هەواڵی ئەمڕۆ

بەپەلە

ئایا هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له‌ كاتی خۆیدا ده‌كرێت؟

عه‌تا قه‌ره‌داخی - 9-09-2017 - 4959 جار خوێندراوەتەوە

زۆرێك له‌و گفتوگۆیانه‌ی‌ سه‌باره‌ت به‌ كاراكردنه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان ده‌كرێن پێمان ده‌ڵێن كه‌ نیازی‌ هه‌ڵبژاردن نیه‌ له‌ ئاینده‌ی‌ نزیكدا، چونكه‌ ئه‌گه‌ر به‌رنامه‌ یان بڕیار هه‌بێت بۆ هه‌ڵبژاردن له‌ 1ی‌ نۆڤێمبه‌ردا، بۆچی باسی كاره‌كانی په‌رله‌مان ده‌كرێت دوای‌ كاراكردنه‌وه‌ی‌ كه‌ له‌ رووی‌ یاساییه‌وه‌ ئه‌م په‌رله‌مانه‌ په‌نجا رۆژی‌ ماوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌ته‌واوی‌ ئێكسپایه‌ر ببێت. ئه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌مڕۆ كه‌ 9-9ی‌ 2017 یه‌ په‌رله‌مان كارا بكرێته‌وه‌، ئه‌وا په‌رله‌مان فریای‌ ئه‌وه‌ ناكه‌وێت ده‌ست بۆ ده‌ركردنی هه‌ندێ‌ یاساو هه‌مواركردنه‌وه‌ی‌ هه‌ندێ‌ یاسای‌ تر ببات، به‌ تایبه‌تی هه‌مواركردنه‌وه‌ی‌ یاسای‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم. كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن بكرێت ئه‌وا كاراكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌م په‌رله‌مانه‌ی‌ ئێستا ته‌نیا بۆ رووكه‌ش كارا ده‌كرێتـه‌وه‌و ره‌نگه‌ ته‌نیا یاسایه‌كی پێ ده‌ربكرێت بۆ ریفراندۆم و شه‌رعیه‌تیش بدات به‌ خانه‌نشینكردنی سوپایه‌كی تر به‌ ناوی‌ ئه‌ندام په‌رله‌مان و راوێژكاری‌ په‌رله‌مان و ...تاد. ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنیش نه‌كرێت ئه‌وا كاراكردنه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان یان ره‌وایه‌تی ده‌دات به‌ درێژكردنه‌وه‌ی‌ مانه‌وه‌ی‌ خۆی‌ كه‌ ئه‌وه‌ش نایاساییه‌و ئه‌و نایاسایی بوونه‌ش ره‌وایه‌تی ده‌دات به‌ درێژكردنه‌وه‌ی‌ جارێكی تری‌ ماوه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم.

ئێستا دوو ئاراسته‌ له‌ كوردستان هه‌یه‌، یه‌كه‌میان پارتی و یه‌كێتی و یه‌كگرتوو كه‌ ئه‌م سێ لایه‌نه‌ به‌ ئاشكرا هه‌ر یه‌كه‌یان له‌به‌ر هۆكاری‌ خۆی‌ نایانه‌وێت هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم بكرێت. پارتی چاوه‌ڕوانی ئه‌نجامی ریفراندۆم ده‌كات و ئه‌گه‌ر زۆرینه‌ی‌ به‌ده‌ستهێنا، ئه‌وا له‌ رووی‌ مه‌عنه‌وی‌ و جه‌ماوه‌ریشه‌وه‌و له‌سه‌ر زه‌مینه‌ی‌ واقیعیش سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ به‌ده‌ست ده‌هێنێت و هه‌روا به‌ئاسانی سه‌نگه‌ر چۆڵ ناكات بۆ نه‌یاره‌كانی به‌ تایبه‌تی له‌ گۆڕان و كۆمه‌ڵ و ده‌یشیه‌وێت بارزانی له‌سه‌ر كورسی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم بمێنێته‌وه‌ تا سه‌روه‌ریی‌ بڕیاردانی‌ سه‌ربه‌خۆیی و راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی كوردستان نه‌دات به‌ كه‌س و لایه‌نێكی ترو ئه‌و سه‌روه‌ریه‌ به‌خۆی‌ ببڕێت. به‌لاَم ئه‌گه‌ر ده‌نگی به‌ڵێ زۆرینه‌ی‌ به‌ده‌ست نه‌هێنا ئه‌وا خه‌ون و پلانه‌كانی پارتی ئاوه‌ژوو ده‌بنه‌وه‌و ئه‌وسا لێكدانه‌وه‌كان به‌ بارێكی تردا ده‌كرێن.

به‌گوێره‌ی‌ یه‌كێتی نیشتیمانی كه‌ سه‌رباری‌ ده‌وربینینی وه‌كو ناوبژیوان و دانبه‌خۆداگرتنیشی له‌به‌رامبه‌ر ره‌خنه‌ی‌ گۆڕان و كۆمه‌ڵ و تاوانباركردنی به‌ پاشكۆیه‌تی بۆ پارتی و ته‌نانه‌ت ره‌خنه‌لێگرتنیشی له‌لایه‌ن پارتیه‌وه‌ به‌وه‌ی‌ كه‌ هه‌ڵوێستێكی روونی نیه‌، به‌لاَم له‌م رووه‌وه‌ یه‌كێتی وه‌كو یاریكه‌رێكی باش یاریی خۆیی كردووه‌و دیاره‌ ئامانجی دیاری‌ خۆیشی هه‌یه‌ له‌م جۆره‌ یاریكردنه‌ له‌ كاتێكدا كه‌ یه‌كێتی خۆی‌ له‌به‌رده‌م مه‌ترسی ه‌وره‌ی‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌دایه‌ ئه‌گه‌ر ناوماڵی خۆی‌ چاك نه‌كات. له‌ راستیدا یه‌كێتی سه‌رباری‌ راگه‌یاندنی بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له‌ كاتی خۆیدا، ئه‌گه‌ر به‌ لۆجیكی عه‌قڵ بیربكاته‌وه‌، نایه‌وێت نه‌ له‌ مانگی نۆڤێمبه‌رو نه‌ له‌ ئاینده‌ی‌ نزیكدا هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان بكرێت له‌به‌ر هۆیه‌كی زۆر ئاشكرا ئه‌ویش په‌یوه‌ندی‌ به‌ پێگه‌ی‌ ئێستای‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ به‌هه‌موو پێوانه‌یه‌ك سه‌رباری‌ كۆچی رێكخه‌ری‌ گشتی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌، تاكو ئێستا پێگه‌و جه‌ماوه‌ردارێتی گۆڕان له‌ پێگه‌ی‌ یه‌كێتی نیشتیمانی به‌هێزتره‌.

 به‌ روانینی یه‌كێتی ئه‌گه‌ر له‌ ئێستادا هه‌ڵبژاردن بكرێت بۆ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان كه‌ هێشتا سێبه‌ری‌ كۆچكردوو نه‌وشیروان مسته‌فا به‌سه‌ر سه‌ری‌ جه‌ماوه‌رو لایه‌نگران و ده‌نگده‌رانیه‌وه‌ ماوه‌، گۆڕان ئه‌گه‌ر هه‌مان رێژه‌ی‌ ده‌نگه‌كانی پێشتریشی‌ نه‌هێنێت، شتێكی ئه‌وتۆ دانابه‌زێت، به‌لاَم ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن بۆ نموونه‌ بۆ ماوه‌ی‌ دوو ساڵ دوا بكه‌وێت، ئه‌گه‌ری‌ زۆر هه‌یه‌ كه‌ ئاستی جه‌ماوه‌رێتی گۆڕان داببه‌زێت و ئه‌وه‌ش به‌ روانینی یه‌كێتی له‌ قازانجی ئه‌و ده‌شكێته‌وه‌. به‌ تایبه‌تی دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان ئه‌زموونی ئۆپۆزسیۆن بوون و ئه‌زموونی به‌شداریكردنی له‌ ده‌سه‌لاَتـدا تاقیكرده‌وه‌و له‌ هه‌ردوو باره‌كه‌دا نه‌یتوانی گۆڕانكاری‌ دیارو له‌به‌رچاو له‌ سیستێمی فه‌رمانڕه‌وایی كوردستاندا بكات، كه‌ ئه‌م دوو ئه‌زموونه‌ش له‌ سه‌رده‌می رابه‌رایه‌تیكردنی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌دا بووه‌ له‌ لایه‌ن نه‌وشیروان مسته‌فاوه‌، كه‌ به‌ بۆچوونی یه‌كێتی ئه‌و سه‌ركرده‌ی‌ ریزی‌ یه‌كه‌م بووه‌ له‌ كوردستاندا، به‌لاَم ئایا گۆڕان له‌ نه‌مانی ئه‌و سه‌ركرده‌ یه‌كه‌میه‌و رابه‌رایه‌تی كردنی ئێستای‌ له‌ لایه‌ن ریزێك له‌ سه‌ركرده‌كانی ریزی‌ سێیه‌م و چواره‌مه‌وه‌و له‌ ململانێی نێوان نه‌وه‌ی‌ كۆن و نه‌وی‌ نوێشدا كه‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ‌ فڕێدراونه‌ته‌ په‌راوێزی‌ بڕیاره‌وه‌ چۆن ده‌بێت؟ ده‌شێ یه‌كێتی چاوه‌ڕوانی لاوازبوونی زیاتری‌ گۆڕان بكات و له‌به‌ر ئه‌و هۆیه‌ش یه‌كێتی نایه‌وێت له‌ ئێستادا هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان بكرێت. هه‌روه‌ك یه‌كێتی نایه‌وێت باسی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم بكات چونكه‌ سه‌ركردایه‌تی ئه‌م حیزبه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێكناكه‌ون كه‌ پاڵێوراوێكی گونجاو بۆ ئه‌و پۆسته‌یان هه‌بێت، كه‌  تاكه‌ به‌رپرسێكی یه‌كێتی كه‌ له‌ ئێستادا ئه‌و بنه‌مایانه‌ی‌ تێدا بێت كه‌ بۆ سه‌رۆكی هه‌رێم بشێت ته‌نیا دكتۆر به‌رهه‌م ساڵحه‌، كه‌ به‌شێك له‌ بڕیاربه‌ده‌ستانی یه‌كێتی ئه‌گه‌ر توانایان هه‌بێت نایه‌ڵن ببێت به‌ قایمقامی سلێمانیش.

 هه‌ر لێره‌شه‌وه‌ ئاشكرایه‌ كه‌ رێكه‌وتنی یه‌كێتی و گۆڕان كه‌ له‌سه‌رده‌می نه‌وشیروان مسته‌فادا كراوه‌و هه‌ریه‌كه‌ش له‌و دوو لایه‌نه‌ ئامانجی تایبه‌تی خۆیی له‌و رێكه‌وتنه‌ هه‌بووه‌و زیاتر له‌ هه‌ر شتێك بۆ به‌هێزكردنی خۆی‌ بووه‌ له‌سه‌ر حیسابی ئه‌ویتریان... ئێستا ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌و رێكه‌وتنه‌ وه‌كو جۆرێك له‌ یه‌كتر فریودان وابووه‌و پێش ده‌چێت هه‌ر لایه‌نه‌ ئامانجی لایه‌نه‌كه‌ی‌ تری‌ له‌و رێككه‌وتنه‌ بۆ ده‌ركه‌وتبێت، به‌لاَم ترس له‌ هه‌ژموونی پارتی زۆرجار ناچارییان ده‌كات ئه‌گه‌ر به‌ رووكه‌شیش بێت و دڵنیاش بن كه‌ ئه‌نجامیشی نابێت باس له‌ پاراستن یان گرنگی ئه‌و رێكه‌وتنه‌ بكه‌ن.

بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌ ئێستادا ئه‌گه‌ر رازی بێت به‌ كاراكردنه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان، ئه‌وا ده‌بێ دوو خاڵی گرنگ له‌به‌رچاو بگرێت. یه‌كه‌م رازیبوونی به‌ چوونه‌وه‌ ناوپه‌رله‌مان ئه‌گه‌ر ته‌نیا بۆ ده‌ركردنی یاسایه‌ك بێت بۆ ریفراندۆم، ئه‌وا مانای‌ وایه‌ گۆڕان پاشه‌كشه‌ی‌ له‌ هه‌موو به‌رنامه‌و پرۆژه‌كانی خۆی‌ كردووه‌، به‌ تایبه‌تی هه‌مواركردنه‌وه‌ی‌ یاسای‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و سنوقی‌ نه‌وت گازو ... ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن له‌ ئه‌مساڵدا بكرێت ئه‌وا په‌رله‌مان وه‌كو پێشتر گوتمان فریای‌ هیچ ناكه‌وێت. ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنیش دوابخرێت كه‌ ئه‌مه‌ ئه‌گه‌رێكی چاوه‌ڕوانكراوه‌، ئه‌وا گۆڕان ده‌بێ له‌ په‌رله‌مان له‌وشوێنه‌وه‌ ده‌ست پێبكاته‌وه‌ كه‌ وه‌كو خۆیان ده‌ڵێن تیایدا په‌رله‌مان له‌كار خرا. له‌بارێكی وه‌هاشدا هه‌مان سیناریۆكانی رابردوو دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ به‌ تایبه‌تی ئه‌گه‌ر ریفراندۆم زۆرینه‌ به‌ده‌ست بهێنێت، هیچ ئه‌گه‌رێك له‌ ئارادا نیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ پارتی رێگا به‌ گۆڕان و كۆمه‌ڵ و كه‌سانی تریش بدات نه‌خشه‌ی‌ دوورخستنه‌وه‌ی‌ مه‌سعود بارزانی له‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم جێبه‌جێ بكه‌ن یان ته‌نانه‌ت كاریشی بۆ بكه‌ن. بۆیه‌ چوونه‌وه‌ ناو په‌رله‌مانی گۆڕان له‌ هیچ بارێكدا له‌ قازانجی گۆڕان نیه‌ مه‌گه‌ر ده‌ستبه‌رداری‌ شه‌ڕی‌ بنه‌ماڵه‌ی‌ بارزانی ببێت، كه‌ ئه‌م خاڵه‌ له‌و پرینسیپه‌ بنه‌ڕه‌تیانه‌یه‌ كه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا بڕوای‌ پێی بووه‌و له‌ مێژووی‌ دوورو درێژی‌ سیاسی خۆیدا كاری‌ بۆكردووه‌و سیناریۆی‌ بۆ داناوه‌، به‌لاَم هه‌رگیز له‌سه‌ركه‌وتن نزیك نه‌بووه‌وه‌... ئایا سه‌ركردایه‌تی ئێستای‌ گۆڕان توانای‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ دابڕان له‌گه‌ڵ قۆناغی نه‌وشیروانی بكات و روانینی خۆی‌ بۆ پارتی و بنه‌ماڵه‌ی‌ بارزانی له‌ دژه‌وه‌ بگۆڕێت بۆ ناكۆك یان جیاواز؟ 

دووه‌م گۆڕان به‌رژه‌وه‌ندی‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ ریفراندۆم دوابكه‌وێت و هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له‌ كاتی خۆیدا بكرێت، ئه‌ویش یه‌كه‌م وه‌كو پێشتر گوتمان له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ له‌ ئێستادا جه‌ماوه‌ری‌ گۆڕان پاشه‌كشه‌ی‌ له‌و به‌ڵیننامه‌ رۆحی و مه‌عنه‌ویه‌ نه‌كردووه‌ كه‌ به‌ نه‌وشیروان مسته‌فای‌ دابوو، بۆیه‌ مه‌ترسی كه‌مكردنی ده‌نگه‌كانی گۆڕان له‌ ئێستادا مه‌ترسیه‌كی گه‌وره‌ نیه‌، به‌لاَم ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژادن دوابخرێت و له‌ ریفراندۆمیشدا ده‌نگی به‌ڵی سه‌ربكه‌وێت، ئاستی پابه‌ندبوونی جه‌ماوه‌ری‌ گۆڕان به‌ به‌ڵیننامه‌ رۆحیه‌كه‌یانه‌وه‌ بۆ گۆڕان ره‌نگه‌ گۆڕانكاری‌ به‌سه‌ردا بێت و ئه‌وه‌ش له‌ قازانجی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ نابێت. دووه‌م هه‌موو ئه‌و كه‌موكورتیانه‌ی‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردنی كوردستاندا كه‌ گۆڕان ره‌خنه‌ی‌ لێیان هه‌یه‌ تاكو ئێستا وه‌كو خۆیان ماون، به‌ تایبه‌تی پاشه‌كه‌وتی موچه‌و بژێوی‌ ژیانی خه‌ڵك و گه‌نده‌ڵی و...تاد كه‌ گۆڕان كردوویه‌نێتیه‌ مه‌رج بۆ كاراكردنه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان، ئه‌و هۆكارانه‌ش تاكو ئێستا وه‌كو خۆیان ماون. به‌ بڕوای‌ من پارتی پێش گۆڕانكاری‌ له‌ موچه‌و بژێوی‌ خه‌ڵكدا هه‌ڵبژاردن ناكات و به‌ئاسانی رێگا نادات چاككردنی موچه‌و بژێوی‌ خه‌ڵك ببێته‌ ده‌ستكه‌وتی گۆڕان و كۆمه‌ڵ و پاشانیش له‌ هه‌ڵبژاردندا بیكه‌نه‌ دروشمی خۆیان بۆ راكێشانی جه‌ماوه‌ر.

 بۆیه‌ ئه‌وه‌ ده‌بینرێت له‌ ئێستادا پارتی هه‌موو هه‌وڵێكی بۆ سه‌رخستنی ده‌نگی به‌ڵێیه‌ له‌ ریفراندۆمی كوردستاندا، یه‌كێتی له‌و رووه‌وه‌ هه‌ڵوێستێكی روونی نیه‌. گۆڕان ده‌یه‌وێت ریفراندۆم دوابخرێت و هه‌ڵبژاردن بكرێت یه‌كگرتوو كۆمه‌ڵ رۆل َو كاریگه‌رییه‌كی ئاشكرای‌ ئه‌وتۆیان نیه‌ له‌سه‌ر بارودۆخه‌كه‌. به‌لاَم ئه‌وه‌ی‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم نه‌ له‌ كاتی خۆیی و نه‌ له‌ ئاینده‌ی‌ نزیكدا ناكرێت، ئه‌مه‌ش له‌ قازانجی پارتیه‌ به‌ پله‌ی‌ یه‌كه‌م و یه‌كێتیش وه‌كو خۆیان پێشبینی ده‌كه‌ن. به‌لاَم به‌ ته‌واوه‌تی به‌ زیانی بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان ده‌شكێته‌وه‌. كه‌واته‌ ده‌بێ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان چی بكات؟ بێگومان ئه‌وه‌ خۆیان ده‌یزانن!

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP