بەپەلە

سیاسەتمەداری كورد لە تاقیكردنەوەیەكی قورسدا

مەریوان عەلی محەممەد - 9-10-2017 - 2321 جار خوێندراوەتەوە

چەند رۆژێكە شێواز و ریتمی سیاسەتكردنی حكومەتی ناوەند بەرامبەر حكومەتی هەرێم رۆشنتربۆتەوە و هەموو كردار و ئاماژەكانیان بەو ئاراستەیە هەنگاو دەنێن كە دەبێت زەمەن بەرەو دواوە بگەرێتەوە بەوەی رۆژگار لەهەرێمی كوردستاندا جارێ نەگەیشتۆتە 25ی 9، ئەم سیاسەتەی ئێستای حكومەتەكەی عەبادی بە پیرۆزبایی سەرجەم پێكهاتەكانی عیراق بە توركمانی سونە و شیعەو هەروەها عەرەبی سونە و شیعە لەگەڵ لایەنی كوردیدا ململانێ دەكات.

جوڵەی سیاسی ئەمرۆی عەبادی كە پێشتر بە پیاوە سیاسییە میانرەوە شیعەكە ناسراو بوو، كتومت سەنگەرگرتنە بەرامبەر بەكورد وەك نەتەوە، چونكە وەك رێژەیەكی نەگۆر عەرەب و توركمانی سونە و عەرەب و توركمانی شیعە جگە لە خودا لەهەموو شتێكدا جیاواز و دژ بەیەكن هەتا رەمەزان و جەژنیشیان پێكەوە نییە، جیاوازییەكانیشیان هێندە فراوانن هەرگیز وێنا ناكرێن بەوەی كە دوو مەزهەبی جیاوازبن بەڵكو وەك دوو نەتەوە دەركەوتون كە بریتیی بێ لە نەتەوەی عەرەبی شیعە و نەتەوەی عەرەبی سونە بێگومان بۆ توركمانیش چەشنی شتە، ئەم دوو جیهان و جەمسەرە جیاوازە لەهەمبەر هەرپرسێكی كورددا چ بچوك بێ چ گەورە دەبن بە برا و هاوپەیمانی یەكتر، سەیرەكەش لەوەدایە نایشارنەوە بەوەی هاوپەیمانییەكەیان كاتییە و تەنیا هێندە بڕ دەكات كە شكست بە هەرخواستێك بهێنێت كە كورد وەك نەتەوە داوای دەكات.

لەو هەلومەرجەدا كێشمەكێشی سیاسی نێوان كورد و عەرەب یان حكومەتی هەرێم و مەركەز هێندە بەرز و ئاڵۆزە رەخنە لە بچوكترین كردەی یەكتر دەگرن، لەكاتێكیشدا ئەم پێكدادانە سیاسییە لەنێوانیاندا دروست دەكەن كە وەرەقەی سیاسیی هەریەك لەسیاسییەكانی ئەو دوو حكومەتە بۆ یەكدی زۆر كەشف و ئاشكران چونكە ساڵانێكی زۆرە پێكەوە لەنێو حكومەتێكدا كاریان كردووە كە تازەكی لەدوای نەمانی حكومەتەكەی سەدام حسێن دروستیان كرد. كەواتە بەو پێیەی سەركردایەتی كورد شارەزایی لە ووركی سیاسی ناوەنددا هەیە دەبوو كەمترین بیانووی بەدەستەوە بدایە بۆ ئەوەی ئەو بیانوانە لە دژیدا بەكار نەهێنرێن كە یەكێك لەو بیانوانە دانانی تەنیا ئاڵای كوردستان بوو لەسەر تابووتی خوالێخۆشبوو سەرۆك مام جەلال كەدەبوو هەردوو ئاڵاكە بەسەر تابووتەكەدا بشەكێتەوە چونكە ریۆرەسمەكە پرۆتۆكۆلێكی فەرمی ریئاسی بوو. 

 ئەو بیانوە بچوكەی كە بەمەبەست گەورە كرایەوە پەردەی لەسەر رووی راستەقینەی ئەو لایەنانە دەرخست كە تا دوێنێ بەشەریك و هاوبەش ناومان دەبردن لە پرۆسەی سیاسی عیراقدا، لەبەرامبەر ئەمجۆرە عەقڵییەتەشدا ئامادەگیی و خۆسازدانی كورد وەك پێویست نییە بۆ راگرتنی شەپۆلی قین و بوغزی حكومەتی ناوەند كە خودی سەركردایەتی كورد پایەكانی بۆ دانان، ئەگەر ئەمرۆ لەسەر پرسێكی بچوكی وەك دانانی ئاڵا كێشەی گەورە دروست بكەن، سبەینێ كە وتووێژكرا لەسەر پرسێكی گەورەو درشتی وەك ئەنجامی ریفراندۆم كرا چ لە هەگبەدا هەیە ؟ كەواتە دۆخەكە چۆتە قۆناغیكی دوو رۆژگاری جیاواز كە بوترێت ئێستای ئێمەی نەتەوەی كورد لە عیراقدا وەكو پێش 25ی 9 نییە، هەر چەندە ئەوەی كە پێش ئەو بەروارە داوامانكرد با جارێ نەكرێ، كرا.

كە ئەنجامیش درا دەكرێت دانوستان بكرێت لەسەر دواخستنی كۆی ئەنجامی پرۆسەكە بۆ كاتێك بۆ هەردوو لا گونجاو بێت بەڵام ملدان و پەشیمان بوونەوە لە پرۆسەكە، تەنیا شەرمەزاریی نەییە بەڵكو لەگۆرنانی خواستێكە بۆ دەیان ساڵی دیكە دووبارە نابێتەوە . بۆیە مامەڵكردن لەگەڵ دۆخێكی سیاسی لەو جۆە كە تیایدا لەلایەك دەستكەوتەكانی رابردوو بپارێزێ لەلایەكی دیكەش كات بۆ بەرژەوەندی خۆت بەكار بهێنیت، سەركردایەتی سیاسیی كورد دەخاتە نێو تاقیكردنەوەیەكی زۆر قورسدا كە تەنیا سیاسەتمەداری بەئەزموون و موحەنەك دەتوانن لێی دەربچن، سیاسەتمەدارێك كە بتونێت بەرامبەرەكان ناچار بكات مل بۆ هێزی مەنتق بەرن بۆ چارەسەر كردنی كێشەكان نەك بۆ مەنتقی هێز.
 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP