شەڕ و نیوەشەڕ هەر یەكە

رێبوار کەریم وەلی - 26-09-2017 - 6878 جار خوێندراوەتەوە

(1)

ئەنجامدانی گشتپرسی لە كوردستان، گەورەترین ئیمتیحانی سایكۆلۆژی بوو هەم بۆ خەڵكی كوردستان و هەم بۆ حیزبە سیاسییەكان. چونكە گرەوی وڵاتانی دراوسێ و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەسەر ئەوە بوو كە ناوماڵی كورد بەجۆرێ وێرانە توانای رۆیشتن بۆ ئەو بڕیارەیان نییە، هەر بۆیەش گوشارە سەرەتاییەكان هێندە قورس نەبوون، هاوكات بڕیاردەران لە مەسەلەی گشتپرسیش سەرەتا مەودایەكیان لە نێوان ئەنجامدانی گشتپرسی و راگەیاندنی سەربەخۆییدا هێشتبووەوە. بەڵام زیادبوون و بەرفراوانبوونی بازنەی گوشارەكان بۆ دواخستن یان تەنانەت هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ریفراندۆم، ئەو هەستەی دروست كرد كە رۆژی 25ی ئەیلول لە رۆژی ریفراندۆمەوە ببێتە رۆژی راگەیاندنی سەربەخۆیی. هەر ئەو هەستەش بوو كە حیزبە سیاسییە ناڕازییەكانی لە دوا سەعاتەكانی پێش بەڕێوەچوونی پڕۆسەكەدا ناچار كرد تەڤلی پرۆسەكە بن، چونكە ئەوانیش دیتیان سەرباری هەموو گوشارەكان ئیرادەی گەلی كوردستان سەركەوتووە.

ئەنجامدانی گشتپرسی بۆ ئەوە بوو كە نیشانی دنیا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بدرێت ئیرادەی گەلی كوردستان بە چ ئاراستەیەكە تا لەسەر مەبنای ئەو دەنگانە، بچینە ناو قۆناغێكی نوێ لە پێكەوەژیان لە ناوچەكەدا، بەڵام هەر لەسەرەتاوە پڕۆسەی گشتپرسیی كوردستان بە ناشەرعی و نادەستووری لەقەڵەم درا و، تەنانەت ئەو داوایانەی بۆ دواخستنی دەكران و رەنگبێ لەبەرامبەر بەدیلێكی گونجاودا مەیسەر بایە، لەلایەن بەغداوە رەتدەكرانەوە. بەغدا دژی دواخستن بوو، چونكە پێیوابوو مانای وایە شەرعییەت بەوە دەدات كە لە داهاتوودا بكرێت. بۆیە تابلۆی سیاسی زۆر ناڕوونە و لە رۆژانی داهاتووشدا تووشی چەقبەستوویی دەبێت. بەتایبەتیش كە شیعەكان لە ئاستانەی هەڵبژاردندان و مەعلوم نییە كورد بەشداری لەو هەڵبژاردنەدا دەكەن یان نا؟ ئایا وجودی سیاسیی كورد لە بەغدا چی بەسەر دێت؟ كە بەغدا ئامادە نەبێت دان بەو ئەنجامانەدا بنێ و لەسەر ئەو بنەمایە گفتوگۆ نەكات، ئەدی كورد چی دەكات؟

گوشاری ئێران و توركیا و تەنانەت هاتوهاواری بەغداش بەشی هەرەزۆری بۆ هەنگاوی دواترە كە سەربەخۆییە، دڵنیاشن لەوەی كە دوای ریفراندۆم هەڵوێستی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی گۆڕانی بەسەردا دێت و ئەنجامی گشتپرسییەكەش لای ئەوان نادیدە ناگیرێت. بۆیە باشترین بژارە ئەوەیە كە ئەگەر بەغدا مایل نەبێ گفتوگۆ بكات، بە زووترین كات سەربەخۆیی رابگەیەندرێت، چونكە كات لە قازانجی كورد نییە.

كەركووك فاكتەری یەكلاكەرەوە

(2)
بەشی زۆری ئەو ئاستەنگانەی كە لە دوایین ساتەوەختەكان و شەوی پێش گشتپرسیدا خرانە بەردەم بەشداریی كەركووك لە گشتپرسی، ئەگەر بەشێكیان گوشاری دەرەكی بووبن، بەشی هەرە زۆریان ناوخۆیی بوون. ئەڵبەتە سەرەتا چ یەكێتی و چ گۆڕان بەشدارییان لە گشتپرسیدا بەوەوە گرێدابوو كە كەركووك و ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكومەتی هەرێمیش تێیدا بەشدار بن. رەنگبێ لە كونجێكی خەیاڵی سیاسییاندا ئەوە هەبووبێت كە بارزانی سەرباری ناڕەزایەتیی توركیا و حەساسییەتی ئەو مەسەلەیە، نەتوانێ ئەوە بكات، بەڵام كە كرا، ئیتر ئیحراجییەكی سیاسیان بۆ دروست بوو. بەشێكی یەكێتی خۆشحاڵ بوون بەوەی كە بوونی كەركووك لەناو بازنەی گشتپرسیدا وا دەكات بە شێوەی ئۆتۆماتیكی نەتوانرێ هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆكایەتیی هەرێمیش بێ كەركووك و ئەو ناوچانەی دیكە بكرێت و بەوەش تیرێك و دوو نیشان دەبێ. لە قۆناغی یەكەمدا پێویستە پەرلەمان یاسای هەڵبژاردنەكان هەموار بكاتەوە، ژمارە یان نرخی كورسییەكانی پەرلەمان بەپێی ژمارەی دانیشتووانی رێكبخاتەوە و سیستەمی هەڵبژاردنیش بگۆڕێت. لەو حاڵەتەدا، ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان دەبێ لانیكەم بۆ شەش مانگ دوابخرێت. ئینجا بە هاتنەوەی كەركووك بۆ ناو بازنەی هەڵبژاردن، رێژەی دەنگ و كورسییەكانی یەكێتی لە پەرلەمان هەڵكشانێكی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت و ئەوەش كاریگەرییەكی گەورەی لەسەر دەنگدەرانی سلێمانیش دەبێ. بۆیە هەر لەسەرەتاوە گۆڕان هەستی بەو مەترسییە كردبوو، لە ژێرەوە كاریان لەسەر ئەوە دەكرد كە ریفراندۆم لە كەركوك نەكرێت، تا رێخۆشكەر نەبێ بۆ ئەو هەنگاوانەی دواتر دێن.

گرنگە ئێستا پارتە سیاسییەكانی كوردستان خۆیان لەو حیسابانە دەرباز بكەن كە بۆ دەنگ لە كەركووك دەیكەن و بیر لەوە بكەنەوە كە كەركووك ئێستا بەشێكە لە كوردستان و جۆری مامەڵەی داهاتوومان لە بەڕێوەبردن و پێكەوەژیان لەو شارەدا، دەبێتە سەنگی مەحەكی حوكمڕانیی كوردستان و دەوڵەتی داهاتوو.
گومانكردن لە نێچیرڤان بارزانی

(3)
دەرنەكەوتنی نێچیرڤان بارزانی لە هەڵمەتی بانگەشەدا، دەرگای بۆ زۆر مقۆمقۆ كردەوە. ئەڵبەتە بۆ ئەوانەی دەیانزانی، مەبەست ئەوە بوو كە تەنها سەرۆك بارزانی وەك تاكە رەمزی ئەو پڕۆسەیە دەركەوێت و فرەگوتاریی تێنەكەوێت. بەڵام لە هەمان كاتیشدا هەوڵێكی بێوچانی لە سەرخستنی پڕۆسەی كاراكردنەوەی پەرلەمان و رێككەوتنەكاندا بینی كە بوونە هۆی ئەو یەكڕیزییەی لە رۆژی ریفراندۆمدا بینرا. راستییەكی حاشاهەڵنەگریش هەیە كە پێش ئەوەی هیچ ئەڵتەرناتیڤێك بۆ ئەو پەیوەندییە سیاسی و ئابووریانە بدۆزرێتەوە كە نێچیرڤان بارزانی لەماوەی 10 ساڵی رابردوودا بنیاتی نابوون بۆ دابینكردنی بژێوی و گوزەرانی هاووڵاتیان، كوردستان كەوتووەتە ئاستانەی ئابڵوقەیەكی ئابووری و سیاسیی ئیقلیمییەوە. بۆیە هەوڵەكانی ئەو بە ئاراستەی تێگەیاندنی وڵاتانی ئیقلیمی لەوەی كە كوردستان هەڕەشە نییە بۆ سەر ئاسایشی ئەوان و هێوركردنەوەی بارودۆخەكە، ئەو تەعبیرە هەڵناگرێت كە گومان بكرێت لەوەی لەگەڵ سەربەخۆییدا نییە.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP