بەپەلە

بەرهەم ساڵح بەرەو کوێ؟

ئارام قادر حەمەسور - 17-09-2017 - 4762 جار خوێندراوەتەوە

لەناو پارتە کوردییەکاندا بەردەوام کەرت بوون و خۆجیاکردنەوە بوونی هەیە، زۆر جار ئەم جیابونەوانە بەتوندو تیژی کراون یان لە ئەنجامدا توندو تیژیان دروستکردووە، هەندێک جاریش دەکرێت بەهۆی ڕکەبەرایەتی شەخسی و بۆ نیشاندانی هێز جیابونەوە و دروستکردنی لیست ئەنجام بدرێت، دەبێت خوێندنەوە بۆ سەرۆکی لیست و حیزبی تازە بکەین لە ڕابردوو و ئەگەرەکانی داهاتووش دیاری بکەین، ناکرێت زوو بڕیاری بەفریشتەبوون یان بە شەیتانی بونی کەس و لیستەکە بدەین، لەسیاسەتدا ئەگەری چاوەڕوان نەکراو ڕوودەدات.

د.بەرهەم احمد ساڵح سیاسییەکی ناسراوی ناو کایەی سیاسەتە لە هەرێم کوردستان، لە ڕابردوودا چەندین ساڵ سەرۆک وەزیران بووە لە ئیدارەی سلێمانی و ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە کارە باش و خراپەکانی ماوەکەی بەرپرسیارییەتی لەسەر بووە،  ماوەی چوار ساڵە چالاکییەکانی لە گەڵ حیزبەکەی(یەکێتی نیشتمانی کوردستان)دا ئەنجام نادات و بەشداری دانیشتنەکانی مەکتەبی سیاسی ناکات، بەرهەم ساڵح وەک یاخییەک لە سیاسەتەکانی یەکێتی خۆی نیشانداوە و دوای نەخۆشکەوتنی مام جەلال قورسایی لەناو بڕیارەکانی یەکێتی نەماوە.

ئێستا بەرهەم ساڵح لیستی (هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری) ڕاگەیاندووە، دروستکردنی هەر لیستێک ئامانجەکەی  دیموکراسی و دادپەروەری بێت زۆر گرنگە، چونکە ئەم دوو بابەتە لە ژێر پرسیاردابووە بەدەستی جوتحیزب، بەڵام وەک بەرهەم ساڵح دەیگوت کردارشەرتە، واتا بەکردار کاربۆئەم دوو بابەتە بکرێت کەبۆتە دروشمی لیستەکەی.

ئەگەرەکانی لیستەکەی بەرهەم ساڵح:
۱ـ بەرهەم ساڵح بۆ دەرخستنی قورسای خۆی ئەم لیستەی دروستکردبێت وەک کاردانەوەیەک و دەرخستنی توانای خۆی بەرامبەر ڕکابەرەکانی لەناو یەکێتی.
۲ـ لیستەکە سیاسەتی ناوخۆی حیزبەکەی بێت بە هاوکاری پارتی، بۆ ڕاکێشانی دەنگی ناڕازی و کۆکردنەوەیان لەم لیستەدا، چونکە ئەگەری دابەزینی دەنگەکانی یەکێتی و زیادبوونی دەنگی گۆڕان و کۆمەڵ بوونی هەیە. چونکە د.بەرهەم تا ئێستاش دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشی حیزبەکەی نەکردووە.
۳ـ بەرهەم ساڵح دەیەوێت گۆڕانکاری بکات لە حکومڕانیدا، چونکە شارەزایە لە حکومڕانی و ئەزمونی هەیە، دەیەوێت دوو کێشە گەورەکەی هەرێم کە نەبوونی دیموکراسی و دادپەروەرییە چارەسەر بکات، ئەوکات دەکرێت چاوەڕوانی سزادانی د.بەرهەم و هاوڕێکانی بکرێت لە لایەن حیزبەکەی.
٤ـ لیستەکە لەداهاتوو ببێتە حیزبێک و یەکێتی بەتەواوی لاواز بکات.
٥ـ کاری لیستەکە بۆ گۆڕانکاری دوای هەڵبژادن ئەگەر دەنگی زۆریش بێنێت قورسە، چونکە یەکێتی و پارتی بەتوندی دژایەتی دەکەن و خاوەنی هێزی چەکدارن، وەک چۆن بەرامبەر بزوتنەوەی گۆڕان کردیان.
٦ـ ئەگەری ئەوەدەکرێت قورسای لیستەکە تەنیا لە زۆنی سەوز و نیلی بێت.
۷ـ ئەگەری بوونی پاڵپشتی دەرەکی هەیە بۆ لیستەکە بەتایبەتی ئەمریکا، چونکە بەرهەم ساڵح تا ئێستاش دۆستایەتی لەگەڵ ئەمریکادا هەیە.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP