بەپەلە

پارته‌ ئیسلامیه‌ عێراقییه‌كان بازنه‌ی‌ ئیسلامی‌ سیاسی‌ جێده‌هێڵن

عومەر عەلی محەمەد - 10-10-2017 - 2697 جار خوێندراوەتەوە

له‌پاش روخانی‌ رژێمی‌ به‌عس له‌ 2003 دا، پارته‌ ئیسلامیه‌ عێراقیه‌كان هه‌لێكی‌ زێڕینیان ده‌ستكه‌وت و ته‌واوی‌ جومگه‌كانی‌ ده‌وڵه‌تیان كه‌وته‌ ده‌ست، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له‌ یه‌كه‌مین هه‌ڵبژاردندا سوننه‌كان به‌ رابه‌رایه‌تی‌ حیزبی‌ ئیسلامی‌ عێراقی‌ و شیعه‌كانیش ده‌وڵه‌تی‌ یاسا به‌ رابه‌رابه‌تی‌ حیزبی‌ ده‌عوه‌و هه‌روه‌ها ئه‌نجوومه‌نی‌ باڵای‌ ئیسلامی‌ و دوایش ره‌وتی‌ سه‌در و حیزبی‌ فه‌زیله‌، كه‌ هه‌موویان كۆمه‌ڵه‌ حیزبێكی‌ ئیسلامین جه‌ماوه‌ر متمانه‌یان پێ‌ دان و هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌ باڵاكانیان له‌ حكومه‌تدا كه‌وته‌ ده‌ست.

جه‌ماوه‌ری‌ عێراق له‌و بڕوایه‌دا بوون كه‌ ئه‌م حیزبانه‌ به‌هۆی‌ باكگراونده‌ ئاینیه‌كه‌یان و ئه‌و سه‌ركرده‌ ناسراوانه‌ی‌ كه‌ هه‌یانبوو به‌تایبه‌تیش بنه‌ماڵه‌كانی‌ سه‌در و ئه‌لحه‌كیم و هه‌روه‌ها سه‌ركرده‌ ناسراوه‌كانی‌ حیزبی‌ ده‌عوه‌ كه‌ هه‌موویان كه‌سایه‌تی‌ ناسراوی‌ ئاینی‌ بوون، له‌و بڕوایه‌دا بوون كه‌ ئه‌مانه‌ ده‌توانن بۆ هه‌میشه‌ له‌ ده‌ست سته‌م و چه‌وسانه‌وه‌ رزگاریان بكه‌ن و ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ عه‌داله‌ته‌ی‌ كه‌ به‌رده‌وام بانگخواز و سه‌ركرده‌ ئیسلامیه‌ سیاسیه‌كان بانگه‌شه‌یان بۆ ده‌كرد بهێنێته‌ دی‌، به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ئه‌م پارته‌ ئیسلامیانه‌ گه‌یشتنه‌ كورسی‌ ده‌سه‌ڵات و پاره‌ و پله‌ و پۆستیان كه‌وته‌ ده‌ست، ته‌واو پێچه‌وانه‌ی‌ ئه‌و ویست و خواستانه‌ی‌ جه‌ماوه‌ر مامه‌ڵه‌یان كرد و وڵاتیان یه‌كپارچه‌ كرد به‌ گه‌نده‌ڵی‌ و دزی‌ و وێرانی‌ و به‌رپاكردنی‌ شه‌ڕی‌ مه‌زهه‌بی‌ و له‌م پێناوه‌شدا سه‌دان هه‌زار كه‌س له‌ هاوڵاتیانی‌ عێراقی‌ بوونه‌ سوته‌مه‌نی‌ ئه‌و ناخه‌ پڕ له‌ بوغز و قینه‌ی‌ كه‌ ئه‌م سه‌ركرده‌ ئیسلامیانه‌ له‌ واقیعدا چه‌سپاندیان.

 پاش 14 ساڵ‌ له‌ ئه‌زموونی‌ ئه‌و پارته‌ ئیسلامیانه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدا ده‌وڵه‌تێكی‌ دواكه‌وتوو قه‌رزار و پڕ له‌ كوشتن و تیرۆر و تۆقاندنیان به‌رهه‌م هێنا و ئه‌و وێنه‌یه‌ی‌ كه‌ دروستیان كرد هیچی‌ له‌ وێنه‌ی‌ ده‌وڵه‌ته‌ به‌عسیه‌كه‌ كه‌متر نه‌بوو، پاش ئه‌وه‌ش كه‌ داعش سه‌ری‌ هه‌ڵدا و ناوچه‌یه‌كی‌ زۆری‌ عێراقیان كه‌وته‌ ده‌ست و به‌ناوی‌ ده‌وڵه‌تی‌ خه‌لافه‌ته‌وه‌ حوكمی‌ ئه‌و ناوچانه‌یان كرد، ناشیرینترین وێنه‌یان بۆ ئیسلام و مسوڵمان و مه‌زهه‌ب دروست كرد، كه‌ ئه‌مه‌ش بوه‌ مایه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ باسكردن له‌ جێبه‌جێكردنی‌ شه‌ریعه‌ت ببێته‌ وێنه‌یه‌كی‌ زۆر ناشیرین و دزێو له‌ به‌رچاوی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ و خودی‌ هاوڵاتیانی‌ عێراقیش.

 به‌هۆی‌ ئه‌م بارودۆخه‌ ناهه‌مواره‌وه‌ كه‌ ئیسلامیه‌ سیاسیه‌كان له‌ عێراق له‌لایه‌ك و داعش له‌لایه‌كی‌ تر دروستیان كرد، ئێستا هاوڵاتیانی‌ عێراق كاتێك باسی‌ حیزبی‌ ئیسلامی‌ و خه‌لافه‌ت و چه‌سپاندنی‌ شه‌ریعه‌تی‌ لاده‌كرێت به‌وپه‌ڕی‌ توڕه‌ییه‌وه‌ وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌و دژیان ده‌وه‌ستێت. به‌هۆی‌ ئه‌و بارودۆخه‌ ناهه‌مواره‌وه‌، له‌ ئێستا پارته‌ ئیسلامیه‌ عێراقیه‌كان ده‌یانه‌وێت فۆڕمی‌ خۆیان بگۆڕن و به‌شێواز و ئالیه‌تێكی‌ تر سیاسه‌ت بكه‌ن.

له‌ سه‌ره‌تای‌ ئه‌مساڵدا سه‌لیم جبوری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجوومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق كه‌ به‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ حیزبی‌ ئیسلامی‌ عێراقی‌ ئه‌و پۆسته‌ی‌ وه‌رگرتووه‌، بزوتنه‌وه‌یه‌كی‌ سیاسی‌ نوێی‌ راگه‌یاند به‌ناوی‌ (التجمع المدنی‌ للاصلاح) ئه‌م بزوتنه‌وه‌ نوێیه‌ هیچ پاشگرێكی‌ ئیسلامی‌ پێوه‌ نیه‌، جبوری‌ له‌و بڕوایه‌دایه‌ كه‌ ئیسلامیه‌كان ده‌بێت خه‌بات بكه‌ن بۆ بنیاتنانی‌ ده‌وڵه‌تی‌ مه‌ده‌نی‌ نه‌ك ئاینی‌، ئه‌و له‌و بڕوایه‌دایه‌ به‌م رێگه‌یه‌ ده‌توانرێت خزمه‌ت به‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ عێراقی‌ بكرێت نه‌ك له‌ رێگه‌ی‌ حیزبی‌ ئاینی‌ و تائیفیه‌وه‌، له‌دوای‌ ئه‌میش ره‌وتی‌ سه‌در له‌ رێگه‌ی‌ ئه‌و خۆپیشاندانانه‌نی‌ كه‌ رابه‌رایه‌تیان ده‌كردن دروشمی‌ ده‌وڵه‌تی‌ مه‌ده‌نیان به‌زر كرده‌وه‌و داوای‌ رزگاركردنی‌ ئاینیان ده‌كرد له‌ ده‌ست ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ بازرگانی‌ به‌ ئاینه‌وه‌ ده‌كه‌ن، هه‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش داوای‌ دروستكردنی‌ حكومه‌تی‌ ته‌كنۆكراتیان ده‌كرد نه‌ك حكومه‌تی‌ تائیفی‌. به‌لای‌ سه‌دریه‌كانه‌وه‌ ده‌بێت شێوازی‌ حوكم له‌ عێراقدا بگۆڕێت و ئه‌م دۆخه‌ تێ‌ بپه‌ڕێنن و كار بكه‌ن له‌پێناو دروستكردنی‌ حكومه‌تی‌ مه‌ده‌نی‌ و هاوڵاتیدا.

له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ ده‌وڵه‌تی‌ یاساش كه‌ گه‌وره‌ترین كوتله‌ی‌ سیاسیه‌ له‌ عێراقدا و حیزبی‌ ده‌عوه‌ رابه‌رایه‌تی‌ ده‌كات له‌ ئێستادا دروشمی‌ ده‌وڵه‌تی‌ مه‌ده‌نی‌ به‌رزكردۆته‌وه‌ هه‌رچه‌ند ئه‌م حیزبانه‌ له‌ روكه‌شدا ده‌یانه‌وێت گۆڕانكاری‌ له‌ خۆیاندا دروست بكه‌ن و وا له‌ جه‌ماوه‌ر بگه‌یه‌نن كه‌ دید و تێڕوانینیان بۆ سیاسه‌ت و حوكم و به‌ڕێوه‌بردنی‌ ده‌وڵه‌ت گۆڕاوه‌، به‌ڵام له‌ راستیدا ئه‌م گۆڕانكاریه‌ روكه‌شانه‌ هه‌رگیز نابێته‌ مایه‌ی‌ رازی‌ بوونی‌ خه‌ڵك و پێدانه‌وه‌ی‌ ئه‌و متمانه‌ زۆره‌ی‌ كه‌ له‌ رابردوودا هه‌یانبووه‌.

به‌پێی‌ بۆچوونی‌ هه‌ندێك له‌ توێژه‌رانی‌ سیاسی‌، شه‌ڕی‌ دوای‌ داعش بریتی‌ ده‌بێت له‌ روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی‌ هاوڵاتیانی‌ عێراقی‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌و پارته‌ ئیسلامیانه‌ی‌ كه‌ ماوه‌ی‌ 14 ساڵه‌ له‌ عێراقدا ده‌سه‌ڵاتیان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌م حیزبانه‌ یان ده‌بێت گۆڕانكاری‌ گه‌وره‌ له‌ دامه‌زراوه‌كانی‌ ده‌وڵه‌تی‌ عێراقدا بكه‌ن و گه‌شه‌ به‌ دیموكراسی‌ بده‌ن و ئاشتبوونه‌وه‌یه‌كی‌ نیشتمانی‌ ئه‌نجام بده‌ن یان ئاستی‌ توندوتیژیه‌كان په‌ره‌ده‌سه‌نێت و ئه‌مجاره‌یان ئه‌و ناڕه‌زایه‌تیانه‌ شاره‌كانی‌ ناوه‌ڕاست و باشوریش ده‌گرێته‌وه‌و له‌ ئه‌نجامیشدا كۆتایی‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ ئه‌م پارته‌ سیاسیانه‌ دێت كه‌ ئێستا له‌ حوكمدان.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP