غیابی ڕۆشنبیرو مەترسییەکانی بێدەنگ بوون

سەپان ئەنوەر - 3-09-2017 - 2714 جار خوێندراوەتەوە

رۆشنبیری تەنھا بریتی نییە لە یۆنانی کۆن چونکە بەر لەوانیش بە چەندان سەدە زمان و نوسین دۆزراوەتەوە، بەڵام ھەمیشە سەردەمی کۆن بە نەزانین و تاریکی باس دەکرێت. بۆیە باشتر وایە بە دەروازەکانی رۆشنبیری گوزەربکەین بەتایبەت ھەموو جۆرەکانی زانست و ھونەر تەکنەلۆژیا کە لە ئێستا بوونەتە سەرچاوەی پێشکەوتن و گرێنتی مانەوەی کۆمەڵگە. بەتایبەتی کە زانستی سیاست سەری ھەڵداو پەیوەندی بەھەموو زانستەکانی ترەوە کرد بۆ شیکردنەنەوەی دەولەت وحکومڕانی بەڕێوەبردن و کۆمەڵگە .  

لە کۆمەڵگەی ئێمەشدا بەدرێژایی مێژوو رۆشنبیرو خوێنەواری بەتوانای لە خۆگرتوە کە بوونەتە بناغەی زانست و چاکسازی سیاسی و یاسایی و ڕاوێژکاری، کەچی ئەمڕۆ لە حکومڕانی و بەرێوەبردن دواکەوتون و بەردەوام بوونەتە پاشکۆی عقلی پیاوانی خێڵەکی و بنەماڵەیی،نەیانتوانیوە بگەن بەناوەندی دەسەڵات و مەرکەزی بڕیاردان لە ڕێگەی ھێزو توانای رۆشنبیری سەربەخۆیی خۆیان ،چونکە لە بنەڕەتدا لێرە بەدەستھێنانی  دەسەڵات لە ڕێگەی ناشرعیەوە بووە ، ھەرئەوەشە کاریگەری  ئیجابی بەسەر پرۆسەی پەروەردە و رۆشنبیری نەبووە. 

ھەوڵی کۆنترۆڵکردنی تاکی رۆشنبیر کە لە سەدەکانی ناوەراست و لەبیری سیاسی نوێ دا سەریھەڵدا و بە ئەلتەرناتیڤێکی سەرکەوتووش دادەنرێ ، ھەرلەو ڕێگەیەوە دەتوانێ ماھیەتی نیشتمان کەمبکرێتەوە و  بکەوێتە مەترسی و لەناوچون ،کە ئەمە تاکە ڕێگا و رەفتارە کە دوژمن ھەوڵی بۆ ئەدا لە پێناو خولقاندنی ململانێی توندو نە ھێشتنی پرنسیپ و بەھا ئەخلاقیەکان لە بەرامبەر پرسە چارەنوسسازو نەتەوەییەکان . 

راستە بارو دۆخ و ژینگەی کۆمەڵایەتی سیاسی ھەرناوچەیەک لە ناوچەیەکی تر جیاوازە  بەڵام دەسەڵات بەردەوام ھەوڵی داوە کەسی رۆشنبیر لەدەرەوەی بازنەی بڕیار سیاسی بێت، بۆیە بۆتە ھۆکارێک بۆ دروستبوونی پەیوەندیەکی پێچەوانە و دەمارگیری و دژمنکارانە کە ڕەنگی داوەتەوە بەسەر کۆمەڵگە. 

ڕەنگە پرسیارگەلێک دروست بێت ، بێ دەنگ بوونی رۆشنبیر نابێتە ھۆی غیابی وەعی و تەسکردنەوەی ئازادی تاک و پەکخستنی پرۆسەی گۆرانکاری و لاوازکردنی چانسی بەشداربوون لە بریاری سیاسی. ..؟

لە کاتێکدا کە نەک تەنھا رۆشنبیران بەڵکو زیاتر لە پەنجا ساڵە لە جارنامەی مافی مرۆڤ ھاتووە  ھەموو ھاوڵاتیەک مافی ھەیە بەشدار بێت لە بریاری سیاسی وبەڕێوەبردنی ووڵاتەکەیدا،جا بە شێوەئ راستەوخۆ بێت یا ناراستەوخۆ.. بێ دەنگی ڕۆشنبیران بۆتە ھۆی ئەوەی پرسی سەربەخۆیی بکەوێتە بەر میراتی خاترجەمی  بەرەی بەڵێ و نەخێر،کە لە ڕاستیدا ئەوە سەنگەر لەخۆگرتنە، بچوکردنەوەی پێگەی کوردە لە ناوچەکە لەلایەک و لەلایەکی تر رۆشنبیران پێیان وایە دەسەڵات بەردەوام پشکی کوشتن و سزادانی بۆ ئەوان ھەڵگرتووە بەھۆی ناتەبایی بۆچونیان ، ئەم ئیعتقادەش ناگەڕێتەوە بۆ زکماکی بەڵکو دەگەرێتەو بۆ ئەو ژینگە حکومڕانیەی  بیست و شەش ساڵی ڕابردوو بە نا تەندروستی پرکتیزەکراوە. 

ھەڵبەتە ئەم بیروڕایەش لەو کۆمەڵگایانە سەرھەڵدەدات کە ناڕۆشبیرن و ئاستی ھۆشیاریان نزمە و بنەماکانی دیموکراسی بە تەواوی جێ بەجێ نەکراوە و نەبۆتە سیستمی بەڕێوەبردنی ووڵات. ئەوەش دەبێتە ھۆی ڕێگرتن لە بەرقەراربوونی یاساو  تاکە زەرەرمەند کۆمەڵگەیە بەگشتی، ئەمەش کۆمەڵگەی ئێمەی لێ بەدەر نیە ، کە بۆتە ھۆی بەرھەمھێنانی دەسەڵاتێکی ڕەیعی و دروست بوونی تاکێکی بێ ئەرک و ماف  و ووڵات بۆتە  زیندانێکی گەورە بۆ کۆمەڵگە، دەسەڵات ستراتیجی بۆتە لێدان لە قەڵەم  بەدەستان و نە ھێشتنی ماھیەت وبڕوا بەخۆبوون تا دەگاتە پۆشینی بەرگی مەرگی لەسەرخۆی ڕۆشنبیران و تاک بەتاکی کۆمەڵگە. 

بەو پێیەش سوک ئاسان  دەکرێ رۆشنبیران بکرێنە ئامانج و ببنە جێ بە جێکاری ویستی دەرەکی بەھۆی لەرزۆکی و بێ ئیرادەیی ، ئەو کات ئامانجەکانی دوژمنان لەناومان باڵا دەکات بە دروستکردن و قوتکردنەوەی تەنگەژەو دواکەوتنی پرسی سەربەخۆیی و لاوازبونی ڕۆحی بەرگری. پێوستە ئەوە بزانین نەمانی بەرگری واتا نەمانی دەسەڵاتی سیاسی ، ئەم دۆخەی ئێستای ئێمە گوزارشت لە ھیچ ناکات تەنھا لە لاوازی خۆمان نەبێت،کەواتە گرنگترین خاڵی وەرچەرخانی ئێمە ڕزگارمان بێت و دەربازبین لە ژێر سایەی پاشکۆیەتی دەوڵەتان بەگشتی وعیراق بەتایبەتی بە ڕێگاو دەرچەیەکی تەندروست کە بەبێ زیان لێی دەرچین . دەنا ھیچ ئیزافەیەک ناکەینە سەر ئەو دەستکەوت و ئەزموونەی کە بەدەستمان ھێناوە لە سایەی خەباتی دورو درێژی خوینی شەھیدان، بە پێچەوانەوە ئەوەی ھەشمانە لەدەست ئەدەین .

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP