حەوت ھەرێمە جوداخوازەکەی ئەورووپا

شۆڕش خالید ئاژگەیی - 5-10-2017 - 2598 جار خوێندراوەتەوە


بێگومان مەیل و خواست و ئارەزووی جودا خوازی، جیابوونەوە یا سەربەخۆیی تەنیا تایبەت نیە بە گەلێکی ژێردەستە و ستەملێکراوی وەک کوردەوە. ئەم خواستە بەدەر لە ڕەوابوونی یا نەبوونی، ئامانجی زۆربەی ئەو گەلانەیە بە درێژایی چەند دەیە لە لایەن دەسەڵاتدارانی نامۆ بە فەرھەنگ وکەلوپوری گەلانی ئازادیخوازەوە، رووبەرووی ستەمی نەتەوایەتی و بە کۆیلە کردنی بە کۆمەڵ بوونەتەوە.

بۆ نەتەوەیەکی ژێر دەستە کراوو و گەلێکی ستەملێکراوی وەک کورد خواستی سەربەخۆیی و ئازادی نەتەوایەتی، ڕەگ وڕیشەیەکی مێژوویی سەد ساڵەی ھەیە. 

گەڕانەوە بۆ مێژوو دەریدەخات کورد لە ھەر چوار پارچەی کوردستان بە درێژایی سەدەی ڕابردوو ھەموو ڕێکار و رێگەو مێتۆدە ئەقڵانی و دایەلۆگ و بەرخودان و شەڕی چەکداری تاقیکردۆتەوە. لێ دەسکەوتی کورد تەنیا ماڵوێرانی و ئاوارەبوون و کاولکاری و قەڵاچۆکردن بووە لە لایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە. 

داگیرکەرانی کوردستانیش لە ھەڵمەتەکانی بەرپەرچ دانەوەی داخوازیە ڕەواو ئینسانی و سیاسی و کولتوریەکانی کورد، سڵیان لە ئەنجام دانی ھیچ تاوانێکی نامرۆیانە نەکردۆتەوە.

مەبەست لەم وتارە شرۆڤەکردنی دۆزی ڕەوای کورد و شەن و کەو کردنی ئەم ستەمکاریە نیە، کورد بە درێژایی مێژوو ڕووبەرووی بۆتەوە و ئەو باجە قورس و گرانەی بە خوێن وبە خاک لە پێناوی ئازادیدا بەخشیویەتی. بەڵکو خستنەڕوو و باس کردنی ئەو حەت ھەرێمەی ئەوڕووپایە، خواستی جیابوونەوە و سەربەخۆیی، ساڵانێکی زۆرە لە لایەن گەلانیانەوە بانگەشەی بۆ دەکرێ و ھەوڵی بۆ دەدرێ و بە زیندوویی ماوەتەوە. 

کەتەلۆنیا

داواکاری سەربەخۆیی کەتەلۆنیەکان، خواستێکی چەسپاوو لە مێژینەی دانیشتوانەکەیەتی بە ھەموو پارتە سیاسیەکانیشەوە ھەر لە کۆنسێرڤاتیڤەکانەوە بگرە تا دەگاتە چەپە رادیکاڵەکانی گۆڕەپانی سیاسی وڵاتەوە.

ئەم خواستە ھەرچەندە لە سەدەی رابردوو لە لایەن فرانکۆی دیکتاتۆرەوە بە دامرکاوی و خنکێنراوی مابۆوە، لێ ھەردوای مردنی ناوبراو جارێکیتر سەریھەڵدایەوەو لە لایەن پارتە سیاسیەکانی ھەرێمی کەتەلۆنیاوە بانگەشەی بۆکرا و گەشە بە بیرۆکە ناسیۆنالیستیەکە درا.

 نووسینەوەی دەستووری نوێی ئیسپانیا لە کۆتایی حەفتاکانەوە، بۆ چەند ساڵێک ،مەیلی سەربەخۆیی کەتەلۆنیەکانی خستە پەراوێزەوە، لێ لە ناوەڕاستی ھەشتاکان جارێکی تر بانگەشەی بۆ کراوو خرایە ڕۆژەڤی سیاسەتمەدارنی کەتەلۆنیەوە.

ھەرلەم چوارچێوەیەدا کۆمەڵێک لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کەتەلۆنی بە دیاریکردنی ڕۆژێکی نیشتیمانی بە ناوی " دیادا" لە یازدەی سێپتامبەری ھەوموو ساڵێکدا، ھەزاران خەڵکی کەتەلۆنی دە ھێننە سەر شەقامەکان و لە رێگەی مانیفێستێکی بەرفراوانی جەماوەریەوە ھیواو ئومێد و خواستی سەربەخۆیی بە زیندوویی  دەھێڵنەوە. 

شایانی باسە تا کو ئێستا دوو جار لە ساڵەکانی ٢٠٠٩  و ٢٠١٤دا بە شێوەیەکی نافەرمی و یەکلایەنە گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی لە ھەرێمی کەتەلۆنیا ئەنجام دراوەو لە لایەن دادگای دەستوری و حکومەتی ئێسپانیاوە دانی پێانەنراوە. دواجاریش گشت پرسیەکەی ئەمجارەیە کەوا ھەمیسان لە لەلایەن حکومەت و دادگای دەستوریەوە بە ناشەرعی لە قەڵەم دراوەو مادرید بە تووندترین شێوە ڕەتی کردۆتەوە و ڕووبەرووی بۆتەوە.

ھەرێمی باسکی ئێسپانی

دانیشتوانی ھەرێمی باسکی ئێسپانی لە سەردەمی فرانکۆی دیکتاتۆری وڵات، بە تووندترین شێوە ڕووبەڕووی زوڵم و ستەمی نەتەوایەتی بوونەوە.

زمانیان لێ قەدەغە کراوبوو و ھەستی ناسیۆنالیزم و نەتەوەپەرەستی باسک، بە شێوەیەکی سیستەماتیک و بەرنامە بۆ داڕێژراو رووبەرووی پێشێلکاری و ڕەت کردنەوەو پەراوێز خستن بوو بووەوە. 

وەک کاردانەوەکیش بەرامبەر بەم ستەمە نەتەوایەتیە، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ھەرێمی باسک " ئیتا" ھاتە دامەزراندن و ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری وکاری تێرۆریستی بەرامبەر دەسەڵاتدارانی مادرید ھەڵبژارد و بە درێژایی تەمەنیەوەو تاساڵی ٢٠١١، لە جەنگ و ململانێیەکی خوێناویدابوو. 
ئەم بزاڤە لە ساڵی ٢٠١١ ئاگربەستی راگەیاند و تا کو ئێستاش ئاگربەست لە نێوان ئەم بزووتنەوەیە و حکومەتی ئێسپانیا بەردەوامە. 

خاڵی جێگەی سرنج لە ھەرێمی باسک،بە پێچەوانەی ھەرێمی کەتەلۆنیا، خواستێکی جەماوەری و گشتی و سەرتاسەریە و ناسیۆنالیستە بورژواکان و بزوووتنەوە چەپەکان و تەنانەت رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنیش پشتگیری سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی تایبەت بە خۆیان  و سەرخستنی شوناسی باسک  و ناسنامەیەکی نیشتیمانی دەکەن. 

باکوری ئیتاڵیا( پادانیا)

پادانیا ناوێکە لە لایەن بەرەی ( Lega Nords) ەوە بە باکوری ئیتاڵیا دەوترێت و داوای جیابوونەوە لە بەشەکەی تری ئیتاڵیا دەکات. 

ھەرێمی " پادانیا" یا باکور بە دانیشتوانە ٣٤ ملیۆن کەسیەکەیەوە، دەمێکە خواستی سەربەخۆیی بەرزکردۆتەوەو جگە لە " لێگانۆردس"  خاوەنی ھیچ پشتگیریەیەکی سەرتاسەری و جەماوەری نیە و ھەلو مەرجی جیاوبوونەوەی لە بەشەکەی تری ئیتاڵیاوە زۆر سنووردارو ئەستەمە.  ھەربۆیەش خوازیاری گۆڕانکاری و ھەموارکردنی دەستوری ئیتاڵیایە بە قازانج و بەرژەوەندی خواستی جیابوونەوە و زۆر بە گەرمی و شێلگێرانە بانگەشە بۆ سەربەخۆیی سیاسی و ئیداری بەرفراوان دەکات.


بێلژیک

بێلژیک وەک وڵاتێکی یەکگرتوو،بە یەکەیەکی  تاک قەوارەی سیاسی ڕێکخراو دەناسرێت. لەم وڵاتەدا بە سێ زمانی فەرمی قسە دەکرێ  و لە سێ ھەرێمی ڕەسمیی خاوەن زمانی فەرمی پێکھاتووە. جگە لەمەش برۆکسێل خاوەنی دوو زمانی فەرمیە و بە ھەردوو زمان قسەدەکرێ و دەنووسرێ.

ھەردوو زمانی فەرەنسی وفلامی، بە دوو زمانی فەرمی لە قەڵەم دەدرێن، بەڵام زمانی ئەڵمانی بە زمانی پلە سێ دەژمێردرێت و کەمینەیەکی کەم قسەی پێدەکەن. 

لە پشت ھەرسێ زمانەکانەوە چەند بزووتنەوەیەکی ناسیۆنالیستی ئاڵای گرینگی پێدان و سەردەستە بوونی زمان و فەرھەنگی تایبەت بە خۆیان بەرز کردۆتەوە. 

لەھەرێمی " ڤەلۆنیەن" ی جیرانی فەرەنسا، زۆرینەی فەرەنسی زمان خوازیاری لکاندنی ھەرێمەکەیانن بە فەرەنساوە. لێ ناسیۆنالیستە فلامی زمانەکانی " فلاندێرن" داوای جیا بوونەوە لە ھەرێمی " ڤەلۆنیەن" دەکەن و ئەم ھەرێمە بە ھەرێمێکی گەشە نەسەندوو لە قەڵەم دەدەن لە ڕووی گەشەو پێشکەوتنی ئابوریەوە.

ناسیۆنالیستەکانی فلامی سەربە بزووتنەوەی ( Vlaams Belang) ی بێلژیکین. ئەم بزووتنەوەیە بە بزاڤێکی ڕاستڕۆی ڕەگەزپەرەستی دەمارگیری سەربە بەرەی ((Vlaams Block لە قەڵەم دەدرێت کەوا لە ساڵی ٢٠٠٤ دا لە لایەن دادگاکانی بێلژیکەوە بە بەرەیەکی ڕەگەزپەرەست ناسراو دواتر کارو چالاکیە سیاسی  و کۆمەڵایەتیەکانی لێ قەدەغەکرا.

سکۆتلەند

وڵاتی سکۆتلەند لە ساڵی ١٩٩٩ بوو بە خاوەن پەرلەمان و حکومەتی خۆجێی خۆ بەڕێوەبەری خۆیەوە. ئەم دەسکەوتەش دوای ھەوڵ و تێکۆشانی نەبڕاوەو بەردەوامی سکۆتلەندیەکان و دواجار ڕەزامەندی دەسەڵاتدارانی بەریتانیاوە ھات، بەوەی ھەردوو وڵاتی سکۆتلەندا و وێڵز بۆیان ھەیە لە چوارچێوەی یاساو دەستوورەوە ببنە خاوەنی ھەردوو دامەزراوەی حکومیەوە. 

پارتی نیشتیمانی ( SNP) ی سکۆتلەندی لە ساڵی ٢٠٠٧ ەوە دەسەڵاتی لەم وڵاتە گرتۆتە دەست و لە ساڵی ٢٠١٣ دا ئەنجامی رێکەوتنێکی دوو قۆڵی لەگەڵ لەندەنەوە، ڕێگەی پێدرا چارەنوسی سیاسی وڵات لە ڕێگەی ئەنجامدانی گشتپرسیەکی سەرتاسەریەوە لە گەڵ بەریتانیا یەکلا بکاتەوە.

دواتر و لە ساڵی ٢٠١٤ دا ئەنجامی گشتپرسیەکە بە سوودی بەرەی " نا بۆ سەربەخۆیی" شکایەوەو زۆرینەی  دەنگدەرانی سکۆتلەندا ( ٥٥ % (، دەنگیان بە نەخێر دا. ھەربۆیەش بیرۆکەی جیابوونەوە لە بەریتانیا، دوای ئەم شکستەوە، لەلایەن دەسەڵاتدارانی سکۆتلەنداوە بۆ ماوەیەک خرایە لاوە.  

لێ دوای گشتپرسیەکەی بەریتانیا و سەرکەوتنی بەرەی بانگەشەکاری دەرچوون لە یەکێتی ئەوڕووپا ( Brexit)، و سەرکەوتنی دەنگی زۆرینەی سکۆتلەندیەکان بە مانەوەیان لە چوارچێوەی یەکیتی ئەورووپادا، پارتی نیشتیمانی سکۆتلەندا بە سەرۆکایەتی خاتوو نیکۆلا ستورجێن، جارێکیتر داواکاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆمێکی دیەکی خستە بەردەم بەریتانیاوە. 
بەڵام ئەم داواکاریە، ئەنجامدانی گشتپرسیەکی تر،  زۆر بە تووندی لە لایەن بەریتانیاوە ڕەت کرایەوە.

شایانی ئاماژە پێدانە ٦٦ %  سکۆتلەندیەکان دەنگیان بۆ مانەوە لە یەکێتی ئەورووپادا و دەرچوونیان ڕەت کردەوە. 

ئۆکرانیا

گۆرانکاری و پەرەسەندنە سیاسیە خێراکانی ئۆکرانیا لە ساڵی ٢٠١٣ لە لایەن کەمینەی ڕووسی زمانی ڕۆژھەڵاتی ئۆکرانیا، بە ھەڕەشەیەکی جدی و بەرفراوان دژ بە زمان و دابونەریت و فەرھەنگی رووسی زمانەکانی ئەم ھەرێمە لێکدارایەوەو کاردانەوەی تووندی کۆمەڵە و بزاڤە جودا خوازەکانی بەدوای خۆیدا ھێنا. 

زۆری نەبرد ڕووسەکان بە سازدانی ریفراندۆمێکی بەپەلە و خێرای جێگەی مشتومڕەوە، ھەرێمی " کرێـم" یان بە خاکی ڕووسیەوە لکاند و سەرەڕای دژایەتی و بەرپەرچدانەوەکانی دەسەڵاتدارانی کیێف و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لە سەروویانەوە ئەمریکا و یەکیتی ئەوڕووپاش، کرێم بوو بە شێک لە خاک و سەروەری ڕووسیەوە. 

ھاوکات لەگەڵ کلاندنی کرێم بە خاکی ڕووسیەوە، چەند بزاڤێکی چەکداری لە ڕۆژھەڵاتی ئۆکرانیا بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، ھەوڵیان دا ھەردوو ھەرێمی " لووھانسک" و " دۆنێسکت"، وەک دوو کۆماری سەربەخۆو جیا لە ئۆکرانیا دامەزرێنن.  دوای ئەم ڕووداوانە ئۆکرانیا، ھەروەک بینیمان، بە تووندی و بە ھێزی چەکداری ڕووبەڕووی جوداخوازەکان بوویەوەو تاکوئێستاش شەڕو پێکدادانەکان ناوە ناوە لەم دوو ھەرێمەدا درێژەیان ھەیە و بە گوێرەی ئامارە نافەرمیەکانەوە تا کو ئێستا زیاتر لە شەش ھەزار کەس  لە ئەنجامی شەڕو ڕووبەرووبووونەوەکانەوە گیانیان لە دەست داوە.  

یوگوسلاویای پێشوو

وڵاتی یەکگرتووی یوگوسلاویا لە ساڵانی نەوەد، بە ھۆی چەکەرە کردنی ھەستی ناسیۆنالیستی و بەھێز بوونی ھێزو بزووتنەوە نەتەوەییە جوداخوازەکان و ڕووبەڕووبوونەوە سەربازیەکانەوە، لەبەر یەک ھەڵوەشایەوەو بوو بە چەندین وڵاتی سەربەخۆوە. 
بەر لە ڕووخانی دیواری بەرلین و لە سەردەمی گەشە و ھەژمونی بیری کۆمۆنیستی و حوکمڕانی دیکتۆرئاسای دەسەڵاتدارانی سەربە بلۆکی یەکێتی سۆڤیەی پێشووەوە، چەندین نەتەوەو ڕگەزی جیا لە نێو بۆتە و قەوارەیەکی سیاسی و وڵاتێک بە ناوی یوگوسلاوی، ناچار کرابوون پێکەوە ژیانێکی ناچاری ھەڵبژێرن.

لێ دوای داڕمانی کۆمۆنیزم و پاشەکشەی سۆسیالیزم، دەرفەتێک و ھەلێکی زێڕین کەوتە بەردەم گەلانی یوگسلاوی بۆ جیا بوونەوە لە یەکتر و دامەزراندنی چەند قەوارەیەکی سیاسی. 
ئەم داخوازیە لە لایەن دەسەڵاتدارانی بێلگرادەوە کەوا ھێشتا خەونیان بە سەردەمی یەکێتی سۆڤیەتەوە ئەبینی، بە تووندی بەرپەرچ درایەوەو یوگسلاوی کەوتە نێو ئاگری جەنگێکی سەرتاسەری ماڵوێرانکاری ڕەگەزی وئیتنیەوە و دەیان ھەزار کەس بوونە قوربانی ئاگری شەڕەوە. 

دواجار و لە ئەنجامی خۆ تێھەڵقورتاندنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ناتۆ و دامرکاندنەوەی جەنگی ناوەخۆ لەم وڵاتەدا، چەندین ھەرێم سەربەخۆییان لە یوگوسلاوی راگەیاند و بوون بە خاوەن دەوڵەتی خۆیانەوە. دوا ھەرێمی جیابووەو لە یوگوسلاوی،  کۆسۆڤۆ بوو کەوا لە ساڵی ٢٠٠٨ سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاند و لە یوگوسلاوی جیابووەوە.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP