كورد به‌ره‌و هه‌ڵوێستی له رووداوه‌ستان !

عه‌تا قه‌ره‌داخی - 20-09-2017 - 3807 جار خوێندراوەتەوە

چه‌مكی له‌ رووداوه‌ستان له‌ كۆمه‌ڵناسیدا به‌ مانای خۆڕاگری و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌ نه‌دان و به‌ره‌نگاری كردن دێت و ئه‌م زاراوه‌یه‌ به‌ هه‌مان ماناش گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ ناو كایه‌ی سیاسی. ئه‌م زاراوه‌یه‌ ره‌هه‌ندی سایكۆلۆجیشی هه‌یه‌و خاسێتی كه‌سێتیه‌كی پته‌وو له‌سه‌ر پێی خۆڕاوه‌ستاوه‌ كه‌ متمانه‌ به‌خۆبوون بنه‌مای بوون و درووستبوونێتی، واته‌ كه‌سێتیه‌ك كه‌ فشاره‌كانی ده‌ره‌وه‌و زه‌بر زه‌نگ و ترساندن و تۆقاندنی ئه‌وانی تر یان هێزه‌ نه‌یاره‌كان ناتوانن له‌ شوێنی خۆی بیجوڵێنن. كه‌سێتی خاوه‌ن شووناس ئه‌و كه‌سێته‌یه‌ كه‌ توانای له‌ رووداوه‌ستانی هه‌بێت، هه‌روه‌ك كاتێك كه‌سێتیه‌ك چ تاكه‌كه‌سی چ نه‌ته‌وه‌یی ده‌گاته‌ ئاستێك له‌ رووی ته‌حه‌داكانی ده‌ره‌وه‌دا بۆ سه‌ری رابووه‌ستێت و ملكه‌چ نه‌بێت ئه‌وا ئه‌و كه‌سێتیه‌ له‌ رێگای به‌ره‌و به‌ده‌ستهێنانی شووناسدایه‌. ئایا كه‌سێتی كوردی له‌ كوێی ئه‌م چه‌مكه‌دایه‌؟ ئایا مانه‌وه‌ی ئه‌م كه‌سێته‌ به‌درێژایی مێژوو سه‌رباری فشاره‌ سه‌خته‌كانی ده‌وروبه‌ر چیمان پێده‌ڵێت سه‌باره‌ت به‌ چه‌مكی له‌ رووداوه‌ستان؟

لێره‌دا له‌ رووبه‌رێكی فراوانتردا له‌ چه‌مكی له‌رووداوه‌ستان ده‌دوێین ئه‌ویش رووبه‌ری جوگرافیاو بوون و مێژووی كورده‌و ده‌مانه‌وێت تیشكێك بخه‌ینه‌ سه‌ر هه‌ڵوێستی كورد له‌ رابردووه‌وه‌ بۆ ئێستا كه‌ نزیكه‌ی سه‌ده‌و نیوێكی ته‌واوه‌ له‌ خه‌باتدایه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی، ئه‌مه‌ سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه‌ مێژوویه‌كی دوورو درێژه‌ جه‌نگی مانه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌رو ته‌نانه‌ت سرووشتی ناجۆریشدا كردووه‌ له‌ پێناوی مانه‌وه‌و درێژه‌دان به‌ ژیانیدا..

ئایا سه‌رباری خۆڕاگری و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ كورد هه‌ڵوێستی له‌رووداوه‌ستانی گه‌یشتۆته‌ ئاستی تێپه‌ڕاندن به‌و مانایه‌ی رووبه‌ری داواكارییه‌كانی خۆیی به‌جێهێشتبێت و له‌ سنووری بوون و ره‌وایه‌تی ئه‌وانی تردا واته‌ ئه‌وانی داگیركه‌ری وڵاته‌كه‌یدا كاری كردبێت و جوڵا بێت؟ یان كورد هه‌میشه‌ به‌جۆرێك هه‌ڵوێستی نواندووه‌ نه‌ك نه‌گه‌یشتۆته‌ سه‌رسنووری داواكارییه‌ ره‌واكانی خۆی به‌ڵكو له‌ نیشتیمانه‌كه‌ی خۆیشیدا زۆرجار نه‌یتوانیووه‌ وه‌كو پێویست داواكانی به‌رز بكاته‌وه‌، به‌ڵكو به‌ ده‌نگی نزم و به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ به‌ئاشكرا ده‌نگی نه‌بیستراوه‌ باسی له‌ داواكانی خۆی كردووه‌ و كاتێكیش كه‌ رووبه‌ڕووی ئه‌وی داگیركه‌ر بووه‌ته‌وه‌ سه‌رباری بوێری و ئازایه‌تی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ له‌ مه‌یدانی خه‌بات و ململانێی پێشمه‌رگانه‌دا، كه‌چی له‌گفتوگۆدا كه‌متر ئه‌و له‌ رووداوه‌ستانه‌ی پێوه‌ دیاربووه‌، دیاره‌ ئه‌وه‌ش پێوه‌ندی به‌كه‌سێتی لاوازی نه‌ته‌وه‌یی ئێمه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ كه‌سێتیه‌كی تێكشكاوه‌ له‌ مێژووداو تاكو ئێستاش هه‌لی ئه‌وه‌ی بۆ نه‌ڕه‌خساوه‌ له‌ پرۆژه‌یه‌كی رێنیسانسی هه‌مه‌ لایه‌نه‌و گشتگری نه‌ته‌وه‌یدا كه‌سێتی خۆی درووست بكاته‌وه‌و وه‌كو بوویه‌كی خاوه‌ن شووناس له‌سه‌ر پێی خۆی رابووه‌ستێت، كه‌ له‌رووداوه‌ستانیش به‌ هه‌موو ره‌هه‌نده‌كانیه‌وه‌ خاسێتی كه‌سێتیه‌كی خاوه‌ن شووناسه‌.

بێگومان سه‌رباری دڕنده‌یی داگیركه‌ره‌ جۆراوجۆره‌كانی كوردستان، مانه‌وه‌ی دۆخی كوردستان به‌ داگیركراوی پێوه‌ندی به‌ لاوازی گیانی له‌رووداوه‌ستان و ته‌حه‌داوه‌ هه‌یه‌ له‌بوونی كه‌سێتی كورددا، به‌ڵام ئه‌و كه‌سێتیه‌ش به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ نه‌ڕوخاوه‌ كه‌ بگاته‌ ئاستی له‌ناوچوون به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه‌ به‌جۆرێك پارێزگاریی له‌ مانه‌وه‌ی خۆی كردووه‌ ئه‌گه‌ر مانه‌وه‌یه‌كی لاوازیش بووبێت. ئه‌وه‌ ئاشكرایه‌ كورد له‌هیچ قۆناغێكی ژیانیدا چاوی له‌وه‌ نه‌بووه‌ پێ بخاته‌ سه‌رخاكی ئه‌وانی ترو پێ له‌ مافی كه‌سانی تر بنێت، كاتێكیش داوای مافه‌ داگیركراوه‌كانی خۆیی كردووه‌، لایه‌نی هه‌ره‌ كه‌می مافه‌كانی خۆیی داوا كردووه‌، بۆ نموونه‌ به‌پێی هه‌موو یاسا ئاسمانی زه‌وینیه‌كان كورد وه‌كو نه‌ته‌وه‌یه‌ك مافی ره‌وای خۆیه‌تی داوای سه‌ربه‌خۆیی و درووستكردنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی خۆی بكات، به‌ڵام وه‌كو ده‌بینین به‌درێژایی مێژووی خۆی كورد نه‌ك ئه‌و داوایه‌ی به‌جۆرێك به‌رز نه‌كردۆته‌وه‌ كه‌ داگیركه‌رانی كوردستان له‌ده‌می كورده‌وه‌ بیبیستن به‌ڵكو به‌ شه‌رمه‌وه‌و به‌ لاوازیش هه‌ندێ داوای زۆر ساده‌ی به‌رزكردۆته‌وه‌ كه‌ زۆربه‌ی كاتیش ئاماده‌بووه‌ له‌سه‌ر ئه‌و داوا كه‌مانه‌ش سه‌وداگه‌ری بكات. ئه‌مه‌ش سه‌رباری هه‌ڵوێستی پته‌وی كورد له‌ خه‌باتی چه‌كداریدا، روویه‌كی لاوازی كه‌سێتی كوردی نیشانداوه‌ له‌به‌رده‌م داگیركه‌رانی كوردستانداو ئه‌وه‌ی ده‌رخستووه‌ كه‌ كورد توانای له‌ رووداوه‌ستان و ته‌حه‌داكردنی له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وانی تردا لاوازه‌.

سه‌رنجی ئێمه‌ له‌سه‌ر لاوازی گیانی له‌رووداوه‌ستان و ته‌حه‌داكردنه‌ له‌ بوونی كه‌سێتی كوردیدا كه‌ ئه‌وه‌ش وایلێكردووه‌ زۆربه‌ی كات ده‌ستبه‌رداری داواكارییه‌ ره‌واكانی خۆی بێت. كه‌واته‌ چۆن له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا كاربكرێت بۆ ئه‌وه‌ی كه‌سێتی كوردی به‌ جۆرێك بینا بكرێته‌وه‌ كه‌ چه‌كدار بێت به‌ گیانی له‌رووداوه‌ستان و ملنه‌دان بۆ ئه‌وه‌ی بگاته‌ ئاستێك نه‌توانرێت پاشه‌كشه‌ی له‌ داوا ره‌واكانی پێبكرێت؟! بێگومان ته‌نیا به‌ یه‌كێتی و یه‌كبوون و ، به‌ بنیادنانی پرۆژه‌ی رێنیسانسی نه‌ته‌وه‌یی كورد ده‌توانێت كه‌سێتی خۆی بینا بكاته‌وه‌ به‌ جۆرێك كه‌ ئه‌م كه‌سێـتیه‌ لاوازه‌ له‌ حاڵه‌تی هه‌ست به‌ بچووكی كردنه‌وه‌ بگوازێته‌وه‌ بۆ حاڵه‌تتی هه‌ست به‌ خۆكردن و بۆ حاڵه‌تی راوه‌ستان له‌سه‌ر پێی خۆی كه‌ ئه‌وه‌ش بنه‌مای له‌رووداوه‌ستانی هه‌موو ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ پێیان له‌ ماف و كه‌سێتی كوردی ناوه‌. هه‌ر لێره‌شه‌وه‌و له‌ ئه‌نجامی گه‌یشتن به‌ قۆناغی له‌ رووداوه‌ستاندا كورد ده‌توانێت بوونی خۆی بسه‌لمێنێت و بێـته‌ ناو مێژووه‌وه‌. كورد سه‌رباری خه‌باتی درێژخایه‌نی به‌رده‌وام له‌ گفتوگۆكاندا كه‌می ده‌ستكه‌وتووه‌. ده‌وڵه‌تانی بڕیار به‌ده‌ستیش به‌رده‌وام غه‌دریان له‌ كورد كردووه‌و كوردیش نه‌یتوانیووه‌ له‌ روویاندا بووه‌ستێت و پێداگری له‌سه‌ر داواكارییه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیه‌كانی خۆی بكات.

هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ كه‌ سه‌رجه‌می راپه‌ڕینه‌كانی كورد ئه‌نجامێكی ئه‌وتۆیان به‌ده‌ست نه‌هێناوه‌و دووچاری شكست بوون، هۆكاره‌كه‌شی نه‌بوون یان لاوازی گیانی له‌ رووداوه‌ستان بووه‌ له‌ رووی ئه‌وانی داگیركه‌رو ئه‌وانی بڕیاربه‌ده‌ستی یاریده‌ده‌ری داگیركه‌رانی راسته‌خۆی كوردستاندا. ئێستا هه‌ست ده‌كرێت كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی به‌ره‌و ئاستێكی تر هه‌نگاو ده‌نێت به‌ تایبه‌تی كه‌ ده‌توانێت به‌ ئاشكرا ده‌نگی خۆی بۆ داوا ره‌واكانی بۆ سه‌ربه‌خۆیی و پێكهێنانی ده‌وله‌ت به‌ رووی داگیركه‌راندا به‌رزبكاته‌وه‌. هاوشان له‌ رووی داواكاری و فشاره‌كانی ده‌وڵه‌تانی دڕنده‌و خوێنڕِِێژی گه‌لانه‌وه‌ له‌وانه‌ش ئیمپریالیزمی ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیاو ئه‌وانی تردا بڵێت نه‌خێر. بێگومان ئه‌مه‌ دیارده‌یه‌كی نوێیه‌ له‌ مێژووی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا كه‌ ئه‌ویش به‌جۆرێك گوزارشت له‌وه‌ ده‌كات كه‌ كه‌سێتی كوردی به‌ره‌و ئه‌وه‌ ده‌چێت كه‌ نمایشی داواكارییه‌كانی خۆی بكات و به‌ داگیركه‌ران و وڵاتانی بڕیاربه‌ده‌ستیش بڵێت ئێمه‌ به‌ره‌و درووستبوون ده‌چین و چیتر نه‌ داگیركه‌رانی خوێنڕێژی كوردستان نه‌ به‌ریتانیاو ئه‌مه‌ریكای رووتكراوه‌ له‌ هه‌موو به‌هایه‌كی مرۆیی ناتوانن سوكایه‌تی به‌ بوونی نه‌ته‌وه‌یه‌ك بكه‌ن كه‌ ته‌نیا ده‌یه‌وێت له‌سه‌رخاكی خۆی وه‌كو مرۆڤ بژی. به‌ڵێ گیانی له‌ رووداوه‌ستانی كوردی به‌ره‌و هه‌ڵكشان و پته‌وبوون و خۆنمایشكردنی ته‌واوه‌تی ده‌چێت.

گه‌یشتنی كورد به‌و قۆناغه‌ كه‌ بتوانێت له‌ روودا بووه‌ستێت زه‌مانه‌تی سه‌ركه‌وتنی كورد و ملكه‌چی داگیركه‌ران و ئه‌وانیتریش بۆ خواسته‌ ره‌واكانی گه‌لی كوردستان ده‌كات. به‌ڵێ كورد له‌ قۆناغی به‌ره‌و پێكهاتن و درووستبووندایه‌ و له‌ هه‌ڵوێستی ترس و شه‌رمی پێشتره‌وه‌ ئێستا به‌ره‌و هه‌ڵوێستی له‌ رووداوه‌ستان له‌ پێناوی بڕیاردانی چاره‌نووسی خۆیدا هه‌نگاو ده‌نێت. بێگومان زه‌مانه‌تی سه‌ركه‌وتنی كوردو گه‌یشتن به‌ سه‌ربه‌خۆیی ته‌نیاو به‌س ته‌نیا گواستنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیه‌ له‌ هه‌ڵوێستی خۆپاراستنه‌وه‌ بۆ هه‌ڵوێستی خۆنمایشكردن و به‌رزكردنه‌وه‌ی ده‌نكی نه‌خێر بۆ داواكانی داگیركه‌ران و ده‌وله‌تانی هاوبه‌شی داگیركه‌ران و له‌ رووداوه‌ستانی ئه‌وانی دی له‌ پێناوی بوون و سه‌روه‌ری خۆدا كه‌ ئه‌ویش پێداگرتنه‌ له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی و پێكهێنانی ده‌وڵه‌تی كوردی.
 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP