هێزی بڕیار لە یەکریزیدایە

سەپان ئەنوەر - 16-09-2017 - 2832 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ کورد زیاتر لەهەموو قۆناغەکانی مێژوو پێویستی بە یەکریزی و تەبایی هەیە بۆ سەرخستنی ئاوات ئامانجی گەلەکەمان ، ئێمە کە ئەمڕۆ لە دۆخێکی گەلەک  هەستیارو تایبەتداین ، بەتایبەت کە کورد بڕیاری داوە  سەربەخۆ بێت، ئەمش ئەمرۆ بێ و بەیانی بێ و سەدساڵی تر بێت هەر ئەبێ شەری دەوڵەت بیکەین، زۆر گرنگە ئەمرۆکە پارتە سیاسیەکان دۆخی عینادی سیاسی تێپەرێنن و بەرپرسیارەتی نیشتمان لە ئەستۆ بگرن چونکە ئەوان کەناڵێکی گرنگن بۆ بەرزکردنەوەی ئینتمای نیشتیمان رۆحی بەرگری و خۆڕاگری لە لای تاکی کورد.

ئێمە گلەییمان لە پەرلەمانی خۆمان دەکرد کە بە حزبی کراوەو بریارەکان بەتەوافق ناڕوات و بەزۆرینەو کەمینە تێدەپەڕێت، زۆربەی جار لە راگەیاندنەکان گوێمان لە هەندێک پەرلەمانتاری خۆمان و پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی بەغدا دەبوو کە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیان  بە نمونەی تەوافق و دیموکراسی دەهێنایەوە بە سەر پەرلەمانە کوردیەکەی خۆمان، بەڵام ئەوەی بینیمان لەو دیوەخانە تایفیە شیعیە پڕ لە  عەمامە بەسەرە، هەر لە دیوەخانێکی ژێر رەشماڵەکانی بیابانەکان دەچوو کە چەندان جار رۆحی هەزاران کوردیان تێدا زیندە بەچاڵکردوە.

بۆیە ئەو پەرلەمانە داخراوە شەق و شڕەی خۆمان نادەم بەو پەرلەمانە عەرەبە شۆڤێنیەی کە تەنها ئەوە دەزانن بڕیاری لادان و کوشتن و بڕینی کورد حەڵال بکات. 
ئەو بڕیارە سیاسیەی دەرکرا بەرامبەر پارێزگاری کەرکوک دوای ئەوە هات کە سەرۆکی هەرێم لە کەرکوک ،  کوردستانییەتی کەرکوکی دوپاتکردەوە و پەیامی دا بەگوێی پاشماوەی بەعسیەکان و شیعە مەزهەبە دەسترۆیشتووە حوکمڕانەکانی عیراق، کە جگە لە کورد خۆی کەس مافی ئەوەی نیە باسی کەرکوک و خاکی کوردستان بکات. 

شیعە حوکمدارەکانی بەغدا هەروەکو چۆن نەیانتوانی خۆیان بەدور بگرن لە گیانی تۆڵەکردنەوە بەرامبەر بە سونەکان ئاواش کوردیان بێ بەشنەکردو بێ گوێدانە پرنسێپی تەوافق سیاسی ، بڕیاریاندا دکتۆر نەجمەدین دوربکرێتەوە لە پۆستی پارێزگار، کە بڕیارەکەیان هەر لە بڕیاری سزاو تۆلەسەندنەوە دەچوو، ئەمجۆرە بڕیارانە چاوەڕوانکراون و پێشبینی دەکرێت هەر لەم دیوەخانە عەشایرە تایفیە مەزهەبیە ، بە عقلیەتی سەدەیەک پێش ئێستا دوبارە بڕیاری قڕکردنی کورد بدرێت. 

بۆیە پێوستە کورد ئاریشە ناوەخۆیەکانی وەلاوە بنێت و لە هەموو رۆژگارێک زۆرترو زیاتر یەکگرتوو بێت و ناو ماڵی خۆی توندتر بکات و بوار نەدات چیتر کات بەخۆڕایی تێپەڕی و چونکە گۆرانکارییە ناوچەییەکان  زۆر لەوە خێراترە کە  پارتەکان خۆیان بە مە عمەعەی ناوەخۆیی خەریک بکەن، پەرلەمان کارا بکرێتەوە یان کارا ناکرێتەوە، دوژمن خەریکی خۆ کاراکردنەوەیە بەرامبەر خواستەکانی میللەتی کورد.
 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP