ڕیفراندۆمی ھەرێمی کوردستان و بەرژەوەندیە جیاوازەکان

نەوزادی موهەندیس - 12-09-2017 - 3316 جار خوێندراوەتەوە


• لە ڕێکەوتی یەکەم کۆبونەوەی لایەنە سیاسیەکانی ھەرێمی کوردستاندا لە ٧/٦/٢٠١٧داو بڕیاردانیان بە چێکردنی پڕۆسەی ڕیفراندۆم لە ٢٥/٩/٢٠١٧دا،ئیدی لاپەڕەیەکی نوێ لە خەباتی کوردایەتی ھەڵدرایەوە و ھەموان یان زۆرینە بە ئاشکرا و نھێنی دژ یان لەگەڵ پڕۆسەکەدا بوون لەناوخۆی کوردستان و وڵاتانی دەوروجیرانی ناوچەکە و تەنانەت زلھێزەکانیش ھەڵوێستی خۆیان ئاشکراکردوە.

• ھەرچەندە ڕیفراندۆم  پڕۆسەیەکی ئاسایی و یاسایی و مافێکی سروشتی و زۆر سەرەتایی ھەموو گەل و نەتەوە و کۆمەڵگایەکی ئیتنیە و ھەنگاوێکە بەرەو دیاریکردنی مافی چارەنوسیان، ھەروەھا پێویستی بەکۆدەنگیەکی سیاسی و نیشتیمانی و میللی ھەیە و دەبێت بۆ سەرخستنی پڕۆسەکەش ھەمووان یەک دەنگ و یەک ھەڵویًستبن و تەبایی و متمانەی سیاسیش بەھێزبێت لەنێوان ھێز و سەرکردە سیاسیەکاندا و پڕۆسەکەش بەدوور بگرن لە دەسکەوت و ھەوڵی تاکەکەسی و حیزبی بەڵکو دەبێت پڕۆسەکە بکرێتە دروشم و ئامانجێکی گەورەی نیشتیمانی و نەتەوەیی بەمەبەستی  ھەنگاونانی زیاتر بۆ سەربەخۆیی و ئازادبوونی یەکجارەکی.

• ڕیفراندۆمی ھەرێمی کوردستان جیا لەھەموو ڕیفراندۆمی گەلانی تر ،گرنگی و کاریگەرر زیاتری ھەیە لەناوخۆی عێراق و ناوچەکە و دونیاشدا بەھۆی ھەڵکەوتە جیۆسیاسیە گرنگەکەی لە((جەرگەستانی))دونیادا نەک (( کەنارستان)) ، کە دەکەوێتە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوینی ھەستیارو گرنگ و دەوڵەمەند بەسەرچاوەکانی وزەوە.ھەربۆیە لە بەرواری ٧ی حوزەیرانەوە ئیدی ھەموان لەناوخۆ و ناوچەکە و دونیاشەوە بە گرنگیەکی بێوێنەوە لەم بڕیارەی سەرکردایەتی کوردیان نۆڕیوە و ھەریەکەیان لە گۆشە نیگای بەرژەوەندیەکانی خۆیانەوە سەیریان کردوە و ھەڵیانسەنگاندوە کە تاچ ڕادە و ئاستێک لە بەرژەوەندی خۆیاندایە،ھەر لەسەر ئەم بنەمایەشەوە ھەڵوێست و گوتار و کرداری خۆیان ئاشکرا کردوە.

• بەرژەوەندی کورد لەم ڕیفراندۆمەدا بەئاشکرا دیارە کە بریتیە لەھەنگاونان بۆ سەربەخۆیی بەشێکی کوردستانی گەورە و ڕزگاربوون لە داگیر و دابەشکردنی ١٠٠ساڵەیی و ڕزگاربوون لەژێر دەستەیی و زوڵم و زۆر و و چەوساندنەوە و قاتوقڕکردن و لەناوبردنی بێبەزاییانەی ڕژێمە یەک لەدوایەکەکانی عێراق.کورد لەبەرژەوەندیدایە کە ئەم ھەنگاوە ھەڵبنێت و ڕێگەش خۆش بکات بۆ بەشەکانی تر و ببێتە خاوەن سەروەری و سیادە و سنور و ئاڵاو مافی ئەندامێتیش بەدەستبێنێت لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان و ببێتە ئەندامێکی کارا و ئاشتیخواز  لەناوچەکە و دونیاشدا.

• بەرژەوەندی وڵاتانی دراوسێ لەھەریەکە لە عێراق و تورکیا و ئێران و تەنانەت وڵاتە عەرەبی(( بە سونە و شیعەیانەوە )) و ئیسلامیەکان ، وەک ئاشکرایان کردوە ھیچ بەرژەوەندیەکیان لەسەربەخۆبون و جیابونەوە و ڕزگاربونی کورددا نیە، چونکە دەبێتە ھۆی بچوکبونەوە و لێکردنەوەی بەشێک لەو وڵاتانەی کە کوردستانی بەسەردا دابەشکراوە لە تورکیا و ئێران و عێراق و سوریاداو دەبێتەی مایەی ھەژارتربون و بچکوبونەوە و لاوازبونیان لەڕووی سیاسی و ئابوری و سەربازیەوە،بۆیە زۆر بەگەرمی لەسەر ھێڵن بۆ دواخستن یان ڕەتکردنەوەی بەتەواوەتی  بۆئەوەی درێژە بەدۆخی ١٠٠ ساڵەیی داگیر و دابەشکردنی کوردستانی گەورە بدەن. وڵاتانی تری ناوچەکەش ھەریەکە بەبیانویەکەوە دژی ئەم ڕیفراندۆمەن و نایانەوێت وڵاتێکی تری وەکو ئیسڕائیل لەناوچەکەدا دروستببێت و بەلای ئەوانەوە ببێتە مایەی سەرئێشە و کێشەی زیاتر بۆیان کە ھەرچەندە کورد نەتەوەیەکی ڕەسەنی ناوچەکەیەو لەسەر خاک و وڵاتی خۆی خەبات دەکات.

• زلھێزەکان لە ئەمریکا و ڕوسیا و بەریتانیاو وڵاتانی تری ئەوروپیش ،ھەریەکەیان لە ڕوانگەی بەرژەوەندی و باڵادەستی لەناوچەکەدا دەڕواننە ئەم ھەنگاو و مافەی کورد و نایانەوێت بەدروستبوونی دەوڵەتێکی تر لەناوچەکەدا تاڕادەیەک نەخشە سیاسی و ئابوری و سەربازیەکانیان بگۆڕدرێن و بەرژەوەندیەکانیان بکەوێتە مەترسیەوە و پلان و نەخشە داڕێژراوەکانیان گۆڕانیان بەسەردا بێت. ئەمریکا لەئیًستادا گرنگی تەواو و سەرەکی دەداتە کۆتایھێنانی جەنگی دژی داعش و تیرۆریستان و گەرەکێتی ناوچەکە و بەتایبەتیش عێراق ئارام و ئاسایش بێت  و وڵاتانی ئەوروپیش بەھەمان شێوە بیردەکەنەوە،وڵاتانی زلھێزیش تاڕادەیکی زۆر بەرژەوەندی خۆیان و ھاوپەیمانەکانیشیان لەناوچەکەدا ڕەچاو دەکەن لەم پرسە گرنگەدا.

• نەتەوە یەکگرتوەکانیش وەک ڕێکخراوێکی نێونەتەوەیی و چەتری کۆکەرەوەی گشتی وڵاتان و دامەزراوەیەکی شەرعی و دانپیادانراوی نێونەتەوەیی و جێگەی دانپیادانان و بەڕەسمی ناساندنی ھەر وڵاتێکی نوێی ئەندام، ھەمیشە وابەستەی ڕاوبۆچونی وڵاتانی زلھێز و باڵادەستە وەک ئەمریکا و ڕوسیا و ئەندامانی ھەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش،بۆیە نەتەوە یەکگرتوەکان ھەمیشە وەک پاشکۆی بڕیارەکان دەردەکەوێت نەک بڕیاردەری کۆتایی.

• بەم شێوەیە لە چانسی کورد،ڕیفراندۆم لەناوخۆو ناوچەکە و دونیاشدا بۆتە مایەی نانەوەی کێشە و گرفتی زۆر و دروستبوونی ڕاو بەرژەوەندی جیاواز و ھەریەکەیان بە بیانویەکەوە  لەگەڵ دواخستن یان نەکردنیدان و ئەوەی دەمێنێتەوە تەنانەت لەناو کورد خۆشیدا  دووبەرەی دژ بەیەک لە ((  بەڵێ و نەخێر )) دروستبوون کە ئەم جیاوازی بۆچونەی ناوخۆ لەھەماون مەترسیدارترە.و ھەرلایەنەش لەبەرژەوەندی تەسکی خۆیەوە دەڕوانێتە پڕۆسەکە و ھەموانی پەرت و بڵاوکردۆتەوە لەجیاتی کۆکردنەوە و یەک و یەکگرتوویی لە ھەڵوێست و گوتار و کرداریاندا.

• لەکۆاتایدا ئەوەی دەمێنێتەوە بیڵێین ئەوەیە کە  ئەم کات وساتەی ئێستا کە کورد ھەڵیبژاردوەو و ئەوانی تر دژایەتی دەکەن باشترین و گونجاوترین زەمان و زەمینەیە،چونکە  لەئێستادا زۆرێک لە مەترسی و ئاڵنگاریەکان بچوک و دوورن بەڵام لە ئایندەدا زیاتر گەورەتر و نزیک دەبنەوە و دێنە بەردەمی ماڵی کورد،بۆیە پێش ئەوەی دوژمنان بێنە دەست ھەق وایە کورد دەستپێشخەری بکات،دیاریکردنی زەمان و زەمینە لە ھەر لایەکەوە بێت ئەوا بە قازانجی سەرکەوتن وچانسی ئەو لایەنە دەبێت و دژی بەرژەوەندیەکانی ئەوانیتر دەبێت،جا لەئێستا دا تەنھا کورد ئەم کات و ساتەی پێباشە چونکە لەقازانجێتی بەڵام ئەوانی تر لە بەرژەوەندی خۆیانی نابینن. لەگەڵ ئەم ڕاستیەشدا بەڵام کوردیش بۆخۆی  و لەنێوماڵی خۆیدا باش خۆی ئامادەنەکردوە و داروپەردووی ڕیفراندۆمێکی سەرکەوتووی  بەو ھەموو گرنگی و ھەستیاریەوە دابیننەکردوە لەڕووی سیاسی و ئابوری و سەربازیەوە و پەلەکردنێکی نا لۆژیکی پێوەدیارە،ھەربۆیە دەکرێت بۆ کاتێکی کەم و دیارکراو گوێ بۆ بیروبۆچون و ھەڕەشەی دۆستەکان و دوژمنەکانیش بگیرێت لەلایەک بۆ ھێورکردنەوەی ئەوان و و دوورخستنەوەی مەترسیەکانو ھەڕەشەکان و لەلایەکی تریشەوە بۆ ئامادەسازی باشتر و بەھێزکردنی بەرەی ناوخۆی کورد خۆیدا بۆ مسۆگەرکردنی زیاتری سەرکەوتنی پڕۆسەکە و بەدەستھێنانی سەربەخۆیی و چێکردنی کۆدەنگیەکی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتیش ودانپیادان و بەڕەسمی ناساندن و ھاوکاری و پشتیوانیشیان بۆ دەوڵەتە سەربەخۆکەمان لە ئایندەدا.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP