دیپلۆماسی لابەلا

شۆڕش خالید ئاژگەیی - 1-10-2017 - 1610 جار خوێندراوەتەوە


ھەڵبژاردنی ئەم سەروتارەی سەرەوە بۆ دەرخستنی نیگەرانی یا نائومێد کردنی یا خوا نەخواستە ساردکردنەوەو نانەوەی دڵە راوکێ و بڵاوکردنەوەی ترس نیە، دوای ئەنجام دانی ریفراندۆم و ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان و ئاشکرابوونی کاردانەوەکان.

بۆچوونێکە لە سەر بنەمای ئەو زانیاریانەی ڕۆژانە لە میانەی خوێندنەوەی ڕووداوەکان و شرۆڤەکاریەکان و  ورد بوونەوە لێیانەوە بەرھەم دێت.

من بەش بە حاڵی خۆم پێم وایە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامە فەرمیەکانی گشتپرسی و ھەڵوێستە تووندەکانی بەغدا وتورکیا و ئێران دھەمبەر گشتپرسیەکە و دەرەنجامەکانیەوە، حاڵی حازر کۆمەگەی نێودەوڵەتی و لە سەروویانەوە ئەمریکا سەرقاڵی تاوتوێ کردنی دەرەنجامەکانی ئەم ریفراندۆمەی ھەرێمی کوردستانن بە ئەرێنی و نەرێنیەوە. بەڵام جارێ خۆیان لە ھەرجۆرە لێدوانێکی فەرمی لەمبارەیەوە دەبوێرن و چاوەڕوانی دوا ھەنگاوەکانی ھەر سێ وڵاتی تورکیە و ئێران و دەسەڵاتدارانی بەغدا دەکەن.

بۆ پرسی جیا بوونەوەش لە بەغداو ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی، تا کو ئێستا ئەوەی تێبینی کراوە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دژایەتی خۆیان بۆ ئەم پرسە بە ھەموو لایەک راگەیاندووەو نەیانشاردۆتەوە، پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە و شکست پێھێنانی داعش لە ئەولەویەتی ھەوڵە لێبڕاوەکانی کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی دایەو پێویستە لایەنەکان خۆیان لە نانەوەی ھەرجۆرە گرژی و ئاڵۆزی و پشێویەک بپارێزن، تا دۆخەکە لەمە زیاتر تەشەنە نەکات.

کۆ نەبوونەوەی بە پەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پەیوەست بە پرسی ریفراندۆم و خواستی سەربەخۆیی کورد لەم بەشەی کوردستان، زۆر دڵخۆشکەر و ھیوا بەخش نیە.  ھەروەک بینیمان ئەنجومەنی ئاسایش لەسەر پرسی ئاوارە  بوونی موسوڵمانانی میانمارو پرۆسەی قەڵاچۆکردنیان لە لایەن دەسەڵاتدارە سەربازیەکەی میانمارەوە، کۆبوویەوەو بە تووندی سەرکۆنەی حکومەت و پرۆسەی ڕاوەدوونان و ژینۆسایدی کەمینەی موسوڵمانی کرد.

ئەوەی لە ساتەکانی بەر لە گشتپرسی و دواتر لە وڵاتانی زلھێز و ڕێکخروای نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بیستمان، پێداگری بوو لە سەر ئەنجام نەدانی ڕاپرسیەکە و درێژەدان بە گفتوگۆکانەوە لە لە گەڵ دەسەڵاتدارانی بەغدا بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ گشت ناکۆکیەکانەوە.

  ئەم داواکاریە تەنانەت دوای راگەیاندنی ئەنجامە فەرمیەکانیش تاک وتەرا ئاراستەی ھەردوو لایەنی کوردستانی و بەغدا کراوە. لێ بە شێوەیەکی کۆنکرێتی ئێستاشی لەگەڵدابێ، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە سەرووشیانەوە ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان ھیچ دەستپێشخەری یا بەدیلێکی دڵخۆشکەر یا جێی بڕواو متمانەیان نەخستۆتە بەردەم لایەنەکانەوە.

وێڕای ئەمەش ھێشتا ئەم پرسە ھەستیارە بە فەرمی نەخراوەتە نێو بەرنامەی کاری دانیشتنە ڕەسمیەکانەوە، تا کو ھەموو لایەک بگەنە کۆدەنگیەکی فەرمی و پاڵپشت بە ئەنجامەکانی گشتپرسیەوە، نەخشە ڕێگایەکی متمانەپێکراو گەڵاڵە بکەن و گرژیەکان دامرکێننەوە.

بۆیە من پێم وایە ڕۆژانی داھاتوو یەکلا کەرەوە دەبن وڵاتانی زلھێز و لە سەروویانەوە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕێگەی " دیپۆماسیەتی لابەلا" و لە میانەی دیدار و چاوپێکەوتنە نافەرمیەکان و تەنانەت لە پەراوێزی کۆبوونەوە فەرمیە کانەوە، پرسی ریفراندۆم و خواستی سەربەخۆیی کورد بخەنە بەر باس و گفتوگۆو ڕاگۆڕینەوە و تاوتوێی دەرەنجامەکانی بکەن و ڕێگە لە تەشەنە سەندنی دۆخەکە بگرن.

ھەر دەرەنجامێکی دڵخۆشکەر و ھیوابەخشیش بۆ کورد و خواستی سەربەخۆیی و مسۆگەرکردنی پاڵپشتی نێودەوڵەتی لەم چوارچێوەیەدا، بە پلەی یەکەم بەندە بە ھەوڵە بەردەوامە کانی کورد لە بواری دیپلۆماسی خێراو بەردەوام و جوڵەی پەیوەندیە ئیقلیمی و ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتیەکان و پێداگری لە سەر خواستە نەتەوەییەکان و لە سەرووی ھەمووشیانەوە پاراستنی یەکڕیزی و تەبایی و دوور کەوتنەوە لە ترازان و دووبەرەکی و پاشەکشەوە.   

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP