یه‌كبوون: سه‌ركه‌وتن، دابه‌شبوون: رووخان !

عه‌تا قه‌ره‌داخی - 16-10-2016 - 2971 جار خوێندراوەتەوە

 

عه‌تا قه‌ره‌داخی

ئاشكرایه‌ كورد هه‌میشه‌ قوربانی ده‌ستی ناكۆكی ناوخۆو دابه‌شبوونی ریزه‌كانییه‌تی. له‌ رابردوودا ململانێی نێوان خێڵ‌و عه‌شیره‌ته‌كان‌و پاشتریش ململانێ‌و ناكۆكی نێوان میرنشینه‌كان رێگاخۆشكه‌ربوون بۆ ئه‌وه‌ی داگیركه‌ران‌و نه‌یارانی كورد به‌ ئاسانی ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر كورددا بكه‌ن‌و وڵاته‌كه‌ی‌ دابه‌شبكه‌ن و به‌ئاره‌زووی خۆیان و له‌ پێناوی‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیاندا به‌كاری بهێنن‌و مافه‌كانی زه‌وت بكه‌ن. به‌هه‌مان شێوه‌ له‌ مێژووی‌ نوێشدا ململانێ‌و ناكۆكی نێوان ده‌سته‌و گروپ و حیزب‌و رێكخراو و بیرو ئایدیۆلۆجیا جیاوازه‌كان مایه‌ی دابه‌شبوون‌و په‌رتبوون بووه‌.

له‌م به‌شه‌ی‌ كوردستاندا هه‌ر له‌سه‌رده‌می راپه‌ڕینه‌كانی شێخ مه‌حموده‌وه‌ خه‌باتێكی زۆر كراوه‌ له‌ پێناوی‌ مافه‌ ڕه‌واكاندا، به‌ڵام به‌رده‌وام ناكۆكی ناوخۆ بووه‌ته‌ هۆی لاوازكردنی كورد‌و سه‌رئه‌نجام دوژمنی داگیركه‌ر توانیوێتی سوود له‌و ناكۆكیانه‌ وه‌ربگرێت‌و زیاتر یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی كورد تێكبشكێنێت.

 ناكۆكی زۆرێك له‌ خێڵ‌و عه‌شیره‌ته‌كانی كورد له‌گه‌ڵ شێخ مه‌حموودو، ناكۆكی‌و ململانێی نێوان مه‌كته‌بی سیاسی‌و سه‌ركردایه‌تی بارزانی له‌ شۆڕشی ئه‌یلولداو، ناكۆكی‌و شه‌ڕی ناوخۆی نێوان حیزب‌و لایه‌نه‌كان له‌ شۆڕشی نوێدا‌و درێژه‌ كێشانی ئه‌و ناكۆكیانه‌ تا كۆتای سه‌ده‌ی رابردوو كاریگه‌ری هێجگار نێگه‌تیفیان له‌سه‌ر خودی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد‌و له‌سه‌ر كۆنه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تی مرۆڤی كورد هه‌بووه‌و هه‌میشه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ئێمه‌ بۆ ئه‌و یاده‌وه‌رییه‌ تاڵانه‌ ئه‌وه‌مان به‌یاد دێنێته‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كین به‌ زه‌حمه‌ت ده‌توانین پێكه‌وه‌ بژین‌و جیاوازییه‌كان قبوڵ بكه‌ین، 

ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ هه‌میشه‌ یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یمان لاواز بێت و له‌ ئه‌نجامی ئه‌وه‌شدا هه‌ر به‌شێك له‌ كورد بۆ پاراستنی خۆی‌ راسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ پاڵبدات به‌ یه‌كێك له‌ داگیركه‌رانی به‌شه‌كانی تری‌ كوردستانه‌وه‌، وه‌كو ئه‌وه‌ی‌ ئێستا له‌ نه‌خشه‌ی‌ كوردستانی دابه‌شكراو و بزووتنه‌وه‌ی‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی‌ كوردستان و وابه‌سته‌بوونی به‌شێكی دیار له‌ حیزب و بزووتنه‌وه‌ی‌ كوردی‌ به‌ میحوه‌ری‌ ئێران- عێراق شیعه‌وه‌و په‌یوه‌ستبوونی به‌شه‌كه‌ی‌ تریشی به‌ میحوه‌ری‌ توركیا سوونه‌وه‌ ده‌یبینین، ئێستا ئه‌وه‌ به‌ جۆرێك دیاره‌ به‌شێكی دیاری‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ كوردی‌ وه‌كو پاشكۆی‌ ئه‌ملایه‌و به‌شه‌كه‌ی‌ تریشی پاشكۆی‌ ئه‌ولاو هیچ لایه‌كیشیان ئه‌وه‌ به‌ سووكایه‌تیكردن به‌ خۆیان نازانن، كه‌چی پێیان سووكایه‌تیه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كتر دابنیشن و له‌ پێناوی‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیه‌كاندا سه‌وداگه‌ری‌ له‌گه‌ڵ یه‌كتر بكه‌ن و یه‌كتر قبوڵ بكه‌ن. ئه‌مه‌ش له‌ ئاستی یه‌كه‌مدا ده‌رئه‌نجامی لاوازی‌ كه‌سێتی نه‌ته‌وه‌یی كوردی‌ و لاوازی‌ هوشیاری‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ كه‌ ئه‌ویش ده‌رئه‌نجامی لاوازی‌  و بێ شووناسی ناسیونالیزمی كوردیه‌.

ئاشكرایه‌ لاوازی‌ یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی ئێمه‌ پێوه‌ندی به‌لاوازی‌ ناسیونالیزمی كوردیه‌وه‌ هه‌یه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ناسیونالیزمی كوردی له‌ بارێكی پێگه‌یشتوو به‌هێزی ئه‌وتۆدا بوایه‌ كه‌ ببیوایه‌ته‌ بزووتنه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری، ئه‌وا هه‌موو ئه‌و به‌ربه‌ست‌و دیوارانه‌ی‌ ده‌ڕوخاند كه‌ رێگرن له‌به‌رده‌م یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌ییدا.

 دیاره‌ ته‌نیا یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی كوردی زه‌مانه‌تی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ كورد چه‌ندێ له‌ مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی خۆی به‌ده‌ست ده‌هێنێت واته‌ چه‌ندێ یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی به‌هێز بێت‌و چه‌ندێ كورد یه‌كگرتوو بێت، به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ له‌ به‌ده‌ستهێنانی داوا ڕه‌واكانی نزیك ده‌بێته‌وه‌. كورد به‌ یه‌كگرتوویی راپه‌ڕینی ساڵی 1991ی كرد كه‌ توانی سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ به‌ده‌ست بهێنێت. كورد له‌ دوای روخاندنی به‌عس به‌یه‌كگرتووی چووه‌ به‌غدا توانی پارێزگاری له‌ مانه‌وه‌ی‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكات‌و له‌ باری دیفاكتۆوه‌ بیگۆڕێت بۆ دامه‌زراوه‌یه‌ك كه‌ ده‌ستووری نوێی عێراقی دانی پێدا بنێت. ‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌به‌ڵام ئێستا ده‌بینین بزووتنه‌وه‌ی‌ كوردی‌ له‌سه‌ر ئاستی كوردستانی گه‌وره‌ له‌ خراپترین باری‌ دابه‌شبوون و به‌ پاشكۆبوونی ئه‌وانی تری‌ داگیركه‌رانی كوردستاندایه‌.

بۆیه‌ له‌ روانگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وایه‌تیه‌وه‌ هه‌موو دابه‌شبوونێك ده‌بێته‌ هۆی‌ لاوازی‌ و سه‌رئه‌نجام به‌ زیان ده‌شكێته‌وه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی‌ باڵای نه‌ته‌وه‌یی كورد. به‌ مانایه‌كی تر هیچ دابه‌شبوونێك له‌ جه‌ستی كورددا قازانجی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانی تێدا نیه‌. واته‌ ده‌توانین بڵێین به‌و ئه‌ندازه‌ی‌ كه‌ یه‌كێتی و یه‌كبوونی نه‌ته‌وه‌یی بنه‌مای‌ سه‌ره‌كین بۆ گه‌یشتنی كورد به‌ خواست و ویسته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی، دابه‌شبوون به‌ربه‌ست و رێگره‌ له‌به‌رده‌م ره‌وتی به‌ره‌و ئاینده‌ی‌ كوردو هه‌میشه‌ ده‌بێته‌ هۆی‌ لاوازی‌ و ناكارایی كورد به‌ گشتی و تێكشكاندنی ته‌واوه‌تی له‌به‌رده‌م ئه‌وانی داگیركه‌ردا.

 بۆیه‌ لۆجیكی عه‌قڵ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ پێناوی‌ یه‌كێتی و یه‌كبووندا كاربكرێت و له‌و پێناوه‌شدا ناكۆكیه‌ كه‌سی و ده‌سته‌یی و حیزبیه‌كان به‌لاوه‌ بنرێن، به‌ لایه‌تی كه‌مه‌وه‌ تا كورد ده‌گاته‌ ئامانجه‌كانی و له‌ مه‌ترسی سڕینه‌وه‌ له‌ لایه‌ن داگیركه‌رانی عه‌ره‌ب و تورك و فارسه‌وه‌ رزگاری‌ ده‌بێت، له‌ دوای‌ رزگاربوون و سه‌ربه‌خۆبوونی كوردستان قۆناغی‌ چاككردنی ناوه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات كه‌ قۆناغی خه‌باتی ماف و ئازادی‌ و عه‌داله‌ت و مافی هاووڵاتیبوونه‌ له‌ژێر سایه‌ی‌ چه‌تری‌ كوردیدا. چونكه‌ تا كورد سه‌ربه‌خۆیی نه‌بێت هه‌موو شتێكی تری‌ كورد له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌دایه‌ به‌ بوونی خۆیشیه‌وه‌.

 كه‌واته‌ سه‌ره‌تا ده‌بێ بوون و سه‌ربه‌خۆیی له‌ ده‌ستی ئه‌وانی داگیركه‌ر ده‌سته‌به‌ر بكرێت، ئه‌ویش به‌ یه‌كێتی و یه‌كبوونی نه‌ته‌وه‌یی ده‌بێت، پاشان گه‌ڕانه‌وه‌ دێت بۆ كاركردن له‌سه‌ر جیاوازییه‌كان به‌ مه‌به‌ستی درووستكردنی فره‌یی راسته‌قینه‌و درووستكردنی زه‌مینه‌یه‌ك كه‌ له‌ به‌رامبه‌ر مندا ئه‌ویتریش هه‌بێت. هه‌تا عه‌قڵی كوردی نه‌گاته‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌وه‌ تێبگات كه‌ جیاوازی‌ بۆچوون مانای‌ دابه‌شبوون نیه‌ به‌ڵكو بنه‌مایه‌ بۆ به‌هێزبوونی زیاتر، ناتوانێت په‌ی‌ به‌وه‌ ببات كه‌ رۆڵی یه‌كێتی و یه‌كبوون چه‌ند گرنگه‌ بۆ مانه‌وه‌و هه‌نگاونان به‌ره‌و ئاینده‌ی‌ گه‌ش.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP