ده‌رباره‌ی لیسته‌كه‌ی دكتۆر به‌رهه‌م ساڵح

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج - 21-09-2017 - 9558 جار خوێندراوەتەوە

"هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و داد په‌روه‌ری"، ناوی قه‌واره‌ كه‌ی دكتۆر به‌رهه‌م ساڵحه‌ كه‌ له‌ كۆمیسیۆن تۆمار كراوه‌، بۆ من ئه‌وه‌ گرنگه‌ كه‌ ئه‌م لیسته‌ ده‌یه‌وێت چ جیاوازیه‌ك نیشان بدات، نه‌ك ئه‌وه‌ی بێم شیكاری دادپه‌روه‌ری و دیموكراسی و ئه‌و چه‌مكانه‌ بكه‌م، ئه‌وه‌نده‌ی من له‌نزیكه‌وه‌ دكتۆر به‌رهه‌مم بۆ ماوه‌یه‌ك ناسی، هه‌ندێك بوێریم له‌ واری داكۆكی له‌ قوت و ژیانی خه‌ڵكا لێبینی، كه‌ شایانی نرخاندنن، هه‌ر ئه‌مه‌ ره‌نگه‌ به‌س بێت بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ ئومێدی له‌ سه‌ر هه‌ڵچنێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بۆ من جێی هه‌ڵوه‌سته‌و قسه‌ له‌ سه‌ر كردنه‌، ئه‌وه‌یه‌ دكتۆر به‌رهه‌م كوێده‌كاته‌ سه‌نته‌ری بانگه‌شه‌و چۆن ده‌كارێت ئه‌و دیوارانه‌ی پارتی له‌ 1996ه‌وه‌ له‌ هه‌ولێرو دهۆك هه‌ڵیده‌چنێت، دیواو ده‌ركات به‌و مانایه‌ی روناكیه‌كه‌ی بۆ به‌رێته‌ ئه‌و دیوه‌وه‌، ئه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان نه‌یتوانی به‌ مۆمه‌كه‌ روناكی بكاته‌وه‌، به‌ تایبه‌ت له‌ دهۆك بۆیه‌ بۆ من سه‌نته‌ری ئیش بۆ پیاوێكی وه‌ك به‌رهه‌م ساڵح هه‌ولێر بێت باشتره‌ تا سلێمانی، به‌رهه‌م ساڵح هه‌ندێك مه‌رجی گرنگی ئه‌و كار كردنه‌ی تیایه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی هه‌ولێرا له‌وانه‌:

یه‌كه‌م: نزیكه‌ له‌ ئه‌مه‌ریكی و ئه‌و روپیه‌كانه‌وه‌و دۆست و ئاشنای زۆره‌ له‌ ناویانداو ده‌توانێت به‌رده‌وام له‌ سه‌ر هێڵ بێت له‌ ته‌كیاندا بۆ ئه‌وه‌ی نه‌توانن هیچ لایه‌نێك نه‌توانێ‌ زیان به‌ خۆی و قه‌واره‌كه‌ی بگه‌یه‌نێت.

دووه‌م: ئه‌زمونی له‌ حوكمڕانیدا هه‌یه‌و له‌ به‌غداو كوردستانیش پۆستی گرنگی به‌ ده‌سته‌وه‌ بووه‌ و له‌بواره‌كه‌ی خۆیشیدا هه‌وڵی داوه‌ ته‌كنۆكراتانه‌ مامه‌ڵه‌ بكات.

سێیه‌م: زمانزان و به‌ توانایه‌ له‌ راكێشانی سه‌رنجی ئه‌وانی تردا، ئه‌گه‌ر چی تێبینی و ره‌خنه‌ش هه‌بێت له‌ سه‌ری، به‌ڵام له‌ گه‌ڵ ئه‌وانی تردا جیاوازی زۆری هه‌یه‌.

ئه‌وه‌ی بۆمن جێی بایه‌خه‌ ئه‌وه‌یه‌ دكتۆر به‌رهه‌م پێش هه‌ڵبژاردن یان دوای هه‌ڵبژاردن چ هاو په‌یمانه‌تیه‌ك دروست ده‌كات و خۆی له‌ كوێدا ده‌بینێته‌وه‌، به‌ بڕوای من چ ئه‌وانه‌ی نزیكن له‌ دكتۆر به‌رهه‌مه‌وه‌ چ دیدگای خۆی به‌ ئێمه‌ ده‌ڵێت نزیكه‌كان بۆ ئه‌و له‌ پێشی پێشه‌وه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و ئه‌وانه‌ن كه‌ دژی نادادی و سته‌م هاتونه‌ته‌ ده‌نگ بۆیه‌، گرنگه‌ ئه‌و پیاوه‌ ئێستا یان دوای هه‌ڵبژاردن زیاتر هاوپه‌یمانه‌تی له‌ گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و ئه‌و ناڕازیانه‌دا ببه‌ستێت، كه‌ ده‌یانه‌وێت سبه‌ینێ‌ له‌ ئه‌مڕۆ نه‌چێت.

له‌ بارو دۆخی ئێستای كوردستاندا مافیایه‌كی گه‌وره‌ی نه‌وت دروست بووه‌، كه‌ له‌ گه‌ڵ ده‌یان كۆمپانیای زه‌به‌لاحی نه‌وت په‌یوه‌ندی به‌ستووه‌ و نه‌وت و گازی كوردستان هه‌ڕاج ده‌كات و هیچ حسابێك بۆ ئاینده‌ی ئه‌و خه‌ڵكه‌ ناكات، دكتۆر به‌رهه‌م و هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌ دووی دادپه‌روه‌ریه‌وه‌ن، ئه‌ركی یه‌كه‌م و له‌ پێشینه‌یان هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌و سته‌مكاری و نادادیه‌یه‌ ، بۆیه‌ من لام وانیه‌ ئه‌ركه‌كه‌یان هێنده‌ ئاسان بێت، به‌ تایبه‌ت له‌ گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتێكا كه‌ به‌ هه‌موو جۆرێك هه‌ولێرو دهۆكی كردوه‌ته‌زۆنێكی داخراو به‌ ڕووی هه‌موو جیاوازیه‌كدا و هه‌ر كات هه‌ست به‌ مه‌ترسی بكات له‌ سه‌ر خۆی هه‌موو رێگه‌یه‌ك ده‌گرێته‌ به‌ر به‌ كوشتنی بكری نادیاریشه‌وه‌، ئه‌م جۆره‌ له‌ رێگری جیاوازی تا ساڵی 1996 به‌ ته‌نێ‌ له‌ سنوری دهۆك بوو، كاتێك دوای ئه‌و ساڵه‌ پارتی به‌ هاوكاری گارده‌كانی به‌عس هه‌ولێریشی له‌ یه‌كێتی سه‌ند له‌وێش هه‌مان هه‌نگاوی دهۆك جێبه‌جێ‌ ده‌كات، دكتۆر به‌رهه‌م و هاوڕێكانی ده‌بێت ئه‌و ته‌یمانه‌ چڕه‌ی كوشتنی جیاوازی ببڕن، بۆ ئه‌مه‌ش پێویستیان به‌ یه‌كتره‌، من لام وایه‌ ئێستا ئه‌و ده‌نگه‌ جیاوازانه‌ كه‌م نین، به‌ڵام پرش و بڵاون، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، بنكردایه‌تیه‌كی فراوانی یه‌كێتی كه‌ چه‌ندین مه‌كته‌ب سیاسی و سه‌ركردایه‌تی تیایه‌، دكتۆر به‌رهه‌م، كۆمه‌ڵی ئیسلامی و زۆری تر، ئه‌مان به‌ لای كه‌مه‌وه‌ له‌ ئێستادا 50% ی ده‌نگده‌ری كوردستان پێكدێنن، له‌ راستیدا ئه‌گه‌ر ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كانی له‌گه‌ڵ بێت، له‌وه‌ش زیاتره‌، من هیوادارم ئه‌م هاوپه‌یمانه‌تیه‌ له‌گه‌ڵ هاو ده‌نگه‌كانی له‌ ئاینده‌ی كوردستاندا رۆڵی گه‌وره‌ بگێڕن و ببنه‌ خاوه‌نی زۆرترین كورسی پارله‌مانی، دیسان ده‌ڵێم به‌ مه‌رجی شكاندنی ئه‌و ته‌وقی تۆقینه‌ی هه‌ولێرو دهۆكی ته‌نیوه‌.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP