بەپەلە

دووڕویی سیاسی!

ئارام قادر حەمەسور - 26-09-2017 - 4359 جار خوێندراوەتەوە

لەیاریگای سیاسەتدا یاریزانە سیاسییەكان باش یاریدەكەن، تا دیمەنی سیاسی جوان پیشانی لایەنگران بدەن، ماوەیەك دڵی لایەنگرانیان خۆشدەكەن و ئومێدیان بۆ دروستدەكەن، بەڵام لە چڕكە ساتێكی گرنگدا دەكرێت ئەو ئو مێدانە بگۆڕێن بۆ بێ ئومێدی گەورە، هیچ شتێك لە سیاسەتدا لەوە ناشیرین تر نییە پارتێك دژایەتی پارتێك بكات بەڵام لە كۆتای یارییەكەدا تەسلیمی ببێت، كاتێك هێزێك خەڵك هاندەدات بۆ دژایەتی پڕۆژەكانی هێزی بەرامبەر و لە كۆتایدا سەركردایەتییەكەی  تەسلیمی بەرامبەر دەبێت  و لایەنگرانی بەتەنیا جێ دەهێڵێت ئەوە كۆمیدیای حیزبایەتییە، ئەوە دووڕویی سیاسەتی حیزبەكانە لەهەرێمی كوردستاندا.

بەهۆی ڕیفڕاندۆمەوە حیزبەكانی كوردستان بوونە چەند بەرەیەك، بەرەیەك بە بێ ترس بەڵێ یان هەڵبژارد، جوڵانەوەیەكیش بێ ترس نەخێری هەڵبژارد، دوو هێزیش بەشەرمەوە سیاسەتیان دەكرد لەسە بەڵێ و نەخێر ڕۆژیان بەڕێدەكرد، ناكرێت سیاسەت بەشەرمەوە بكرێت، شەرمكردن لە بڕیاردانی سیاسی جۆرێكە لە دۆڕان، حیزبە بێ ئیرادەكان ناتوانن بڕیاری یەكلا كەرەوە بدەن، بەڵكو لە سەر ڕامكردن و خافڵاندنی لایەنگرانیان نانی سیاسەت دەخۆن، لەسیاسەتدا بوێری سیاسی هێزێكی گەورە دەدات بە پارتەكان.

بزوتنەوەی گۆڕان خاوەنی نیو ملیۆن دەنگدەرە و سەركردایەتییەكەی بڕیاری ڕونی پێنەبوو، لەكۆتایدا دەنگدەرانی ئازاد كرد لە نێوان بەڵێ و نەخێر دا، ناكرێت هێزێكی نیو ملیۆنی بڕیاری نەبێت بۆ پڕۆسە گەورەكان، لەكاتێكدا دەنگدەرانی گۆڕان دەنگی ناڕازی و دژە دەسەڵاتی جوتحیزبن، بۆیە بڕیارەكە شەرمنانەبوو، كۆمەڵی ئیسلامی ڕەخنەی توندی لەبەرەی پارتی دەگرت و بە ڕەگەڵ كەوتووی دادەنان، بەڵام خۆی لەكۆتاییدا بڕیاری بەڵێیدا! كۆمەڵ چەند مانگە دژایەتی بەرەی پارتی دەكردو بەبەرەی ئەهریمەنی دادەنا، لەكۆتایدا خۆی چووە ناو ئەوبەرەیەو سحری بوێرییەكەی بەتاڵ بۆوە.

ئەم دوو هێزە پێیان وابوو بەڵێ بۆ پارتییە و دژایەتیان دەكرد، بەڵام دەستیان كەشف بوو، ئیرادەیان لاوز بوو تەنیا خەڵكیان خافڵاند، دەبوو هەر لەسەرەتاوە تەسلیم بووبان نەك یاری بە سایكۆلۆجیای ئەندامانیان بكەن، جارێكی تر سەلماندتان سیاسەت بیابانێكە هیچ دارێكی تێدا سەوز نابێت لەسەر دەستی ئێوە، خەڵكیشتان هێنایە ئەو قەناعەتە كە ئێوەش هەمان عەقڵیەتی حیزبە كلاسیكیەكانتان هەیە و تەنیا چەند ماسكێكتان بەستبوو بۆ خەڵەتاندنی لایەنگرانتان،  پێویستە خۆری جوڵە و پارتی نوێ سەرهەڵبدات و ئەم جورە عەقڵیەتە لەناوبەرێت، ئەم هێزانە متمانەیان نەماوە و یاری بە لایەنگرانیان دەكەن، دەبێت لایەنگرانیان سزایان بدەن، چونكە هەمویان سێوەكانیان خستە سەبەتەكەی دەسەڵاتەوە و هەموویان چەمانەوە بۆ دەسەڵات، هێزێك لەسەرەتاوە چەمابێتەوە بۆ دەسەڵات باشترە لە و هێزانەی دوای درۆ گەورەكانیان دەچەمێنەوە، چونكە ئەمانە حیزبی دووڕوی سیاسین.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP