کەرکوک لەنێوان دوو بژاردەیە..!

سەپان ئەنوەر - 11-10-2017 - 3920 جار خوێندراوەتەوە


 پێداگری و سووربوونی سەرکردایەتی کورد  لە سەر کوردستانێتی کەرکوک ،  پەیمان نوێکردنەوە و جەختکردنەوەیە لەسەر بەڵگە مێژوویەکانی ھەڤاڵ (مام جلال )ە لە کاتی مورافعە گەورەکەی لە ۹/۲/۲٠۱٥  لەبەردەم مەجلیسی حوکم ، ھەروھا بەردەوامی یە لەسەر رێبازو دروشمی  مامی گەورە ، کە یەکێکە لەو خاڵە گرنگانەی لە ئەدەبیاتی یەکێتیی و سکرتێری گشتی یە ، کە کەرکوک (قودسی کوردستانە)، وەڵامێکیشە بۆ بەغداو دوژمنان کە ، ھیچ کەسێک مافی ئەوەی نیە جگە لە خودی کورد چارەنووسی  خاک و خەڵکی کەرکوک دیاریبکات. 

مێژوو سەلماندوێتی کە کەرکوک شارێکی کوردیە ،بەڵام بەھۆی رژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عیراق بەردەوام ھەوڵیانداوە جوگرافیاو دیموگرافی ئەو شارە بشێوێنن لە رێگەی راگواستن و تەعریبکردنی شارەکە . بەڵام لەساییەی خۆراگری و قارەمانێتی شارەکەو پێشمەرگە گیان لەسەردەستەکان کە بوونەتە قەڵغان بۆ ھەموو پێکھاتەکانی ئەو شارە، کەرکوک بەئارامی لەباوەشی کوردستان دەمێنێتەوە . 

کورد بەپێی ئەو تەجرەبە کەمەی کە پیادەی کردوە لە بەرێوەبردنی شارەکەدا ، بۆ ھەموو پێکھاتەکانی شاری کەرکوکی سەلماندووە کە جگە لە حکومڕانی کورد لەم شارە چ لە رابردودا و لە داھاتوش دا پێکھاتەکان وەک ئێستا پارێزراو نەبوون پارێزاو نابن ، بەتایبەت تروکمانەکان ، خوا نەکردە ئەم شارە بکەوێتە دەست عەرەبەکان ، یەکەم پێکھاتە دوای کورد کە زوڵم و ستەمیان لێبکرێت تروکمانەکان دەبن ، لەرابردودا ئەوەندەی ئەو پێکھاتەیە بەدەست بەعسیەکان چەوسێندراونەتەوە، لەدوای ئازادکردنی کەرکوک لە عیراقی نوێدا سەدان جار لە ژێر بەرێوەبردنی کورد بەئازادی ژیاون. 

ئەوە تەنھا کورد بوو لەمەجلیسی حوکم ، دوای روخانی بەعس داکۆکی لە مافی  خۆیی و تورکمانەکانی  دەکرد و داوای دەکرد کورد و تروکمانەکان بگەڕێنەوە شوێنەکانی  خۆیان و عەرەبە ھاوردەکانیش لەسەدەمی بەعس  بگەڕێننەوە زێدی خۆیان و دواتر راپرسی بکرێت لە کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان لە نێوان پێکھاتەکان بۆ دیاریکردنی چارەنوسی کەرکوک .  

بەدرێژایی مێژوو ، کەرکوک بەردەوام ئەو خاڵە بووە کە کورد ھەمیشە جەختی لەسەر دەکردەوە لە دانووستانەکانی نێوان شۆرشەکانی کورد حکومەتی ناوەند،  بەڵام دەسەڵاتدارانی بەغدا بەردەوام کەرکوکیان کردۆتە خاڵی ناکۆکی و تێگدانی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ کورد بەبیانوی ئەوەی کەرکوک شارێکی عەرەبی و فرە پێکھاتەیە ، بگرە سەدان ساڵە نەوتی کەرکوک دەبەن و ھەر بەم پاساوە دەیانەوێت چەند ساڵی تر نەوتەکەی بە تاڵان بەرن و بیدەن  بە چەک  و تەقەمەنی و بەسەر کوردی بێ دیفاع تاقی بکەنەوە ،  بۆیە نیشتمانی کورد پێکھاتەوە لە یەک جەستەو یەک دڵ ، کەرکوکیش دڵی کوردستانە و ناکرێ کورد بەبێ دڵ بژی ، ئەبێ وەک بەعسیەکان خەونی داگیرکردنەوەی کەرکوک لە خەیاڵدانیان لەباربچێت و لەگەڵ خۆیان بیبەنە ناو گۆڕەوە ، بۆیە کەرکوک لە نێوان دوو بژاردەیە ،  یان دەبێت کوردستانی بێت یان دەبێت پایتەختی ملیون شەھید بێت تا بەکوردستانی بمێنێنتەوە.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP