دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ کێ؟

عه‌تا قه‌ره‌داخی - 22-09-2017 - 3127 جار خوێندراوەتەوە


یەکێک لە بنەماکانی گفتوگۆ و دانووسان بوونی دوو لایەنی ئامادەیە بۆ پرۆسێسێکی لەم جۆرە. دوو لایەن کە جۆرێک لە ھاوشانی ھەبێت لە نێوانیانداو بوێری و راستگۆیی ھەبێت بۆ گەیاندنی ئەو گفتوگۆیانەی دەکرێن، بە ئەنجامێک کە چارەسەری کێشەکان بکات. 

یەکێک لە کێشەکانی حکومەتی عێراقی ئەوەیە کە ھیچ ئیلتیزامێکی دەستووری یاسایی و ئەخلاقی نیە بە تایبەتی لە مەزھەبی شیعەدا درۆو فریودان و پاشگەزبوونەوەش لە بەڵێن و پەیمان جۆرێکن لە تەقوا. 

ھەروەک ئاشکرایە لە عێراقدا دەستوورێک ھەیە بەڵام حکومەتی عێراقی ئەو دەستوورەی ژێر پێ خستووەو بە ئارەزووی خۆی وەکو پێکھاتەیەکی دەرەوەی دەستوورو یاساو بە عەقڵی دارستان کاردەکات.

کاتێ ھێزی نەبێت نەرم و نیانەو باسی دیموکراتی و یەکسانی دەکات ئەویش تەنیا بە قسە نەک بە کردەوە، کاتێکیش ھێزی ھەبێت چۆنی بوێت بەوجۆرە بڕیار دەدات و ھیچ حیسابێک بۆ کورد ناکات، خۆ ئەگەر لەوەی ئێستای بەھێزتر بێت و دڵنیا بێت کە دەتوانێت شەڕی کورد بکات ئەوا ھیچ دوو دڵ نابێت و پەلاماری کوردستان دەدات. 

کەواتە گفتوگۆ لەگەڵ کێ ؟ لەگەڵ ئەم عەقڵیەتە دڕەندەو وەحشیگەریەی شۆڤێزنیستی عەرەبی کە نزیکەی سەدەیەکە بە کوشتن و بڕین مامەڵە لەگەڵ کورد دەکات؟ ھەر لێرەوەیە کە ھەموو گفتوگۆو دانووسانێک لەگەڵ عەرەبی عێراق خۆ خەڵەتاندن و خۆ فریودانەو ھیچ بەرھەم ناھێنێت. 

کەواتە دەوڵەتانی بڕیاربەدەست و ھەموو ئەوانەی تریش کە داوای گفتوگۆی نێوان کوردو عێراق دەکەن بۆ چارەسەری کێشەکان لە گوێی گادا خەوتوون یان درۆدەکەن و ئەوانیش خۆیان دەخەڵەتێنن چونکە دەبینن بە بەرچاوی ھەمووانەوە حکومەتی عێراقی بڕوای بە سادەترین بنەمای ھاوبەشی نیەو ھیچ بوارێکی لەبەردەمی کورددا نەھێشتووەتەوە بۆ کورد تەنیا ملکەچکردن و خۆبەدەستەوەدان یان جیابوونەوەو راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی نەبێت.

بێگومان کورد ھەڵەیەکی گەورە دەکات کە گوێ لەو داواکرییە ناجیدیەی دەوڵەتان بگرێت کە ھیچ فشارێکی ئەوتۆی پێوە دیار نیەو تەنیا لە شێوەی پێشنیار یان بەجۆرێکی تر پێمباشەدایە واتە پێمانباشە ریفراندۆم دوابخرێت. دەبێ کوردیش بڵێت ئێستا باشترین کاتە بۆ بڕیاردانی چارەنووسی خۆمان.

 ئەگەر کورد ئەمجارە پاشەکشە بکات ئەوا دووچاری گەورەترین شکست دەبێت و لەسەر ئاستی ناوخۆش سەرکردایەتی سیاسی کوردستان ھەموو متمانەیەک دەدۆڕێنێت، بۆیە پێویستە کورد سووربێت لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم و راگەیاندنی سەربەخۆیی و درووستکردنی دەوڵەتی کوردستانی چونکە ئەو سەرکێشیەی لە ئەنجامدانی ریفراندۆم و راگەیاندنی سەربەخۆیدا ھەیە بەھەموو پێوانەیەک کەمترە لەو مەترسیانەی کە لە مانەوە لە عێراقێکدا ھەیە کە عەقڵێک بەڕێوەی دەبات جگە لە مەزھەب و تایەفەکەی خۆی چاوی بینینی کەسی تری نیەو لە پێناوی مەزھەب و تایەفەکەیدا ئامادەیە ھەموو ئەوانی تر بسڕێتەوە ئەگەر بۆی بکرێت، بۆیە مانەوە لەگەڵ ئەم ئەم عەقڵیتە وەحشیگەرییەدا ئامادەبوونە بۆ کۆیلایەتی و لە ناوچوونێکی ھەتا ھەتایی. 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP