چۆن نەوەی نوێ دەبێتە بومەلەرزەی سیاسی؟

ئارام قادر حەمەسور - 3-10-2017 - 2503 جار خوێندراوەتەوە

بێگومان هەرێمی كوردستان چەند ساڵێكە بەدەست قەیرانی سیاسییەوە گیری خواردووە، جوڵەی سیاسی وەستاوە و زەرەرمەندیش تەنیا خەڵكە، تەواوی حیزبەكان بەپێی دەسەڵاتیان كەمتەرخەمن، چەند پارتێكی دەسەڵاتخۆر بەرژەوەندیان لەم بێ یاسایی و قەیرانە سیاسییەدایە، چەند پارتێكی تریش لەدەرەوەی پارتەكانی دەسەڵاتن و توانای ململانێی سیاسییان نەماوە، خەڵك لە نائومێدیدایە بەرامبەر بێ جوڵەیی ئەم پارتانە، سەیرە پارتێكی سیاسی بیت و لەم بارودۆخە جەھەندەمیەدا پاڕادایمێكی سیاسی نەكەیت! ئێستا كاتی دروستبوونی ھێزی تازەیە تا ببێتە كڵاو ڕۆژنەیەك بۆ ئەم  جەوە سیاسییە تاریكە، كاتی دروستبوونی ھێزی ئازا و بوێرە تا بتوانێت پەنجە بخاتە چاوی دەسەڵاتی شكستخواردو و بیوەستێنێت.

لیستی( نەوەی نوێ ) شاسوار عەبدولواحید سەركردایەتی دەكات بۆ ھەڵبژاردنی گشتی  ھەرێمی كوردستان، خۆیان بە جیاواز نیشان دەدەن بۆ گۆڕانی سیاسی و چۆنیەتی خۆشگوزەرانی كۆمەڵایەتی، ئەم لیستە بانگەشەی گۆڕانكاری گەورە دەكات تا ببێتە بومەلەرزەیەكی سیاسی و ھەموان بھەژێنێت، بەڵام دەبێت خوێندنەوە بۆ بەربەست و ئەگەر و تواناكانی ئەم ھێزە تازەیە بكەین، چونكە كولتووری سیاسی زۆر جار ڕێگری گەورەی گۆڕانكارییەكانە، ھێزێك دێت و بانگەشەی گۆڕانكاری دەكات و دواتر وەك بەفر لەبەردەم ھەتاوی دەسەڵاتدا دەتوێتەوە، زۆربەی ھێزە سیاسییەكان لەبەردەم ھەنگوینەكەی دەسەڵاتدا چەماونەتەوە.

ئەم ھێزە نوێیە دەبێت چەند كارێكی گرنگ بكاتە بناغەی پلاتفۆڕمە سیاسیەكەی تاخۆی بسەلمێنێت و ببێتە ئەڵتەرناتیڤی ھێزەكانی تر وەك:-

یەكەم/ دژایەتی دەسەڵات بكات بەبێ ترس و داھاتخۆرەكانی بیست و شەش ساڵی ڕابردوو بخاتە مەترسیەوە. تا ئێستا ھیچیان نەترساون.

دووەم/ شەقام ئاشتبكاتەوە و جوڵەی شەقام بكاتە چەكێكی بەھێز. نەك سواری شەپۆلی شەقام بێت.

سێیەم / دوركەوتنەوە لە پیرە سیاسیەكانی پێشوو، چونكە زۆربەیان ھەمان عەقڵیەتی سیاسیان ھەیە.

چوارەم / چالاكییەكان بەمەیدانی و بەئامادەبوونی ئەندامە باڵاكانیان بباتە ناو ھەولێر و دھۆك. نەك وەك ھێزەكانی تر ھەر لە سلێمانیدابێت.

پێنجەم / ئامادەكردنی بەڵگە و دۆكیۆمێنت بۆ ئاشكراكردنی مەلەفی بەرپرسە گەندەڵەكان بەبێ ترس.

شەشەم / دەستەبەركردنی متمانە و پاڵپشتی وڵاتانی بەھێز تا ئەم ھێزە بەرگە بگرێت و گۆڕانكاری سیاسی دروستبكات.

حەوتەم / باگەنجان ببنە روحی ئەم ھێزە.

ھەشتەم / بۆئەوەی گۆڕانكاری گەورە بكرێت لەم ھەرێمە تەنیا بە ھێزی پەرلەمانی و ھێزی نەرم  ناكرێت، ھێزی ڕەق  پێویستە بۆدژایەتی عەقڵیەتی دەسەڵات. بینیمان ئێستا ھێزی نەرمی پەرلەمان شكستی خوارد.

نۆیەم / ھەموشتێك بكرێت لەپێناوی باشكردنی ژیانی خەڵك.

دەیەم / ئەم لیستە نەكرێتە حیزب ، بەڵكو ھەر بەلیست بمێنێتەوە، یان لەسەر كەمپەینەكانی بەردەوام بێت، تا نەبێتە كۆیلەی ھیچ ئایدۆلۆجیایەك.

یازدەیەم / ڕاگەیاندنێكی بەھێز كە سڵنەكاتەوە لە ھیچ شتێك و بتە سیاسیەكان بشكێنێت، نەك وەك ھەندێ ڕاگەیاندن مانگێك گەرمەو دوومانگ خەریكی ماستاو مجامەلەی دەسەڵات بێت.

دوازدەیەم / گۆڕینی سیستەمی سیاسی كارێكی گرنگە، تەنیا بە قسەكردن نەبێت.

بێگومان دوور لەم كارانە و چەندین كاری تری جیاواز  ئەم ھێزە ناتوانێت ببێتە بومەلەرزەی سیاسی و بەرەو عەقڵیەتی نەوەی كۆن دەگەڕێتەوە، نابێت ئەم ھێزە بەكەم دابنرێت چونكە ئەگەری زۆر ھەیە ببێتە موفاجەئەی ھەڵبژاردنی داھاتوو، دەبێت ئەم ھێزە لە واقیعدا ئەم موفاجەئانە پڕاكتیك بكات تا ببێتە جێی ئومێد و ئەڵتەرناتیڤ.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP