ڕێفراندۆم بکەین یان وەک خێڵێک بەبێ دەوڵەت بمێنینەوە

سەپان ئەنوەر - 30-08-2017 - 2026 جار خوێندراوەتەوە


دەوڵەت بونێکی ماددی نیە لە واقعدا،چونکە دەسەڵات و دەوڵەت دووشتی جیاوازە ،ئەو دەسەڵاتەی لە کوردستان ھەیە ناکرێت بەرگی دەوڵەتی بەبەرابکرێت ،چونکە دەوڵەت بەبێ سنورنابێت بوونی ھەبێت ، دەوڵەت دەسەڵاتی فراوانترە ،دەکرێت دەسەڵات لە چواچێوەی ھەرێمێکدا ھەبێت بەڵام دەکرێت ھەر لەناو خودی ھەرێمەکە دەسەڵات لەھەندێک شوێن بەھێز و لەھەندێکی تر لاواز بێت،  مانای وایە خودی دەسەڵات دەوڵەت نیە. 

ئێمە لە واقعی ئەمڕۆماندا ھەڵە دەکەین کە دەسەڵات تێکەڵ بەدەوڵەت دەکەین،ئەمەش لەناووشیاریمانە بۆ ڕوانینی دەوڵەت و دەسەڵات چونکە ناکرێت دەسەڵات موقەدەس بکرێت و لەسەروی دەوڵەتەوە دایبنێین جا ئەو دەسەڵاتە حزبی یا بنەماڵەیی یا خێلەکی یاشەخسی بێت، چونکە ئەگەر دەسەڵات دەھێندەش بەھێزبێت بەرامبەر دەوڵەت ھەر لاوازە . بۆیە بیرۆکەی دەوڵەت پێویستی بە ھێزێکی فکری ھەیە ناکرێت بەو شپرزە سیاسیەی ئێستا کە ھەیە  بڕوانینە دەوڵەت، چونکە دەسەڵات لە پێش دەوڵەتەوە ھەبووە بەڵام سنورو ئامانجی  نەزانراو بووە کوێی بویستبا لەوێ دەگیرسایەوە. 

لە چەمکی نوێدا دەسەڵات ئامرازێک بووە بۆ پارێزگاری شکۆی دەوڵەت لە ڕێگەی شرعیەتەوە بۆئەوەی ھێزوتوانایەک ببخشێت بەدەوڵەت بۆ پاراستنی سەروەری وسنورو شکۆی گەل، بۆیە دەسەڵات و دەوڵەت پێکەوە دەتوانن لە ڕێگەی ئەدەبیاتی یاساو لە چواچێوەی دەستورەوە یەکانگیر بن و خۆیان ڕێک بخەن و فەلسەفەو سیستمی حوکمڕانی دیاری بکەن،ئەش دەبێتە بەردەوامبوونی دەسەڵاتی شەرعی لەسنوری دەوڵەتدا. 

ناسینی دەوڵەت دەبێتە ھۆکارێک بۆ بەرھەمھێنانی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی سیاسی ئابووری لەناوەخۆدا،بۆیە لە ئێستادا پێویستە لە خەونی دەوڵەت بێداربینەوە ، نەوەک شەرمنانە  لە پشتی دەسەڵاتەوە باسی دەوڵەت بکەین ،لای ئێمە دەسەڵات بەنرخترو گرنگترە لە دەوڵەت بەڵام لەراستی دا دەوڵەت لە دەسەڵات و نیشتمان لە ھەردووکیان گەورەترە. 

بۆیە لە ئێستادا دەسەڵات بەرپرسیارە بەرامبەر بە لێکترازان و دابەشبون و نەبوونی کۆ دەنگی بۆ پرۆسەی دروستبوونی دەوڵەتێکی نیشتمانی لە ناوەخۆدا، دەسەڵات بەرپرسیارە بەرامبەر دەوڵەت نەک ھەیمەنەی بەسەردابکات، چونکە چەمکی دەسەڵاتی دەوڵەت گشتگیرترە و لە سەروی ھەموو دەسەڵاتەکانەوەیە،بەمانایەکی تر دەسەڵاتی سەرکردە و دەسەڵاتی جێ بە جێکارو دەسەڵاتی تەشریعی پێویستە لە خزمەتی دەوڵەتدابن.

بۆیە پێویستە بەوردی جیاوازی بکەین لە نێوان ئەو دەسەڵاتەی ئێستاو ئەو دەسەڵاتەی لە ناو دەوڵەتی ئایندە شەرعیەت وەردەگرێت. چونکە دەکرێت دەسەڵات مل نەدات بۆ ئیرادەی گەل و ڕای گشتی ناوەخۆ پشتگوێ بخات و پێکھاتەکانی نیشتمان بچەوسێنێتەوە و دامەزراوەکان پەکبخات ببێتە ئامرازێک بۆ جێ بەجێکردنی بەرنامەو ویستی دەرەکی لە غیابی دەوڵەت. بۆیە ئەمڕۆ ھاوڵاتی ئەرکێکی گرنگ دەکەوێتە سەرشانی کە زۆر ووشیاربێت لە تێگەیشتنی ئەرکی دەسەڵات لە ئێستادا و ئەرکی دەسەڵات لە چواچێوەی دەوڵەتدا ، چونکە دەسەڵات ئەوکات بەر لەوەی بیر لە پاراستنی خۆی بکاتەوە دەبێتە سەربازێکی ئێشگر بۆ پاراستنی سەروەی ئەو دەوڵەتە لەمەتەرسی دەرەکی ، چونکە دەوڵەت چەترێکی شەرعیە ھەمووان کۆدەکاتەوە دەستی پێوە دەگرن.

بۆ ئەوەی خۆمان لە ژێر سروشتی دەسەڵاتی دەمارگیری خێڵەکی بنەماڵەیی و ئەشخاس رزگاربکەین،دەبێ لە ماھیەتی دەوڵەت تێبگەین، لەبەرئەوەی کورد بەبێ دەوڵەت لە کۆمەڵگەیەکی خێڵەکی دەچێت و پڕێتی لە تاکی ئەشخاس پەرست. چونکە دەسەڵات ناتوانێت بەکارەکانی دەوڵەت ھەڵبستێ،بۆیە ئێمە لە بەرامبەر دەوڵەتانی دونیا بەردەوام وەک خاڵێکی لاواز دەردەکەوین، ھەر ئەوەشە وایکردوە بێ بەشبین لە بانگێشت نامە و کۆنفراسە نێودەوڵەتیەکان ئەوەش بۆتە جێگای ڕەخنە لەخۆمان،بۆیە دەوڵەت ھێزێکی مەعنەویە کە ھەموو پێکھاتە سیاسی و کۆمەڵایەتی و کلتوری و کۆی ڕێکخراوە کانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ھەناوی لەدایک دەبن چونکە لۆجیکی دەوڵەت عقلانیە ھەر خۆی ھەڵدەستێت بە ڕێکخستنی ھەموو پەیوەندیەکان لەگەڵ کۆمەڵگە و دەسەڵاتەکان. 

دەرکەوتنی دەوڵەت لەڕابردوو دەرەنجامی مەعریفەیەکی زانستی بووە لە مەترسیەکانی لەشکرکێشی و داگیرکاری نەتەوە بەھێزەکان کە خاوەنی دەسەڵات و قەوارەیەکی سیاسی فراوان بوون بە تایبەت دوای جەنگی جیھانی یەکەم  نەتەوەکان بەرگی دەوڵەتیان پۆشی بۆ پاراستنی سنوورەکانی خۆیان لە مەترسی ھێرش و پەلاماری نە تەوەکانی تر، بۆیە دیاریکردنی سنور لە لایەن دەوڵەتان ھۆکارێک بووە بۆ بەردەوامی دەسەڵات وپاراستنی خاک و خەڵک لە ژێر سیستمێکی شەرعی لە چواچێوەی یاساو دستور و دامەزراوەکاندا،بۆئەوەی دەوڵەت بتوانێت پەیوەندیەکان ڕێکبخات لەگەڵ تاکەکانی خۆی لەلایەک و دەوڵەتان لە لایەکی تر چونکە دەوڵەت ئەو فاکتە مشروعەیە ڕاستەوخۆ تێکەڵ بە ژینگەی نێودەوڵەتی دەبێت و خواست و ئامانجەکانی بە ڕاشکاوی لەناو ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان دەپارێزیت وخێرا وەڵام دەدرێتەوە. 

دەسەڵات زۆرجار شەرعیەت لە کۆمەڵگەوە وەرناگرێت، یان ئەگەرچی ھەڵبژێردراویش بێت. بەڵام شایەنی گۆڕان وکەوتنە مانای وایە دەسەڵات بەبێ شەرعیەتی دەوڵەت ناتوانێ بەردەوام بێت و مەترسی لەناوچوونی ھەیە و ئەستەمە ھەتا سەر بەرگەی گۆڕانکارییە ناوچەیی و  ناوەخۆیی یەکانیش بگرێت لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتی، لەبەرئەوە دەسەڵات خاڵیە لە ستراتیجیەتی دورمەودا تابتوانێت خۆی بپارێزێت لەو مەترسیانەی ڕووبەڕوی دەبنەوە چونکە بەردەوام لەپاڵ دەسەڵات ملیشیای چەکدار قوت دەبنەوە بەتایبەت لە ژینگەی دەسەڵاتی ناشەرعی. 

بەڵام دەوڵەت بەردەوام ڕۆڵ و ئامادەگی ھەیە لە ناو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ھەرخۆی دەبێتە بەشێک لە سیستمی پاراستنی ئاشتی و ئاسایش نێەدەوڵەتی ھەر بە یاسا نێودەوڵەتیەکان سەروەری خاکی خۆی  لە مەترس پێشێلکاریەکانی دەرەکی دەپارێزرێت. بۆیە پێویستە بە دەستور رێگری لەدەسەڵات بکرێت بۆ پیادەکردنی حەزو بەرژەوەندیەکانی چونکە دەسەڵات بەردەوام ھەوڵ ئەدات دامەزراوە شەرعیەکان لە کاربخات و لە دەرەوەی یاسا حوکمڕانی بکات بۆئەوەی ببێتە بازرگانێکی گەورە بەمەش دەبێتە بارگرنیەکی گەورە بەسەر شانی کۆمەڵگە. 

بانگەشەی دەسەڵاتی کوردی بۆ دامەزراندنی دەوڵەت پێویستی بەشەرعیەتە بۆ ئەوەی دەسەڵات دەوڵەت قوتنەدات و لە زەوتکردنی و ئەشخاس و حزب بیپارێزێت ببێتە ڕێکخەرەوەی میللەت، چونکە دەسەڵات دابەشدەکرێت بە ڵام سەروەری دەوڵەت دابەش ناکرێت بەڵکو داگیردەکرێت.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP