تاریکای عەقڵیەتی حیزب

ئارام قادر حەمەسور - 13-10-2017 - 4533 جار خوێندراوەتەوە

دونیای سیاسی کوردی پڕە لە کەم و کوڕی گەورە، خوێندنەوە بۆ هەر بوارێکی حیزبایەتی کوردی بکەیت فەشەلی گەورە دەبینی لە بواری سیاسی و ڕاگەیاندن و پەروەردە و ئەخلاقی سیاسی و پێگەیاندنی عەقلی ئەندامانی حیزب، حیزبە کوردیەکان زۆربەیان دەرئەنجامی  واقعێکی کۆمەڵایەتی و سیاسین  واتا پەرچەکرداری ڕوداوێکن، بۆیە بەردەوام لە چوار چێوەی ستایلە کۆنەکە کاردەکەن و تازەبوونەوە و دروستبوونی هێزی نوێ بە ئاسانی هەزم ناکەن، ئەم دۆگمابوونەیە وادەکات حیزب داخراوبێت و دواتر توشی کەرت بوون و جیابونەوەبێت و حیزبی تازە تر دروست ببێت.

ئەندامانی حیزب لە هەرێمی کوردستاندا بەگشتی لە قەیراندان لە ڕووی پەوەردەی سیاسییەوە، عەقڵیەتی حیزب زۆر چەقبەست و ڕەقە بەرامبەر حیزبەکانی تر، ئەم جورە پەروەردە ڕەقە دەدرێتە کادیر و ئەندامانی حیزب، بەردەوام حیزبێک ئەندامانی واپەروەردە دەکات کە خۆی خاوەن حەقیقەتی ڕەهایە و ئەوانی تر درۆو دژە نەتەوەن، بەردەوام حیزبێک کادیرەکانی فێرکردوە کە حیزبەکەی تر مایەی مەترسییە، ئەمە ڕەگی فاشیزمە کە بەردەوام ترسێک دروستدەکات بۆ ڕەوایەتیدان بە کارەکانی.

 پارتیەک باوەڕیەتی کە  گۆڕان هێزێکی دژە نیشتیمانیە و مەترسی هەیە بۆسەر حیزبەکەی، گۆڕانێک باوەڕیەتی کە هەموو ڕاستیەک لای حیزبەکەیتی، یەکگرتویەک باواڕیەتی کە بۆ هەموو ئەکتێکی سیاسی دەبێت میانڕەوبێت، کۆمەڵێک باوەڕیەتی یەکگرتوو شلە سیاسەت دەکات، یەکێتیەک بڕوای بە کۆکتێلە سیاسیەکەی خۆی هەیە لەگەڵ هەموحیزبەکان، ئیسلامیەکان گەر تەنیا بوون بۆدەنگدان دەبێت دەنگیان پێ بدرێت ئەگینا حەڕامە! بەڵام گەر لەگەڵ عەلمانییەکان بوون پێکەوە زۆر حەڵاڵە! ئەمە چەند بیروڕایەکی دیاری دونیای کادیرانی حیزبە، هۆکارەکە بریتیە لە پەروەردەی سەقەت بۆ کادیر و ئەندامانی حیزب، حیزب خۆی دەکاتە فریشتەو ئەوانی تریش شەیتان، ئەم غەسل دەماغە بەردەوام دەبێت تا کادیر و ئەندامێکی لێدەردەچێت کە تەنیا حیزبەکەی بە خاوەنی ڕاستی ڕەها دەزانێت، بۆیە شیرازەی خێزان و کۆمەڵگا بەرەو کەللە ڕەقی دەڕوات و زۆرکات گفتوگۆ سیاسییەکانی خێزانێک یان گروپێکی هاوڕێیان بەکارەسات کۆتایی دێت، شەڕە جنێوی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ئەخلاقی حیزبایەتی دەخەنە ژێر پرسیارەوە.

 حیزبی کوردی تا ئەمڕۆش پەروەردەیەکی ڕەق و ڕەها دەدات بە ئەندامانی،  تاکێکی ڕەق و بیر تەسکیان دروستکردووە کە ئامادەیە تیرۆری بەرامبەری بکات لە ڕووی فیزیکی و مەعنەوی،  حیزبەکان بانگەشەی ئازادی بیروڕا و بیری پلۆڕاڵ دەکەن بەڵام تەنیا درۆیەکی سیاسییە، حیزبی کوردی دەبێت بە پەروەردەی سیاسی خۆیدا بچێتەوە و بەرەو پەروەردەیەکی نەرم و نیان بچێت، ئەندام فێربکرێت کە حەقیقەتی سیاسی ڕێژەییە، ئەگینا بەرەو دروستبوونی بیری فاشیزمێکی ترسناکتر دەڕۆین کە هەموان مەترسین بۆ  هەموان و دەبێت هەموان شەڕی هەموان بکەن! پێویستیمان بەهێزی سیاسی تازەیە کە چوارچێوەی ئەم عەقڵە فاشیلەی حیزب ببەزێنێت.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP