ریفراندۆم پرسێکی گشتگیرو نیشتیمانیە، ئەرکێکی ویژدانی ئەخڵاقی ئینسانییە

دانا مەنمی - 12-09-2017 - 2815 جار خوێندراوەتەوە


خەونی دێرین ولە مێژینەی جەماوەری کوردستان بەسەرجەم پیکھاتەو ئایدیا سیاسییەکەیەوە ، ریفراندۆم و دروستکردنی قەوارەیەکی سیاسی سەربەخۆی بووە،خەبات و تیکۆشان و قوربانیدانی خەڵکی کوردستان بە دریژایی مێژووی بزوتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان وەزیفەی سەرەکی پاراستنی شوناس و ناسنامەی کوردایەتی و کوردبوون بووە ، ھیچ کاتێک سەرکردایەتی و کورد و شۆرش و راپەرینەکانی رابردوو چاویان لەسەر خاکی ھیچ کیانیکی سیاسی نەبووە ، وەلئ ھەمیشە ھزرو بیریان لای پاراستنی مافە نەتەوایەتی و نیشتیمانیەکانیان بووە .

ھەرێمی کوردستان بووەتە ئەمری واقیع لە ناوچەکەدا ،جەنابی کاک (مەسعود بارزانی ) وەک سەرۆک و پیشمەرگەی کوردستان کە ڕۆڵی میحوەری بینیوە لەبەرکانی جەنگ سئ ھەنگاوی سەرەکی ناوە کە ھەوینی ئەو واقیعە خۆرسکەن کە ئیستا بە چاویکی تر و بە گرنگیەوە لەسەر ئاستی نیو دەولەتی و ھەرێمی لە کورد دەروانن ، کە ئەوانیش :
یەکەم : چەسپاندنی ئاشتی و دیموکراتیەت لە ناوچەکەدا و بە دەستھینانی متمانەی نێو دەوڵەتی و ئیقلیمی.
دووەم: ریزگرتن و پاراستنی مافە کلتوری و سیاسی و ئابوری و کۆمەلایەتیەکانی پێکھاتەکان لە کوردستان وپاراستن و زەمانەتی مافە ئاینیەکان لە کوردستان .
سێیەم : بەرەنگاربونەوە ی تیرۆر لە ناوچەکەدا کە بە دریژای ١٨٠٠ کم لەشەڕی دەولەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ( داعش ) بووین ، کە ئەمەش بە دیوەکەی تردا پاراستنی ئەو ئاشتی و سەقامگیری یە سیاسیەیە کە لە ولاتانی ئەوروپاو ئەمریکاو تەنانەت رۆژھەلاتی ناوەراست دا بەرقەرارە.

ریفراندۆم یەکەم ھەنگاوە بەرەوسەربەخۆی کوردستان ، دوای ریفراندۆم وەزیفەی سەرکردایەتی سیاسی کورد و کوردستانیانە کە گفتوگۆ لە بارەی سنورو ئاسایش و سەقامگیری جیرانەتی و پرسی ئاووکارەبا و خزمەتگوزارییەکانی تر بکرێت ، ریفراندۆم کەشو ھەواو ژینگەیەکی لەبارمان بۆ سەربەخۆی کوردستان دەرەخسینێت ، چونکە ھەموو ھاونیشتیمانیان بە جیاوازی ئیتنی و ئاینی و نەژاد و ئایدیای سیاسیانەوە ، دەنگ و رەنگیان (بەلئ) یە بۆ سەربەخۆی کوردستان و دروستکردنی قەوارەو قەڵەمڕەوییەکی سەربەخۆ لە شێوەی دەولەتداری دا لە کوردستان .

ڕیفراندۆم پرسێکی گشتگیرو نیشتیمانی یە ، ریفراندۆم چەترێکە بۆ کۆکردنەوەی نێوماڵی کورد یەکبوون و یەکڕیزی بنیات بنێینەوە ،لەم چرکە ساتەدا فرسەتێکی مێژووی ھەڵکەوتووەو لەبەردەستماندایە ، ھاوشان ئیرادەیەکی نێودەوڵەتی پشتیوانی لە کوردو قەزیەکەی دەکات کە ھەنگاو بنێت بەرەو سەربەخۆی کوردستان ، ڕیفراندۆم بەرسڤێکی ھیندە رەواو پربایەخە کە ھەمووان لە ژێر پەرچەمی کوردستان یەکبخات و شەرعییەت و متمانەی سیاسی بگەرێتەوە نێوماڵی کورد و ھێزە سیاسییەکان .

ئەگەر ڕیفراندۆم یەکریزو یەکھەڵویستمان بکات ، ئەتوانین لە قۆناغەکانی داھاتوودا ، بە پرۆژەو ستراتیژی نوێ دام و دەزگای دەولەتی بنیات بنێین و گەندەڵیش ریشەکێش بکەین ، پێویستە ھەم و خەمی ھەمووان بۆ نیشتیمان و نەتەوەسازی بێت ، جوگرافیا ناگوازرێتەوەو مالی ھەمووانیش ئەو خاکەیە کە سەد ساڵە قوربانی بۆ دەدەین.

ئیرادەی سەربەخۆی بە جنێوفرۆشتن و نانەوەی پشێوی و ئاستەنگ دروستکردن ھەرەس ناھێنێت ، سەربەخۆی خواستێکی ڕۆژانەو بەردەوامە ، پیویستە ھەموو تاکیک بەرجەستەی بکات و رەسمی ژیانی خۆی بکات ، نەک بە چاویلکەی حزبیەوە لە ژێر کاریگەری ھەژموونی جیرانەکانمان ئاستەنگ بخولقێنن بۆ ئەو فرسەتەی ھاتووەتە پێش بۆ ڕیفراندۆم و سەربەخۆی کوردستان ، پێویستە ھەموو سەرچاوەکانی ئابوری و فکری و سیاسی و تەنانەت کۆمەڵایەتیش لە پێناو ڕیفراندۆم و سەربەخۆی کوردستاندا بەگەڕبخەین ،بتوانین ئەو ئەرک و مافە بە دەستەوە بگرین و لە ژیانی سیاسی و سەربازی و کۆمەلایەتیدا بیکەینە ئەمری واقع و بەرجەستەی بکەین لە ھەموو کایەکانی ژیانماندا. 
شەمەندەفەری سەربەخۆی کوردستان ھەنگاو بە ھەنگاو مەنزڵ بە مەنزڵ دەگاتە کۆتایی ڕیگاکەو ڕۆژ لە دوای ڕۆژیش ئیرادەی سەربەخۆی لە ھەست و نەستی ھاوڵاتیاندا گەشەدەکات ،لەبەرامبەریشدا ھەست بە چزوی دژە سەربەخۆکان دەکەین ، چزوی دوژمنان کارلەسەر لەدەستدانی دەرفەتەکان دەکات ، ھەندێک لایەنی سیاسی ئەجێنداو ستراتیژی دوژمنان دژ بە سەربەخۆی کە ماف و بەسڤێکی رەوایە جێبەجێ دەکەن ، دۆستایەتی وڵاتانی ئەوروپا و وڵاتانی کەنداو و ھەرێمایەتی بۆ کورد و قەزیەکەی گرنگەو مەرجێکی ئەساسین بۆ گەیشتن بە سەربەخۆی کوردستان .

ئیرادەو کۆدەنگی لە بەرەوا ناسینی پرسی کورد لە ئاستی دەرەکیدا ئامادەگی ھەیە ، ئەوەش دەرفەتێکی زێڕینە لەبەردەم پرۆسەی قۆناغی گواستنەوەی میلەتی کورد بۆ نەتەوەسازی ھاوکات یەکڕیزی و تەبایی نێومالی کورد مەرجێکی تری پرۆسەکەیە ، پێویستە ستراتیژێکی نەتەوەی بە ئیجماعی ھێزە سیاسی و کۆمەلایەتی و رۆشنبیرییەکان بنیات بنرێت کە ئامانجی سەرەکی ئەم ستراتیژە ھەنگاونان بێت بەرەو ڕیفراندۆم و بەدوایشیدا سەربەخۆی کوردستان.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP