بەپەلە

ھێنانەوەی داعش بۆ عێراق

عارف قوربانی - 27-09-2017 - 12700 جار خوێندراوەتەوە


عارف قوربانی

لە یەکەم رۆژی ھێنانی داعشەوە بۆ عێراق، گومانی ئەوە دەکرا لە ناوەندەکانی دەسەڵاتەوە جۆرێک لە کارئاسانی ھەبوو بۆ ئەوەی داعش دەستبگرێت بەسەر چەک و جبەخانە سەربازییەکانی سوپای عێراق و ئەو بەندیخانانەی پڕبوون لە کەسانی توندڕەو، ھەروەھا ھەست بەجۆرێک لە رێخۆشکردن دەکرا بۆ ئەوەی داعش دەست بەسەر تەواوی ناوچە سوننییەکانی عێراقیشدا بگرێت. لە ماوەیەکی زۆر کورتدا ھەردوو ئەو ئامانجە بەدی ھاتن، کەلوپەلی سەربازی و جبەخانەکانی چەندین فیرقەی سوپا کەوتنە دەستی داعش و لە کەمتر لە ھەفتەیەکدا قفڵی چەندین زیندانی پڕ لە گەنجی توندڕەو کە پێشتر لەلایەن ئەمریکا و عێراقەوە خرابوونە بەندیخانەوە، بەدەستی داعش شکێنران و ھەر چوار پارێزگا سوننەنشینەکەی (نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە، رومادی) لەلایەن داعشەوە کۆنترۆڵ کران و خەلافەتیان تێدا راگەیاند. 

لە ئاستی ناوخۆ و تەنانەت ناوەندە نێودەوڵەتییەکانیش، ھەست بەو سیناریۆیە دەکرا و زۆری لەبارەوە گوترا، ھەندێک گومانیان دەخستە سەر وڵاتانی سوننەی ناوچەکە، ھەندێک نووری مالیکییان تۆمەتبار دەکرد، ھەبوون پێیانوابوو سیناریۆی دەزگای ھەواڵگریی وڵاتە زلھێزەکانە، ھەبوون دەیانگوت دەستی ئیسرائیلە، دەستی تورکیا و قەتەر و کوردستانە. گومانەکان بە ئەندازەیەک بوون، تەنانەت ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لیژنەی بۆ لێکۆڵینەوە پێکھێنا و گەیشتن بەو ئەنجامەی لە ئاستی زۆر باڵادا کارئاسانی بۆ داعش کراوە. بەڵام ئەوەی روون نەبوو، ئامانجە شاراوەکانی پشتەوەی بوو. بۆچی داعش ھێنرا بۆ عێراق؟ بۆچی لە عێراق خەلافەتەکەیان راگەیاند؟ بۆ تەنھا ناوچە سوننیەکانیان کۆنترۆڵ کرد؟ بۆچی سوپا بەرکەنار خرا و حەشدی شەعبی بەخێرایی پێکھات و تا ئەندازەیەک بووە شوێنگرەوەی سوپا؟ ئەمانە و چەندین پرسیاری تری ھاوشێوە، وەڵامەکانیان لە ھەڵسەنگاندن و خوێندنەوەیەکی وردی لێکەوتە و دەرئەنجامەکانی شەڕی داعشەوە دەستەبەر دەبن.

ئەگەر خاوەنی راستەقینەی داعش نادیاریش بێت، بەڵام ئەوە روونە کە چەندین دەوڵەت بەرژەوەندیی خۆیان لەگەڵ داعش گرێدا و سوودی یەکجار زۆریان لەو رێکخراوە بینی. ئەمریکا، ئەوروپا، رووسیا و ئێران ئەو لایەنانەن کە داعش بۆیان بوو بەخێر و ھەریەکە و بەشێک لە ستراتیژی خۆیان لەڕێگەی ئەم گرووپەوە لەم ناوچەیە بەجێگەیاند. ھەرچەندە داعش بە رووکەش و بە سیما و خەسڵەتەکانی، وەک ئامانجێکی سوننەی عەرەب دەرکەوت، لە دۆخێکیشدا ھاتە ناوچەکانی سووریا و عێراق کە بۆشاییەکی گەورە لە نوێنەرایەتیکردنی سوننەدا ھەبوو، بۆیە زوو ئەو وێنایە لەمێشکی زۆرینەی خەڵکدا دروست بوو کە وەک فریادڕەسی سوننە خەڵکەکە بە پیرییەوە چوون و تەواوی ناوچەکانی سوننەی کۆنترۆڵ کرد. بەڵام دەرئەنجام و لێکەوتەکانی ھاتنی ئەم گرووپە، وێنایەکی پێچەوانەی دەرخست کە ئەگەر حەقیقەتی داعشیش پرۆژە و ئەجندایەکی سوننەی عێراق و ناوچەکە بووبێت، بەڵام بە ئەندازەی ئەوەی بەشێک بووبێت لە پرۆژە و ستراتیژیەتی شیعە، خزمەتی بە ئەجندای شیعە کرد.

داعش وەک موگناتیس تەشەیوعی بەدوای خۆیدا پەلکێشی ناوجەرگەی دەسەڵاتی سوننە کرد، پێگەی دەسەڵاتی شیعەی لە عێراقدا بەھێز کرد، دەسەڵاتی شیعەگەرایی سووریای لە رووخاندنێکی حەتمی پاراست و تەمەنی درێژ کردەوە. ھەژموونی ئێرانی وەک چەترێک راکێشا بەسەر تەواوی ناوچەکەدا. دەرفەتی دروستکردنی ھێزێکی شیعی وەک شوێنگرەوەی سوپای عێراق رەخساند کە لە حەقیقەتدا ھێزێکی شیعی ناوچەییە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی شیعە لە ھەموو ئەو وڵاتانەی شیعەیان تێدا دەژین نەک تەنھا لە وڵاتێکی دیاریکراو. واتا ئەگەر داعش پرۆژەی سوننەش بووبێت، سەرئەنجام توانرا بەو جۆرە بەکارببرێت کە ببێتە پرۆژەیەک بۆ لێدان لە سوننە لە عێراق و سووریا و لە داھاتووشدا لە تەواوی ناوچەکە، چونکە ھێشتا داعش ئامانجەکانی بەتەواوی بەدی نەھێناوە و قۆناغی گرنگتر لە دواوەیە.

ئەوەی لە دوو ھەفتەی رابردووشدا روویدا (رێککەوتنی نێوان حیزبوڵڵای لوبنان و رژێمی سووریا و داعش بە ئاگاداریی ئێران و حەشدی شەعبی)، بۆ ھێنانەوەی چەکدارانی داعش لە لوبنانەوە بۆ سنوورەکانی عێراق و سووریا، بۆ زۆرینەیەک کە رووکەشانە لە ناسنامەی داعش گەیشتبوون، شۆک بوو، بۆ ئەوانەش کە بەدەرئەنجامی کارەکان داعشیان ھەڵدەسەنگاند، دڵنیابوونەوەی زیاتر بوو لەوەی داعش لەلایەن ئێرانەوە بەکاردەبرێت بۆ ئامانجە ستراتیژییەکانی. پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی ھێنایاننەوە بۆ سنوورەکانی عێراق و ئامانجە شاراوەکەی ئەم رێککەوتنە چین؟

پێکھێنانی حەشدی شەعبی لە رۆژانی یەکەمی ھاتنی داعشدا، بۆ راماڵینی ناوچە سوننییەکان بوو بە پاساوی دەرکردنی داعش. بەڵام بەھۆی ئەوەی لە سەرەتاوە کاردانەوەیەکی زۆر ھەبوو کە ئەم ھێزە تائیفیە و دەبێتە ھۆی بەرپاکردنی جەنگێکی گەورەی ھەرێمایەتی، چاوی زۆر لەسەر رەفتارەکانیان بوو، تەنانەت لە ھەندێ ناوچەدا وەک پێویست رێگەی بەشداریی شەڕیشیان پێ نەدان. بەڵام کاتێ لە شەڕی رزگارکردنی مووسڵ ئەو رۆڵەیان بینی کە لەپێناویدا دروست بوون، بەشی ھەرە زۆری شارەکەیان لەگەڵ زەویدا تەخت کرد و بە ھەزاران کەسی سوننەیان بەڕێگەی جۆراوجۆر لەناوبرد، بینییان نە کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان و نە ناڕەزایی وڵاتانی سوننەی ناوچەکە بەو جۆرە نین کە پێشتر ئەمان لێی دەترسان. بۆیە سەرلەنوێ دەستیان بۆ کارتی داعش بردەوە.

سەرباری ئەوەی بەشی زۆری ناوچە سوننییەکان لە ھەرسێ پارێزگاکەی تر (رومادی و دیالە و سەڵاحەدین) بە بلدۆزەر تەختکراون، بەڵام سەنتەری شارە گەورەکان ھێڵدراونەتەوە. ئەوەی لە مووسڵ روویدا و چووە سەر، ئەو مەیلەی لای شیعەکان دروستکرد کە پێویستە ئەو پارێزگایانەی تریش ھاوشێوەی مووسڵ دەرفەتی ژیانیان تێدا نەھێڵدرێت. ھێنانەوەی داعش بەڕێککەوتن لەگەڵ حیزبوڵڵا و سووریا، بۆ ئەوەیە داعش بھێننەوە ناوچە سوننییەکانی عێراق و بەشێوەی گرووپی بچووک بچووک بیانخزێننەوە ناو پارێزگاکانی رومادی و دیالە و سەڵاحەدین، تا بە پاساوی دەرکردنی داعش ئەمجارە ئەوانیش لەگەڵ زەوی تەخت بکرێن.

ئەوەی پەیوەندی بە ئێمەی کوردەوە ھەیە لەم ھاوکێشەیەدا، لانیکەم لە قۆناغی یەکەمدا ئەوەیە کە رەوێکی ئاوارەی عەرەب روو دەکەنەوە ناوچەکانی کەرکووک و گەرمیان و شارەکانی ھەرێمی کوردستان و پێچەوانەی ئەو لێشاوەی سێ ساڵی رابردوو، ئەمجارە دەرفەتی گەڕانەوەیان نامێنێ بۆ ناوچەکانی خۆیان، دەبنە مەترسی لەسەر گۆڕینی دێمۆگرافیای بەشێک لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم. ھیچ دووریش نییە لە قۆناغی دوای ئەوەدا بەغدا جۆرێک مامەڵە بکات کە ئەم ئاوارە عەرەبانە بکاتە سەرئێشەی گەورە بۆ کوردستان، وەک چۆن لە رابردووا کێشەی کورد ھەبوو لە عێراق، بۆ داھاتوو کێشەی عەرەب دروستبکەن لە کوردستان.

ھیچ دووریش نییە دوای پاکتاوی سوننە لە عێراق، کورد بکەنە ئامانجی خۆیان و داعش بھێننەوە سەرمان، بۆیە گرنگە تا دۆخەکە نەگەیشتووەتە ئەو قۆناغە، کوردستان بەدوای دەروازەکانی ماڵجیایی خۆیدا بگەڕێت و تا دەگاتە دۆخی دڵنیایی و لەسەرپێ وەستانی خۆی، کوردستان بکاتە شوێنی بەرژەوەندیی زلھێزەکانی دونیا، بەو مانایەی دەستبردن بۆ کوردستان دەستبردن بێت بۆ بەرژەوەندیی وڵاتە گەورەکان. رەنگە ئەمە تەنھا رێگە بێت بۆئەوەی کوردستان بپارێزێت لە ململانێ و ھەژموونگەرایی شیعە و سوننەی ناوچەکە. 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP