جیهان وێستگەی زانست و وشیاریە نەک ئەزمونگەرایی

شۆڕش خالید ئاژگەیی - 10-10-2017 - 4144 جار خوێندراوەتەوە

هەموو مرۆڤێک بە بێ جیاوازی چینایەتی و  ئاستی ڕۆناکبیری، پلە وپایەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئاستی هۆشیاری، لە ژیانیدا پێویستە ئامانجی دیاریکراوی هەبێت. واتا ژیانی تەنیا بریتی نەبێت لە ڕۆژبەرێ کردنێکی ئاسایی و نووستن و خواردن و خواردنەوەو پشوودانێکی رۆتێنیەوە.

بێگومان تێکهەڵکێش کردنی چەمکی " ئامانج"  لەگەڵ  " ئامراز" و دانەنانی سنورێک لە نێوان ئەم دوو چەمکەوە، دەبێتە هۆی نەگەیشتن بە ئومێد و خواست و ئارەزووە دوورە نزیکەکانمان و دواجار سەرلێشێوای و بە فیرۆدانی تەمەن وشەکەت بوون و نائومێدی و سستی لێدەکەوێتەوە.

بۆ نمونە بۆ زۆربەی هەرە زۆری ئێمە مانان سەروەت و سامان کۆکردنەوە یا دەوڵەمەند بوون ئامانجی هەرە لە پێشینەی ژیانە و ئامادەین هەموو بەهاو پیرۆزیەکی خۆمانی بۆ بکەین بە قوربانی.  یا هاوسەرگیری بۆ بەشێکی هەرە زۆری کۆمەڵ بە ئامانجێکی پیرۆزو ئایینی و ئەخلاقی و ستایشکراو دادەنرێت، نەک ئامرازی سەلامەتی روحی و ڕەوانی و دەروونی و جەستەیی و کامەرانی و بەختەوەری.

بۆیەش زۆر جار تێبینی دەکەین کەسانێک هەن،  دوای تێپەربوونی سی تا چڵ ساڵ بەسەر زەماوەندکردنیان یا سەروەت و سامان کۆکردنەوەی بێ سنووریانەوە، هەست بە نائارامی و ماندووێتی و بێ هیوایی دەکەن لە ژیان، بەڵام بە ڕووی خۆیان ناهێنن و هەوڵ ئەدەن خەم و ئازارو پەژارە دەروونیەکانیان بشارنەوەو تا بۆیان بکرێت باسی نەکەن و ڕازی دەروونیان لای هیچ کەس نەدرکێنن.

ئەم تێکهەڵکێش کردنەی هەردوو چەمکی " ئامانج" و  " ئامراز" لەگەڵ یەکتر، هەنووکە بۆتە یەکێک لە کێشە هەرە سەرەکیەکانی فەرهەنگی کۆمەڵایەتیمان و بۆتە هاتنە کایەی جۆرێک لە بێ سەرووبەری و پشێوی جڤاکی و سەرگەردانی کۆمەڵگە و دوورکەوتنەوە لە هارمۆنیای ژیان.

کاتێک ئامانجەکانمان دیاریکرد و بۆمان دەرکەوت کەوا گەیشتن پێیان بۆمان گرینگن و ناتوانین بە هیچ شێویەک دەستبەرداریان بین، پێویستە مەودای گەیشتن پێیانەوە دیاری بکەین:

ئامانجە کورت مەوداکان: دوو ڕۆژ تا دوو مانگ

ئامانجە ناوەنجیەکان: دوو مانگ تا دوو ساڵ

ئامانجە دوور مەوداکان: دوو ساڵ تا دە ساڵ

بۆ دانانی بەرنامە و هەڵبژاردنی ئاراستەی گەیشتن بەم ئامانجانە، پێویست ناکات وەک کۆمپیوتێر هزرو مێشکمان بە نوووسینیەوەی بەرنامەی قورسی ئەلێکترۆنیەوە بارگاوی بکەین و زۆر فشار بۆ باری دەروونیمان بێنین. بەڵکو دیاری کردنی جۆری ئامانجەکان، جۆرێک لە  بەرچاو ڕوونیمان پێ دەبەخشێ بۆ هەڵبژاردنی ئامرازەکان و ئەو ئاراستە راست و ڕەوان و لۆژیکی و درووستەی لە ماوەی دیاریکراودا دەمانگەیەنێتە خواستەکانمان.

بۆ گەیشتن بە خواستەکانمان ( ئامانجەکان) بە پلەی سەرەکی و لە پێش هەموو شتێکەوە پێویستیمان بەم چەند فاکت و تایبەتمەندیە سەلمێنراوو ڕاستیەی خوارەوەیە:


1- پێویستە لە تەندروستیەکی باشدابین و توانای ڕێگەگرتن و تەرخان کردنی وزەو توانستی خۆمان هەبێ بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان و ڕێگاکە بە نیوەچڵی جێ نەهێڵین.

2- بە سوود وەرگرتن لە زانست و هۆشیاریەکی زانستی سەردەمیانەوە هەنگاوهەڵگرین.  ئێمە  لە زەمەنێکدا دەژین، ناتوانین ئیدیعای گڵ دانەوەی گشت لق و پۆپەکانی زانست ومەعریفە بکەین لای خۆمانەوە و بکەوینە وەهم و خەیاڵی ئەندێشەی بوون بە گەورە زانای بێ ڕکابەر و هەموو شت زان.

جیهان لەم سەردەمەدا ڕۆژ بەڕۆژ لە گۆڕانکاری خێراو سەرسورهێنەردایە و ئەگەر لەگەڵ ڕەوتە خێراکە، ڕێ نەکەین، لە کاروانی زانست و ڕۆناکبیری و مۆدێرنێتە دوا دەکەوین. ئێمە چیتر ناتوانین تەنیا پشت بە ئەزمون و توانستی هزری تاکە کەسی خۆمانەوە ببەستین.

من هیچ گومانم لەوەدانیە، مرۆڤ لەم زەمەنەدا ناتوانێ بۆ ڕووبەرووبوونەوەی تەحەدیەکای ژیان، چ لە ڕووی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابوری و سەربازی و مەعریفیەوە، تەنیا پشت بە ( ئەزمونی گشتی یا تاکە کەسی)ەوە ببەستێ.

جیهانی ئەمڕۆ بە گشت تایبەتمەندیەکانیەوە،  تەنیا جیهانی ئەزمونگەرایی و ئەزمون کردنی سەرکەوتن و شکست و نەهامەتیەکان نیە و ئەم قۆناغە دەمێکە بەسەر چووە و باوی نەماوە.  بەڵکو جیهانی ئەمڕۆ، جیهانی زانست و هۆشیاری زانستی و مەعریفەیە و لادان لێی، یا تەیار نەبوون بە مەفاهیمی زانست و هۆشیاری، لە کاروانی پێشکەوتنی کۆمەڵگە و مرۆڤایەتی و مۆدێرنێتە دوامان دەخات و دامان دەبڕێت و دەمانخاتە پەراوێزەوە، با خاوەنی نەوت و گازی ژێر زەوی و کۆشک و تەلارو بینایەی ملیۆن دۆلاریش بین.

بۆیە بە بڕوای من خەتەرناکترین " بیانوو یا مێتۆد" بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی کێشە و تەحەدیەکانی ژیان، خۆ هەڵواسینە بە چەمکی " ئەزمونگەرایی" ەوە.

مرۆڤ ئەشێ لە جیاتی پشت بەستن بە ئەزمونەوە،  دستەواژەی " تاقیکردن" بەکار بێنێ. بەو مانایەی ئەم ڕێگایە، ئەم مێتۆدە،ئەم ئاراستەیە، یا ئەم شێوازە لە چارەسەری پێشتر لە لایەن دەیان  کەسی زانا و دانای زانست زان و روناکبیرەوە تاقیکراوەتەوە و سەلمێنراوە ( بە هەردوو ڕووە نەرێنی و ئەرێنیەکەیەوە).  بەو واتایەی ئەشێ ئەنجامەکانی ڕێگا تاقیکراوەکان نەرێنی بووبن یا ئەرێنی بووبن. کە ئەمە بابەتی سەرەکی ئەم وتارە نیە.

بۆیە زانستی تاقیکراوو سەلمێنراوو مێتۆدەکانی پەیوەست بەم چەمکە، لە جیاتی ئەزمونە شەخسیە جیاوازەکانمان، هەمیشە جێگەی پشت پێ بەستن، متمانە و دەست پێوەگرتنن لە گەیشتن بە ئارمانجەکانمانەوە.

شاراوە نیە ئێمەمانان هەر کامەمان لە پڕۆسەی ژیانماندا بە قۆناغی جۆراوجۆردا گوزەر دەکەین. هەرکام لەم قۆناغانەش خاوەنی  کۆمەڵێک تایبەتمەندی و خەسڵەتی پەیوەست بە خۆیانن. ئاستی هۆشیاری هەرکام لە ئێمەش لەگەڵ ئەویتر جیاوازی هەیە و لە گوزەری ژیاندا هزرودەروونمان بە کۆمەڵێک مەفاهیمی زانستیەوە تەیار دەکەین و دواجاریش بە پێی ئاستی ڕۆناکبیری و هۆشیاری کۆمەڵایتی و سیاسی و مەعریفیمان، دەبینە ئەو کەسایەتیەی لە ڕووی فکریەوە خاوەنی کۆمەڵێک بیرۆبۆ چوونی تایبەت بە خۆمانین و هزری بارگاوی کراومان، دەرخەری کەسایەتیمانە و دواجار دەبێتە شوناس و پێناسەی جڤاکی، سیاسی یا ئابوریمانەوە.

ئەزمونەکانیش لە یەکێکەوە بۆ یەکێکیتر جیاوازن، بە پێچەوانەی زانستی سەلمێنراوو تاقیکراوەوە ( هۆشیاری)، کەوا وەک فاکت دەردەکەون و ناکرێت بە ئەزمون لە قەڵەم بدرێن.

3- کاروپیشەی دیاریکراو. ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین ناتوانین بە بێ کارو پیشەی دیاریکراوو ماندوو بوون بمانەوێ لە کاروانی پێشکەوتن دوا نەکەوین. هەڵبەتە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا واباوە، خاوەندارێتی کارو پیشەیەکی دیاریکراو بە ( سەرقاڵ بوون) لەقەڵەم دەدرێت. وەک ئەوەی: باشە بە شتێکەوە مەشغول بە و گرینگە بێ کار نەبێ!.

بەڵام پرسیاری جەوهەری ئەوەیە، ئایا ئەو ( مەشغولیەتە) تا چەند بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگە و ڕاست کردنەوەی باری ناڕێک و لاری ئابوری و کۆمەڵایەتی پێویست و زەروورە؟ ئایا ئەم کارەی من ڕۆژانە بۆ ماوەی نزیکەی هەشت کاتژمێر یا زیاتر پێیوە سەقاڵم، تا چەند کۆمەڵگە پێویستی پێیەتی؟  ئایا شار پێویستی بەم هەموو تەکسیە هەیە؟ ئایا بازار پێویستی بەم هەموو رێستۆرانت و تەڕەفرۆش و گەس فرۆشەوە هەیە؟ سیمای کۆمەڵگەیەکی لەمجۆرە وا بێ سەرووبەر و ناڕێک و ناهەماهەنگ، پێناسەی چ جۆرێکە لە پەرتەوازەیی بوونی هێزی کار؟ ئایا ئەم حاڵەتە زەروورە بۆ دۆخی ئێستا یا زۆربەی ئەندامانی کۆمەڵ بۆ وەدەست خستنی پاروویەک نان و تێرکردنی خێزان ومنداڵ، لە پەلەقاژەی ژیاندان و هەوڵ بۆ تێر بوون دەدەن نەک ژیان کردن لە سایەی دۆخێکی پڕ لە نائومێدیدا؟

لەگەڵ ئەوەشدا بێکاری کوشندەترین دەردری کۆمەڵایەتی ئەم سەردەمەی کوردستانەوە، کەوا بۆتە مۆتەکە بەسەر زۆربەی خێزانەکانەوەو بە داخەوە دوای دەرکەوتنی قەیرانە ئابوری و داراییەکانی هەرێم، بە یەکێک لە بەڵا گەورەکانی تێکچوونی جڤاک و لەبەر یەک هەڵوەشانەوەی خێزانەکان دادەنرێت و نزیکە لەوەی سەرلەبەری کۆمەڵی کوردەواری لەبەر یەک هەڵوەشێنێتەوە.

ئەم حاڵەتەش لە کاتێکدایە، بە بێ ئەوەی کارگوزارانی دەوڵەت و بەرپرسانی بوارەجیاجیاکان، مشورێکی جدی و بەرپرسیارانە لە دۆخەکە بخۆن ، نەک کۆڕو سمینار بەستن و خوێندنەوەی وتاری کڵێشەیی و سترۆتایپ ( وێنەباو) ی ئەبستراکتی بێ مانای پڕ لە حیکایەتی بێ ئەنجام و دووبارە بووەوە.

ئەگەر جاران ئەم دۆخە زیاتر لە حاڵەت دەچوو، ئێستاکە بە داخەوە بۆتە دیاردەیەکی ڕووخێنەری کۆمەڵایەتی و هۆکاری داڕووخانی ئینتیما و پەیوەست بوون بە حزب و تەنانەت بە نیشتیمان و نەتەوەشەوە.

هەر بۆیەش لە ئان و ساتە ناسک و هەستیارەی هەنووکە هەرێمی کوردستان پێیدا تێدەپەڕێ و لە لایەن وڵاتانی جیرانیەوە پلان بۆ گەمارۆدانی ئابوری دادەنرێت و نزیکەی سێ ساڵە چارەکە مووچە بە هۆی قەیرانی دارایی و ئابوریە چارەسەر نەکراوە داتەپیەوەکە دابەش دەکرێ، تێکەڵیەکی نەشاز و ناشرین و نالۆژیکی لە نێوان چەمکەکانی ( مەزلومیەت و مەشغولیەت و مەسئولیەت) بەدی دەکرێ و جۆرێک لە پشێوی و ئاڵۆزی و شێواندنی زیاتری خستۆتە ناو دۆخەکەوە.

4- جۆری پەیوەندیەکانمان

جۆری پەیوەندیەکانمان لە ژیانی ڕۆژانە و لە سەردەمە جۆراوجۆرەکان، ئەشێ یارمەتیدەر بن بۆ گەیشتنن بە ئامانجەکانمان.  ئەگەر ئامانجەکانمان سیاسین، گەرەکە باشترین جۆری پەیوەندی لەگەڵ ئەو لایەن و وڵاتانە گرێ بدەین، لە گەیشتن بە ئامانجەکانمان نزیکمان دەکەنەوە یا دەبنە پاڵپشتیکەر و یارمەتیدەر لە دوور مەودادا ودواجار دەبنە جێی بڕواو متمانە لە بەردەوامیدانی ئێمە بە و ئاراستەیەی گرتومانەتە بەر، نەک پشت تێکردن و ڕاڕایی لە بڕیار دەکردن و هەڵوێست نواندن.

دواجار ژیان پرە لە ئەزمونی ڕەنگاوڕەنگەوە. مرۆڤی ئەزمونگەرای سەردەمانی پێشتر، پشتی بە ئەزمون دەبەست و وەک چەکێک یا پاشخانێکی دەوڵەمەندی فکری و توانستێکی زەنگینی هزری لە گەیشتن بە ئامانجە دوورو نزیکەکانی پشتی پێیانەوە دەبەست و لە کارو چالاکیەکانی ڕۆژانەیدا سوودی لێوردەگرت.

بەڵام ژیانی مرۆڤ تەنیا و تەنیا بە ئەزمونە جیاوازەکانی ئێمە مانانەوە نەتەنراوەتەوە، بەڵکو جیهان لەم زەمەنەدا، جیهانی زانست و مەعریفە و هۆشیاری زانستیە.

ئەم سەردەمە ی حاڵی حازر بە سەردەمی پۆست مۆدێرنیزمەوە دەشوبهێنرێت، پڕاوپڕە لە زانستی تاقیکراوو و هۆشیاری تاکەکانیەوە. ئەم زەمەنە لە پێشکەوتنێکی خێراو سەرسورهێنەرو جۆریدایە.

دواکەوتن لە خۆ دەوڵەمەند کردن بە زانست و مەعریفەو هۆشیاری هاوچەرخی تاقیکراوو سەلمێنراوی زانستی قبوڵکراو لە گشت بوارەکانی پەیوەست بە کۆمەڵگاوە، زیاتر مرۆڤایەتی دووچاری شکست و دۆران و لادان و پەرت بوون و شلەژان دەکات، لە گەیشتن بە و ئامانجانەی زۆرێك لە ئێمە مانان، ڕەنگە تەمەنێکمان لە پێناویدا بەخشیبێ و کاتی خۆمانمان بۆ تەرخان کردبێ و بە داخەوە زۆربەشمان ڕەنگە هێشتا پێیانەوە نەگەیشتبین و لە خوڵانەوەی دەور حەڵقەیەکی داخراودابین.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP