قوتابخانە بێ نازەکەی گەڕەکمان

شۆڕش خالید ئاژگەیی - 30-08-2017 - 4411 جار خوێندراوەتەوە

رۆژ و رۆژگارێکی خۆش بوو، پڕ لەساتەوەختی لە بیر نەکراوو تەژی ئومێد و ھیڤی....یەکسانی لە ماف، لە ئەرک، لە خواردن و تا رادەیەکیش لە جۆری ژیان، ئەگەر بە ھەڵەدا نە چووبم.

برامبیستوومە پرسیاری حاڵ و ژیان وگوزەرانی منت کردووە، نازانم بە درووستی پرسیارکردنەکەت بە چ بۆنەیەکەوە بووەو ھۆکاری پشت پرسیارەکە چی بووە، ئەمە با بمێنێ، چونکە لەم قۆناغەدا و لەو ساتەی ئێستا منی تێدامە، بە دڵنیاییەوە زۆر بەلامەوە گرینگ نیە.....تۆزێک درەنگە!

نازانم بیرت ماوە یا نا؟ من وتۆو زۆرێک لەوانەی ئێستاکە لە بە دەوروو بەرتەوەن ( ھەموویان نا) و ژیانت ئەپارێزن و کارووبارەکانی رۆژانەت بۆ ڕایی ئەکەن و چ وەک بەردەست یا کارگوزار سەرقاڵی بە جێ گەیاندنی ئەرکە پێ سپێردراوەکانن و جاری واھەیە ئاوڕ لە سێبەری بەر خۆرە تاوی خۆشیان نادەنەوەو وادەزانن ھەربەم شکڵ و شێوەیە ھاتوونەتە سەرئەم دوونیاوە، دەرچووی یەک قوتابخانەین. نەک ھەر خۆمان تەنانەت باوکیشم ھەر لەم قوتابخانەیە خوێندوویەتی ( ھەڵبەتە ئەگەر بیرتان مابێ) و سەرەتای ژیانی و لە تافی لاوەتیدا ،بە ئەلفوبێی سیاسی و چەمکەکانی شورشگێری و خەبات و نیشتیمان پەروەریەوە ئاشنایەتی پەیدا کردووە و بۆتە ئەو کەڵە پیاوە ماندوو نەنانەس و دڵسۆزو نیشتیمان پەروەرە گیان فیداو قارەمانەی، تا مردن شانازی پێوەدەکەم و ھەمیشەش سەرسامم پێوەی.

بیرتە قوتابخانەی گەڕەکەکەمان وێڕای نەبوونی خزمەت گوزاری سەرەتایی و پاسی ھاتوچۆو شوورەی بەرزو بڵند و دیواری تەلبەند کراوو دارودرەختی سەوزو نایاب و فریز و گوڵ و رویحانی نایاب و تێر ئاوو و کارەبای نەپچراوی ھەمیشەیی و ئامێرەکانی فێنک کەرەوەو پاسەوان و دەرگەوان، تەنیا یەک فەراشی ھەبوو.

قووتابخانەی گەڕەکمان شوێنی بەیەک گەیشتنی ھەموو بیروبۆچوونە جیاوازەکان بوو....مەڵبەندی کۆڕو کۆبوونەوەی جەماوەری و پێکەوە ھەڵکردنی گشت تیرەو تایفەو دەستەو خێڵێک بوو، دوور لە پەتای کوشندەی ناوچەگەرێتی و دەستەگەری و ھەلپەرەستی و بەرژەوەند خوازی و ڕق و قین و دووبەرەکی و ترازانی کۆمەڵایەتی.

قوتابخانەکەمان، بوو بوو بە موگناتیسی کۆکەرەوەمان لە دەور بەرێوەبەرە خۆنەویستە خاکیە دڵپاکە ماندوو نەناسەکەی لە قرچەی گەرمای ھاوین و سەرماوسۆڵەی وەرزی زستاندا ئامادەی بینین و دیدارمان بوو.

 ھەرجارەی بمانویستایە، بە  سینگێکی فراوان و دڵێکی کراوە، ئامادە بوو لەگەڵمان بکەوێتە گفتوگۆوە بە مەبەستی چارەسەر کردنی کێشە و گیرو گرفتەکانمانەوە.

 ئەو، مامۆستا و رێ پیشاندەرو وتەکانی چرای رۆشنکەرەوەی ژیان و تاریکی و دواڕۆژمان بوو...ماندوونەناس و ئەرک ناس و خاکی و میوانگر بوو... دەورووبەری، وەک تۆری جاڵجاڵۆکە بە خەڵکی نەشیاوی ھەلپەرەستی ماستاو ساردکەرەوەو خۆبەرە پێشەوەولووت بەرزو لە خۆبایی، دەور نەدرابوو...

ساڵانێک ھاتن و ڕۆیشتن....ڕۆژە تاڵەکان بوون بە بیرەوەری لە بیر نەکراو ڕۆژە خۆشەکانیش بوون بە بەشێک لەو ساتانەی تا مردن لە بیر ناکرێن و ھەمیشە بە زیندوویی دەمێننەوە...

دوای بەسەربردنی ساڵانێک لە ژیانی ئاوارەیی، ھاتمەوە سەردانی قوتابخانەکەمان بکەمەوە.

 شوکر بەڕێوەبەرە بەرێزەکەمان ھەر لە شوێنی خۆی مابوو، بەڵام ماندووتر لەجاران و سەرقاڵتر لە پێشان... بەو ئومێدەی وەک جاری جاران لەگەڵ مامۆستاو بەڕێوەبەری خۆشەویست و ڕێزلێگیراو بکەومە گفتو گۆوە، ھاتم سەردانی بینایەی قوتابخانە بکەم...زۆر لام سەیر بوو....دیوارێکی تەلبەند کراوو بەرز کەوتە بەر دەمم...نەیانھێشت...پرسیارم کرد، وتیان گەرەکە پەیوەندی بەم ژمارە تەلەفۆنەوە بکەی..ئامۆژگاریان کردم گەر ژمارە تەلەفۆنەکەت بە ژمارەیەکی تایبەتی دەست پێ نەکات، نەک ھەر وەڵام نادرێیوە تەنانەت ژمارەکەشت بلۆک دەکرێت و ئەخرێیتە پەراوێزەوە و خۆشت لەبەر چاوت ئەکەوێ!!!!!! 

 پێیان وتم ئێستا جاری جاران نیە وەک کاروانسەرا ھەرکاتێ حەزت کرد سەردانی قوتابخانە بکەی بەڵکو گەرەکە  فارس وتەنی لە ( حەوت خانی ڕۆستەم) تێپەڕی و چوار خاڵی پشکنین ئاگاداری ھاتنت بکەی!!!  جیا لەمەش پێویستە سنگت فروان بێ و جارێ لە بینینی بەرێوەبەر پەلە نەکەی، چونکە زۆر کەس بەو ھیوایەوە سەری نایەوەو بە دیداری بەرێزیان شاد نەبوون و ھەناسە سارد دەرچوون!!

دوای تێپەڕینی چەند ڕۆژێک و بۆ ئەوەی ھەناسەسارد و نەبم و بە ھەنسک و چاوی پڕ لە گریانەوە داواکاریەکەم رەت نەکرێتەوە، بریارێکی مێژوویی و چارەنوس سازم دا وپەیوەندیم کرد بە ژمارەکەوە، یەکێک وەڵامی دایەوە و پرسیاری کرد، کێم، خۆم ناساند...وەڵامدەرەوە دیار بوو سکرتێری فەراشی قوتابخانە بوو، نەک سکرتێری بەڕێوەبەر، دوای تێپەڕینی نزیکەی چل چرکە وبێ سێ و دوو، پێی وتم جەنابی بەڕێوەبەر بەھۆی سەرقاڵیەوە جارێ دەرفەتی بینینی جەنابتی نیە و دەبێ چەند مانگێک لە ژووری چاوەڕوانیدا دامە بکەی!!!  

جارێ لە حەپەسان و سەرسووڕمانیدا نیو کاتژمێر بەنج بووم و بۆ چەند ساتێک خۆم و خەمەکانم لە بیر خۆم بردنەوە....یادی سی ساڵ پێشتر کەوتە خەیاڵم...ئەو ڕۆژانەی نە دیوار ھەبوو، نە تەلبەند، نە لێشاوی پاسەوان نە ئەم ھەموو خاڵی پشکنین و نە ئەم ھەموو سکرتێر و کاربەڕێ کەرە....بیرم کردەوە...بیرێکی قووڵ...لەگەڵ خۆم وڕێنەم کرد...بیستبووم لە سەردەمی جیھانگەرایی و داھێنانە خێراکانی شۆڕشی تێکنۆژیاو بچووک بوونەوەی جیھان لە شێوەی گوندێکی بچووک، جیھان زۆر پێشکەوتووە، ئاستی پەیوەندیەکان گۆڕانی ڕیشەیی بەسەردا ھاتووەو مرۆڤ لە بوونەوەرێکی ناچالاک و تەپیوو تەمەڵ و تەوەزەل، بۆتە بوونەوەرێکی چالاک و ئازاو چاونەترس و داھێنەر و لە زۆر حاڵەتدا لە رۆبۆت ئەچێ. 

بیرم کردەوە یا من لە گەڵ ڕەوتی گۆڕانکاریەکان ھەڵم نەکردووەو لە کاروانی پێشکەوتن و گەشەی مرۆڤایەتیدا دوا کەوتووم یا ئەوەتا لە ململانێی نێوان کەمپەکانی ڕۆژئاواو ڕۆژھەڵات و دۆڕانی کۆمۆنیزم و سەرکەوتنی کاپیتالیزم و کاڵ بوونەوەی چەمکەکانی شۆرشگێڕی و پاشەکشەی لیبراڵیزم و دیموکراسی و ھاتنە ئارای داعشیزم و پۆپۆلیزم و پلۆڕالیزم و فرەیی و باڵا کردنی چەمکەکانی مرۆڤدۆستی و مافی مرۆڤ و ئافرەت و چارەی خۆ نووسین و سازانی نیشتیمانی و کۆدەنگی و یەکدەنگی و سیستەمی پەڕلەمانی و سەرۆکایەتی و ململانێی نێوان بەرەی خێر و بەرەی شەڕ و شارچێتی و خۆ خۆری و ............فێری ھیچ نەبوومە و ھاتوومەتە وە نێو جیھانێک کەوا تەواو جیاواز و دەبڕاوە لە تێگەیشتنە ڕووکەشیەکەی من و پێشینە ھەژارە فەرھەنگی و کۆمەڵایەتی و ڕامیاری و ئیدارەییەکەمەوە و ھاوتەریب نیە لەگەڵ مەفاھیمی تازەی سیستەمی نوێی جیھانی و مافی گەلان و بە ھیچ شێوەیەکیش لەگەڵ مافی گشتپرسی و بژاردەی سیاسی و ڕۆڵی ماس مێدیا نایەتەوە!!!

من ھەر بەم گێرمە کێش و پرسیارانەوە خەریک بووم و بیرکردنەوەکان زۆر ھیلاکیان کردم و برست و توانایان لێبڕیم.
ساڵان ھاتن و بە خێرو خۆشی و سەلامەتی ڕۆیشتن و بنە و بارگەیان تێکنا...من ھەر سەرقاڵی لێکدانەوەی گڕی کوێرەکەی سەرەوەو دۆزینەوەی وەڵامی پرسیارە نەبڕاوەکانم بووم... وێڵی دۆزینەوەی ھۆکاری پرسیارەکەی برادەرە ( براو ھاوڕێ) کەی سەردەمی چوونە بەر خوێندنی قوتابخانە بێ نازەکەی گەڕەکەکەمان بووم...زۆر فشارم بۆ خۆم ھێنا.... ھەر نەمدۆزیەوە..ئەم لاو ئەولام زۆر کرد...لە گووگڵ پرسیارم کرد...لە فیس بووک بە دوایدا گەڕام....ھەر بۆم نەدۆزرایەوە.... کاتێک ھاتمەوە سەرخۆم بینیم پێنج ساڵی رەبەقە من لە چاوەڕوانی دۆزینەوەی بەرسڤە قەناعەت ھێنەرەکاندام... بۆیە وازم ھیناو ھاتمەوە ھۆش خۆم و قەناعەتم بەخۆم ھێناو مەردانە بڕیارێکم دا، پاشگەز بوونەوەی تێدا نەبوو... بڕیارەکە بڕیاری کۆتایی بوو بە ئاراستەی دۆزینەوەی ئاراستەیەکی تری ژیان، جیا لەو ئاراستەیەی ھەموو تەمەنم لە پێناویدا کردە قوربانی...چوونکە وام نەکردبا، بە دڵنیاییەوە لە ھۆش خۆم دەچووم و زاکیرەم لە دەست دەداو دەگەیشتمە کاروانی نەمرانی لە بیر کراوو پەراوێز خراوی نێو یادەوەریە ڕاگوزەرەکانی مێژووە پڕ لە شانازیەکەی ئەو کەڵە پیاوانەی خۆنەویستانە، ئەمڕۆیان درووست کرد و بەردی بناغەی ئەم ئەزمونەیان دانا.

خۆمانین برا
من ئێستاشی لەگەڵدابێ بەدوای دۆزینەوەی ( میکانیزمێکی گونجاو) ی بەرسڤی پرسیارەکان و ھەواڵ پرسین و نەپرسینەکانی تۆوە، وێڵم.
 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP