٢٥/٩: ھەڵەیەکی گەورەی مێژوویی

سەلام عەبدولقادر - 21-09-2017 - 4917 جار خوێندراوەتەوە

ھەڵوێستی دەوڵەتانی دراوسێ و وڵاتانی دیکە لەھەڵکشانێکی بەردەوامدایە بەئاراستەی وەستانەوە لەدژی بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی لە ھەرێمی کوردستان، ئەمەش پێچەوانەی پێشبینی ھەندێک لەسەرکردەکانی کوردبوو کە پێیانوابوو ھەڵوێستی دەوڵەتەکانی دەرەوە بەتایبەت تورکیای دراوسێ و وڵاتەکانی ناو یەکێتی ئەوروپاو ئەمریکاو دەوڵەتانی دیکە نەرم دەبێت و لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستان دەبن یان لانی کەم ھەڵوێستی دژیان نابێت. وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە وتەو بە نووسین ھەڵوێستی فەرمی خۆیی راگەیاندووەو بەئاشکرا لەڕێگەی نوێنەرەکانیانەوەو لەرێگەی دەزگاکانی راگەیاندەنەوە بەبەرپرسانی ھەرێمیان وتووە کە ئەوان لەگەڵ ریفراندۆم نین  پشتگیری لێناکەن و ھەروەھا ریفراندۆم پشتیوانیی نێودەوڵەتی نیە. تورکیا تادێت ھەڵوێستی تووندتر دەبێت؛ بڕیارە رۆژی ٢٢ی ئەم مانگە بەفەرمی ھەڵوێستی یەکلاکەرەوەی خۆی ئاشکرابکات. ھەروەھا دەوڵەتانی دیکەی خاوەن بڕیارو نفوز لەناوچەکە بەھەرێمیان راگەیاندووە کە ئەوا لەئێستادا پشتگیری لەریفراندۆم ناکەن و لەگەڵ یەکپارچەیی خاکی عێراقن.

ھەڵوێستی دەوڵەتە دراوسێکان بەتایبەت ھەڵوێستی تورکیا لەھەموان بۆ ھەرێم گرنگترە چونکە تورکیا شادەماری ژیانە بۆ ھەرێمی کوردستان. ھەرێم لەرێگەی توکیاوە نەوت دەفرۆشێ و پارەی دێتە دەست و زۆربەی کارە بازرگانیەکانی خۆی ئەنجام دەدات. تورکیا دەرگای ھەرێمی کوردستانە بۆ بازاڕە نێودەولەتیەکان و ھەر تورکیایە کە ھەرێم ئومێدێکی پێیەتی کە لەدوای ریفراندۆم و سەربەخۆیی درێژە بەمانەوەو ژیانی خۆی بدات و ھەر لەو رێگەیەوە دەستی بگاتەوە نێو بازاڕە نێودەڵەتیەکان. بەڵام ئێستا تورکیا لەھەمووکات زیاتر و بەھەڵکشانێکی بەردەوام دژی ریفراندۆم وەستاوەتەوەو داوا لە بەرپرسانی ھەرێم دەکات کە ئەنجامی نەدەن. لەدواین لیدوانەکانی سەرۆکی تورکیادا ھاتووە کەئەوان بیر لە سزای گەمارۆ لەسەر ھەرێم دەکەنەوە، ھەروەھا جێگری سەرۆک وەزیرانی تورکیا رایگەیاندووە کە بارزانی یاری بەئاگر دەکات و ئاگرەکەش دەیانسوتێنێت. 

ھەڵوێستی دەوڵەتانی دیکەو بەتایبەت وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ ھەرێم زۆر گرنگە چونکە ئەوان لەناوچەکە خاوەن نفوزن و چەندین جاریش ھەرێمیان لەشەڕەکانی دەوروبەر پاراستووەو ھاوکاری دارایی و چەکیان پێشکەش بەھەرێم کردووە. ئەمریکا نەک ھەر لە ناوچەکە بەڵکو لەجیھاندا خاوەنی نفوزی زۆرەو لە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانیش خاوەن نفوزی بێھاوتایە، مانەوەی ھاوکاری و پشتگیری ئەمریکا بەتەواوی پێویستەو بەبێ ئەو ھەرێم دەکەوێتە بەر کۆمەڵێک تەحەدا کە زۆر زەحمەتە رووبەڕوویان ببێتەوە.

ھەڵوێستی دەوڵەتانی عەرەبیش گرنگەو ئەوانیش دەتوانن ھاوکێشەکان لەناوچەکە بگۆڕن یان کاریگەریان لەسەر ھەبێت. سەرجەم دەوڵەتە عەرەبیەکان، بە سعودیەشەوە کە دەیانوت ھەڵوێستی ئەرێنیە، ھەڵوێستی دژی خۆیانیان ئاشکرا کردووەو وتوویانە کەئەوان لەگەڵ کاتی ریفراندۆم نین. 

بەڵام ھەرێمی کوردستان دەیەوێت رووبەڕووی ئەم ھەموو دژایەتیە بوەستێتەوەو ریفراندۆمی ٢٥/٩/٢٠١٧ ئەنجام بدات و واتێدەگات لەسەر ڕێڕەوێکی راستەو جیھانیش ھێدی ھێدی دێتە سەر ئەم ڕێڕەوە. بەڵام ئەم ھەنگاوەی ھەرێم دەیێتە ‌ھەڵەیەکی گەورەی مێژوویی. 

سازدانی ریفراندۆم لەو وادەیەدا ھەڵەیە چونکە پێچەوانەی ویستی و داواکاریی ھەموو دەوڵەتانی دەرەوەیە یان لانی کەم پێچەوانەی ویستی ھەموو ئەو دەوڵەتانەیە کە کوردستان زۆر پشتیانی پێبەستووەو پشتیان پێدەبەستێت بۆ مانەوەو بەردەوامی و پێشکەوتنی ھەرێم، ئەو دەوڵەتانەش بێگومان بەم ئاستەی ئێستا پەیوەندی و ھاوکاری ھەرێم ناکەن لە رووبەرووبوونەوەی گرفتەکان و پەیوەندیە بازرگانیەکان. ھەرێمی دەبێت بەگوێی ئەم دۆستانەی بکات چونکە خۆی خاوەنی ئابووریەکی بەھێز نیە کە جیھان پیویستی پێی بێت، خاوەنی خاکێکی گەورە نیە کە لەسەر پێی خۆی راوەستێت، خاوەنی کشتوکاڵێکی زۆر نیە کە خۆراکی خۆی دابین کات، خاوەنی پیشەسازیەک نیە کە سادەترین کەرەستەی پیشەسازی خۆی دابین کات، خاوەنی چەکی پێشکەوتوو نیە کە بتوانێت رووبەڕووی چەکی پێشکەوتووی نەیارەکانی بووەستێتەوە، لەسەر دەریایەک نیە کە بتوانێت ھەرچۆنێک بێت پەیوەندی بازرگانی دروستبکات. ھەریمی کوردستان پێی وایە کە نەوت و گازی ھەرێم نایەڵن ھەرێم توشی دابڕانی نێودەوڵەتی ببێت، بەڵام: یەکەم، نەوت و گاز لە جیھاندا زۆرن و دەکرێت وڵاتێک لەھاوکێشەکە دەربکرێت، دووەم، ھەرێم ژمارەیەکی گەورە نیە لە دابینکردنی نەوت و گازی جیھان، سێیەم، بەھای نەوت و گاز دەگۆڕێ و نابێت پشتیان پێببەسترێت.

سازدانی ریفراندۆم لەو وادەیەدا ھەڵەیەکی مێژوویە چونکە ھەنگاوێکەو دواتر پاشگەزبوونەوەی نابێت، واتا ھەرگیز بارودۆخ ناتوانرێت بگەڕێنرێتەوە بۆ پێش بارودۆخی ریفراندۆم، ئەم ھەڵەیە مێژوویی دەبێت و بۆ ساڵانێکی دوورودرێژ لەداھاتوودا ئاسەوارەکانی ھەست پێدەکرێت وبەردەوام دەبێت. 
 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP