ماسکەکانی دیموکراسی و دەسەڵات

ئارام قادر حەمەسور - 9-10-2017 - 4509 جار خوێندراوەتەوە

دیموکراسی واتا مروڤ سالاری یان دەسەڵاتی گەل، دیموکراسی لە زۆربەی وڵاتانی دونیا بانگەشەی بۆ دەکرێت، بەڵام لەهەمویاندا بنەماکانی پەیڕەو ناکرێن، لە زۆرینەی وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا  دیموکراسی ماکیاجێکی جوانکارییە بۆ شاردنەوەی دیوە ڕەشەکەی دەسەڵاتی سیاسی، لەم ناوچەیەدا دیموکراسی فێڵێکی سیاسییە بۆ خەڵەتاندنی خەڵک و هێزە نێو دەوڵەتیەکانی دونیای دیموکڕاسی.

دیموکراسی گەر پیادە بکرێت تەواوی بنەماکانی بۆ خزمەتی خەڵکە، لەهەرێمی کوردستاندا تا ئێستاش دیموکراسی ماسکێکە بۆ فێڵکردن، دەسەڵاتی کوردی بوکێکی ماکیاجکراوە لە صاڵۆنی دیموکراسیدا، دەبینین کاتێک خۆری بنەما ڕاستەقینەکەی دیموکڕاسی لەم بۆکە سیاسییە دەدات تەواوی ماکیاجە دیموکراسییەکەی لادەدرێت و ماسکەکان دەکەون و دەسەڵاتە دژە دیموکڕاسیەکە خۆی نیشان دەدات، بۆ نمونە لەکاتێکدا دەسەڵاتی کوردی بانگەشەی دیموکڕاسی دەکات بەڵام دژی گۆڕانکاری و دەستاودەستی  دەسەڵاتی سیاسییە، کاتێک هێزێک دەیەوێت سەرۆکایەتی هەرێم وەرگرێتەوە لەهێزێکی تر کە ماوەی دە ساڵە  ئەم پۆستەی لایە، ئەوکات دیموکڕاسی کۆتای دێت و عەقڵیەتە سیاسیە دژە دیموکڕاسییەکە خۆی نمایش دەکات و ئەو هێزەش کەبانگەشەی دەستاودەستی سەرۆکایەتی هەرێمی کردبوو لە پەرلەمان و حکومەت دەردەکرێت، لە کاتێکدا بنەمای گۆڕانکاری و دەستاودەستی دەسەڵاتی سیاسی گرنگترین بنەمای دیموکڕاسیە، کاتێک دەسەڵاتێکی خۆسەپێن هەبێت و بانگەشەی دیموکڕاسی بکات درۆیەکی گەورەیە.

تەوافوقی سیاسی لە دونیای ناوچەکەدا جێگەی تێڕامانە، لەدوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس چەمکی تەوافوقی سیاسی لە دونیای سیاسی عێراقدا دەرکەوت،  دواتریش لەم کابینەی حکومەتی هەرێم جێبەجێکرا، تەوافوقی سیاسی بۆ وڵاتە فرە کولتور و فرە نەتەوەکانە کە دیموکڕاسی تێیاندا بەئاسانی ناچەسپێت، تەوافوقی سیاسی و دیموکڕاسی دژی یەکترن، چونکە گەر هەموان وەک یەکتر بیریانکردەوە کەواتە دیموکراسی گرنگی نامێنێت، ئەم کابینەی حکومەتی هەرێم کە کابینەی تەوافوقی سیاسی بوو بینیمان چۆن فەشەلی هێنا، ناکرێت لە دونیا دیموکراسیدا هەمو هێزەکان  خەریکی خواردنی هەنگوینەکەی دەسەڵات بن و ئۆپۆزسیۆنی سیاسی بوونی نەبێت.

 دەسەڵاتێک بەبێ ئۆپۆزسیۆن و چاودێریکردن بێت دەبێتە دەسەڵاتی گەندەڵ، ئەو سیستەمە سیاسییە دیموکڕاسی نییە کە هەمو هێزەکانی لە چێشتخانەی دەسەڵاتدان و پەرلەمانی بێ ئۆپۆزسیۆن بێت، تەوافوقی سیاسی ماسکێکی تری دەسەڵاتی کوردییە بۆ خەڵەتاندنی خەڵک و ڕازیکردنی دڵی حیزبەکان، کوردستان پێویستی بە هێزی سیاسی گرنگ هەیە بۆ وەرگرتنی دەسەڵات و هەڵبژاردنی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی، چونکە تا ئێستاش عەقڵیەتی سیاسی حیزبەکان دژە دیموکڕاسییە.
 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP