هەواڵی ئەمڕۆ

شینی گۆڕان بۆ پەرلەمان نییە، بۆ بازگەی پردێیە!

رێبوار کەریم وەلی - 11-09-2017 - 31349 جار خوێندراوەتەوە


(١)
ئەڵبەتە پەرلەمان لەم رۆژانەی داھاتوودا کارا دەبێتەوە، بەڵام قەیرانی سیاسی چارەسەر نابێ. پارتی خەمی ئەوەی نییە کە پەرلەمان باسی چی تێدا دەکرێ و راستییەکەی بۆشی گرنگ نییە، پێیوایە لە دوو ساڵی رابردوودا سەرچاوەیەکی گرنگی ئاژاوەی سیاسیی لە کوردستان وشک کردووە. ھەڵوێستی حیزبەکانی دیکەش کە بەردی پەرلەمانیان لە سینگی خۆیان دەکوتا و شینیان بۆ دەگێڕا، چی وای لە ھی پارتی کەمتر نەبوو، ئەوانیش لە کۆڵ کۆمەڵێک پەرلەمانتاری موزایەدەچیی خۆیان بوونەوە کە لە حیزبەکانیان ببوونە بەڵا و نەیاندەھێشت خۆیان لە ژوورە داخراوەکانی خۆیاندا سەفقاتی سیاسی ئیمزا بکەن. بۆیە ھەموو لایەک مەمنوون بوون!

بزووتنەوەی گۆڕان (کە ئێستا فیعلەن گۆڕاوە)، ئەویش لە خەمی کاراکردنەوەی پەرلەماندا نەبوو بەقەدەر ئەوەی کە نەیتوانی لە گرێی دەروونیی بازگەی پردێ رزگاری بێ. لە مێژووی سیاسیی کوردستاندا گەورەترین سووکایەتیی سیاسی بە گۆڕان کرا، ھەر بۆیە ئێستاشی لەگەڵدا بێت، لەو بارە سایکۆلۆژییە رزگاریان نەبووە و یەکێک لە ھۆکارەکانی گەڕانەوەیان بۆ لای یەکێتی ھەر لەوەوە سەرچاوەی گرت. سەرباری ئەوەی کە گۆڕان پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی ھەر دەمێنێ، بەڵام ئەو راستییەش دەزانێ کە پارتیش بازگەی پردێ و دێگەڵەی ھەر دەمێنێ! بۆیە سیاسەتکردن لە ھەولێر بۆ گۆڕان بەو دوو قاکتەرەوە زۆر زەحمەتە و ھەر رۆژە بیانوویەکی تازە دەبیننەوە بۆئەوەی نەیەنەوە ھەولێر. حیزبە سیاسییەکانی کوردستان لە گۆڕان تێناگەن، ھەر وەک چۆن کاتێ ئەو سووکایەتییە سیاسییەیان پێکرا، کەس لەسەریان بە جواب نەھات، ئاواش چاوەڕوانییەکی بێھوودەیان لەوە ھەیە کە بە باسکردن و ئەو خاڵانەی لە پرۆژەکاندا بۆ یەکتری دەبەن، گۆڕان رازی بێت بێتەوە ناو پەرلەمان. راستییەکەی ئەوەیە کە گۆڕان بەس لە پەرلەمان دەرنەکراوە، گۆڕان لە کایەی سیاسی بەلاوەنراوە و کۆمەڵی ئیسلامیشی بەخۆیەوە سووتاندووە. ئەوە ئەو خاڵەیە کە دەبێ چارەسەر بکرێت، ئەگەرنا ھەموو ئەو خاڵانەی دیکە کە وەکو مەرج یان بەرنامەی کاری پەرلەمان باسیان لێوە دەکرێت، ھەمووی تەفەڕوعاتن.

پەرلەمان چی پێدەکرێت؟
(٢)
یەکێتی نیشتمانی حەوت خاڵی بۆ پەرلەمانە تەمەن کورتەکەی کوردستان داناوە کە مەتاڵیبی ھەموو حیزبەکانی تێدایە و نەیھێشتووە نە شیش بسووتێ نە کەباب، ھاوکات ھیچی لەسەر خۆی نەھێشتووەتەوە کە بەیانی بڵێن بۆ بە ھاوکاریی پارتی دەرگای پەرلەمانت کردەوە؟

لە باشترین حاڵدا، پەرلەمانی کوردستان چەند خاڵێک لەو خاڵانەی یەکێتیی پێ جێبەجێ دەکرێت کە لە بنەڕەتدا مەتڵەبی سەرەکیی پارتی و یەکێتین لە مەسەلەی کاراکردنەوەی پەرلەماندا، بەڵام ئەوانەش وا بەئاسانی تێناپەڕن، چونکە ھەر لەگەڵ کردنەوەی پەرلەمان و دەبێ لە دانیشتنی دووەمدا بۆ دانانی ئەو خاڵانەی کە یەکێتی باسی کردوون و پارتیش مەبەستێتی ھەندێکیان لە پەرلەمان بڕیاریان لەسەر بدرێت، دەبێ دەستەی کۆنی سەرۆکایەتی ھەڵوەشێتەوە و دەستەیەکی نوێ دابنرێت، لەم ھەنگاوەدا، تابلۆی ناو پەرلەمان مەعلووم نییە، چونکە بەشێک لە ئەندام پەرلەمانەکانی گۆڕان و کۆمەڵ لە دانیشتنی دووەمەوە ھەر نەبێ بۆ بیستنی باسوخواسی ناو پەرلەمان بەشدار دەبن و تا بۆیان بکرێ ئاستەنگ دروست دەکەن. ئەوە لەلایەک و لەلایەکی دیکەشەوە، بەس کوتلەی پارتی لە پەرلەمان فراکسیۆنێکی سەد لەسەد گوێڕاڵە و ئەوانی دیکە پارچە پارچەن. بۆ نموونە فراکسیۆنی یەکێتی سێ باڵی تێدایە (ماڵی تاڵەبانی، دکتۆر بەرھەم ساڵح و مەکتەبی سیاسی) و یەکگرتووش دوو بەشە. بۆیە ھەڵوەشاندنەوە و دانانی دەستەی نوێ ئاسان نابێ.

ئینجا گرفتێکی دیکە کە خۆی قوت دەکاتەوە، ئەولەویەت و ریزبەندیی بڕیارەکان دەبن کە کامیان پێش کامیان تەرح دەکرێن و دەچنە ناو بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە (چونکە ئیتر پەرلەمان یاسا دەرناکات تا بینێرێت بۆ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و ئەوەی دەریدەکات ھەر بڕیارە کە پێویستی بە ئیمزای سەرۆکی ھەرێم نابێ). ھاوکات میکانیزمی جێبەجێ کردنی ئەو بڕیارانە چۆن دەبێ؟ چونکە گۆڕان لە حکومەتدا نەماوە (ئەگەرچی کەس باسی گەڕانەوەی وەزیرەکانی گۆڕان بۆ ناو حکومەت ناکات)، جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی پەرلەمان پێویستیان بە ریزبەند و ھاوپەیمانییەکی نوێی سیاسی ھەیە لە کوردستان و، یەکێتی ناتوانێ لاقێکی لای گۆڕان و لاقەکەی دیکەی لای پارتی بێت. بۆیە پەرلەمان ئەوکاتە بە فیعلی کارا دەبێت کە ئەو ھاوپەیمانییەش راگەیەندرابێت و لە ئیدارەدا رەنگ بداتەوە.

بارزانی قودسی کردە ئورشەلیم
(٣)
تا دێت مەترسییەکانی سەر کەرکووک زیاد دەکەن. گەڕێکی دیکەی ململانێی خاک لەدوای مەسەلەی ئیسرائیل و فەلەستین، لە نێوان کورد و عەرەبدا بەرپا دەبێت. ئەگەرچی کێشەی کەرکووک ھی ئەمڕۆ و دوێنێ نییە، بەڵام سێ ساڵە بارودۆخ رێک پێچەوانە بووەتەوە، واتا ئێمە شەست ساڵ لەسەر کەرکووک شەڕمان کرد و داوای گەڕانەوەیمان کرد بۆ سەر کوردستان، ئێستا عەرەب لە ئێمەی داوا دەکەن.

جاران ئێمە شیعاری کەرکووک قودسی کوردستانەمان بەرز کردبووەوە، ئێستا وەرەق ھەڵگەڕاوەتەوە، ئێستا ئیتر بە حوکمی ئەوەی ئێمە دەبینە ئیسرائیلی دووەم لە ناوچەکەدا و کەرکووکیشمان لەبەر دەستە، ئیتر لەمەودوا کەرکووک بۆ عەرەبەکان دەبێتە قودس و بۆ ئێمەش دەبێتە ئورشەلیمێکی دیکە کە تا یەک کورد مابێ، عەرەب جارێکی دیکە ناتوانن حوکمی تێدا بکەن.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP