بۆ یەكێتی چارەسەر چییە؟

سلێمان عەبدوڵا یونس - 15-10-2016 - 17185 جار خوێندراوەتەوە

سلێمان عەبدوڵڵا یونس

 

ئایا هیچ هیوایەك ماوە بۆ ئەوەی یەكێتی بەواقعی ئێستایەوەو لەسەر هەمان ستراكچەرو لەچوارچێوەی هەمان فۆڕمی مەوجوداو لەسۆنگەی دوو ئاڕاستەی تەواو جیاوازەوە درێژە بەژیانی ڕێكخراوەیی خۆی بدات؟ یان ئیدی یەكێتی لەبەردەم واقعێكی نوێ‌و ستراكچەرێكی نوێ‌و فۆڕمێكی جیاوازو شوناس‌و شەخسیاتێكی سیاسی جیاوازدایە؟

لەڕاستیدا یەكێتی ئیتر چیتر ناتوانێت بەم فۆڕمەی ئێستادا درێژە بەژیانی حزبی خۆی بدات، چونكە لەنێوان حزبێكی ماڵباتی‌و هێزێكی مۆدێرندا بەرەو دوو مەنزڵگەی سیاسی جیاواز ئاڕاستە دەكرێت‌و خاوەنی دوو جەستەو دوو ئەقڵ‌و دوو ڕوئیاو دوو دنیابینی‌و دوو بەرژەوەندیی‌و پێكهاتەو سەركردایەتی جیاوازە.

متمانەی نێوان باڵەكان لەخوار سفرەوەیەو بەرەو خوارتریش دەڕوات، هەربۆیە خۆشخەیاڵییە وابیربكرێتەوە كەدەتوانرێت ئەم متمانەیە لەمودەتێكی زەمەنی دیاریكراودا بچێتەوە نزیك شوێنی جارانی، بەتایبەت لەنێوان ئەم دوو ئاڕاستەیە، كۆڵەكەی كاركردن‌و بەرژەوەندی هاوبەش نەماوە.

چارەسەر جیابوونەوەو یەكگرتنەوەیە لەماوەیەكی زەمەنیدا لەڕێگای دابەشبوون بۆ دوو مینبەری جیاوازو دواتریش گردبوونەوەی هەردوو مینبەرەكەیە لەژێر چەتری یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەرلەوەی شەڕی خاوەندارێتی یەكێتی بچێتەوە سەر ململانێی چەكداریی‌و بەكارهێنانی هێزو ڕشتنی خوێن! 

 

 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP