دوای‌ ڕیفراندۆم چی‌؟

نەوزادی موهەندیس - 26-09-2017 - 2757 جار خوێندراوەتەوە

ماوەی‌ 3 مانگ زیاترە هەموانمان  سەرقاڵی‌ باسوخواسی‌ ڕیفراندۆم بووین بۆ سەربەخۆی‌ كوردستان و هەموانمان لە ترس و دڵڕاوكێدا دەژیاین، پێكەوەش لە كەشوهەوایەكی‌ گەرمی‌ بەرەی‌ بەڵێ‌ و نەخێردا تۆمەت و ناوزڕاندن و هەندێكجاریش تۆوی‌ دووبەرەكی‌ و..هتدمان. بە ئگادایی‌  یان بێئاگایی‌ دەچاند. و لەناوخۆدا ئەوەی‌ كە پێویست بوو بكرێت لە پێكەوەنانی‌ بەرەیەكی‌ ناوخۆیی‌ یەكگرتوو و پتەو لە یەك دەنگی‌ و كۆدەنگیدا نەتوانرا چێ‌ بكرێت، لە دەرەوەی‌ هەرێمیش لەناوچەكە و دونیاشدا بەرەیەكی‌ دژی‌ ڕیفراندۆم و خواستەكانی‌ كورد ئامادەگی‌ گەرموگوڕ و جدیان هەبوو بەوەی‌ كە دوابخرێت یان نەكرێت و تەنانەت لەلایەن وڵاتانی‌ دراوسێی‌ و داگیركەرانی‌ كورستانیشەوە جۆرەها هەڕەشە و گوڕەشەی‌ سیاسی‌ و ئابوری‌ و سەربازیان لێدەكردین بۆ پەشیمانبونەوە  لە چێكردنی‌ ڕیفراندۆم.

بۆیە بەڕاستی‌ كەشوهەوای‌ سیاسی‌ و دەروونی‌ ئەم 3 مانگەی‌ ڕابووردوو زۆر مەترسیدار و نائارام و ترسێنەر بوو.بەڵام كورد چی‌ كرد؟

بۆ یەكەم جارە سەركردایەتی‌ سیاسی‌ كورد بەو پەرشوبڵاوی‌ و ڕاڕایی‌ و جیاوازی‌ بۆچوون و ڕێكنەخستنی‌ نێوماڵی‌ خۆیدا، كە هیچ مژدەبەخش نەبوو بۆ سەرگرتن و سەرخستنی‌ پڕۆسەیەكی‌ وا گرنگ و چارەنوسساز ،بەڵام توانی‌ بەسەر هەموو جیاوازیەكاندا بازبدات و بتوانێت بڕیارێكی‌ نەگۆڕو كۆنكرێتی‌ بدات بە بەرژەوەندی‌ چێكردنی‌ ڕیفراندۆم و سەرخستنیشی‌،سەرەڕای‌ بەڵێن و پێشكەشكردنی‌ هەندێ‌ جێگرەوەی‌ زارەكی‌ لەلایەن گەورەترین وڵاتانی‌ دونیا و نەتەوە یەكگرتوەكانیشەوە. بۆیە ئەم بڕیارە و سەرخستنی‌ پڕۆسەكە بەخاڵێكی‌ زۆر ئەرێنی‌  حساب دەكرێت بۆ ئەو سەركردە و حیزبە سیاسیانەی‌ كە ڕابەرایەتی‌ و پشتیوانی‌ و  بەگەرمی‌ هەڵسوڕاو بوون بۆ سەرخستنی‌ ئەم ڕیفراندۆمە و بەلاپەڕەیەكی‌ ڕۆشنیش بۆیان حساب دەكرێت، بەپێچەوانەشەوە هەموو ئەو حیزب و سەركردە و لایەن و گروپانەشی‌ كە دژی‌ ڕیفراندۆم بوون ئەوا بەدڵنیایی‌ دەچنە بەرەی‌ دژ بە بەرژەوەندیە ستراتیژیەكانی‌ گەل و نیشتیمان و نەتەوەوە و لەمێژووشیاندا بە لاپەڕەیەكی‌ ڕەش تۆمار دەكرێت.

لەئێستادا و دوای‌ سەركەوتنی‌ پڕۆسەكە و بەدەستهێنانی‌ ڕێژەیەكی‌ بەرزی‌ دەنگی‌ ((بەڵێ‌)) بۆ ڕیفراندۆمەكە، ئەركی‌ كورد چیە؟ و دەبێت هەنگاوەكانی‌ ئایندەی‌ چی‌ بێت؟ و چۆن ئەم دەنگی‌ بەڵێ‌ یە وەبەربهێنێت بۆ بەرژەوەندیەكانی‌ كورد و كوردستان ؟ و سەربەخۆیی‌ كوردستان چۆن هەنگاوی‌ بۆ بنرێت؟

كورد و سەركردایەتی‌ سیاسی‌ و حیزبە باڵادەستەكانی‌ هەرێم چەند ئەركێكی‌ گرنگیان دەكەوێتە ئەستۆ، كە ئەركی‌ سەخت و دژوارن لەبەرامبەر قۆناغی‌ پێش ڕیفراندۆمدا و پێویست بە پشوودرێژی‌ و نەرمی‌ نواندن و گوێگرتن بۆ هەموان و وازهێنان و دووركەوتنەوە لە عینادی‌ سیاسی‌ و ڕقوكینەی‌ كۆن و پاراستنی‌ بەرژەوەندی‌ تەسكی‌ حیزبی‌ و كەسی‌ خۆیان و لەسەروو هەمووشیانەوە دووركەوتنەوەیە لە غرورو سەرمەستی‌ بەهۆی‌ سەركەوتنی‌ پڕۆسەكەوە.

• ئەركی‌ سەركردایەتی‌ كورد لەناوخۆدا بریتیە لە:

• هەوڵدان بۆ سەرخستنی‌ پڕۆسەیەكی‌ ئاشتەوایی نیشتیمانی‌ سەرتاسەری‌ لەگەڵ هەموو سەركردە و پارتە سیاسیەكاندا.

• گڕوتینی‌ جەماوەر  خاو وسارد نەكاتەوە و ئەو متمانەیەی‌ كە تاڕادەیەك دروستبۆتەوە لە نێوان جەماوەری‌ میلەتەكەمان و سەركردایەتیدا بەگەرموگوڕی‌ بهێڵریتەوە و متمانەیان لەق نەكات و توشی‌ بێئومێدی‌ و دڵڕەنجاویەكی‌ تریان نەكاتەوە.

• هەوڵ و كاری‌ جدی‌ بكات بۆ بەدامەزراوەیكردنی‌ سەرجەم ئۆرگانەكانی‌ حوكمڕانی‌ لەهەرێمداو هەوڵی‌ دووبارەكردنەوەی‌ هەڵەكانی‌ ڕابووردوو نەدات دژی‌ دامەزراوە شەرعیەكانی‌ حوكمڕانی‌ لە كوردستاندا. بەمەبەستی‌ توندوتۆڵكردنی‌ ژێرخانی‌ حوكمڕانی‌ دەوڵەتە سەربەخۆكەی‌ ئایندەمان.

• تابتوانێت دەستبگرێت بەبنەماكانی‌ دیموكراسی‌ و ئازادی‌ و عەدالەتی‌ كۆمەڵایەتی‌ و دادپەروەری‌ و یەكسانی‌ و پێكەوەكاركردن و ڕێزگرتن لەمافی‌ كەمینەكانی‌ ناو هەرێمی‌ كوردستان.
• هەوڵی‌ جدی‌ بدات بۆ دامەزراندن و پێكەوەنانی‌ حكومەتێكی‌ ڕەشید  كە بتوانێت داهات و سەروەت و سامانی‌ وڵات بخاتە خزمەتكردنی‌ جەماوەر و دووربكەوێتەوە لە گەندەڵی‌ و ناشەفافیەت و هەوڵی‌ خۆشگوزرانی‌ و خزمەتكردنی‌ هاونیشتیمانیان بدات.

• هەوڵی‌ نوسینەوەی‌ دەستورێكی‌ مۆدێرنانە بدات بۆ هەرێمی‌ كوردستان بەهێمنی‌ و لەسەرخۆ و دوور لە دروستكردنی‌ بارگرژی‌ و هەستیاری‌ لەگەڵ عێراق و وڵاتانی‌ ناوچەكە ،بەپێچەوانەی‌ ئەوەی‌ كەلە ڕیفراندۆمدا كردمان.

• ئەركی‌ سەركردایەتی‌ كورد لە گەڵ بەغداد بریتیە لە:

• دەستكردن بە گفتوگۆیەكی‌ هێمنانە و لێپرسراوانە و جدی‌ لەسەر ئەنجامی‌ ڕیفراندۆم و چۆنێتی‌ دانانی‌ پلانێكی‌ هێمنانەی‌ دوور لە گرژی‌ و ئاڵۆزی‌ نانەوە بۆ خۆ ئامادەكردنی‌ هەردوولا بۆ ئایندەیەكی‌ نوێ‌ و ڕاگەیاندنی‌ سەربەخۆیی‌ و جیابونەوە، و دەكرێت سوود لە ئەزموونی‌ وڵاتانی‌ تازە سەربەخۆ یان هەلومەرجی‌ جیابونەوە و هەڵوەشانەوەی‌ هاوپەیمانیەكان بدرێت لەدونیادا.

• پێویستە گفتوگۆیەكی‌ بوێرانە و ڕوون و ئاشكرا بێت لەسەر هەموو مەسەلەكانی‌ (( سنور و نەوت و پێشمەرگە و داهات و ئاو و ئاسمان و ..هتد.) كە هەموو ئەمانە پایەی‌ گرنگن بۆ بەردەوامی‌ دەوڵەتە سەربەخۆكەی‌ ئایندەمان. كە هەموو ئەم ئەركانە زۆر سەخت و دژوارن و پێویست دەكات تاتبتوانرێت دوور لە جەنگ و پێكدادان بكرێت.و لە ژێر سایە و چاودێری‌ زلهێزەكان و نەتەوە یەكگرتوەكانیشدا ئەنجام بدرێت،چونكە عێراق و دەسەڵاتدارانی‌ عەرەبی‌ بە سانایی‌ دەستهەڵناگرن لەم هەرێمی‌ كوردستانە.

• ئەركی‌ كوردە كە لە دەسەڵاتدارانی‌ بەغداد بگەیەنێت كە كورد و دەوڵەتەكەی‌ ئایندەی‌ دەبێتە دراوسێیەكی‌ باش، نەك بەم شێوەیەی‌ ئێستا نەشەریك و نە بەشدار و نە خاوەن ماڵ و نە دراوسێیەكی‌ باشە بەڵكو هەردوولا لە جەنگ و ململانێیەكی‌ نەبڕاوەدا دەبن كە بە زیانی‌ گەورە بۆ هەردوولا دەشكێتەوە.

• ئەركی‌ سەركردایەتی‌ كورد لەبەرامبەر وڵاتانی‌ داگیركاری‌ كوردستان لەناوچەكە و ئەوانی‌ تریشدا بریتیە لە:

• دەبێت هەموان تێبگەیەنرێت كە دەوڵەتی‌ سەربەخۆی‌ كوردستان لە ئایندەدا بریتیە لە دراوسێیەكی‌ باش لەسەر بنەمای‌ ڕێزگرتن لەسەروەری‌ هەردوولا و پەیوەندی‌ باشی‌ دراوسێیانە و ئەم دەوڵەتە نابێتە مایەی‌ هیچ هەڕەشەیەك بۆ سەر ئەمن و ئاسایشی‌ ئەوان ، بەڵكو دەبێتە هاوكار و پشتیوانی‌ هەموان لەگەشە و پێشكەوتنی‌ ناوچەكە و دابینكردنی‌ ئەمن و ئاسایش بۆ وڵات و گەلانی‌ ناوچەكە .و هەموانیش لەناوچەكەدا هەمان چارەنوس و مەترسی‌ و ئاڵنگاری‌ بەرەو ڕوویان دەبێتەوە و پێویستیشە هەموان پێكەوە كاربكەن بۆ پاراستنی‌ بەرژەوەندیەكانیان. هەموو ئەم كارانەش دوور لە زمانی‌ هەڕەشە و بەكارهێنانی‌ چەك و جەنگ و گەمارۆو گەلەكۆمەكی‌ دوژمنكارانە دەبێت .

• ئەركی‌ سەركردایەتی‌ كورد لەبەرامبەر وڵاتانی‌ زلهێز و نەتەوە یەكگرتوەكانیشدا بریتیە لە:

• دەبێت كورد بەڵێن و پابەندبوونی‌ خۆی‌ دووپاتبكاتەوە بەوەی‌ كە بەردەوام دەبێت لەبەرەی‌ دژ بە تیرۆریستان و لە جاران زیاتر گەروموگوڕ تر و مكوڕتر دەبێت لە دژی‌ داعش و هاوشێوەكانی‌.

• هیچ كات دژ بە پلانی‌ ئەوان و بەرژەوەندیەكانیان ناوەستێتەوە .

• وەك دەوڵەتێكی‌ یاسایی‌ و ئەندامێكی‌ كارا و ئاكتیڤی‌ كۆمەڵگای‌ نێودەوڵەتی‌ مامەڵە دەكات و خۆ دەپارێزێت لە توندوتیژی‌ و زمانی‌ زبر و هەڕەشە.

• كاریش دەكات بۆ پاراستنی‌ ژیان و مافی‌ كەمە نەتەوە و ئاینی‌ و مەزهەبیەكان لەكوردستاندا .

• دەشبێتە ئەندامێكی‌ چالاكی‌ نەتەوە یەكگرتوەكان و لە چوارچێوەی‌ یاسا نێودەوڵەتیەكاندا هەڵسوكەوت دەكات.

بەم شێوەیە كورد لەئایندەدا دەبێت لەجاران زیاتر ڕووی‌  پرشنگدار و دیموكراسیەت و ئازادیەكان و شارستانێتی‌ خۆی‌ پیشان هەموان بدات و وەك دەوڵەتێكی‌ خاوەن سەروەری‌ و سیادە و چوارچێوەی‌ یاسا نێودەوڵەتیەكان خۆی‌ نمایش بكات نەك  وەك وڵاتێكی‌ دەرچوو لەیاسا و هەڵگەڕاوە لە خواست و یستە نێونەتەوەیی‌ و ناوچەییەكان، پێویستە زیاتر پەیوەندیە سیاسی‌ و ئابوری‌ و سەربازیەكانی‌ خۆی‌ گەشەپێبدات لەگەڵ هەمواندا.

بۆیە كور د و سەركردایەتیەكەی‌ لە دوای‌ سەركەوتنی‌ ڕێفراندرمەوە ئەركەكانی‌ ئێجگار سەخت و دژوارتر  دەبێت،چونكە گەر نەتوانرێت ئەم ئەنجامە دڵخۆشكەرەیەی‌ ڕیفراندۆم وەك كارتێكی‌ بەهێز وەبەربهێنرێت بۆ بەرژەوەندیەكانی‌ ئایندە و ڕاگەیاندنی‌ دەوڵەتی‌ سەربەخۆی‌ كوردی‌ ،ئەوا تەنها وەك مەرەكەبی‌ سەركاغەز دەمێنێتەوە و بوون و نەبوونی‌ وەك یەك وادەبێت.

 بۆیە گرنگترین هۆكار بۆ بەردەوامبوون لەسەرخستن و هەنگاونانی‌ زیاتر بۆ پێشەوە بریتیە لە یەكڕیزی‌ نیشتیمانی‌ و نەتەوەیی‌ و كۆدەنگی‌ و پێكەوەكاركردن و ئاشتەوایی‌ نێوخۆیی‌ و لەدەستنەدانی‌ متمانەی‌ زیاتری‌ جەماوەری‌ گەلەكەمان و ئامادەسازیش بكرێت بۆ هەموو ئەگەرە چاوەڕوان نەكراوەكان كەلەلایەن وڵاتانی‌ دەرودراوسێوە دژمان ئەنجام بدرێت،كە خۆشبەختانە ئەم سەردەمەی‌ جیهان و بەرژەوەندیە ئابوریەكان هێندە تێكچڕژاون كە ئاسان نیە وڵاتانێك پەلاماری‌ سەربازی‌ گەل و نیشتیمانێكی‌ تر بدەن  بە بەرچاوی‌ زلهێزەكانەوە جەنگ و شەڕێكی‌ نەخوازراو هەڵبسێنن و بەتایبەتیش لە ئێستادا كە زلهێزەكان لەئەمریكا و ڕوسیا و ئەوروپیەكان هێزی‌ زۆر و زەوەند و ئامادەیان هەیە لەناوچەكەدا.

بۆیە هەموو ئەم ئەركانە كاری‌ جدی‌ و لەخۆبووردن و پێكەوەكاركردنی‌ زیاتری‌ دەوێت دوور لە عینادی‌ سیاسی‌ و حساب بۆ نەكردنی‌ یەكتری‌ .دەبێت هەموان ئەو ڕاستیەش لە بیر نەكەن كە ئەم سەركەوتنەش بۆ هەموانە و تایبەت بە كەس و حیزب و لایەنێكی‌ دیاریكراو نیە،خۆئەگەر كۆدەنگیەكی‌ باشتر و ئامادەسازیەكی‌ لەبارتربكرایە ئەوا دەكرا ڕێژەی‌ دەنگی‌(( بەڵێ‌ ))كان بەرزتر و بەهێزتر بوایە.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP