ پیشاندان و گووشاری مەدەنی چ لە ناوەخۆ و چ لە دەرەوە بێت ، ڕەخنەی جدیان لێ بگرین ، تا خۆمان بیر لە دیموکراسی راستەقینە نەکەینەوە و بە زەرورەتێکی  ئاڵەگۆری دەسەڵات دانەنێین و لە سەری رێکنەکەوین و سیستەمی دیموکراسی وەک سیستەمی بەرێوەبردن  تەبەنی نەکرێت ، بەردەوام مەترسییەکان لەسەر هەرێم گەورەتر دەبێت . 

ئەم گەلە دیسانەوە ژانیگرتووە بە دەست ئەزوموونی شکستخواردویی عەقلی شاخاوی و دەسەڵاتی پشاوپشتی بنەماڵەیی کە بیست و شەش ساڵە خۆی بەسەر دەسەڵات هەڵواسیوە ، دەبێ دەسەڵات لە وە تێبگات کە وێنەی دیموکراسی لە باربردوە و ڕۆلی لە سەر شانۆی سیاسی ناوەخۆ ناوچەکەو جیهان کۆتایی پێ هاتووە چیدی ناتوانێت بە عقلی حزبی تەسەک یاری  لەگەڵ دەوڵەتانی ئیقلیم بکات ، ئەگەرچی ئاماژەکان بە ئاشکرا دەرکەوتوون ، ئەم گۆرانکاریانە هێشتا لەسەرەتادایە و بەڵام ئەم بەناو سەرکردایەتیە نایەوێت  لەوە تێ بگات  کە رووبەڕووی ئاستەنگی زیاتر ئەبێتەوە کە ترسی هەیە دەرەنجامەکانی حکومەتی ناوەند ناچاربکات دەستکراوە بێت بۆ بژاردەی زیاترو بە تۆبزی بەسەریاندا بیسەپێنێت . 

واقعی کۆمەڵگەی سیاسی ئێمە دەمێکە ئەم دەسەڵاتەی رەتکردۆتەوە ، بۆیە ئەمانە زادەی بەرهەمی کۆی کۆمەڵگە نین ، بۆیە هەرگیز جێگەی هیوا و خواستی هاونیشتمانیان نەبوون ، بۆیە لە ئێستادا دەسەڵات بۆ ئەم میللەتە لە وێنەو فۆڕمێکی بۆش و بەتاڵ هیچی تری لێ بەدی ناکرێت. 

بێگومان ئەم گۆرانکارییانە هۆکاری  بڕیاری گەشتێکی لەناکاو نادیاری خوودی بارزانیه ، کە لەناو جوگرفیایەکی شەیتانی بریاری لێدا، کە خۆی دەبینێتەوە لە ناووشیاری دەسەڵات و مانەوەی بە زۆری زۆرداری دەسپێدەکات و لە سەرووی هەموویانەوە ، بارزانی زۆر ژیرانە توانی  لە ۷ حوزەیران کۆی کۆمەڵگە و حزبە سیاسیەکان توشی  ئیحراجی سیاسی بکات ، هەروها بووە بیانوویەکی باش بۆ ڕوودانی  ئەم رووداوانەی کە روویدا ، بۆیە ئەو نوخبە سیاسیەی کە هەر رۆژەو ناوێک لە خۆیان دەنێن  خۆیان خستۆتە دۆخێکەوە کە زۆر بەقوولی غەرقی شەرمەزاری بوون بەرامبەر میللەتەکەیان ، بۆیە گۆڕانکاری لە کۆی بوونیادی سیستمی سیاسی ، بێ چەن و چوون بۆتە واجبێکی نیشتمانی بۆ ئەوەی هەرێم بەرەو کەناری ئارامی بڕوات .
 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP