ئەمە خیانەت نییە، رێککەوتنە

نەبەز گۆران - 16-10-2017 - 52820 جار خوێندراوەتەوە


ئەوەی لە میدیاکانی پارتی و یەکێتییەوە دەیبیستن، بەشێکی زۆری فریودانی خەڵک و یەکتر تۆمەتبارکردن و خۆ بە پاڵەوانکردنە. ئەوەی گرنگە زانیارییەکانی ناو کۆبوونەوە نھێنییەکانە. دەبێت خەڵکی کوردستان بزانێت، ئەمە نەخیانەتە، نە شەڕە، بەڵکو جێبەجێکردنی رێککەوتنێکە، رێککەوتنەکە بە ئاگاداری یەکێتیی نیشتیمانی، پارتی دیموکرات، ئێران، عێراق و تورکیا و ئەمریکایە. من نامەوێت زانیاری بەرپرسی کوردیتان پێبدەم، دەمەوێت زانیاری رێککەوتنەکەی و بەپرسە ئەمریکایی و ئێرانییەکان بخەمە روو، تا خەڵک بەباشی بزانێت چی روودەدات. رێککەوتنەکە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

قۆناغی یەکەم:  لە قۆناغی یەکەمدا ((سەرجەم ھێزەکوردییەکان لەسنووری ناوچە کێشە لەسەرەکان بکشێنەوە، بۆ سنووری ھێڵی (٣٦) واتە ھێزەکانی عێراق دێنەوە، قەرەھەنجیر_ پردێ_ کفری_ مەخمور_ عەینزالە و ناوچەی شەنگال. )) ئەگەر لە ھەرشوێنێک زیاتر لە رێککەوتنەکە ھاتنە پێشەوە، ئەوا دوای ماوەیەک دەکشێنەوە ئەو شوێنانەی بۆیان دیاریکراوە. پاشان بریاربووە بەھیچ شێوەیەک ھێزە کوردییەکان شەڕیان لەگەڵ نەکەن. 

قۆناغی دووھەم: لە قۆناغی دووھەمدا (( سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی، ئیبراھیم خەلیل، باشماخ، حاجی ئۆمەران، پەروێزخان.. ھتد دەکەونەوە ژێر دەسەڵاتی عێراق. لەگەڵیشیدا ھەردوو فرۆکەخانەی سلێمانی و ھەولێر.)) واتە داھاتی ناوچە سنوورییەکان و فرۆکەخانەکان دەچێتەوە بەغداد. لەگەڵ ئەوەشدا نەوت و غازەکە داھاتەکەی دەچێتەوە بەغداد.

ھەرێمی کوردستان دەبێتە چوار پارێزگا. (دھۆک_ ھەولێر_ سلێمانی_ ھەڵەبجە.)
کە تەواوی رێککەوتنەکە جێبەجێکرا، کە وەک بۆیاندانراوە نزیکەی ھەفتەیەکی پێدەچێت، بەڵام بەھۆی خێراجی پاشکشێکان و جێبەجێکردنەکەوە، پێناچێت ھەفتەیەکی پێبجێت. ئەگەر شەرێکیش رووبدات و ئاڵوگۆری بەسەردابێت، بێگومان کورد شوێنی دیکە لەدەستدەدات. 

دوای ئەمە، پارێزگارێک بۆ کەرکوک دەستنیاشندەکرێت و، بریاروایە پارێزگارەکە کوردبێت، بەس ھێشتا دیارنییە ئەو بریارە دوای نیشتنەوەی دیمەنەکان جێبەجێدەکرێت یان ئاڵوگۆری بەسەردا دێت.
 
بریاردراوە لەم قۆناغەدا ھێزەکانی دژە تیرۆری یەکێتیی و فیرقەی زەھەبی عێراق، لەگەڵ ھێزەکانی سکرتارییەتی سەرۆک کۆمار (مام جەلال) ئاسایشی ناو شاری کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان بپارێزن.  (ھەولێک ھەیە بۆ دروستکردنی دوو ئیدارەیی، بەڵام پێناچێت ھاوپەیمانان بەمە رازی ببن.) 
چاوەروانیش دەکرێت لەناوخۆی یەکێتیی، دەستبکرێت بە یەکلایکردنەوەی کێشەکانی ناو یەکێتیی بۆ یەک دەستە. (ئەمەیان کاتی تر قسەی لەسەر دەکەین)

ئەم زانیاریانە زانیاری ناو کۆبوونەوە تایبەتییەکانە . سەرجەم مەکتەب سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانی و، پارتی دیموکراتی کوردستان زۆ بەباشی ئاگایان لەم زانیارییانە ھەیە و، خۆیان بەشێکن لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە ھەریەکەیان لە جێگای خۆیەوە دەیەوێت ئەویتر تاوانباربکات و، خۆی لە راستی دیمەنەکان بشارێتەوە. 

ھەرێمی کوردستان وەک جاران ھەرێمێک دەبێت لە عێراقدا. مووچە و ئابووری ئەم ھەرێمە دەکەوێتەوە ژێر دەسەڵاتی عێراق. ( ھێزی پێشمەرگە وەکجاران دەخرێتەوە ناوچوار چێوەی سوپای عێراق) لە داھاتی نەوت و غاز  لە رێگای عێراقەوە لەچوارچێوەی یاسا بۆ ھەرێم خەرج دەکرێت.
پێویست ناکات ھاوڵاتیان بە گوتاری فریودەرانەی ئایدۆلۆژی بترسێنرێن. پێویستیش ناکات ھەر ھێزە و ئەویتر خەتاباربکات. پێویستە بەپوختی ئەوەی بریارە رووبدات بە خەڵکی کورستان بوترێت و خەڵک بزانێت ئەمە رێککەوتنە نەک ھیچ شتێکی تر. 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP