با حه‌كیمێك بێت و هۆكاری‌ ئه‌م كش و ماتیه‌ی‌ شارم تێبگه‌یه‌نێت!

عه‌تا قه‌ره‌داخی - 25-09-2017 - 9977 جار خوێندراوەتەوە


شێخ ره‌زای‌ تاڵه‌بانی بۆ میرنشینی بابان ده‌گریاو باسی ساته‌كانی سه‌روه‌ری‌ ئه‌م شاره‌ی‌ ده‌كرد كاتێ سلێمانی به‌ زه‌لیلی و ژێرده‌سته‌یی بینی گووتی: له‌بیرم دێ سلێمانی كه‌ دارولمولكی بابان بوو... نه‌ مه‌حكومی عه‌جه‌م نه‌ سوخره‌كێشی ئالی عوسمان بوو.

 به‌هه‌رحاڵ سلێمانی سه‌باره‌ت به‌ ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌ڵێی ئاشی ئاوكه‌وتووه‌.  ئێواره‌ی‌ دوێنێ له‌گه‌ڵ هاوڕێی چل ساڵه‌م دكتۆر كامه‌ران ئه‌مین قه‌ره‌داخی كه‌ رۆژی‌ 7ی‌ ئازار- كاتێ ده‌رگای‌ زیندانی ئه‌منه‌ سووره‌كه‌ شكێنرا پاش ماوه‌یه‌كی دوورو درێژ له‌ زیندانی فاشیه‌كان رزگاری‌ بوو- كه‌مێ پیاسه‌مان به‌شاردا كرد، به‌داخه‌وه‌ شار بۆنی پرسه‌ی‌ لێ ده‌هات.

 ئاخر من تێناگه‌م شارێك قه‌ڵای كوردایه‌تی بووبێت، شاری‌ شه‌هیدان بێت، شاری‌ خه‌بات و به‌رخوردان بووبێت، شاری‌ مه‌ولانا خالیدو شێخ مارف و حاجی كاك ئه‌حمه‌دی‌ شێخ و ئیبن ئه‌لقره‌داخی و شێخ محه‌مه‌دی‌ خاڵ بێت، شاری‌ شێخ مه‌حمودو یه‌كه‌م حكومه‌تی كوردی‌ بێت، شاری‌ شه‌هیدان محه‌مه‌د قودسی و شه‌هابی شێخ نوری‌ و ئارام و هه‌زاران شه‌هیدی‌ تر بێت... شاری‌ ئه‌ده‌ب و هونه‌ر بێت، ئه‌و شاره‌ بێت كه‌ به‌زینی به‌خۆیه‌وه‌ نه‌بینیبێت...

 بۆچی له‌ رۆژی‌ پێش ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیدا كش و مات بێت... باشه‌ به‌رپرسه‌ یه‌كه‌مه‌كانی ئه‌م شاره‌ له‌ كوێن بۆ قسه‌یه‌ك ناكه‌ن... كوان به‌رپرسانی باڵاده‌ستی ئه‌م شاره‌... من تێناگه‌م له‌ عه‌سردا بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ كه‌ناڵه‌كانی ته‌له‌فیزیۆنی یه‌كێتی نه‌مان.. ترسام خۆ ئینقیلاب رووینه‌داوه‌.. به‌ڵام دوایی بیرم هاته‌وه‌ ئینقیلاب له‌ كێ ؟ ئه‌وه‌ سه‌رده‌می عێراقی داگیركه‌ر بوو كه‌ ئه‌گه‌ر رادیۆ نه‌مایه‌ ده‌یانگوت ئینقیلاب بووه‌... باشه‌ من تێناگه‌م ئه‌م شاره‌ بۆ وایه‌... هه‌زار ره‌حمه‌ت له‌ گۆڕت شێخ ره‌زا تۆ بۆ دارولمولكی بابان ده‌گریایت... به‌ڵام شاره‌كه‌ی‌ تۆش له‌م دوو سێ رۆژه‌دا حاڵی له‌ دارولمولكه‌ روخاوه‌كه‌ی‌ بابان باشتر نه‌بوو... كه‌سیش نه‌بوو وه‌كو تۆ بێت و بۆ سلێمانی و كه‌ركوك بدوێت... گوێم له‌ پاساو بوو به‌ڵام له‌ كه‌سانێكه‌وه‌ كه‌ ئێستا بوون به‌ سیاسی و به‌رپرس... به‌داخه‌وه‌ ئه‌گه‌ر به‌دبه‌ختی كورد نه‌بێت ده‌بێ ئه‌وانه‌ چاودێریی بكرێن نه‌ك به‌رپرسیار بن... مامه‌ ره‌زا ئه‌م ئێواره‌ دیمه‌نه‌كان به‌مجۆره‌ بوون...

 هیوادارم  خۆرێكی نوێ هه‌ڵبێت خوێنی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوه‌كان به‌ فیڕۆ نه‌ڕوات.. دره‌ختی خه‌باتی پێشمه‌رگه‌و ماندبوونه‌كانی جه‌ماوه‌ر بێته‌به‌ر.. كه‌ بریتیه‌ له‌ ئازادی‌ و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان كه‌ به‌ بێ گڕی‌ گه‌رمی رۆحی كه‌ركوك و ئه‌و ناوچانه‌ی‌ كه‌ به‌ غه‌در ناویان لێنراوه‌ ناوچه‌ی‌ جێناكۆك نه‌ك هه‌ر ئازادی‌ بێ مانا ده‌بێت، به‌ڵكو خۆشمان ئیفلیج و ناته‌واو ده‌بین بۆیه‌ هیوادارم هه‌موومان به‌ ده‌نگی به‌ڵی رۆحی شه‌هیدان شاد بكه‌ین و سه‌ره‌تای مێژوویه‌كی نوێ بۆ كوردستان ده‌ست پێبكه‌ین.. مێژووی‌ ئازادی‌ و سه‌ربه‌خۆیی.. مێژوویه‌ك له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ ژێرده‌سته‌یی عه‌ره‌بی عێراق، مێژوویه‌ك كه‌ تیایدا مرۆڤی كورد به‌كه‌رامه‌ته‌وه‌ تیایدا بژی و جارێكی تر نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ئه‌و قۆناغانه‌ی‌ مامه‌ ره‌زا رابردوومان بلاوێنێته‌وه‌، به‌ڵكو مێژوویه‌ك تیایدا ببین به‌ خاوه‌نی خۆمان و بێینه‌ ناو مێژووه‌وه‌.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP