کۆتایی ئەخلاقی سیاسی!

ئارام قادر حەمەسور - 26-10-2017 - 5748 جار خوێندراوەتەوە


ھەموو کارێک پێویستی بە ئەخلاق و چوارچێوەیەک ھەیە تا سنوری کارەکەی دیاری بکات، وەک ئەفلاتۆن دەڵێت ئێمە لێرەدا باسی بابەتێکی سادە ناکەین، بەڵکو باسێکی گرنگە کە پێمان دەڵێت دەبێت مرۆڤ چۆن بژیات، کۆمەڵگاکان خاوەنی ئەخلاقی تایبەت بەخۆیانن وەک تایلەر دەڵێت تا ئێستا نەمبینیوە ھیچ کۆمەڵگایەک بگاتە خاڵی سفر لە ئەخلاقدا، سیاسەت لە پێناسە باوەکەیدا بریتیە لە ھونەری ڕێکخستنی کۆمەڵگا، ئەخلاقیش بریتیە لە و ھەڵسوکەوت و ڕەفتارانەی تاک ئەنجامیان دەدات لە کۆمەڵگادا و کۆنتڕۆڵ و ڕێکخستنی تاکەکانی کۆمەڵگایە.

ئەخلاقی سیاسی ھەموو ڕەفتار و بڕیار وجوڵەی سیاسیەکان دەگرێتەوە، کە کاردەکەنە سەر کۆمەڵگا و جوڵە دروستدەکات بەباش و خراپ، ئەخلاق بۆ ڕێکخستنی تاک و سیاسەتیش بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگا جێگەی تێڕامانی فەیلەسوفان بووە، ھەردووکیان دیاردەی کۆمەڵایەتین چونکە لەناوکۆمەڵگادا پیادە دەبن، ئەخلاق لەسەردەمی یۆنانەوە بەرەو ڕێسا و یاساکانی سەردەمی سەدەکانی ناوەڕاست و ڕۆشنگەری و ئێستا ھەنگاوی ناوە، بۆیە ئەخلاق و یاساکان و ئاینیش تێکەڵی یەکتری بوون، فەیلەسوفان ڕایان جیایە بۆ ئەخلاق و سیاسەت، ئەفلاتۆن و ئەرستۆ ئەخلاقیان بەکاکڵەی سیاسەت داناوە، دادپەروەری لای ئەفلاتۆن و خۆشگوزەرانی گشتی لای ئەرستۆ ئامانجی سیاسەتن و دەچنە چوارچێوەی ئەخلاقی سیاسی، بەڵام لای ماکیاڤیلی و ھۆبز ئەخلاق کۆتای پێدێت، ماکیاڤیلی بە توندی ئەخلاقی جیاکردەوە لە سیاسەت، لە کتێبی میردا ئامۆژگاری میر دەکات، ماکیاڤیلی دەڵێت دەبێت میر ھەموو شتێک بکات لە پێناو خۆیدا، واتا میر ھەموو ھۆکارەکان بگرێتەبەر لە پێناو ئامانجەکاندا، دەبێت میر بەھێزبێت و وابکات خەڵک لێی بترسن نەک خۆشیان بوێت، دەبێت میر فێڵبازبێت و لەیەککاتدا شێر و ڕێوی بێت. ھۆبزیش ئەخلاقی دابڕاند لە سیاسەت، باوەڕی وابو دەبێت پاشا بۆ ئازادی کەسێک ئازادی کەسێکی تر پێشێل بکات، ڕەوایەتی دابوو بە ستەمکاری پاشا بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگا، ھۆبز گوتی مرۆڤ گورگە بۆ مرۆڤ.

فەیلەسوف  کانت ئەخلاقی بەتوندی بەستەوە بە سیاسەت و گوتی دەبێت کاربەدەستان خاوەنی ئەخلاقی باش بن،  گوتی ئەخلاق مرۆڤ لە ئاژەڵ جیادەکاتەوە، لای کانت چەند کارێکی ئەخلاقی ھەیە بۆ کاربەدەستان وەک داننان بەھەڵە و دەرنەچون لەچوار چێوە گشتیەکانی کۆمەڵگا و پاساو نەھێنانەوە بۆ کارە نائەخلاقیەکان، ئەمانە ئەخلاقی سیاسین بۆ کاربەدەستان.

ئەخلاقی سیاسی کاتێک بوونی نامێنێت کۆمەڵگا بەرەو ستەمکاری و ئاژاوە و نائارامی دەڕوات چونکە ئاسایشی کۆمەڵایەتی دەکەوێتە مەترسییەوە، کاتێک خوێندنەوە بۆ مێژووی سیاسیە دەسەڵاتدارەکانی ئێرە دەکەین چەندان جار کۆتای ئەخلاقی سیاسیان دەبینین، پێشێلکردنی خۆشگوزەڕانی و ئازادییەکانی تاکی کۆمەڵگای کوردی کۆتای ئەخلاقی سیاسیمان نیشان دەدات، سیاسیەکان نە خاوەنی دادپەروەرییەکەی ئەفلاتۆن و نە خۆشگوزەرانیەکەی ئەرستۆن! پاساو بۆ کارە نائەخلاقییەکانیان دەھێننەوە و چوار چێوە گشتیەکانی کۆمەڵگا وەک (کانت) گوتی دەبەزێنن، بیست و شەش ساڵی ڕابردوی سیاسییەکان پێمان دەڵێت ئەخلاقی سیاسی لە چەندین کاتدا کۆتای ھاتووە، خیانەتی نیشتیمانی و مافیاکڕاتی و برسیکردن و خۆسەپاندنی سیاسی و دڕۆی سیاسی و ھەڕەشە و تیرۆری ڕۆژنامەنوسانی ئازاد، ئەمانە چەندین کاری نائەخلاقی سیاسین، شەھیدبوونی ١٧٠٠پێشمەرگە لەشەڕی دژی داعش لەناوچەکانی کەرکوک و موسڵ، پاشان دۆڕاندنی نیوەی خاکی کوردستان لە ماوەی دوو ڕۆژدا و داننەنان بەم ئابڕوچونە کۆتای ئەخلاقی سیاسییە، کۆمەڵگا بێدەنگەکان  پڕن لەو سیاسیانەی گەیشتونەتە کۆتای ئەخلاقی سیاسی و واز لە سیاسەت ناھێنن! کۆمەڵگا ئازاکانیش ڕێگا لە دووبارە بونەوەی نائەخلاقی سیاسی دەگرن، وەک چەرچڵ گوتی ئەوکارانەی لەدەرەوەی بەڕیتانیا ئەنجامم داون گەر لەناو بەڕیتانیا ئەنجامم دابان، تاکۆتای ژیانم لە زینداندا دەبووم، چونکە زۆربەیان کاری نائەخلاقی سیاسی بوون.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP