هەواڵی ئەمڕۆ

بەپەلە

كەشی دوای ریفراندۆم

مەریوان عەلی محەممەد - 1-10-2017 - 2698 جار خوێندراوەتەوە

بەر لە دەستپێكردنی پرۆسەی  ریفراندۆم  بەچەند سەعاتێك  هەندێ لەچاودێران پێیاوان وابوو  دەسەڵاتدارانی هەرێم لە كۆتاییدا خواست و داوای كۆمەڵی نێودەوڵەتی  پەسەند دەكات و كۆی داواكارییەكانی كورد  لەماددەی 140  و بودجە و دۆسییەی نەوت و پشكی پێشمەرگە لە چەك و تەقەمەنی تەدویل  دەكرێت و لەژێر چاودێری نەتەوەیەكگرتوەكان بەگشتی و ئەمریكا بەتایبەتی  بەرێوە دەچێت , بەڵام ئەمانە هیچیان نەكرا و دەسەڵات پێی وابوو  دەستپێشخەرییەكان لەگەڵ گەورەیی  خواستی كورددا ناگونجێت و بڕوا و متمانەیان  بە بەڵینەكانی دەرەوە نییەو نەماوە . هەر كەسێكیش لە قۆناغی ئەلف و بێی سیاسەتدا بوایە و ئەم بروابەخۆبوونەوەی كوردی  ببینیایە بێ  سێ و دوو دەیووت  سەركردەكانمان بەڵێنی كۆنكرێتی و توكمەی زۆر لەوە گەورەتریان وەرگرتووە و دڵنیان  لە جێبەجێنەكردنی  سەرجەم ئەو هەرەشانەی كە بەغدا  ئاراستەی هەرێمی دەكرد، لەوانە:

1-     راگرتنی گەشتی فرۆكە لە فرۆكەخانەكانی هەولێر و سلێمانی

2-     راگرتنی پێدانی پاسپۆرت  بەهاولاتیانی هەرێم

3-     راگرتنی  پشكی كورد لە دەرمان

4-     راگرتنی مامەڵەی دراوی بیانی  لەنێوان بانكی ناوەند و بانك و بازرگانانی هەرێم

5-     داخستنی دەروازەكانی هەرێم لەگەڵ ئێران و توركیا,  دەسەڵات لەم خاڵەدا زۆر بەهەڵەدا چوو چونكە پێی وابوو هەرەشەكردنی بەغدا بۆ داخستنی  سنورەكان بە زیان لەسەر ناوەنددا دەشكێتەوە و هەر دەستبردنێك بۆ داخستنی ئەو سنورانە دەبێتە هۆی برسیكردنی هاوڵاتیان بەوەش دەتوانن سۆزی نیودەوڵەتی بۆ خۆیان راكێشن . بەڵام سیناریۆكەی بەغدا  نەك وا نەبوو بەڵكو بەرپرسانی هەرێم بیریشیان لێنەكردبۆوە كە بیرۆكەكە  لەوەدا خۆی دەبینێتەوە بەغدا سنور و دەروازەكان داناخات بەڵكو بەهاوكاری لەگەڵ حكومەتی تاراندا  دەروازەی نوێ  لە نێو خاكی ئێراندا  بەرامبەر  دەروازەكانی پەروێزخان و باشماخ وحاجی  ئۆمەران دەكاتەوە بەوەش هەر بارهەڵگرێك بەر لەوەی بگاتە دەروازەكانی هەرێم بە چەند مەترێك لەنێو خاكی ئێراندا گومرگ دەكرێت ئەمەش وا دەكات  كۆی ئەو داهاتە زۆر و زەوەندەی كە لە 2003 ەوە   بەغدا ئاهی بۆ هەڵدەكێشا بە كونفەیەكونێك بگەرێتەوە  ژێر دەستیان.

6-     راگرتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم لە توركیاوە بۆ دەرەوە

ئەوەی بەدیمان كرد لەدوای گشتپرسییەكە راستەوخۆ خاڵی یەكەمی هەرەشەكان كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە و كۆی گەشتە ئاسمانییەكانی نێوان هەرێم و وڵاتانی دەرەوە راگیران.

هیچ گومانێكی تیا نییە هەنگاونان بۆ سەربەخۆبوون و بوون بە خاوەنی دەوڵەت باجی زۆر لەو خاڵانە زیاتر  دەوێت كەلەسەرەوە باسمان كرد بەڵام دەشكرێت لەبەرامبەردا ئامادەكاریی بكرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی فشارەكان  چ لە رووی سیاسی و چ لە رووی ئابووری .  پرسیارە گرنگەكە لێرەدا دەردەكەوێت. بەوەی  ئایا چ ئامادەكارییەك كراوە بۆ رووبەرووبوونەوەی  كۆی گوشارەكانی  بەغدا و  پەیتەختەكانی دراوسێ كە من تەنیا شەش خاڵیانم خستۆتە ڕوو.. ئایا زەوق و شەوقی هاوڵاتیان لە پێش گشتپرسییەكە وەكو دوای  پرۆسكەیە؟ ئایا لەحنی قسە و بێمنەتیی بەپرسانی بەغدا  بەرامبەر هەرێم لە پاش گشتپرسییەكە وەك پێش پرۆسەكەیە؟ ئایا هەڵسەنگاندنی  دەسەڵاَت لەپێش گشتپرسییەكە بۆ سزادانی هەرێم لەلایەن ناوەندەوە هەمان هەڵسەنگاندنە لەپاش پرۆسەكە ؟ ئایا لێدوانی ئەو بەرپرس و پەرلەمانتارانەی هەرێم كە پێش گشتپرسییەكە دەیان ووت بای بای بەغدا لەدوای پرۆسەكە   هەمان لێدوانن و  بای بای دەكەن؟

 لە ئێستادا و  لە دوای گشتپرسییەكە هەرێمی كوردستان لەهەمووكات زیاتر پێویستی بە ئاشتەوایی  نێوخۆیی هەیە بۆ ئەوەی پێكەوە بەرانگاری گوشار و فشارەكان ببینەوە، عەیبە لەوەدانییە داواكاریی  یان خواستێكی ئەم حزب لەلایەن ئەو حزبەوە جێبەجێ بكرێت بەڵكو هەنگاونانی لەو جۆرە ئەركێكی نیشتمانیی و نەتەوەیی هەنووكەیە بۆ رێكخستنی ریزەكانی  نێوخۆ بۆ راگرتنی هەرەشە و رێگرتن  لەسەركوتكردن و  ئەگەری  هەر دەستدرێژییەكە كە بكرێتە سەر كەرامەتی تاكی  كورد . 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP