توڕەیی بەغدا لە بەرژەوەندی‌ كوردە!

عه‌تا قه‌ره‌داخی - 28-09-2017 - 2221 جار خوێندراوەتەوە

ئەگەر سەرنجی دەوڵەتە داگیركەرەكانی كوردستان بدەین، دەبینین چۆن وروژاون و وەكو ئەوە وایە كە ریفراندۆمی خەڵكی باشووری‌ كوردستان نەك هەر زیانی گەورەی‌ بۆ ئەوان هەبێت بەڵكو سوكایەتی بێت بۆ بوون و كەرامەتی نەتەوەیی و نیشتیمانی ئەوان ئەگەر هەیان بێت، ئەوەی‌ ئەم داگیركەرە خوێنڕێژانەی‌ كوردستانی كردووەتە هاوهەڵوێست ئەو عەقڵە وەحشیگەرییەیە كە بەشێكە لە بوونی عەرەب و تورك و فارس، بەشێكیشی بەرهەمی ئەو شۆڤێنیستیەیە كە رۆح و گەوهەری‌ ناسیونالیستی عەرەب و تورك و فارسە.

بەڵام لەئاستێكی تردا ئەو خۆتەنگەتاوكردنەی‌ داگیركەرانی كوردستان لەبەرئەوەیە كە ئەوان واهەست دەكەن درووستبوونی دەوڵەتی باشووری‌ كوردستان دەشێ كاریگەری‌ لەسەر بەشە داگیركراوەكانی تری‌ كوردستان هەبێت و پڕۆژەی‌ ناسیۆنالیزمی كوردی‌ لەو بەشانەش بەهێز بكات، هەروەك لەو ئیرادەی‌ كورد دەترسن كە سەرباری‌ ناڕەزایی ئەوان و بەشێكی ئاشكرای‌ كۆمەڵگەی‌ نێودەوڵەتی، ئەم راپرسیە بەرهەمی ئیرادەی‌ گەلی كوردستانە لە دەنگداندا كە بۆ یەكەمجار بەمجۆرە ژێردەستەیی و پاشكۆیەتی ئەوان رەتدەكاتەوەو مەترسی ئەوەیان هەیە كە بەشەداگیركراوەكانی تری‌ كوردستانیش لەلایەن ئەوانەوە، رۆژێك لە رۆژان بگەنە ئەو ئاستەی‌ راپرسی و دەنگدان و دەسەڵاتی رژێمە تۆتالیتارەكانی ئەوان رەتبكەنەوە، هەروەك خۆیشیان دەزانن كە ئەگەر كورد بەم راپرسیەی‌ دەوڵەت درووست بكات، دەبێتە یەكەمین گەلی رۆژهەڵات كە بە ئیرادەی‌ خۆی‌ و بەدەنگی راپرسی ئەو دەولەَتەی‌ درووستكردووە زۆر جیاوازە لەو دەوڵەتانەی‌ زۆربەیان كە دەوڵەتانی بڕیار بەدەست لەسەر مێزی‌ رێكەوتن و بێ ئیرادەی‌ گەلەكانیان درووستیانكردوون، بەهەرحاڵ كورد لە راپرسی سەربەخۆیی كوردستاندا بۆ یەكەمجار بە گیانێكی بەرەنگاربوونەوەی‌ مەدەنیانەوەو لە رێگای‌ بڕیاردانی راپرسی و پیادەكردنی ئەو بڕیارەشەوە لە رووی‌ داگیركەری‌ شۆڤێنیست تایفەگەر مەزهەبی كۆنەپەرستی عێراقیدا راوەستاو لە دوای‌ سەدو یەك ساڵ لە سایكس پیكۆو نەوەدو شەش ساڵ دوای‌ درووستبوونی دەوڵەتە درووستكراوەكەی‌ عێراق، كورد بەدەنگی بەرز بەعێراق و بە جیهانی راگەیاند، كە چیتر نایەوێت لە سایەی‌ سیستێمی كۆڵۆنیالییستی عەرەبیدا بژی‌.

وەڵامدانەوەكانی عێراقی عەرەبی بە شیعەو سونەوە، بە مەزهەبی و بەناو عەلمانیەوە، بە خۆپارێزو رادیكاڵەوە، یەك هەڵوێستەو هەموویان یەك بۆچوونیان هەیە، كە لە كانیاوی‌ ژەهراوی‌ شۆڤێنیزمی عەرەبیەوە سەرچاوەی‌ گرتووەو هیچ بنەمایەكی مرۆیی و شارستانێتی پێوەدیار نیە، ئافەرم كۆمەڵگەی‌ عەرەبی عێراقی، لە كۆمەڵگەیەكی دەوروبەری‌ سی ملیۆن كەسیدا، گوێت لە دەنگی كەسێك نەبێت لە كەسی یەكەمی ئەم نەتەوەی‌ عەرەبەوە تا سیاسی و بەرپرس و نووسەرو رۆشنبیرو رۆژنامەنووس، بڵێت باشە ئەم كوردەش مرۆڤن و نەتەوەیەكی جیاوازن لە عەرەب و بۆ دەبێ مافی بڕیاردانی چارنووسی خۆیانیان نەبێت، با ئەم هەڵوێستەی‌ عەرەبی عێراق بەراورد بكەین بەوكوردانەی‌ كە تاكو ئێستاش گۆرانی بە باڵای‌ بەغدای‌ ئەنفال و كیمیایی باراندا دەڵێن پێیان وایە نەدەبوو كورد ریفراندۆمی بكردایە!!!

ئێستا كورد پێی ناوەتە قۆناغێكی ترەوەو دۆزی‌ كورد بەتەواوەتی لە بابەتێكی ناوخۆی‌ عێراقەوە بووەتە بابەتێكی نێودەوڵەتی و سەرباری‌ فشارو گوشارو هاژەوهوژەی‌ عێراقیەكان و خەلیفە ئەردۆگان و ئاخوندەكانی مامۆستاو ئاغای‌ شیعە عێراقیەكان.. ناتوانرێت داوای‌ رەوای‌ كورد سەركوتبكرێت و سەرئەنجام ئاسۆیەكی گەش لەبەردەمماندایە، بەڵام دەبێ چاوەڕوانی گرفت و زەحمەت و كێشەو تەنگ پێهەڵچنینیش بكەین.. بەڵام ئەوانە كاتین و ئیرادەی‌ كوردیش پێموایە لەسەر ئاستی گشتی لەوە بەهێزترە كە بەئاسانی ببەزێت، بە تایبەتی لەبارودۆخێكدا كە حكومەتی عێراقی بێجگە لە دەركردنی بڕیار شتێكی ئەوتۆی‌ پێناكرێت، بەتایبەتیش پێگەی‌ عەبادی‌ و حكومەتەكەی‌ بەجۆرێك لاوازە بڕیارەكانی بە تەواوەتی لە ناوچەی‌ سەوزی‌ بەغداشدا جێبەجێ ناكرێن. سەرۆك وەزیرانێك هێندە كورتبین بێت، بیەوێت بە دەستوورە تۆپیوەكەی‌ عێراق دەسەڵات بەسەر كوردستاندا بسەپێنێت، هەق نیە زۆر گوێی پێبدرێت، چونكە بیرچووە ئەگەر ئێستاش فڕۆكەكانی هاوپەیمان نەبن داعش زۆر شوێنی تری‌ عێراقەكەی‌ ئەو دەكەن بە موسڵ بە تایبەتی قەڵاكانی شیعە لە نەجەف و كەربەلا، ئەگەر داعش درووستكراوی‌ ئێران نەبێت. تاكە شتێك كە حكومەتی مەزهەبی عێراق بتوانێت بە دژی‌ كورد بیكات و تاكو ئێستا نەیكردبێت،  راگرتنی فڕۆكەخانەكانی هەولێرو سلێمانیە كە پێموایە هەرهەنگاوێكی لەوجۆرەو تەنانەت تووندتریش لە جۆری‌ ئەوەی‌ دكتۆر فوئاد مەعسوم و وەزیرو بەرپرسانی كوردو ئەندام پارلەمانەكانی كورد لە بەغدا دەربكەن... هەموو ئەمانە لە قازانجی كورد دەشكێنەوەو زووتر لە پێكهێنانی دەوڵەت نزیكمان دەكەنەوە.

ماڵی شیعە كە دەیان كەلەبەری‌ تێدایە و ماڵی سونەش كە وێرانبووەو چەند كەسێكی لاوزو پشكۆی‌  شیعەی‌ وەكو سەلیم جبوری‌ لە دەسەڵاتی عێراقیدا ماون، هەموویان لەبەرئەوەی‌ خاوەنی هیچ پرۆژەیەكی نیشتیمانی و خزمەتگوزاری‌ و زانستی و پەروەردەیی و ... نین بۆ عێراق، لەم كاتەدا كە نزیكەی‌ هەشت مانگێكی ماوە بۆ هەڵبژاردن، دەیانەوێت لە رێگای‌ دژایەتیكردنی كوردەوە پێگەی‌ هەڵبژاردنی خۆیان بەهێزبكەن و دەنگی جەماوەر كۆبكەنەوە. ئایا كوردە پرۆعێراقیەكان بەچ هیوایەكەوە بەتەمای‌ هاوپەیمانی و ژیانن لەگەڵ ئەم عەقڵیەتەی‌ شیعەو سونەی‌ عەرەبی عێراقدا؟

بێگومان رەنگە ئەم هاژەوهوژەی‌ بڕیاردەركردن و قسەكردن دژی‌ كورد لە عێراق تا كاتی هەڵبژاردن بخایەنێت. چارەنووسی ئەم هەڵبژاردنەش هێزی‌ یەكێك لە دوو لایەنی ئێرانی یان ئەمەریكی دیاری‌ دەكات. ئێران پشتگیری‌ مالیكی و پاشكۆكانی لە شیعەو هەندێ‌ كەسێتی لاوازی‌ سونە دەكات بۆ ئەوەی‌ زۆرینەی‌ سیاسی پێكبهێنن و كۆتایی بە تەوافوق بهێنن لە عێراقدا، كە ئێستا بە كردەوە ئەوە كۆتاییهاتووە. ئەمەریكیەكان پشتگیری‌ عەبادی‌ دەكەن بەڵام عەبادی‌ پێگەیەكی زۆر لاوزی‌ هەیە، هەم لەسەر ئاستی جەماوەری‌ شیعەی‌ عێراق و هەم لە ناو حیزبی دەعوەشدا. بۆیە ئەگەری‌ گەورە ئەوەیە كە عەبادی‌ بدۆڕێت كە ئەوەش دۆڕاندنی ئەمەریكایەو شتێكی چاوەڕوانكراوە. بەڵام ئایا ئەڵتەرنایتیڤی‌ ئەمەریكا بۆ دۆڕاندنی لایەنگرانی خۆیی و سەركەوتنی پرۆئێرانیەكان چی دەبێت؟

من ئێستا وایدەبینم سەركەوتنی مالیكی مسۆگەرترە لە عەبادی‌. لە عێراقی عەرەبدا سەركیترین و بەهێزترین كەسێتی میحوەری‌ ئێستا مالیكیەو كۆی‌ ئەوانەی‌ تر بە شیعەو سونە ناتوانن لە هەژموونی ئەو دەربازبن. هەرچۆن لە كوردستان مەسعود بارزانی میحوەرو ئەوانی تریش بە ئاستی جیاواز بەدەوری‌ ئەوەوەن. لەحاڵەتی سەركەوتنی مالیكیدا هیچ بوارێك بۆ مانەوەی‌ ئەوەی‌ كە ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی بە عێراقی یەكگرتوو ناوی‌ دەبەن نامێنێتەوەو ئەمەریكا خۆی‌ دەبێتە ئەندازیاری‌ دابەشكردنی عێراق و بە زیادەوە بەرنامەكەی‌ جۆ بایدن كە لە سەرەتای‌ سەدەی‌ بیست و یەكدا بۆ ئایندەی‌ عێراقی پێشنیاركردبوو، جێبەجێ دەكرێت. خۆ ئەگەر عەبادی‌ لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا بە پشتگیری‌ ئەمەریكا بیباتەوە ئەوە حكومەتەكەی‌ عەبادی‌ لەمەی‌ ئێستای‌ بەهێزتر نابێت و ناتوانێت هیچ رێگرییەك لە درووستبوونی دەوڵەتی كوردی‌ بكات. لە بارێكی وەهاشدا ئێران كە لە عێراقدا دەدۆڕێت، هەروا بە ئاسانی دەستبەرداری‌ بەرژەوەندییەكانی نابێت و لەلایەك لە نێو ماڵی شیعە خۆیەوە دژایەتی عەبادی‌ و شیعە پرۆئەمەریكیەكان دەكات و لەبەرامبەریشدا پشتگیری‌ مالیكی و ئەوانەی‌ تر دەكات كە بووكەشووشەی‌ ئێرانین. لەم هەلومەرجەدا ئێران ئەگەر پشتگیری‌ كوردیش نەكات بۆ دروستكردنی دەوڵەت ئەوا دژایەتی ناكات.

ئایا راگەیاندنە شێلگیرییەكانی ئەردۆگان بەردەوام دەبێت و ئەوەی‌ دەریدەبرَێت بۆ ماوەی‌ دوورو درێژ لەسەر زەمینەی‌ واقیع جێبەجێ دەكات؟ ئایا بەرژەوەندییە ئابوورییەكان و كۆمپانیە وەبەرهێنرەكانی توركیا لە باشووری‌ كوردستان لەم رووەوە چ رۆڵ و كاریگەرییەكیان دەبێت؟ ئەوەی‌ پێشبینی دەكرێت، پێناچێت هاژەوهوژەكانی سولتان ئەردۆگان زۆر بەردەوام بێت، ئەو سولتان ئەردۆگانەی‌ كە ئێستا گڕی‌ گرتووەو وا رەفتار دەكات كە درووستبوونی دەوڵەتی كوردی‌ مانای‌ ناردنەوەی‌ ئەوی‌ توركە بۆ ئاسیای‌ ناوەند. پێشتریش زۆر گوێمان لەوە دەبوو كە ریفراندۆم پرۆژەی‌ درووستكردنی میرنشینێكی ئەرۆگانیە لە لایەن مەسعود بارزانیەوە. ئایا دەشێت هەڕەشەو گوڕەشەكانی ئەردۆكان جۆرێك لە نواندن بێت و لە بنەوە لەگەڵ درووستبوونی دەوڵەتی كوردی‌ یان بە روانینی ئەوانەی‌ گوتمان لەگەڵ درووستكرنی میرنشینی ئەردۆگانیدا بێت. هەروەك دەشێت هەڵوێستەكانی ئەردۆگان بۆ راگرتنی سۆزی‌ توركە كەمالیستەكان و جەماوەری‌ دەنگدەری‌ خۆیشی بێت كە ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن لە هەڵبژاردنی داهاتوودا كەسی ئەردۆگان فرَبدرێتە دەروەی‌ دەسەڵات.

بەهەرحاڵ دوای‌ ریفراندۆم كورد پێی ناوەتە قۆناغێكی تری‌ ژیانی سیاسیەوەو فایلی سەربەخۆیی كوردستان كراوەتەوەو هەتا لەسەر زەمینەی‌ واقیعیش ئەو دەوڵەتە پێكنەیەت، فایلی كوردی‌ لەسەر مێزی‌ سیاسەتی نێودەوڵەتی ناپێچرێتەوە. بەڵام گرنگە كورد یەكەم خۆڕاگربێت، دووەم دوور لە هەڵچوون و بە هێمنی و بە لۆجیكی عەقڵ و پشوودرێژانە كاربكات و بە بریارە هەرزەكارییەكانی عەبادی‌ وپەرلەمانە كارتۆنیەكەی‌ عێراق نەوروژێت و لەگەڵ ئەوەشدا دەبێ خۆی‌ بۆ هەموو پێشهاتێك ئامادە بكات. بێگومان هێمنی كوردو هەڵوێستی هسترییانەی‌ عەرەبی عێراق، لە سوودی‌ كورد دەشكێتەوەو چەند عێراقیەكان بەو شێوە دڕندانەو بەو عەقڵیەتە نالۆجیكیەوە هەڵوێست بەرامبەر بە كورد و خواستەكانی وەربگرن و نیشان بدەن.. هەنگاوەكانی گەیشتنی كورد بە سەربەخۆیی و راگەیاندنی دەوڵەت كورتتر دەكەنەوە.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP