مەسەلەی دیموکراسی و دادپەروەری لە پرۆژەکەی بەرھەم ساڵەح دا

بەهرۆز جەعفەر - 18-09-2017 - 3709 جار خوێندراوەتەوە

پێشەکی، لەدوای ساڵی (٢٠١١) ەوە بڕیاری ببڕای ببڕم وایە حزبایەتی نەکەم، دوای ھیچ لیست و قەوارەیەک نەکەوم، لە کوێ قسەیەکی چاک کرا ئەیکەم، نەکرا، خەریکی کاری خۆم بم (ئەمە وەک پێش چاو ڕوونی بۆ ئەو ئازیزانەی نیازیانە لە ڕێگەی ئێمەوە بچنە ناو پرۆسەی ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری، یان ویستیانە ھاوکار بن. ). ڕۆشنتر لەمە ھەر لەسەرەتاوە، خەونی من ئەوە نییە و نەبووە ڕۆژێ لە پەرلەمان و لە حکومەتا شوێنێ بگرم.

بەڵام ئەوەی ھەیە، دکتۆر بەرھەم، وەک زیاتر لە ھاوڕی و برایەک، چ لە ناو یەکێتی و چ لە دەرەوەی یەکێتی و سیاسەت، ڕاو بۆچوونی یەک مان بە گرنگ زانیوە، خۆشتان ئەزانن لە مەیدانی سیاسیی کوردستان دا، بە ئاشکراو بە نھێنی، تاوانی سیاسیی و ئەمنی و ئابوریی و مرۆیی ڕووئەدا. ئێمەش لێرەدا بەرپرسیارێتی ئەخلاقی، نیشتیمانی، زانستیمان ھەیە، بۆیە:

یەکەم: ئەوانەی پێیان وابو، کە بەرھەم ساڵەح ناتوانێ بڕیار بدا، ئەوە بڕیاری گەورەی خۆی دا.

دووەم: کەسێتی بەرھەم ساڵەح، لەوێدا ناوازەیە، کە زۆر زوو، زۆر ئاسان لە ھەر کاراکتەرێکی تر، بیر لە پەرەپێدانی تواناکان ئەکاتەوە، ئەمەش خاسیەتێکە لە بیری لیبرالیزم و لیبراڵیستەکاندا ھەمیشە تەواجودی ھەیە.

سێھەم: یەکێتی بێ بەرھەم ساڵەح یانی خاڵی خاڵی لە پلانی ستراتیجی و دیدی یونیڤێرساڵی بۆ پرسە ھەستیارەکان.

چوارەم: ئەوەی لایوایە، بەرھەم ساڵەح نەوشیروان مستەفا نییە، ھەڵەیەکی بابەتی لە تێگەیشتنیدا ھەیە، چونکە زەمانی کاک نەوشیروان مستەفا جەنابی مام جەلال لە ئارادا بو، بۆیە خەڵک سەڕەرای نەبونی (دیموکراسی) و (دادپەروەری) ھێشتا گەورەیی و کاریزمایی تاڵەبانی بەھەند وەرئەگرت. ئێستا نە تاڵەبانی لە ئارادایەو، نە کاک نەوشیروانیش بەجەستە لە مەیدانی سیاسیدایە.

پێنجەم: موسڵمانان بەگشتی و، ھەوادارانی حزبە ئیسلامییەکان بە تایبەتی، ئەبێت بزانن ئەگەر لە دروشمەکەی دکتۆر بەرھەم دا (دیموکراسی) مانایەکی خۆرئاواییە، ئەوا بە تەنھا چەمکی (دادپەروەریی- العدل) نیوە زیاتری شەریعەتی ئیسلامی پێک ئەھێنێت و، خودا تەنھا لە قورئاندا (٢٨) جار ووشەی (داد- دادپەروەری- العدل ڕو العدالە) دووبارە کردۆتەوە، چونکە پێچەوانەی دادپەروەریی بریتی یە لە ستەم (الڤلم)، ھەموو ئەو دەستەڵاتانەی ستەم یان کردووە، تیاچوون (زۆریش تان لەم ساڵانەدا بینی). 

شەشەم: پێچەوانەی ئەوانەی لایانوایە دکتۆر بەرھەم خاڵی بەھێزی ئەوەیە، کە دیپلۆماتکارێکی باش و زمانزانە، نا.. خاڵی بەھێزی ئەوەیە لە ھەموو ئەو حزب و کاراکتەرانەی ئێستا لە کوردستاندا ھەن چاکتر پەی بە (بونیادنان- Building) بردووە، کورد کێشەی لەگەل تورکیا- ئێران- ئەمریکا- ئەوروپا نییە... کێشەی کورد نەبونی ئەقڵێکی موئەسەساتییە، کە ناتوانێ لە بونیادنانی ژینگەیی، پەروەردەیی، ئابوریی تێ بگا بەو پێیەی لە فەرھەنگی خۆرئاوادا ھەیە، بیناکردنی نەتەوەو نیشتیمان کارسازیی ئەوێ. ئەوجا فورسەتە ئەوە من و تۆ نیین ئیش مان بە دکتۆر بەرھەم ێک بێت، ئەوە ئیشی بە تاک و کۆمەڵە تا پێناسەیان بکاتەوە لەچوارچێوەیەکی مۆدێرندا.

حەوتەم: لە پێشکەشکردنی پرۆژە بۆ چاکسازیی و لە ووتنی ڕاستییەکان دا بەرھەم ساڵەح دەستەوەستان نەبووە لە ڕابردوودا ئیتر " حاجی کەسێکە بێکەس بۆ ئێوە قوڕ دەپێوێ...گوێی لێ گرن زەریفە، ناگرن بەڵا لە خۆتان".

بۆیە، وەکو قەناعەت، لاموایە، دەرکەوتنی دکتۆر بەرھەم بە لیستێکی نوێ و بەرنامەی نوێوە بەپاڵپشتی ھاونیشتیمانیان و چین و توێژە جیاوازەکان تەکانێکی ترە لەوەی کە ھیچ نەبێ ھاوڵاتی ھەست بە گەورەیی دەنگی خۆی بکات (ئینجا ھەڵبژاردن ئەکرێ یان نا گرفتێکی وا نییە، گرنگ بڕیاری ژیانێکی نوێی سیاسیی دراوەو ھەیە).

لەسەروو ھەموو ئەو خاڵانەشەوە، ئەمجۆرە لە نووسین یان پاڵپشتی کردن، یان ھەر ناوێکی تر، مانای وانییە کە لە دژایەتی کردنی لایەن و کەسی ترەوە سەرچاوە بگرێت، چونکە ھەم پرۆژەکە ئاشتەوایی و چاکسازیی و ھاوپەیمانییە، ھەم منیش کارم بەوە نییە خەریکی پاڵپشتی کەسێک بم و دژی ئەوەی تر بم. 
 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP