مافەكانمان لای‌ بەغدا

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج - 28-09-2017 - 3274 جار خوێندراوەتەوە

1
محەمەد جاف ئەندامی‌ مەجلیس لە سەردەمی‌ پاشایەتی‌، نوێنەرایەتی‌ كەركوكی‌ كردووە، لەسەر كوردستانی‌ بوونی‌ كەركوك  یەخە گیریەكی‌ دیرۆكی‌ لە تەك مەجید یاقوبیدا كردووە، ئەندام بووە بەو مانایەی‌ دەبێت شەڕ لە سەر ئەو خەڵكە بكات كە نوێنەرایەتیان دەكات، شەڕ لە سەر ژیان و بوون و مافەكانیان ، نەك ئەندام بەو مانایەی‌ سەنگەر چۆڵ بكات و لە دەرەوە بۆ میدیاكان قسە بكات، نوێنەرانی‌ كورد لە بەغدا تا تاڵە موی‌ معاویە بمانبەستێتەوە بە عێراقەوە دەبێت لە ناو پارلەماندا شەڕی‌ دەستەو یەخەی‌ كورد بكەن، شەڕی‌ دیموكراسی‌، دەرچونە دەرەوەو داكێڵ و هات و هاواری‌ سەر شاشەكان نوێنەرایەتی‌ نیە، گۆڕەپان جێهێشتن جۆرێكە لە خۆ بە دەستەوە دان، یان دەبێت هەمووتان ناسنامەی‌ عێراقیەكە بسوتێنن و نەڕۆنەوە یان ئەوەتا شەڕ لە شوێنی‌ خۆیدا بكەن، شەڕ جێهێشتن نیە، شەڕ شەڕە، تا دوور بن زیاتر پەیوەندیەكە بەرەو خراپبون دەچێت .


2

بارزانی‌ ریفراندۆمەكەی‌ كردو كەم و زۆر هەموو ئەوانی‌ تری‌ لە دەوری‌ خۆی‌ كۆكردەوە، تەنانەت رێكخەری‌ گشتی‌ گۆڕان و ئەمیری‌ كۆمەڵی‌ ئیسلامیش بەڵێیان نووسی‌، ئەوەی‌ دەمێنێتەوە ئەوەیە ئەی‌ دوای‌ ریفراندۆم چی‌، ئێستا كاتی‌ كەمكردنەوەی‌ توندوتیژیەكان و نەرمكردنەوەی‌ زمانە، بارزانی‌ دەبێت لەمەدا رۆڵی‌ هەبێت، یەكەم، لە ناوخۆدا ئێستا ئەو قەرزاری‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان و كۆمەڵی‌ ئیسلامیەو هەقە هەر لەسبەینێوە سوپاسیان بكات و داواش بكات نوێنەرەكانیان بگەڕێنەوە پارلەمان و ئامادەكاری‌ بۆ هەڵبژاردنی‌ ئایندە بكەن، دووەم، بارزانی‌ قەرزاری‌ كەركوكیەكان و یەكێتیەكانی‌ كەركوكە، هەرچی‌ كراونەكرا لە كەركوك و خانەقین ئەوان كردیان، ئەوەش سەرەڕای‌ تەزویرو ساختە كە ئیدی‌ دەبێت بە پەروەردەی‌ سیاسی‌ كۆتای‌ بێت هەقی‌ سوپاسیان هەیە ، سێیەم ، بارزانی‌ پێویستە راستەو خۆ خۆی‌ موخاتەبەی‌ بەغداو عەبادی‌ و پارلەمانی‌ عێراقی‌ بكات و گەر پێویست بكات خۆی‌ بڕوات لە پارلەمان هۆكارەكانی‌ بڕیاری‌ ریفراندۆم شیبكاتەوە و سەر زەنشتی‌ ئەو زمانە زبرەی‌ سیاسیەكانی‌ عێراق بكات .

3

گەلۆ ئێمە هەقی‌ زۆرمان لای‌ بەغدایە ، داوای‌ لێبوردن كردن لە كەس و كاری‌ قوربانیەكانمان ، قەرەبوكردنەوە، روفاتی‌ قوربانیەكان و هتد، ئاخۆ هەر ئەوەندە بەسە دەستمان لە یەخەی‌ یەكتر بێتەوە و شیر و تیر لە یەكتر بسوین، یان دەست بكەین بەو سەردەمەی‌ ناونرابوو سەردەمی‌ قەڵەم و موڕاجەعات، خۆ ئەگەر بارزانیش ئەوە ناكات، بەڕاستی‌ گۆڕان و یەكێتی‌ و كۆمەڵ و ئەوانی‌ تر دەبێت بیكەن، هێشتا لە سەرەتای‌ گێمی‌ یەكەمی‌ یاریەكەداین .


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP