هەواڵی ئەمڕۆ

بەپەلە

بۆ کۆچی دوایی مامی ھەموو کوردان..

نەوزادی موهەندیس - 6-10-2017 - 4083 جار خوێندراوەتەوە


•    .. ھەموان ناخۆشترین و بەسوێترین ھەواڵمان پێگەیشت،کە ئەویش کۆچی دوایی یەکێک لە مەزنترین ڕابەر و کاریزما و سەرکردە و سەرۆکی ھەڵکەوتوو و بێوێنەی نەتەوەی کورد ((مام جەلال)) بوو..
• مام جەلال تەنھا باوکی بافێڵ و قوباد نەبوو ، بەڵکو باوکی تەواوی ھەژاران و شەھیدان و خەمخۆرانی نەتەوەی کورد بوو.
• مام جەلال تەنھا مامی  شێخ عەلی و ئاراس و لاھور و پۆلاد و ئاسۆ و ئەوانی تر نەبوو، بەڵکو مامی تەواوی نەتەوەی کورد بوو، نەک مامی کوردان مامی عەرەب و تورکومان و مەسیحی و ئەوانی تریش بوو.

• مام جەلال بەتەنھا ھەربۆخۆی بەھێندەی شاخە سەرکەشەکانی کوردستان ئازا و بوێر و سەربەرز و بێ ھاوتا و خۆڕاگر بوو. مام جەلال بەھێندەی سەفین بەھێز و ڕەگداکوتراو و لەبن نەھاتوو بوو.
• مام جەلال، لەیەک کاتدا پێشمەرگە و خەباتگێڕ و ڕۆژنامەنوس وپارێزەر و ئەندازیار و دەستپێشخەر و داھێنەر و دامەزرێنەر و سەرکردە و ڕابەر و دیپلۆماتکار وسەرۆک و کاریزمایەکی ھەڵکەوتوو بوو.ئەو لەتەمەنی ١٥ ساڵیەوە تائێستا بەردەوامە لەخەبات و کوردایەتی و نزیکەی  ٧٠ ساڵی ڕێکە لەکاروانی خەباتی کوردایەتیدا پێشمەرگە و سەرکردە و دامەزرێنەر و ڕابەر و سکرتێر و سەرۆک بوە.
• مام جەلال سەرکردەیەکی عێامی و ھەڵکەوتووی قۆناغێکی سەختی خەباتی کوردایەتی بوە و توانیویەتی بە چالاکی و بوێری و چاونەترسی و زیرەکی و ژیری خۆی بێ پشتیوانی خزم و عەشرەت و خێڵ و بنەماڵە خۆی پێبگەیەنێت و بگاتە ئاستی سکرتێری گشتی گەورەترین حیزبی سیاسی وڕابەری کورد و سەرۆک کۆماری دەوڵەتێکی عەرەبی لە عێراقدا و جێگری یەکێک لەگەورەترین ڕێکخراوی سیاسی  ھەموو دونیا ((ئەنتەر ناسیوناڵی جیھانی)).

• مام جەلال ڕابەرێکی چەپ و دیموکراتخواز و سۆسیالیستی و ھەڵگری دروشمەکانی دیموکراسی و پێشکەوتوخوازی و ئازادی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و یەکسانی و پێکەوەکارکردن و تەوافوقی سیاسی و خاوەنی ڕەوت و ڕچە و ڕێباز و سیاسەتێکی نەرم و حەکمیانە بوو.
• مام جەلال پشوودرێژوو بە ئارام و ورە پۆڵاین و چاونەترس و خۆڕاگر بوە،لەھەموو کاتە ھەستیار و مەترسیدار و نسکۆو ڕووخاندنەکاندا،ئەو ھەمیشە ورە پۆڵاین و خۆڕاگر و شاخێک بوە لە ورە و گەشبینی و بڕوابوون بەسەرکەوتنەکان و ھەمیشەش ڕاوبۆچون و تێگەیشتنەکانی ئەو ئامانجەکانیان پێکاوە.
• بەلەدەستدانی مام جەلال خەباتی کوردایەتی قۆناغێک و لاپەڕەیەک و پەردەیەکی  ھەستیاری  لەسەر شانۆ و گۆڕەپانی سیاسی خۆی دادایەوە و زۆر زەحمەتە کە چیتر کوردایەتی ڕابەرێکی مەزن و کاریزمایەکی بێ وێنەی وەکو مام جەلال بەخۆوە ببینێتەوە.
• مام جەلال تەنھا سکرتێری گشتی  یەکێتی نیشتیمانی کوردستان نەبوە ،تەنھا سەرۆکی وڵاتێکی وەک عێراق نەبوە، تەنھا سەرکردەیەکی کوردانی باشوور نەبوە، ئەو لەیەک کاتدا بەگەورەیی و ڕاستگۆیی و سەرسەختی خۆی سەرکردە و ڕابەر و سەرۆکی کورد و عێراق و ناوچەکە و دونیاش بوە.
• فکر و بۆچون و ڕچە و ڕێبازی مام جەلال  پرشنگی داوەتەوە بەسەر ھەرچوار پارچەکەی کوردستاندا و تەواوی سەرکردە و شۆڕش و خەباتگێڕاندا، ھەموانیش بە سەرکردە و ڕابەر و مامی خۆیانیان دەزانی، دوژمنان و ناحەزان پێش دۆستەکان گەواھی ئەوە دەدەن کە مام جەلال چەندە ڕۆڵی گەورە و کاریگەری لە عێراق و ناوچەکەشدا بینیوە.و ھەمیشەش  وەک (( ێمام الامان)) تێیانڕوانیوە.چونکە لەسایەی حوکمڕانی ئەودا عێراق و کوردستانیش ئارام و ئاسایش و دوور لە جەنگی ناڕەوای تایەفی و ئاینی و نەتەوەیی بوو.

لەکۆتایدا تەنھا ئەوەندە دەڵێم کە کورد و کوردایەتی چرایەکی گەش و ڕێبەرێکی مەزن و سەرۆکێکی بەوەفاو پێشەمەرگەیەکی قارەمان و کاریزمایەکی ھەڵکەوتووی لەدەستدا. خوازیارم کە سەرجەم سەرکردە و پارتە سیاسیەکانی کوردستانی گەورە ئەم بۆنەیە بکەنە خاڵی لێکنزیکبونەوە و یەک و یەکگرتویی ڕیزەکانی گەلەکەمان لە پێناو ھەنگاونان بەرەو پێکەوەنانی دەوڵەتی کوردی سەربەخۆ و دووربکەونەوە لە دژایەتی و ناتەبایی بۆ بەرپەرچدانەوەی گەلەکۆمەکی دوژمنانی ناوخۆ و ناوچەکە.
باشترین ئەمەک و وەفاش بۆ گیانی  پاک و ڕێبازی درەوشاوە و فکری مام جەلال، پاراستنی یەک و یەکگرتوویی ڕٍیزەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و تەواوی گەل و نەتەوەی کوردە و درێژەدانە بە خەباتی دیموکراسی و ئاشتی و پێکەوەژیان و ھەوڵدانە بۆ وەدیھێنانی مافی چارەی خۆنوسین و دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان و دوورکەوتنەوەیە لە ناکۆکی و ململانێ و خۆخۆری و تەکەتولاتی ناڕەواو شەڕی ناوخۆی کوردان.
یادت بەخێر وماڵئاوا مامی گەورە و مامی ھەموو کوردان
ماڵئاوا سوڵتانی کوردایەتی
ماڵئاوا ڕابەری بێ ھاوتا و بێ وێنە و کاریزمای ھەڵکەوتوی نەتەوەی کورد
کورد و کوردستان سەربەرز و سەرفراز بن
نەمری و سەربەرزی بۆ شەھیدانی ڕێگای ڕزگاریخوازی کوردستان و خۆڕاگری بۆ ھێزی پێشمەرگەی قارەمان

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP