بەپەلە

شكستی دبلۆماسیه‌تی كوردی

سەپان ئەنوەر - 7-10-2017 - 3127 جار خوێندراوەتەوە

سەرەتا پێناسەیەكی سادەی  دبلوماسی بكەین دەبینین دبلوماسی بریتی یە لە كۆمەڵێك عورف ‌و بنەمای دەولی كە پیادەدەكرێت لە چوارچێوەی ڕێورەسمی تایبەت بە شێوازو شێوی جیاواز بەرێوەدەچێت، گرنگی دەدات بە رێكخستنی پەیوەندیەكان لە نێوان ئەشخاسی قانونی دەولی , واتە دەوڵەتان و رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان ‌و نوێنەرە دبلۆماسیییەكان.

بەڵام لە دوای جەنگی جیهانی دووەم، بەتایبەت لە سەدەی نوێ مەفهومی دبلوماسیەت گۆڕانی بەسەر داهات ‌و بووە ئامرازی لێكتێگەیشتن و گفتوگۆ لەنێوان نەتەوە‌و دەوڵتەكاندا.

ئەوەی جێی تێرامانە بۆچی دبلوماسیەتی كوردی لەگەڵ دەرەوە شكستی هیناوە ..؟ 

دەسەڵاتی كوردی لەماوەی بیست و شەش ساڵی رابردوو بەهۆی فەراغی دەستوری، نەیتوانیوە ببێتە دەسەڵاتیكی دامەزراوەیی، بەتایبەت لە سیلكی دبلوماسی كە پێویستی بە كۆمەلێك دامەزراوە ‌و كەسانێك هەیە كە پێشوەختە بەپێی دەستور رێگەپێدراوبن كاری دبلوماسی پیادە بكەن، ئەگەر تێبینی رەفتارەكانی واقعی سیاسی دەسەڵاتی كوردی بكەین دەبینین  هەموو پرسێك بە حزبی دەكرێت  و لە بازنەی حزبی و ئەشخاسی بنەماڵەیی و خێڵەكی دەخولێتەوە، پیادەكردنی دبلوماسی پێویستی بە دامەزاراوەی  فەرمی هەیە، چونكە دبلوماسی ئالیەتێكە لە ناو پرۆسەیەكی تایبەتمەندی و بابەتیانە،واتە ناكرێ‌ راستەوخۆ ببێتە مووڵكی حزب و چەن كەسێك, ئەو دەوڵەتانەی مامەڵە لەگەڵ هەرێم دەكەن لە سەروی هەمویانەوە ئەمریكا، هەموویان دەوڵەتی دامەزراوەیین،بۆیە زیاتر موخاتەبەی عیراق دەكەن  وەك  دەوڵەت لە رێگەی دامەزراەوە فەرمیەكان و سەفارەت‌و كونسلخانەكان.

هاتنی داعش روداوێك بوو, بووە هۆی ئەوەی جیهان مامەڵ لەگەڵ هەرێم بكات وەك هێزیكی لۆكاڵی لە ناوچەكە , ئەوش لە كاتی پشتوانی و تەرخانكردنی كۆمەكیە سەربازییەكان  بە ئاشكرا دەبینرا كە پێداویستیە سەربازییەكان دەبوو لەرێگەی بەغداوە بگاتە هێزی پێشمەرگە، زۆر جار لێدوانەكانی جیهان  كوردیان بە شەركەرێكی ئازا وەسفدەكرد لەناوچەكە ، ئەم وەسفكردن ‌و پیاهەڵدانە زمانی دبلوماسی نیە. وە لە كاتی هاتنی وەفدی ووڵاتان بۆ هەرێم ‌و بە پێچەوانەشەوە بەرپرسانی كورد كاتێك  ڕوویان  لە دەرەوەی  هەرێم  دەكرد ،لە شوێنە نارەسمیەكان  یان  لە كۆفیەكان پێشوازییان لێ‌ دەكرا.

سەركردایەتی كورد لەكاتی رێفراندۆم  زۆر جەختیان لە سەر ئیرادەی گەل دەكردەوە..؟ بەڵام هەر ئەو سەركردایەتیەی بریاری رێفراندۆمی دا، دووساڵ ئیرادەی گەلیان ناردە ماڵەوە ‌و پەكیان خست  ، بۆیە بینیمان  هەڵوێستی ئەمەریكا ‌و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی  ئیجابی نەبوو، بەتوندی دژی ئەنجامی رێفراندۆم بوونەوە, ئەمەش  دەرخەری  فشەلێكی دبلوماسی گەورە  بوو لەم قۆناغەدا ، حیسابنەكردن بۆ ئەنجامی رێفراندۆم، مانای ڕەتكردنەوەی ئیرادەی گەلی كورد نیە..!  ڕای گشتی جیهان و ئەمریكا لەنەتەوە یەكگرتووەكان لە كاتی كۆرَەوە ملیۆنیەكەی بەهاری 1991 زۆر خێرا وەڵامی ئیرادەی گەلی كوردیان دایەوە ‌و ئەنجومەنی ئاسیشی (UN) بریاری (688) دەركرد ‌و كوردیان لە مەترسیەكانی هێرشی رژێمی دیكتاتۆر پاراست ، بۆیە جیهان و نەتەوە یەكگرتووەكان ‌و ئەمریكاش كورد وەكو بە شێك لە گەلی عیراق ئەبینێ‌ ، چونكە سەركردایەتی كورد دوای روخانی رژێم عیراق بەپێی دەستور  دانی نا بەوەی  كە بەشێكە لە عیراقی  فیدراڵ، ئەوەش پێمان دەڵێت هەموو نەتەوەیەك دەبێ‌  وەك  گەلێكی ژێر دەستە ناسراو بێت لە نەتەوە یەكگرتووەكان و جیهان ، واتە ئەبێ‌ گەلێكی ژێر دەستە بێت لە لایەن رژێمێكی داگیركراو,داوای سەربەخۆیی بكات ئەوەش لە ماددەی (55) نەتەوەیكگرتووەكان جەختی لەسەر كراوەتەوە،كە  هەموو گەلێك مافی هەیە سەربەخۆبێت ، كوردیش لەدوای ساڵی 1991 وەك گەڵكی سەربەخۆ ناسراوە ‌و قۆناغی ژێردەستەیی تێپەڕاندوە.

تا ئیستا كورد بەباشی ئەمریكای نەناسیوە ، كە پێكهاتوە لە دەوڵتێكی دامەزراوەیی بەرژەوەندخواز, ئەمەریكا ،كورد وەك پێكهاتەیەكی گەلی عیراق دەناسی نەك وەك نەتەوە، ئەوەش لە پیوەندی ‌ومامەڵەكانی بە ئاشكرا دیارە ‌و بەغدا محور‌و سەنتەر بووە لەلای نەك كورد، ئەوەندەی كورد تاك لایەنە خۆی بە دۆستی ئەمەریكا زانیوە، ئەمەریكا خۆی بە دۆستی كورد نەزانیوە، تەنها ئاماژەی بەوە كردوە لە كاتی لیدوانەكانی دەلێت ئێمە پەیوەندییەكی مێژووییمان هەیە لەگەڵ كورد،بەڵام جۆر‌و چۆنیەتی پەیوەندیەكان بەدریژایی مێژوو ناروون بووە ، بۆیە كورد پێویستە بە ئەندازەی مامەڵەكانی ولایەتە یەكگرتووەكان  شانازی بە پەیوەندیەكانی لەگەڵ ئەمەریكا بكات. چونكە ئەمەریكا خۆی بە دۆستی كەس نازانێ‌، تەنها  ئەوە  خوودی نەتەوەكانە خۆیان بە دۆستی ئەمەریكا زانیوە ‌و ئەوانیش هەر لەسەر ئەو هەڵوێستە مامەڵەكانی خۆیان لەگەڵ گەلان بونیادناوە، بۆیە پێویستە بۆ لەمەو دوا كورد  دبلوماسی دامەزراویی بكاتە پردی پەیوەندی لە نیوان خۆی ‌و ووڵاتانی جیهان. 

بواری دبلوماسی گرنگیەكی تایبەتی هەیە بۆ رێكخستنی پەیوەندیەكان لە نێوان دەوڵەتانی جیهان ، گرنگە سەركردایەتی كورد هەڵوەستەیەك بكات بۆ راستكردنەوەی هەڵە دبلوماسیەكانی لەگەڵ دونیای دەرەوە ، چونكە دوای جەنگی جیهانی یەكەم زمانی زبری سەركردەكان، جیهانی بەرەو ناسەقامگیری ‌و نائاشتی برد‌و هۆكارێكش بوو بۆ هەڵایسانی جەنگی جیهانی دووەم، لە دوای قەیرانی نەوت لە ساڵی 1973, هەموو جیهان دانیان بەوەنا گەشەكردنی هێز لە بەرمیلە نەوتەكاندایە، بۆیە دبلوماسیەتی بازرگانی لە جیهاندا گەشەی كرد ‌و كەشێكی لێكتێگەیشتن ‌و هاریكاری لە دونیا هێنا ئاراوە. ئەوش بووە هۆی فراوانبونی پشت بەیەك بەستن  لە نێوان دەوڵەتەكانی جیهان، ئەوە  بۆ  ووڵاتانی ئۆرپا‌و ئەمەریكا راستە ، چونكە ئەوان دەمێكە دەوڵەتن ‌و كێشەی سەروەری سنور ‌و و خاكیان نیە و داگیركراو نین ‌و دەتوانن پەیوەندیەكانیان لەسەر بنەمای ئابوری  بونیاد بنێین،  بەڵام بۆكوردستان بە پێچەوانەوە لەمەو دوا نابێت كوێرانە پەیوەندیەكانیان لەگەڵ دەوڵەتان بە تایبەت  توركیا لە سەر بنەمای ئابوری و نەوت بونیاتد بنێت.
 
 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP