بکەری ھاوکێشەی ئاراستەکراو

شۆڕش خالید ئاژگەیی - 4-09-2017 - 3744 جار خوێندراوەتەوە


ھاوکێشەی ئاراستەکراو، ھاوکێشەیەکی سەخت و بە پێچ وپەناو سیحراوی و مەجازی نیە. فیزیا و بیرکاری وکیمیاو سەلماندنی بیردۆزێکی نامۆ نیە...پرسیارێکی بێ وەڵامی ماندووکەرو بێزارکەر نیە....مادەیەکی دەستووری و یاسایی و عورفێکی باوی کۆمەڵایەتی گرێبەستێکی مۆراڵی و پاپەندبوونێکی ئایینی و ئایدیۆلۆژی و چەمکێکی پڕ ماناومەغزای ھزری و فەلسەفی و ھەڵگری پەیامێکی میدیای و ئەخلاقی و ویژدانی نیە.

ھاوکێشەی ئاراستەکراو، ھاوکێشەی کارێکی بەرھەمداری ئابوری یا خێرداری پیشەسازی و بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی و پێشخستنی جڤاک و گەشەی ئابوری و دامەزراندنی پارتێکی نوێی سیاسی، یا ڕێکخراوێکی داکۆکیکاری کۆمەڵگەی  مەدەنی و پارێزەری مافی مرۆڤ و ئافرەت و ئاژەڵ و ژینگە پارێزی نیە.

ھەوڵێک نیە بۆ کۆکردنەوەی توانا و توانستە شاراوە پسپۆریە مرۆییەکان، یا دەست پێکردنی پرۆسەیەکی چاکسازی نیشتیمانی سەرتاسەری بە جۆرێک کەرتە دواکەوتووە کانی پەروەردە و تەندرووستی و ئابوریش بگڕیتەوە و کۆمەڵگەی ماندوو شەکەت و دواکەوتوو لە پەتای داڕزێنەرو کوشندەی گەندەڵی و پاشاگەردانی ڕزگار بکات لە نەخۆشیە گواستراوەکانی گەندەڵی و بێ ویژدانی و داتەپینی مۆڕاڵ...یا ببێتە ڕێپیشاندەر و ئامۆژگاریکار و پەنددەری گۆڕینی ئاراستە چەوت و ناڕاست و پڕ لە ھەڵەکان و بەرەو پێشکەوتن و دامەزراوەیی و خۆشگوزەرانی و باڵاکردنی مەفاھیمی ھاونیشتیمانی بوون، ھانی بدات و کارئاسانی بۆ بکات و پێداویستیە فەرھەنگی و ھزری و کۆمەڵایەتی و تێکنیکیەکانی بۆ دابین بکات.

ئەم ھاوکێشەیە ھۆکاری بوژانەوەی ئەخلاق و مۆڕالی جڤاکی و کەسێتیەکان نیە، داماڵراوە لەھەرچی پڕەنسیپی کۆمەڵایەتی و ئایینیە، داشۆراوە لە  ھەرچی ڕەگەزی بە ئاگاھێنانەوەی ویژدانی ئینسانیە و لە خاڵێکی کوشندەی ڕوووخێنەردا چەقی بەستووە و دەماغی کرمی بووە و مەنتیقی نەخۆش کەوتووە و لۆژیکی باری کردووە.

بکەری پشت ئەم ھاوکێشە بۆغزاویە، سەماکەرێکی بە سوخرە گیراوی مەدھۆشی دەور تیپێکی مۆسیقای لە خشتەبەرە..کار بۆ دواڕۆژی ناکات، ھەوڵ بۆ خێرو چاکەی گشتی نادات، بۆ مرۆڤایەتی تێناکۆشێ، بەڵکو داماڵراوە لەھەر چی بەھای مرۆڤایەتی و ھاوسۆزی وپاکی و برایەتی و ھاونیشیمانیە...ئاراستە کراوە، وەک رۆبۆتێکی بێ ھەست ونەست و ڕەزا قورس و بێ خوێن و دەمار، سەرماو گەرما و ھەڵبەزو دابەزی ژیان کاری تێ ناکات.

خاوەنی بچوکترین ھەڵوێستی مۆڕاڵی نیەو دۆستی نیەو دوژمنی نیە و وەک توتی شەوو ڕۆژ سەرقاڵی جوێنەوەی بابەتە سواوو ماوە بەسەرچووە بێ ماناکانە...خەوی زڕاوە، لە بێ خەوی خەریکی وتنەوەی وانەی پۆلی یەکی سەرەتایی چەمکەکانی شۆرشگێریە، ھەرچەندە دوورو نزیک تەنانەت بۆ جارێک و ساتێکیش و بە خەونیش، پەیوەندی بەم چەمکانەوە نەبووەو نیە و دەستی قەدەر وای ئانی، ئەو کەوتە نێو ئەم ھاوکێشەیەوە.

بکەری ھاوکێشەی ئاراستەکراو، لە ژین و ژیان فێری ھیچ نەبووە..ھەلپەرەستە، بەرژەوەندچیە...ھیچ کات ھەوڵی نەداوە بۆ بەھێز کردنی کاراکتەری مەعنەوی خۆی و بڕینی پلەکانی گەیشتن بە ڕووناکبیری و بەرز کردنەوەی توانستی ھزری و ئاستی تێگەیشتن لە ھاوکێشە و جۆراوجۆرەکانی ژیان..چونکە ئاراستەکراوو بەرھەمی یەک جەمسەری و تاکە و جەمسەری ترو تاکی تر لە نێو جیھانی ئەو مانای نیە...پووچ گەرایە...ڕەگەزەکانی دەستەگەری و ھەلپەرەستی لە نێو دڵ و دەروون و خوێن ودەمارەکانی ڕەگ و ڕیشەیان داکوتاوەو تا قووڵایترین خاڵی ناخی دەروونیەوە، وەک ڤایروسی ( زیکا)، روح و ھەست ونەستیانی داگیر کردووە.

ئەم بونەوەرە بە ھیچ جۆرێ حەز بە ڕەخنەناکات، خاڵیە لە مەعریفە، بەتاڵە لە ھێزی پاڵنەری فکرو ھەژارە لە ڕووی بوونی ڕوانگەی جیاواز بەرامبەر بە ژین و ژیان و کۆمەڵگە...لە شارەکەی خۆی زیاتر تاکو ئێستا بە ڕێکەوتیش نەبووە، سەردانی زۆنی جیا لە زۆنەکەی خۆی بکات...کە کردیشی ھەست بە نائارامی و دڵە ڕاوکێ و بێزاری و نائومێدی دەکات و ترس و لەرز بۆ چەند ڕۆژێک بەری نادات، چونکە وافێر کراوەو ڕاھێنراوە، ئەوانی تر ھەموویان ڕەت بکاتەوە و بە چاوی کۆیلە ودەروێش لێیانەوە بڕوانێ...چونکە ئەم بوونەوەرە بەرھەمی گەشەی ھزری ناوچەگەرێتی و شارچێتی و سڕینەوەی ( ئەوانی) تر و سەرخستنی ئەمانی ترە.

ئەم بکەرە وەک چاوەشی بەردەم ھەڵپەرکێی کوردەواری حەزی لە ھەڵپەڕینە بە دەور ئەو کەسەی ئاراستەی دەکات و دەست لە پشتی دەدات و بۆ ماوەیەکی کاتیش بێت، ھەلومەرجێکی گونجاوتر لە وانی تری بۆ فەراھەم دەکات و گرینگی بەرچاوی پێدەدات.

 کاراکتەری ئەم ھاوکێشەیە، نەفس نزم وخاوەنی کەسایەتیەکی شکاوو داڕووخاوو نەفامە بەرامبەر بە ڕووداوەکانی دەورووبەری و خوێندنەوەکانی بۆ ھاوکێشە سیاسی و جڤاکیەکان زۆر سەرپێیانەو ڕووکەشانەیە...خۆی لە ھەموو کەس پێ زوڵم لێکراوترە.... شەوانە بە دیار ھەواڵە سواوەکانەوە شەو دەکاتەوەو شەوانیش لە تاو بەدەست ھێنانی دەسکەوتێکی تری شەخسی و کاتی و دان پیانانی لەلایەن سەرووی خۆیەوە ( نەک رێزگرتن)، بە خەو زڕاوی ڕۆژ دەکاتەوە و لە ڕێگەی نووسینی ڕاپۆرتی بێ ویژدانانەو دوور لە ھەموو ئەخلاق و عورفێکی کۆمەڵایەتی و ئایینی، پلان وپیلان بۆ شکاندنی شکۆی ئەوی تر و سووک و ڕیسوا کردنی ئەوانی ترو بەرەو پێشەوە بردنی بەرژەوەندیە وردو درشتەکانی خۆی و دەست خستنی کۆمەڵێک دەسکەوتی کاتی، دادەرێژێ و سڵ لە ھێچ کردارێکی بێزراوو قێزەوەنی نائەخلاقی و  ناکاتەوە.

ئەم بکەرە بەم ئیمکانیاتە بەرفرواونەی بواری تێکنۆلۆژیای زانیاری و تۆڕە کۆمەڵایتیەکانی ئەم سەردەمە خستوویەتە بەردەست، دەبێتە پاڵەوانی پەیجە گۆماناویەکان و ڕۆژانە لە ڕێگەی چەندین پەیجەوە سەرقاڵی نانەوەی فیتنەو ناو زڕاندنن و بڵاوکردنەوەی تۆوی دووبەرەکی و ناکۆکی و سەرنگەرگرتنە لە نەیارانیەوە لە ڕێگەی دەمشڕی و جنێوباران کردنی ئەوانی ترەوە. 

جەلالی ئال ئەحمەد، گەورە روناکبیرو نووسەری کۆچکردووی ئێرانی لە وەسفی مرۆڤگەلی لەم چەشنەدا دەڵێت: ئەمانە ( ھر ھری مژھب و بوقلمون ێفتند).
 واتا( ھۆر ھۆری مە زھەب و بەرژەوەندچین) و ھەر ڕۆژەو لەسەر پەتێک خەریکی یاری پەت پەتێنن و گوڵەبەرۆژ ئاسا، خۆر لە ھەر لاوە دەرکەوت، بەرەو ئەو لا ڕووی خۆیان وەردەگێڕن و پاپەندی ھێج پڕەنسیپێکی دیاری کراوی ئەخلاقی نین.

ئەم بکەرانە لە ھەر حاڵەتێکی ئاساییدا، پێویستیان بە چارەسەری سایکۆلۆژی و دەروونیەو بەم حاڵەی ئێستایانەوە و بەم دۆخەیانەوە بە دڵنیایی، ھەر لە شوێن خۆیاندا دەمێنن و وەک ڤایرۆسێکی (گەنی) لە پێناوی پۆست و پلەو پایەیەکی ( خەنی)دا،  لە کۆمەڵگەدا پێش ناکەون و دەبنە مایەی نەخۆشی و تێکدانی شیرازە کۆمەڵایەتیەکانەوە. 
 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP