ریفراندۆم و ترسی ئەوروپیەکان

شۆڕش خالید ئاژگەیی - 28-09-2017 - 5393 جار خوێندراوەتەوە

ئەگەر بۆ ئێمەی کورد سەربەخۆیی و بوون بە خاوەنی نیشتیمانی سەربەخۆ، خەونی لە مێژینە بیت.

ئەگەر بۆ ئێمەی کوردی بەشمەینەت و پەرتەوازە، ڕزگاری و ئازادی و دوور کەوتنەوە لە سەرگەردانی و نەبوونی شوناسێکی دانپیانراوی نێودەوڵەتی، خەیاڵی باڵاو ئارمانجی لە پێشینەمان بێت.

ئەگەر بۆ ئێمەی کورد دامەزراندنی دەوڵەتێکی دیموکرات و ئازاد و پێشکەوتوو وبە دامەزراوەیی کراوی یاساپارێز، لە ئەولەویەتی پلان و لە سەرووی خواست و داخوازیەکانمانەوە دابێت.

ئەگەر خەبات و تێکۆشانی ئێمەی کورد بە درێژایی سەدەی رابردوو، لە پێناوی ئازادیدا بووە و پرسی دەوڵەت و نیشتیمانی رزگارکراو، ئامانجی هەرە سەرەکی بووە.

لێ بۆ گەلانی خاوەنی قەوارەی سیاسی و بە تایبەت وڵاتانی ئەورووپا، پرسی ئێمە نەک سیاسی بەڵکو مرۆیی بووە و هەر لەم چوارچێوەشدا مامەڵەی لەگەڵدا کراوە و بە درێژایی چەند دەیەی رابردوو، هەوڵی جدی بۆ چارەسەر کردنی نەدراوە. تەنانەت دوای دامەزراندنی یەکێتی ئەورووپاو و پەرپێدانی یەکێتیەکە ش و زێدەبوونی ژمارەی ئەندامانی، ئەم پرسەی نەخستۆتە ڕۆژەڤەوە.

بەهەر حاڵ لەم چەند ڕۆژەی دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی کوردستانەوە زۆر بە وردی بەدواداچوونم بۆ کاردانەوەکانی رای گشتی ئەورووپی کرد لە میانەی گوێ گرتن لە  ڕیپۆرتاژو هەواڵ و چاوپێکەوتنە ڕۆژنامەوانیەکانەوە.

ئەوەی من تێبینیم کرد گەلانی ئەورووپی لە دەرەنجامە نەرێنیەکانی ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان ترسیان لێ نیشتووە. ترسەکەش خۆی لە سێ خاڵدا دەبینیتەوە:

1- شەرو تێکهەڵچوون لە نێوان کورد و بەغداو تێکچوونی دۆخی ئەمنی.

2-گران بوونی نرخی نەوت و بەنزین.

3-کاڵ بوونەوەی شەڕی داعش لە ئێراق و پەرەسەندن و پەل هاویشتنی زیاتری داعش بۆ شەقامەکانی ئەورووپا و تەشەنە کردنی کاروکردەوەی تیرۆریستی و نەمانی ئاسایش و تەناهی.

4-تەوژمی کۆچی بە کۆمەڵی پەنابەرانی کورد بەرەو ئەورووپا. کە ئەمەی دوایی بە یەکێک لە هۆکارە هەرە سەرەکیەکانی ئەو ترسە دەژمێردرێت. ئەوەش بە لەبەر چاوگرتنی کۆچی زیاتر لە یەک ملیۆن پەناخوازی سوری لە دو ساڵی ڕابردوودا بۆ ئەورووپاو ڕووبەرووبوونەوەی وڵاتانی ئەرووپا لە گەڵ گەورەترین کێشەی مرۆیی دوای دووەم جەنگی جیهانیەوە.  هەر ئەم حاڵەتە نەخوازراوەش بۆتە یەکێک لە فاکتەر و هۆکارە سەرەکیەکانی گەشە سەندنی بیری ڕاسترۆیی و ڕەگەزپەرەستی  و دەمارگیری ناسیونالیستی و  درووست بوونی چەندین بزاڤ و پارتی راسترۆ لە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوڕووپادا. نموونەی هەر زیندووش سەرکەوتنی بەرچاوی پارتی Alternative für deutschland ( بەدیلێک بۆ ئەڵمانیا) یە لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی ئەڵمانیا.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP