گوتاری مێژوویی رەفیق حیلمی

عه‌تا قه‌ره‌داخی - 30-08-2017 - 3459 جار خوێندراوەتەوە


رەفیق حیلمی (١٨٩٨-١٩٦٠)، لە شاری کەرکوک لە دایکبووەو خوێندنی ئەندازیاری لە تورکیا لە ساڵی ١٩١٨دا تەواو کردووەو پاشان بووەتە مامۆستاو لەبواری پەروەردەدا کاری کردووە. لەسەردەمی دەسەڵاتداری یەکەم و دووەمی شێخ مەحموددا زۆر نزیک بووە لە شێخ مەحمود، بەڵام بە نیگەرانیشەوە سەیری بارودۆخ و شێوەی کارکردنی شێخ مەحمودیشی کردووە.

 رەفیق حیلمی لە دامەزرێنەرانی حیزبی ھیوایەو وەکو کەسی یەکەمی ئەو حیزبەش وابووەو پێدەچێت بەرنامەی ئەو حیزبە رەنگدانەوەی بیروروانینی ئەو بێت. ئەم کەسێتیە دیارەی کورد سەرباری یاداشتەکانی و کتێبی " کورد لە بەربەیانی مێژووەوە"، بەشدارییەکی دیاری لە بواری ئەدەبدا ھەبووە لە لایەک شیعری نووسیووەو وەرگێڕانی کردووەو لەلایەکی تریشەوە بەشداری ھەبووە لە بواری رەخنەو مێژووی ئەدەبدا. 


گەوھەری دیدوتێڕوانین و بۆچوونەکانی رەفیق حیلمی سەبارەت بە رووداوەکانی پەیوەست بە کۆتاییەکانی دەوڵەتی عوسمانی و جەنگی یەکەمی جیھانی و بارودۆخی کوردو چارەنووسی ولایەتی موسل َو دەسەڵاتـداریەکەی شێخ مەحمود و لکاندنی باشووری کوردستان بە عێراقی تازە بەدەوڵەتکراوەوەو ئاخاوتن لەباری کوردو کێشەکەیەوە لە یاداشتەکانیدا دەبینرێن. بۆیە بۆ قسەکردن لەسەر گوتاری مێژوویی یان سیاسی رەفیق حیلمی سەرچاوەی یەکەم یاداشتەکانیەتی، لەگەڵ ھەڵسەنگاندنی بەرنامەی حیزبی ھیوادا کە کاریگەری بۆچوونەکانی ئەمی بەئاشکرا پێوەدیارە. لێرەشەوە پرسیاری ئەوە دەکەین ئایا گوتاری رەفیق حیلمی لەکوێی گوتاری نەتەوەیی کوردیی یان ناسیونالیزمی کوردیدایە؟


رەفیق حیلمی لە یاداشتدا کاتێک رووداوەکان دەگێڕێتەوە، یان باسی دیدو تێڕوانینی کەسێک دەکات، لە شێوازی دەربڕینەکەیەوە دەردەکەوێـت ئایا لایەنگری ئەو رووداوەیە کە دەیگێڕێتەوە یان نا، بەڵام ئەمە تێکەڵاوی خودی رووداوەکە ناکات، بەڵکو بەدەربڕینی سەربەخۆ لایەنگریی یان ناکۆک بوون لەگەڵ ئەو رووداوە یان ھەر بیروبۆچوونێک دەردەبڕێت، بە تایبەتی ئەو بابەتانەی کە پەیوەنیدییان بە کوردو چارەنووسی کوردەوە ھەیە ھەڵدەسەنگێنێت و راوبۆچوونی خۆیشی لەبارەیانەوە دەخاتە روو، کەواتە لێرەوە دەردەکەوێت کە یاداشت تەنیا تۆماری رووداوەکانی ئەو سەردەمە نیە کە رەفیق حیلمی تۆماری کردوون، بەڵکو ھاوشان دەربڕینی راوبۆچوون و ھەڵوێستی نووسەر خۆیشی رووبەرێکی دیاری لە یاداشتدا داگیر کردووە. لە بارەی پەیمانی سیڤەرەوە دەڵێت: پەیمانی سیڤەر لەلایەن سوێندخۆرەکانەوە بە سانی دەوڵەتە داماوەکان و لە شەڕا ژێرکەوتووەکانی تر، بە حکومەتی عوسمانیش ئیمزا کرا (١٠ی ئەغستۆس ١٩٢٠). 

ئەم پەیمانە کە بڕبڕەی پشتی تورکیای پێ شکا، لەلایەن سەربەخۆیی وڵاتی کوردو ئازادی قەومی کوردەوە سێ بەندی تێ خرابوو(١). دیسان دەڵێت: ئەمە ھەنگاوی گەورە بوو کە بەرەو ئیستیقلال و سەربەخۆیی کوردستان ھاوێژرا.

 بەڵام داخەکەم کورد لەم ھەلە ھیچی دەست نەکەوت(٢). نووسەر باسی پەیمانی سیڤەر دەکات کە چۆن بە ھەوڵ و کۆششی شەریف پاشای خەندان ئەو سێ خاڵەی پەیوەستبوون بە کوردەوە خرانە ناو ئەو بەڵگەنامەیەوەو لەوەش دەدوێت کە چۆن شەریف پاشا لێبڕاوانە ھەوڵیداوە بۆ گەیاندنی داواکارییەکانی کورد بە کۆنگرەی ئاشتی.

 لەپاڵ ئەمەدا نووسەر لایەنگری خۆی بۆ ئەو ھەوڵەی شەریف پاشاو داواکارییەکانی کورد بۆ سەربەخۆیی دەردەبڕێت و پەیماننامەی سیڤەر بە ھەنگاوێکی گرنگ بەرەو سەربەخۆیی کوردستان ناو دەبات، ئەمەش بەڵگەی لایەنگیری و پاڵپشتی و بڕوابوونی ئەوە بە سەربەخۆیی کوردستان لەو کاتەدا. ھەروەک جێبەجێنەکردنی خاڵە پەیوەستەکانی پەیمانی سیڤەر بە چارەنووسی کوردەوە بە کارێکی خراپ و نادرووست دەزانێت، خەم و پەژارە بۆ ئەو پاشگەزبوونەوەیە دەردەبڕێت و نێگەران و دڵتەنگە لەوەی کە کورد لەو ھەلە مێژووییەیە ھیچی دەست نەکەوت. لێرەوە بەئاشکرا دەردەکەوێـت کە خەونی رەفیق حیلمی سەربەخۆیی و ئازادی کوردستان بووەو لەیەکەم دەربڕینیشدا باسی ھەوڵی کەسێکی دڵسۆزی وەکو شەریف پاشا دەکات و لەپاڵ ئەوەشدا لەو ھیوایە دەدوێـت کە پەیماننامەی سیڤەر بەکوردی بەخشی و پاشانیش چۆن پاشگەزبوونەوە لە جێبەجێکردنی پەیماننامەکە کوردی بێ ئومێد کرد. 

نووسەر باسی کارەساتی جەنگی یەکەم دەکات کە چۆن بووە ھۆی وێرانکاریو کوشتن و بڕین. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆرێک لە نەتەوەو گەلانی جیھانی بەرکارەسانی جەنگ کەوتوو، جەنگ و وێرانکاری نەیتوانیووە بیانڕوخێنێت و لە کاروان بەجێیان بھێڵیت و بەتەواوەتی فڕێیان بداتە پەراوێزەوە. بەڵام گەل و نەتەوە دواکەوتووەکان نەیانتوانی بیرو لەو کارەسات و وێرانکارییە بکەنەوەو لەوە تێنەگەیشتن کە چی روودەدات و نەگەیشتنە ئەو ئاستەی بیر لە رێگای خۆبنیادنانەوەو خۆدرووستکردنەوە بکەنەوە. لە کاتێکدا گەلانی ھوشیارو بەئاگا کە خۆیان یان لەناو رووداوەکاندا بوون یان خۆیان سەرکردایەتی جەنگیان دەکرد، چی بۆ خۆیان باش بوو ئەوەیان کردو پاشماوەکانی جەنگیان بە سوودی خۆیان دابەشکرد. گەلی کورد یەکێک لەو گەلانە بوو کە لە خەوی دوورو درێژی بێئاگاییدا بوو لەکاتی شەڕداو کاتێکیش شەڕ تەواو بوو  ھێشتا خامۆش و ساکاوبوو...یەکێ لەو قەومە خەواڵوو کەمتەرخەم و چارە ڕەشانە داخەکەم قەومی کورد بوو(٣).

نووسەر سەیری نەتەوەی کورد لەناو واقیعێکدا دەکات کە جەنگی جیھانی یەکەم و ساتەکانی کۆتایی ھاتنی جەنگەو سەرنجمان بۆ ئەوە رادەکێشێت کە چۆن جەنگ بووەتە مایەی وێرانکاری و چۆنیش گەلانی بڕیاربەدەست بارودۆخی دوای جەنگیان لەبەرژەوەندی خۆیان بەکارھێناوە. بەڵام گەلی کورد یەکێک بوو لەو گەلانەی کە نەیتوانی سوود لەو بارودۆخە وەربگرێت. راستە ھۆکاری نەگەیشتنی کورد بە ئاستی درووستکردنی دەوڵەتی خۆی لەو قۆناغەدا ھەمووی ناوخۆیی نیەو شان بەشانی ھۆکاری خودی یان ناوخۆیی ھۆکاری دەرەکی یان بابەتیش لەو رووەوە دەوری کاریگەری بینیووە. 

بەڵام نووسەر جەخت لە خودی کورد خۆی دەکاتەوەو پێیوایە کورد لەو قۆناغەدا لە خەونی خۆشی بێئاگایی و سەردەرنەچوون لە بارودۆخەکە بەئاگا نەھاتبوو. مەبەست لەمەش ئەوەیە لە رووی ھوشیارییەوە کورد ھێندە لاوازو بێ ئاگابوو نەیتوانی لەبارودۆخەکە تێبگات و بەدوای ویست و خواستەکانیدا بچێت. بەمانایەکی تر سەرباری ئەوەی کە بزووتنەکانی شێخ مەحموودی بەرزنجی لە سلێمانی لە کۆتایی جەنگدا بوونی ھەبوو، شێخ مەحموود دەسەڵاتێکی سنوورداری دامەزراند و شەریف پاشا لە ھەوڵی دیپلۆماسیانەدا بوو بۆ ئەوەی داواکارییەکانی کورد جێبەجێ بکرێت، بەڵام ئاستی گشتی ھوشیاری خەڵک لاوازبوو، بەجۆرێک کە کورد لە سەروبەندی کۆتایی ھاتنی جەنگدا پێکھاتەیەکی یەکگرتووی ئەوتۆ نەبوو کە قورساییەکی وای ھەبێت بتوانێت کاریگەری لەسەر رەوتی رووداوەکانی ناوچەکە دابنێت و لەو رووەشەوە ئینگلیزەکان کە زیاترین ھەژموون و دەسەڵاتیان بەسەر ناوچەکەدا ھەبوو ناچار ببن وەکو چۆن سەیری عەرەبەکانیان کردو چەندین دەوڵەتیان بۆ داتاشین، لەسەر جوگرافیای کوردستانیش بەلایەنی کەمەوە لە ولایەتی موسڵدا دەوڵەتێک بۆ ئەمیش درووست بکەن. ئەو خەواڵووی و بەدبەختی و چارە رەشیەی کە رەفیق حیلمی بۆ کورد باسی دەکات و بەھۆکاری تێنەگەیشتن و نەتوانینی رۆیشتن بەدوای خواست و ئامانجە نەتەوەییەکانی دەزانێت، دەرئەنجامی دواکەوتوویی و نەبوونی یان لاوازی ھەست و ھوشیاری نەتەوەیی کوردی بوو لەو کاتەدا.

 تەنانەت کاریگەری لاوازی ھەست و ھوشیاریی نەتەوەیی کوردی لەسەروبەندی بزووتنەوەکانی شێخ مەحموودیشدا روون و ئاشکرا بووەو قەڵەمڕەوی بزووتنەوەکەی لە سنووری سلێمانی تێپەڕی نەکردووەو خێڵ و عەشیرەتەکانی ئەو سەردەمەی کورد نەک لە ھەموو کوردستاندا بەڵکو لەسنووری سلێمانیشدا زۆرینەیان لەگەڵ شێخ مەحموود نەبوون. ھۆی سەرەکیش نەبوونی ئەو پاڵنەرە ناوخۆییەیە کە مەرجی یەکەمی ھەر بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی و ھەر شوێنکەوتن و کۆشش کردنێکە لە پێناوی سەربەخۆیی و ئازادیی نەتەوەیی و درووستکردنی دەوڵەتی نەتەوەیدا کە ئەویش ھوشیاری نەتەوەییە، یان بە دەربڕینێکی تر لاوازی ناسیونالیست و فۆرمەلە نەبوون و پێکنەھاتنی گوتاری نەتەوەیی یان گوتاری ناسیونالیزمە. 

ھەروەک نووسەر جار جار دەگەڕێتەوە بۆ دواوەو رووناکی زیاتر دەخاتە سەر بارودۆخی کورد لە نێوان عوسمانی و سەوفەویەکانداو باسی ئەوەش دەکات کە لە پێش رووخاندنی میرنشینە کوردەکاندا کە زۆربەیان بە دەستی تورکەکان یان بە پلانی ئەوان لەناوبران، کورد لەسایەی ئەو دەسەڵاتە ناوخۆییانەی میرنشینەکاندا جۆرێک لەسەربەخۆیی ھەبوو. تورکە عوسمانیەکانیش سوودیان لەوە وەرگرت کە لەسەرەتاوە زۆربەی میرنشینەکان یان دەسەڵاتە ناوخۆییەکانی کورد بەلای خۆیاندا رابکێشن و لەو رووەشەوە مەلا ئیدریسی بەتلیسی رۆڵی دیاریی بینیووە، کە جۆرێک لە رێکەوتنی لە نێوان میرنشینەکاندا کردووەو ھەوڵیداوە ببنە ھاوپەیمانی تورکەکان و تورکەکانیش سوودیان لە ھێزی کوردەکان وەرگرتووە بە تایبەتی بەرامبەر بە فارسەکان. تا ئێرە رەنگە ئەو نزیکبوونەوەی نێوان دەسەڵاتە ناوخۆییە کوردەکان لە تورکەکان و ھاریکاریکردنی تورکەکان لە شەڕدا ئاسایی بووبێت، بە تایبەتی بۆ ئەو سەردەمەش کە واپێدەچێت تورکەکان ئاستێکی زیاتر لە ئازادی جوڵەیان بە دەسەڵات و میرنشینە کوردەکان دابێت. 

بەڵام دیسان لاوازی ھوشیاری لە کۆمەڵگەی کوردی سەدەکانی شانزەو حەڤدەو ھەژدەو نۆزدەدا ھۆکاربووە بۆ ئەوەی کورد سەرباری ئەو دڵسۆزی و ھاوکاریی کردنەی بۆ عوسمانیەکان، نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی بیر لە چارەنووسی خۆی بکاتەوەو نووسەر پێیوایە کوردەکان بەو ئەندازەی کە دڵسۆزیی زیاتریان بۆ سوڵتانەکانی عوسمانی نیشانداوە، لەبەرچاوی تورکەکان سووکترو بچووکتر دەرکەوتوون و لەبری ئەوەی تورکەکان پشتگیرییان بکەن و یارمەتیان بدەن، کەچی کەوتوونەتە پیلان گێڕان و نەخشەدانان بۆ لەناوبردنی دەسەڵات و میرنشینە کوردییەکان، لەم رووەوە دەڵێت: ھەتا ئەمیرە -کوردەکان- زیاتر لە پێناوی ئەواندا خۆیان بەخت کردو خوێنیان بۆ رشتن، زیاتر لە چاویاندا سووک بوون و زۆرتر بوون بە ژێردەست و کەوتنە تەنگانەوە. لە جیاتی ئەمە کە بەچاوێکی ستایش بنواڕنە ئەم ئەمیرانەو قەدریان بگرن، نرخێک بدەن بە برایەتیان، رێی تێگەیشتنیان لێ نەگرن و ماوەی بوژانەوەو پێشکەوتنی تەواویان بدەنێ.

 بەڵێ لە جیاتی ئەمانە کەوتنە دەستێوەردانی ئیدارەی ناوەکی  ئەمارەتەکانیان و خەریکی ئەوە بوون کە ناکۆکی بخەنە ناویانەوەو بیاکەن بە گژ یەکدا(٤). لێرەدا تێڕوانینی نووسەر بنەمایەکی رەخنەییانەی ھەیە، ئەویش بە دوو ئاراستە، یەکەم رەخنەگرتن لە روانین و ھەڵوێستی تورکەکان کە سپڵەن بەرامبەر بەوانەی یارمەتیان دەدەن و ھاریکارییان دەکەن و تەنانەت خواست و ویستی گەورەیشیان نیەو شتێکی ئەوتۆ داوا ناکەن زیاتر لەوەی کە ھەیانە، بەڵکو تەنیا دەیانەوێت ئەو دەسەڵاتە سنووردارەی کە لەسایەی ئیمپراتۆرێتی عوسمانیدا ھەیانە بپارێزرێت و ئەمانیش دڵسۆزو ملکەچی فەرمانی بابی عالی دەبن. دووەم، رەخنەی نووسەر لە میرو دەسەڵاتدارو تەنانەت ھەموو کوردە لەو قۆناغەدا کە لەبری ئەوەی خۆی بپارێزێت و پەیوەندییەکانی ناوخۆی بەھێز بکات و جۆرێک لە یەکێتی نێوان دەسەڵاتـە ناوخۆییەکانی خۆی پێکبھێنێت و لەبری ئەوەی شەڕ بۆ تورکەکان بکات، خۆی بپارێزێت و لاوازی خۆی لەپێناوی ئەوی تورک یان تەنانەت فارسدا بەفیڕۆ بدات، باری ناوخۆی خۆی پتەوبکات، بەردەوام لەخزمەتی ئەوی تردا بووەو ئەوەش لەلایەک توانای ئەمی پڕوکاندووەو لەلایەکی تریش لەبەرچاوی ئەوی تورکدا وەکو خزمەتکارو کۆیلەو ملکەچ دەریخستووەو وێنای کەسێتیەکی بچووک و لاوازی کوردی لەبەرچاوی ئەوی تورکدا بارجەستەکردووە. 

واتە ئەو ھەڵوێستەی میرە کوردەکان کە بەرامبەر بە یەکتر دڕو لێنەبووردەو مل ھوڕ بوون، لەبەرامبەر ئەوی تورکدا بچووک و ملکەچ و خزمەتکار ئاسا بوون. تورکیش دەرکیان بەم لایەنە خراپ و لاوازەی کەسێتی کوردی بردووەو لەوێوە توانیوویانە دەستبخەنە کاروباریانەوەو بەدژی یەکتر ھانیان بدەن و یەک بەوی تر تەواو بکەن. نووسەر لەم روانگە رەخنەییەوە سەیری عەقل و ھوشیاری و کەسێتی کوردی لەسەردەمی مێرنشینەکان و تەنانەت دواتریشدا دەکات و لەئاستی نەگوتراویشدا ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەبێت کە یەکێک لە ھۆکارە سەرەکیە ناوخۆییەکان کە بەردەوام رێگربووە لەوەدا کە کورد وەکو کۆمەڵگەیەکی ئاسایی یان سرووشتی رەفتار بکات و ھەنگاو بە ئاراستەی ئایندە ھەڵبنێت ئەو کەسێتیە لاوازو ھەست بە بچووکیکەرە بووە لەبەردەم ئەوانی ترداو لەبەرامبەر خۆیشیدا تووندو پاڵەوان ئاساو لێنەبووردە بووە، کە تاکو ئێستاش ئەوە یەکێکە لە خاسێـتە زاڵەکان لە کەسێتی کوردیدا.  

رەفیق حیلمی نموونەی رۆشنبیرێکی ئاسۆ روون و ئاسۆی بینین فراوان بووە، کە لە ئاستی قوڵدا باس لە بەرھەمھێنانی گوتاری نەتەوەیی کورد دەکات، بەڵام بە دیدێکی رەخنەگرانەوە، واتە ھاوکات لە شێخ مەحمود نزیکەبووەو خۆشیویستووەو ھاوکات وەکو رۆشنبیرێکی خاوەن بۆچوون دەیەوێت خۆی و رۆشنبیرانی تری بەئاگاو ئەفسەرە لێھاتووەکانی کورد کە پێشتر لە سوپای تورکدا بوون لێی نزیک بن و ئەویش پرس و رایان پێبکات و پشتیان پێببەستێت، بەڵام کاتێک کە شێخ مەحمود بەم جۆرە کارناکات و رۆشنبیران و خوێندەوارانی سەردەمەکەی خۆی پشت گوێ دەخات و  پشت بە ئاغاو بەگ و شیخی بەرژەوەند پەرست و نەزان دەبەستێت، ئەم بێ دەنگ نابێت و رەخنەی لێدەگرێت، کاتێک شێخ مەحمود پشت لە ئەفسەرانی کوردی پیشتری ناو سوپای تورک دەکات و پشت بە تفەنگ لەشان و دەمانجەو خەنجەر بەقەدی نەزان و نەشارزا دەبەستێت ئەم رەخنەی لێدەگرێت.  بەڵێ رەفیق حیلمی نموونەی رۆشنبیری رەخنەگرە لە مێژووی ئێمەدا، رۆشنبیرێک کە رەخنەکانی درووستکەرو بنیادنەرن بوون و لە سوودو بەرژەوەندی نەتەوەو نیشتیمانەکەیی و دۆزە رەواکەیدابووە. واتە ئەم نووسەرو کەسێتـە منەوەرەی کورد خاوەنی گوتارێکی نەتەوەیی رەخنەگرانەیە کە ئەوەش بەڵگەی ئاسۆی مەودافراوانی بینینی ئەوە بۆ ئایندەی کورد. واتە کورد پێویستی بە عەقڵی رەخنەگرانە ھەیە بۆ ئەوەی بتوانێت واقیع بەجۆرێک بخوێنێـەوە کە بتوانێت مامەڵەی درووستی لەگەڵدا بکات و لە جوڵەو ئاراستەی ھێزە جۆراوجۆرەکان تێبگات و بزانێت چی دەکات و چۆن بڕیار دەدات و کەی بڕیار دەدات.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP