بەپەلە

کۆمەڵگەی پڕمەترسی

شۆڕش خالید ئاژگەیی - 22-09-2017 - 3290 جار خوێندراوەتەوە

کۆمەڵگەی پڕ مەترسی لە ئەدەبیاتی سیاسی و کومەڵناسیدا، شوناسی کۆمەڵگەیەکە سەرلەبەری بڕیارەکان لە سەر بنەمای بەەدەستە وەدانی کەمترین دەرھاوێشتەی نەرینی و خراپەوە لە ژوورە تارکیەکانەوە دەردەچن.

کۆمەڵگەیەکە تیایدا ڕێکخراوە حکومی و ناحکومیەکان، دەسەڵاتدارانی سیاسی و نوخبەی حوکمڕان و بازرگان و دامەزراوەحکومیەکان بە مەبەستی کەم کردنەوەی ئاستی زەرەرو زیانەکان و کاڵ کردنەوەی دەرھاوێشتە سلبیە درێژخایەنەکان و بەدەست ھێنانی ڕەزامەندی ھاوڵاتیان، بە گرتنە بەری کۆمەڵێک ڕێووشوێنی تایبەت و دارشتنی ستراتیژیەکی تۆکمە و پێشتر دیراسەکراوەوە، چارەسەری کێشە کۆمەڵایەتی، ئابوری و سیاسیەکانەوە ئەخەنە سەرووی ھەوڵەکانیانەوە. 

دەستەواژەی کۆمەڵگەی پڕ مەترسی، یا کۆمەڵگەی پڕ ( موجازەفە) یا Riscy Societyt ، سەرەتا لە لایەن ئەندێشمەندی ناوداری ئەڵمانی (ئولریک بێک) ەوە لە ساڵی ١٩٨٦پێناسە کرا. 

بە پێی بۆچوونی ئۆلریک، کۆمەڵگەی موجازەفە یا پڕ لە مەترسی لە سەرەتای سالانی ھەفتا و ھەشتاوە لە وڵاتانی پێشکەوتوو گەشەسەندوودا ئاماژەکانی دەرکەتون.
 ھۆکارە سەرەکیەکانی دەرکەوتنی ئەم جۆرە کۆمەڵگایانە بە پلەی یەکەم دەگەرێتەوە بۆ ئەو پێشکەوتنە چاوەروان نەکراوانەی بە شێوەیەکی گشتی لەلایەک لە بوارەکانی تێکنۆلۆجیا و رەفاھی کۆمەڵایەتی ولە لایەکی ترەوە دەرەنجامەکانی شەپۆلی فەردگەراییەوە لە وڵاتانی پێشکەتوو ھاتنە ئاراوە. 

شەپۆلی ئەم فەرگەراییە وەک یەکێک لە دەرھاوێشتە بەرچاوو گەورەکانی پێشکەوتنی جڤاکە ڕۆژئاواییەکان، بوو بە یەکێک لە سیماو مۆرکە ھەرە حاشاھەڵنەگرەکانی کۆمەڵگا. بەو پێیەی ھاوڵاتی چیتر لە ناو جەرگەو سەنتەری ژیانێکی تەواو کۆمەڵایەتی و قەرەباڵغ و تەوژمی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانەوە چاوی بە دوونیا ھەڵنەدەھێنا. بەڵکو لەگەڵ داھێنانە خێراکانی بواری تێکنۆلوژیا و ئاسانکاری و پتەو بوونی بنەماکانی خۆشگوزەرانی و رەفاھی کۆمەڵایەتی و سەربەخۆیی ئابوری خێزان و تاک لە یەکترو نەمانی جۆرێک لە وابەستەییە ئابوریەکانی ئەندامانی کۆمەڵ و پاڵپشتی حکومەتەکان لە فەرد، زەمینەی درووست بوون و فۆرم گرتنی کۆمەڵگەی پڕ مەترسیش رەخساو ھەلومەرجە تازە پێشھاتووەکانیش بوون بە فاکتەری سەرھەڵدانی ئەم جۆرە کۆمەڵگایانە. 

فەردی لە دایک بوو لە نێو بۆتەی ئەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا چیتر وەک پێشوو توانای مامەڵەی ڕووبەروووبوونەوەی مەترسی و تەحەدیات و ھەرەشە و دۆزینەوەی خێرای چارەسەرەکانی نەبوو. بەڵکو ئەم پرسە خرایە ئەستوی حکومەت و ڕێکخراوو دامودەزگاو سەندیکاکانی تایبەت بە کڕیکارانەوە. 

ئەم تایبەتمەندیە زیاترھاوکات بوو لە گەڵ سەردەمی دەسەڵاتدارێتی بزاڤ و رەوت و پارتە سۆسیالیستەکانی ئەرووپا لەوانە سۆسیال دیموکراتەکان. 

بە لای ئۆلرێکەوە، شوناسی کۆمەڵگەی ریسکی یا موجازەفە یا باشتر بلێین پڕ مەترسی، شوناسێکە ئاوێتە بووە بە ڕەخنەی شارستانی. بە واتایەکی تر بۆ پێناسە کردنی کۆمەڵگەی پڕ لە مەترسی پێویستە بە چاوی ڕەخنەوە لە کومەڵگە شارستانیەکانەوە بڕوانین و کۆمەڵگەی موجازەفە، دەستەواژەی پێناسەکردنێکی ڕخنەگرانەی تایبەتە بە شارستانیەتی کۆمەڵگە پێشکەوتووە فەردگەراکانەوە. 

بەڵام ھەردوو بیرمەندی ھاوچەرخ، نیکلای لوومەن و ئانتۆنی گیدنس، پێیان وایە ئەم دەستەواژەیە ( کۆمەڵگەی موجازەفە) زیاتر پەیوەندی بە مۆدێرنێتەوە ھەیە و دەکرێ لەم بوارەدا بۆ پێناسە کردنی ھەندێ شوناسی کۆمەڵگە سوودی لێوەربگیرێت کە ئەمەی ئەم دواییە بابەتی نوسین و شرۆڤەکردنی ئێمە نیە و دەکرێ لە نووسینێکی تردا بپرژێینە سەری و تیشک بخەیەنە سەر مۆدێرنیتە و ھەلسەنگاندنی کۆمەڵگەی کوردی بە پێی پێوەرە کانی پەیوەیست بە چۆنیەتی توێژینەوەی کۆمەڵگە وستانداردەجیھانیەکانی تایبەت بەم بوارەوە.

ئەگەر بریارەکانی تایبەت بە ژیان و گوزەران و بوارەکانی تایبەت بەسەردەمە جۆراوجۆرەکانی ڕاگوزەری کۆمەڵگە لە ڕووی پەیوەندیە کۆمەڵایەتی، باری ئابوری و دۆخی سیاسی و ئاستی پێگەیشتن و پێگەیشتوویی و ھۆشیاری کۆمەڵایەتی تاکەکانی، لە کۆمەڵگەی پڕمەترسی یا موجازەفەدا، بەو جۆرو شێوازەی لە سەرەوە ئاماژەی پێدرا، دەربچن، ئەی دەبێ لە کومەڵگەی کوردی دۆخەکە چۆن بێت؟

کێین ئەوانەی بڕیاری کۆتاییان بەدەستە؟
 ڕای گشتی کێن؟ دەستەبژێری سیاسی کامانەن؟ نوخبەی ڕۆناکبیری لە کوێی ئەم ھاوکێشەیەدان؟ ئەی ئابورینانسان ؟ نوخبەی سەربازی؟
لەکۆمەڵگەیەکدا کەوا تاکەکانی بە درێژایی  مێژوو ژیانی ژێردەستەییان بەسەر بردووە و لە ژێر ستەمی نەتەوایەتی و دیکتاتۆری خۆیان ناسیوەو ھەناسەی ئازادیان نەداوە، لە کۆمەڵگەیەکی فرە ڕەنگی وەک کوردستان کەوا ڕەگەزەکانی شارچێتی و ناوچەگەرێتی و ئینتیما  بۆ بنەماڵە و گوند و شارو خێڵ و حزب، لە سەرووی ھەموو بەھایەکی کۆمەڵایەتی و نیشتیمانی و نەتەوییەوەن، لە کۆمەڵگەیەکدا کەوا ساڵەھای ساڵە بە دەرد قەیران و جەنگ و ماڵوێرانی و کاول بوونی بنەماکانی ژیان و مانەوەو شارستانیەتەوە دەناڵێنێ و برست و تاقەت و توانای لێ بڕیوە و کۆمەڵگەیەکی تەواو شەکەت وماندوو بێزارە لە نەھامەتیە نەبڕاوەکانی ژیان!

لە کۆمەڵگەیەکدا بەھا ئابوریەکان شوێنی ھەموو بەھا کۆمەڵایەتی و ئایینی و  ئینسانیەکانی گرتۆتەوە و خۆ دەوڵەمدند کردن و سەروەت و سامان کۆکردنەوەو گەیشتن بە پلەی ئابوری بەرز وپیاوی ماقوڵی سەروەت و سامانی بێ شومارو لە بن نەھاتوو، بووەتە ھۆکاری بڵاوبوونەوەی تاعونی گەندەڵی و داڕمانی ھێزە مرۆییەکان و زەق بوونەوەی کەلێن و جیاوازیە بەرچاوەکانی نێوان چینی ھەژار و دەوڵەمەند و دەرکەوتنی دۆخی ئەسەف باری بێدادی ئابوری وپەل ھاویشتنی بۆ ناو ناخی کۆمەڵگە و ھەوڵوەشانەوەی دەیان خێزان و برسی بوون و ھەژار کەوتنی توێژێکی سەرەکی و  تەشەنە سەندنی بێ عەدالەتی و کاڵ بوونەوەی ھەست و سۆزی بەزەیی پێدا ھاتنەوە لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵەوە!

لە کۆمەڵگەیەکدا کەوا زۆر بە ئەستەم ڕەگەزە سەرەکیەکانی یەکگرتوویی و گوتارێکی نەتەوەیی یەکانگیری تیادا دەبینرێ و دووبەرەکی و دەستەگەری تەنانەت ناو جەرگەی حزب وگرووپ و بزاڤە سیاسی و سەندیکاو یەکێتیە ئایینی و جڤاکیەکانیشی گرتۆتەوە، لە جڤاکێکدا تۆخ بوونەوەی بەرژەوەندیە حزبیەکان و خەست بوونەوەی بەرژەوەندیە کەسێتیەکان و ھەژمونگەرایی و دەستەگەری، تارمایی بەسەر کۆی گشتی کۆمەڵگەدا و پەیوەیەندیە کۆمەڵایەتیەکاندا کێشاوەو تاکەکانی بەردەوام  سەرقاڵی ڕەت کردنەوەی ئەویتر و سرینەوەی ئەوانی ترن، گەرەکە ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین، کێ بەرپرسیارە لە دەرکردنی بڕیارە چارەنووس سازەکانی پەیوەست بە کۆمەڵگەیەکی لەم جۆرە پەرتەوازەو سەرکێش وناھەماھەنگ؟  کی ئەو ئەرکە قورسە مێژووییە ھەڵئەگرێ بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاوی شایستە و تایبەت بەم جڤاکەوە؟ جڤاکێک کەوا خاوەنی کۆی گشتی ڕەگەزو تایبەتمەندیە گرینگەکانی پێشکەوتن و ڕزگاری نیشتیمانی و سەربەخۆییە لە ھەموو بوارەکاند، بەڵام پەرتەوازەیی و دووبەرەکی و ناکۆکی لەسەر دەسەڵات و حوکمرانی و چۆنیەتی ھەنگاوەکانی سەربەخۆیی، دووچاری چەندین قەیران و نەھامەتی و کیشە و ئاستەنگی یەک لەدوا یەکی کردووە و زۆر شت بە دەست قەدەر و رووداوەکانەوە سپێردراوە!

بەم پێیە کۆمەڵگەی کوردی نە کۆمەڵگەیەکی موجازەفەیە و نە کۆمەڵگەیەکی ئەوەندە ھەماھەنگ و پێشکەوتوو یەکڕەنگ و یەکدەنگیشە بکرێت یەک شێوازی حوکمرانی بەسەردا بسەپێنرێ. بەڵکو جڤاکێکە لە ھەموو ڕووەکانی ئابوری، سیاسی وھوشیاری کۆمەڵایەتی و رۆشنبیریەوە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر جیاوازەو ھێشتا نەیتوانیەوە بە یەکگرتوویی دەرکەوێ و خۆی لە تارماییەکانی پەرتەوازەیی بپارێزێ و یەک گوتاری سیاسی بۆ ڕووبەرووبوونەوەی ئەگەرە ترسناکەکانی لێک ھەڵوەشانەوەو مەترسیە کانی داھاتووی گەڵاڵە بکات.   
 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP